کەوتنی جۆنسۆن لە سیستمێکی دیموکراسیدا، نەشۆکە و نە چاوەڕواننەکراو. گەشتنی ئەو پۆپۆلیستانەش بە دەستەڵات، لەسیستمە دیموکراسیەکاندا، مرۆڤ شۆك ناکەن، چونکە ئاسانە بەشێوەیەکی کاتی فێڵ لە خەڵك بکرێت، بەڵام مەحاڵە بەردەوام بێت.
ئەوەی کە لێرەدا گرنگە، تەماشاکەن، هەر ئەندامانی حیزبەکەی خۆی تووڕی دەدەن، لەبەر ئەوە نیە کە ڕاوبۆچوونی سیاسی ئەندامانی ئەو حیزبە گۆڕابێت. نەخێر، بەڵکو، خەڵکێك هەن شەرم لەخۆیان دەکەن دزێك، یا درۆزنێك ڕێبەرییان بێت. ئاخر، ئەڤینی کچە نۆ ساڵییەکەی من بەخۆڕای پێی نەدەگوت سەرۆکە گەمژەکە.
جۆنسۆن، لە دزی و درۆکردندا بێ کۆنتڕۆڵ بوو، لەمێژە خەڵك ئەوە دەزانن، بەڵام دۆخێك ئەو درۆزنەی لەدەستەڵات هێشتبووەوە، کە لەوانەیە بەشێکی پەیوەندی بە لاوازی ئۆپۆزسیۆن هەبووبێت، دوای ئەوەی جێرێمی کۆربین لەلایەن حیزبەکەی خۆیەوە توڕ درا، چونکە بەهۆی چەپبوونە سەرەڕۆییەکەی نەیتوانی پارێزگاران بوەستێنێت. ئاخر، مۆدێکی ئایۆلۆجیا تەنها لەسەر زەوییە خەیاڵیەکاندا بەر دەگرێت. زەویە خەیاڵییەکان، مەگەر تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و هەندێك ناوەندی ئاسیایی بدۆزیتەوە، کە خۆیان بە وەهمێکی دیکە، وەکو بەدیلی شارستانییەتی ئەمڕۆدا، شۆڕ کردۆتەوە.
بۆیە، نە تڕەمپیزم لە سیستمە دیمکوراسییەکاندا خۆی دەگرێت، نە لۆپینیزم و نە جۆنسۆنیزم. گەیشتن و مانەوەی ئەوانە تەنها مەسەلەی کاتە، تا خەڵك لێیان حاڵی دەبێت. هەرچەندە جۆنسۆن توند بوو لەسەر دەستدرێژییەکانی ورچە بۆر، ئەو لەوە حاڵی ببوو کە پوتین، ئیدی بێتامی کردووە و ناکرێت بەو فەزاحەتە دژ بە بەها و نۆڕمە سەردەمییەکان بیت. ناکرێت بەو فەزاحەتە و لەبەرچاوی دونیا ڕێگە بە فراوانخوازییەکەی بدرێت. هەرچەندە ڕوانگەی سیاسی لەبەریتانیا دژە پۆتینە بەهۆی شکاندنی سەروەری و شکۆی بەریتانیا، لەڕێی کوشتنی سیخوڕێکی ڕوسی لەناو دڵی لەندەن. ئەوە وای کرد پوتین ببێتە دوژمنی ژمارە یەکی کۆشکی باکینگهام و دامودەزگای ڕۆحیی ئیمپراتۆرییانەی بەریتانیای مەزن.
لەگەڵ ئەوەش، ڕووبەڕووبوونەوەی پوتین لە ئۆکراین بژاردە نەبوو، بەڵکو حەتمی بوو، چونکە شەڕێکە لەپێناو دونیای دیموکراسی و بەها و نۆڕمە مرۆییەکانی ئەمڕۆ. پوتین نەوەستێندرێت، هەزاران پوتینی دیکە و وردە تڕامپ و جونسۆن هەڵدەتۆقێن و بەهێزەکان بێهێزەکان لف دەکەن و دونیای سەردەم دەگەڕێتەوە بۆ شەریعەتی دارستان.
جۆنسۆن کەوت، کەوتنی حەتمی بوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو، کوردێك داری مەرگ لەڕۆحی جۆنسۆن بدات و کش ماتی بکات. نەدیم زەهاوی، تۆمتبارە بەزۆر شت، لەوانەش بەدزی و پشتیوانیی ژمارە یەکی جۆنسۆن، بەڵام کورد هەر وان، وەکو هاوڕێم عیرفان مستەفا دەڵێت "کورد لەکەس ناچێت، تەنها لەخۆی دەچێت". زۆرجار بیر لەو قسەیە دەکەمەوە، کورد بەڕاستی تەنها لەخۆی دەچێت و بەس.
ئەوەی کە لێرەدا جێی داخە، سەر زەوی ژمارە یەکی دونیای دیمکوراسی و بەها و نۆڕمە مرۆییەکانی شارستانییەتی ئەمڕۆ ترسی لەسەر نیە، چونکە هەم مرۆڤەکانی وشیارن، هەمیش ئەو سەر زەویە چیتر قابیلی بەرهەمهێنانی دیکتاتۆرییەت و حوکمی دارستان نیە. ئەوەی جێی داخە، دونیای ئێمەیە، کە کورسی سەرکردەکانی وەکو ئاودەستە شەرقییەکان مەگەر لە ڕەگوڕیشەوە بە بڵدۆزەر هەڵتەکێندرێن، ئەگینا بەقەد دەیەکی جۆنسۆنیش بە حەیا و شەرم نین. لەبەر هۆیەکی زۆر سادەش، ئەویش دەستەڵات لای خەڵك لەخواوەیە، موعاویەش هەر وای دەگوت، بۆیە سەلەفییەکانیش ئەمڕۆ پەیام لە دوای پەیام بۆ خەڵك دەنێرن و پێیان دەڵێن مادام دژ بە یەکێک لە بنەماکانی دین نین، لێهەڵگەڕانەوەیان یەکێکە لە کەبیرەکان. کەی دەستەڵات گەڕێندرایەوە بۆ خەڵک، ئەوسا جۆنسۆنەکانی ڕۆژهەڵاتیش وەکو داشی دامە دەکەون و کش مات دەبن.