تیۆری پیلانگێڕی، ئەو وەهمە بەردەوامەی کە زۆربەی مرۆڤەکان، لەو ڕوانگەیەوە وێنەکان دەبینن و پاڵەوانی وەهمی بۆ ئەو وێنانە دەدۆزنەوە. ئەو پاڵەوانانەی لەژێرەوە، دەیانەوێت دونیای ئێمە ژێراوژێر بکەن، ئێمەش چاوبەستە و بێئاگا، لەپشتی پەردەکانەوە، فێڵمان لێ دەکرێت، پیلان لەدژی ئایینمان، یا نەتەوەمان دەگێڕدرێت. لێرەدا گرنگە بەشێوەیەکی دروست لەو جۆرە بیرکردنەوە و تیۆری پیلانگێرییە تێبگەین؟ ئایا هیچ ڕاستییەك لەو بیرکردنەوەدا هەیە؟ کێن ئەوانەی قوربانی ئەو تیۆرییەن؟
لە کتێبی کولتوری پیلاندا، پڕۆفیسۆری ئەمریکی مایکل بارکۆن پێی وایە؛ تیۆری پیلانگێڕی پشت بەو ڕوانگەیە دەبەستێت کە بوونەوەر مەحکومە بە جۆرێك لە دیزاین و نەخەکێشان، خۆی لە سێ بنەمادا دەبینێتەوە: (1) هچ شتێك بە ڕێکەوت ڕوونادات، (2) هیچ شتێك وەکو ئەوە نیە کە لەڕواڵەتدا دیارە، (3) هەموو شتەکانیش بەیەکەوە بەستراونەتەوە.
ئەوەی کە زۆر باوە لەلایەن هەوادارانی تیۆری پیلانگێڕییەوە، بەڵگەهێنانەوە نیە، بەڵکو باوەڕە. باوەڕ بەمانای ڕاستییەکی رەها، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر و هەرگیز پێویستی بە بەڵگەهێنانەوە نیە.
بۆیە، ئەوەی بەڵگەنەویستە، تیۆری پیلانگێڕی باوەڕێك نیە لەپەراوێزی گۆمەڵگەدا بێت و هیچ مەترسییەکی لەسەر کۆمەڵگەی مرۆییدا نەبێت، بەڵکو دیاردەیەکی کولتوری باوە و هەواداری زۆری هەن و جەماوەریش گرنگی پێدەدات و بەخێرایی هەورەتریشقە جێگای خۆی لەکونوکەلەبەرەکانی کەللـەسەری مرۆڤەکاندا دەکاتەوە. بەتایبەتیش ئەوانەی بەرژەوەندییان لە وڕوژاندنی ئەو تیۆرییە هەیە و ئامانجی ئایدیۆلۆژییان هەیە بۆ ترساندن و کۆکردنەوەی خەڵك لەدەوری خۆیان. بەڵام لە ناوەندەکانی ئەکادیمیادا، زۆربەی جاران ئەو تیۆرییانە ڕەد دەکرێنەوە، بەوەی کە تەنها پاساون و هیچ لۆژیکێکییان تێدا نیە. هەروا لەڕووی زانستییەوە بێجگە لە وەهمێك شتێکی دیکە نیە. لێرەدا دەمەوێت گرنگی تیۆری پیلانگێڕی لە سێ خاڵدا کورت بکەمەوە:
یەکەم: تیۆری پیلانگێڕی، زادەی بیری ئەو وتاربێژ و ئایدیۆلۆژیستانەیە کە هەمیشە دەیانەوێت جۆرێك لە ترس و فۆبیا بۆ دەوروبەری خۆیان دروست بکەن. دوژمنێکی وەهمی ئامادە بخولقێنن، لەڕێی ئەو تیۆرییەوە هەوادارانییان زیاتر لەخۆیان نزیك دەکەنەوە. زۆربەی ئایدیۆلۆژیستەکان، ناسیۆنالیست و ئیسلامیستە عەرەب و تورك و فارسەکان ڕێژەیەکی زۆریش لە ئیسلامییەکانی کورد و تاد، باوەڕێکی پتەویان بەو تیۆرییە هەیە. منداڵێکی موسوڵمان لەوپەڕی سۆماڵ نسکۆیەك ببات، ڕاستەوخۆ ماسۆنی و زانیۆنیزم و ئەمریکا و ڕۆژئاوا و عەلمانییەت و تاد، داروبەرد بەرپرسیارن لەو کەوتنە، بێجگە لەخۆیان. ئەو دوژمنانە هەمیشە خەریکی پیلانگێڕین دژ بە موسوڵمانان، بەڵام بۆخۆیان پەککەوتە و گوناهن و ئەو دوژمنانە ناهێڵن پێشبکەون. بەشێك لەوتاربێژەکان، لەوتاری نوێژی هەینیدا، هاوار دەکەن؛ "ئوممەت لە مەترسی دایە. بێئەخلاقی یەکێکە لە پیلانەکانی کوفر و عەلمانییەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی موسولمانەکان". لەبەرامبەریشدا، ئەو دەستەڵاتانەی کە میراتگری کۆڵۆنیالیزمن لەو ناوچەیە، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بەدەرفەت دەزانن، بۆ ئەوەی نەهێڵن فرەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی دروست بێت. بۆ ئەوەی ڕێ بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە نەدەن. پیلانگێڕی هەمیشە پاساوێکە بۆ ئەوەی هەرکەسێك لەپیستی خۆی بجوڵێتەوە، ڕاپێچی زیندانییان بکەن بەپاساوی ناپاکی و خیانەت.
دووەم: ڕێژەیەکی زۆر لە کورد، پێیان وایە، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمیشە خەریکی پیلانن دژ بە کورد. بۆیە هەرچی ڕوو دەدات خەتای تورك و فارس و عەرەبە. خۆ زۆربەی جاران خەتای ئەمریکا و ئیسڕائیلیشە. ئەوان لەپشت هەموو نەهامەتییەکانی کوردەوەن. ئەوان چەك بەو وڵاتانە دەفرۆشن. کورد، میللەتێکی بێ دەرەتانە و هەموو دونیا دوژمنیەتی. بۆساتێکیش بیر لەوە ناکەنەوە، کە بۆخۆیان، سیاسیی و ڕۆشنبیرەکانییان، تەنها جارێك لەژیانییان بتوانن بەیەکەوە، بەهەموو رەنگ و جیاوازییەکانییانەوە، وەکو یەك تیم کار بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی و سەروەری میللەتەکەیان بکەن.
ئەوەی لێرەدا، لە بیرکردنەوەی هەوادارانی تیۆری پیلانگێڕیدا سەیرە، پێیان وابێت نابێت تورك و فارس و عەرەب پلان (نەك پیلان) یان هەبێت بۆ ئەوەی کورد بە مافەکانییان نەگەن. لەڕاستیدا، هەر کوردێك بۆ چرکەساتێکیش باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەو سێ دەستەڵاتەی تورك و فارس و عەرەب بیانەوێت نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گەشە بکات و ببێت بە خاوەنی سەروەری خۆی و پێگەیەکی بەهێز لەژێر ئاسمانی کوردستاندا پەیدا بکات، بەسەهوو چوون، چونکە هەموو جۆرە بەهێزبوونێکی کورد، لەڕوانگەی ئەو چوار دەستەڵاتە هەژمووندارەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، زۆربەی جارانیش هەر لەسەر بنەمای تیۆری پیلانگێڕییەوە، دەبنە هۆی دابەشبوونی ئەو چوار وڵاتە. دەبنە هۆی نەهامەتی بۆ ئەو نەتەوانە و کۆتاییان پێ دێت. ئایدۆلۆژیستەکانی هەر چوار وڵاتی عەرەب و تورك و فارس، لەڕوانگەی ئەو تیۆرییە نەفرەتییەوە، کورد بەمەترسی لەسەر ئێستا و ئایندەی خۆیان دەزانن. بۆیە بەردەوام لەڕێککەوتننامەی دووقۆڵی، سێ قۆڵی و چوارقۆڵیدا هەوڵییان داوە هەموو جموجۆڵێکی بزووتنەوەی سیاسی کورد سنووردار بکەن. لەڕاستیشدا زۆرینەی کورد، دەیەوێت بەئاشتی و وەک هەڤی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیاندا بژین و دوور بن لە شەڕ و ئاژاوە. هەرگیز نیەتی خراپیان بەرامبەر ئەو سێ نەتەوەیە نیە، بەوەی بیانەوێت وڵاتی ئەوان داگیر بکەن یا ژیانییان ناخۆش بکەن.
سێیەم: ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە باسی بکەم، بیرکردنەوە لەڕوانگەی تیۆری پیلانگێڕییەوە، بۆتە یەکێك لە بەربەستە هەرە ترسناکەکانی بەدیموکراتیزەکردنی سیستمی سیاسی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بەگشتی و سنووردارکردنی مافەکانی مرۆڤ و کرانەوەی زیاتر بەڕووی فرەیی سیاسی و کولتوری. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش، کورد بەشێکن لە قوربانی بەردەوامی ئەو تیۆرییەی پیلانگێڕی. ئەو تیۆرییەی کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی و پانئێرانی و ئیسلامیستەکان بەگشتی پێیان وایە کورد بەشێکە لە پیلانگێڕی زایۆنیزم و لەلایەن ئیسڕائیلەوە بەکار دەهێندرێت، بۆیە هەر جموجۆڵێکی سیاسیی کورد لەناوچەکە بەمەترسی دەزاندرێت لەسەر ئاسایش و یەکێتی خاکی ئەو وڵاتانە. میشێل عەفلەق پێی وابوو "کورد هەر عەرەب بوون، بەڵام ئەوە ئیمپریالیزم و زایۆنیزمە هاتن کوردیان لەنەتەوەی عەرەب دابڕی و دووبەرەکییان خستە ناو ئوممەی عەرەبی". ڕژێمە یەك لەدوایەکەکانی عێراق پێیان وابوو کورد خەنجەرێکی ژەهراوییە لە کەمەری عەرەب. هەروەها کورد ناپاکە و پاشۆڵی زایۆنیزمە. ئەو ئاڕاستەیە لەناو بەشێك لە سیاسی و ڕۆشنبیرانی کوردیش دەبیندرێت، بەتایبەتی ئەوانەی نزیکن لە هەر دوو حیزبی گەورەی باشوور و حزبەکانی پارچەکانی دیکەش. بەشێك لەو پەرتەوازەییەی کە هەیە، لەو ڕوانگەیەوە سەر دەگرێت.
لەسەر ئەو بنەمایەش، هەر دەستەڵاتێک لەڕوانگەی ئەو تیۆرییەوە بیربکاتەوە، دەکەوێتە ناو هەڵەی زۆر ترسناکەوە. پەنا بۆ ئامرازە نادیموکراتییەکان دەبات. ئازادییەکان سنووردار دەکات. پێڕەوی لە جۆرەها ڕەفتاری نامرۆڤانە دەکات دژ بە خەڵک و نەتەوەکەیان. لەکۆتاییدا ڕژێمێکی ئۆتۆریتێر و نامرۆڤانە دەردەچێت و دەکەوێتە بەرەی دژ بە خواستی نەتەوەکەیان. نموونەش زۆربەی ڕژێمە عەرەبیەکان بوون، لەوانەش ڕژێمی بەعس، ڕژێمی قەززافی و ئەسەد و تاد. ئەمەش، بۆخۆی دەرسێکە بۆ دەستەڵات لە هەرێمی کوردستان، لەپێناو ژیانێکی ئاسوودە بۆ هەموو هاوڵاتییان.