لە بڵاوکراوەکانی پێشوومدا، شیکارێکی ڕەخنەگرانەم بۆ بونیادی سیاسی و ئابوری و سەربازی نێوخۆی هەرێم و پەیوەندییان بە دونیای دەرەوە کردووە. هەڵبەت شیکاری زانستییانە تەنها ڕەخنە بە ئامانج ناگرێت و هەوڵی لەکەدارکردن و شکاندنی هەموو ئەو هەوڵ و دەستکەوتانەی پێشوو نادات، بەڵکو شیکاری وردی مێژوویی و هەنووکەیی بنەمای سەرەکین بۆ داڕشتنی هەر پلان و پڕۆژەیەک بۆ داهاتوو.
لە سەرووبەندی جیهانگیریدا، هەرێمەکان و وڵاتان و ئابووریە لۆکاڵییەکان لە ململانێیەکی سەختی سەرکەوتندان بەسەر یەکدیدا بۆ ڕاکێشانی پشکێکی زیاتر لە سەرمایەی جیهانی، چونکە هەتاوەکو دێت سەرچاوە ماددی و داراییەکان کەمتر و قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەبن. هەر وەکو دەبینرێت وڵاتان بەبێ بازرگانیکردن لەگەڵ دونیای دەرەوەدا ناتوانن ئابورییەکانیان بەگەڕبخەن چونکە تەنها داهات و سەرمایەی ناوخۆیی بەشی خواستی نێوخۆ ناکات.
چیتر ئابوری داخراو لە بونیادی جیهانگیریدا دەست نادات، چونکە سروشتی ئابوری داخراو ڕێ بە دەرچوونی سەرمایە دەدات لە ڕێگەی هاوردەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە، لە کاتێکدا سەرمایەی پێویست بۆ باڵانسکردنی قەبارەی بازرگانی نایەتە ناوخۆی بازاڕەوە لە ڕێگەی هەناردەی بەرهەمە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانەوە. ئەوەی لە بەردەم ئابورییە داخراوەکاندا دەمێنێتەوە بۆ گەشەپێدانی بازار و بازرگانیی نێوخۆیی تەنها وەبەرهێنانی پیشەسازیی و خزمەتگوزارییەکانی نێوخۆیە، کە هەر خۆی کۆی پرۆسەکە کەم تا زۆر پشت بە هاوردەی کەرەستە و ماددەی خامی دەرەکی دەبەستێت.
بە واتایەکی دیکە، کاڵا هاوردە دەکرێت و سەرمایە دزە دەکات. لە ئەنجامدا کورتهێنانی بازرگانی و پاشان کورتهێنانی دارایی بەدوادا دێت بەشێوەیەک کە لە نموونەی یەکێتی سۆڤییەت، کۆریای باکور، و هەروەها چینیش هەتاوەکو ئابووریەکەی بەوەر بازاڕی کراوە ئاڕاستە کرد دەبینرێت ئابورییەکانیان لاواز یاخود شکستخواردوو دەبێت، چونکە ئەم ئابورییانە پڕن لە پارادۆکس لەگەڵ خود و دونیای دەرەوەدا.
هەممان لێکدانەوە بە دیوێکی تردا درووستە بۆ ئابورییە زێدە-کراوەکانیش. شانشینی یەکگرتوو و ئەمریکاش کە دوو زەقترین نموونەی بازاری ئازاد و کراوەن، کورتهێنانی بازرگانی و داراییی بەخۆیانەوە دەبینن چونکە مۆدێلی ئابورییەکانیان زیاتر پشت بە هاوردەکردن دەبەستن بە تایبەت هاوردەکردنی سەرمایەی دارایی، و قەبارەیەکی گەورەی هەناردەیان لە فۆڕمی بەرهەمە خزمەتگوزارییەکان خۆی دەبینێتەوە نەوەک کاڵای پیشەسازی.
ئەم نایەکسانییە لە جموجۆڵی بازرگانیدا زیانێکی بەرچاوی بە هەردوو گەورە ئابوری جیهان داوە بەتایبەت لە بەرامبەر چیندا چونکە مۆدێلی ئابوری چین زیاتر پشت بە هەناردەی بەرهەمە پیشەسازییەکان و هاوردەی سەرمایە دەبەستێت ئەگەرچی کاڵا و سەرچاوە سروشتییەکان هاوردە دەکات و سەرمایەش هەناردە دەکات لە هەمان کاتدا، بەڵام قەبارەی بازرگانییەکەی بە باڵانسیی و زیادهێنانی بازرگانی و دارایی ڕاگرتووە.
لێرەدا نامەوێت جەخت لەسەر ئابوریە گەورەکان و وڵاتانێک بکەمەوە کە هەژمووندار یاخود لە دێر زەمانەوە دەوڵەتن، بەڵکو چەند نموونەیەک لە وڵاتان یاخود هەرێمی سەربەخۆ بە هەند دەگرم کە بۆ بەراوردکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گونجاون و دەکرێت هەرێم بە ڕەوتی هاوشێوەدا بڕوات.
سینگاپور، مەککاو، هۆنگ کۆنگ، تایوان، قەتەڕ، ئیمارات و چەند نموونەیەکی تری سەرکەوتوو دەکرێت وانەی باشیان لێوە فێربین.
لە زانستی شیکاری بەراوردیدا کەیسەکان یاخود مۆدێلە بەراوردکراوەکان دەبێت چونیەکبن و چەند بنەمایەکی گرنگی هاوبەشییان هەبێت تا بەراورد کردنەکە ئەکادیمییانە بێت. یاخود دەبێت زۆر جودابن بەڵام لە کۆتای شیکارەکادا یەک ئەنجامی هاوبەشییان هەبێت.
ئەگەرچی نموونەکانی سەرەوە لە سەرەتاندا دەکرێت هاوچوونیەکییان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا مەحاڵبێت، بەڵام گەر لێیان وردبینەوە دەبینین کە چەند بنەمایەکی هاوبەش بە یەکدییان دەبەستێتەوە.
لە هەر نموونەیەکدا، قەبەرەی بچوکی دانیشتوانی لەگەڵ هەرێمدا لێکچووە بە تایبەت سینگاپۆر و هۆنگ کۆنگ. هەروەها، ئەم قەوارە سیاسی و ئابووریانە دەورە دراون بە دەوڵەتانێکی گەورە و لە زۆر کاتدا دژ بەم قەوارە بچوکانە چونکە لە زۆر نموونەدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە قەوارەی لێکراوەن لەو دەوڵەتە گەورانە، یاخود کێشەی ئێثنۆ-جیۆ پۆڵەتیکسیان لەگەڵ یەکدا هەیە.
لێکچوواندنێکی بەرچاوتر ئەوەیە کە ئەم قەوارانە دەوڵەمەندن بە سەرچاوەی سروشتی بە تایبەت نەوت و گاز یاخود لە ڕووی جیۆستراتیجییەوە خاڵی گرنگن، وە یان هەردوو لەم خاسیەتانە پێکەوە. هیچ کام لەم قەوارانە دێرین نین و هەموو لە چەند دەیەیەک یاخود سەدەی ڕابردووەوە دامەزراون. زۆر گرنگتر، گشتیان لە ئابورییەکی داڕووخاو و ئاستی هەژاری بەرزەوە گەشەیان سەندووە.
بۆ نموونە، سینگاپۆر لە سەربەخۆبوونیەوە لە ساڵی ١٩٦٥ هەتاوەکو دەیەی پێشوو، ئابووریەکەی ٣٠٠ هێندە گەشەی سەندووە. پێشبینییەکان ئەوە دەخەمڵێنن، لە ساڵی ٢٠٥٠ دا دانیشتوانی سینگاپۆر لە دەوڵەمەندترین دانیشتوانی سەر گۆی زەمین دەبن و هەر یەک لە نموونەکانی سەرەوە جگە لە هەرێمی کوردستان، لە ڕیزبەندی سەرەوەی دەوڵەمەندترین دانیشتوانەکانی جیهان دان.
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم قەوارە بچوکانە چ قازانجێکی بەراوردکارییانەیان هەیە کە وا دەکات سەرمایەی جیهانی ڕوویان تێبکات و چۆن دەتوانن ئەو هەلە بقۆزنەوە؟
تاکە قازانجێکی بەراوردکاری کە هەرێمی کوردستان نەیبێت و ئەوان هەیانە بریتیە لە هەبوونی دەرچەی دەریایی و زەریایی، کە هەرێمی کوردستان دەورە دراوە بە وشکایی، بەڵام بۆ هەر دەردێک دەرمان هەیە و هەر قەیرانێک چەندان دەرفەت دەڕەخسێنێت. لە نمونەی هەرێمدا، ئەو بۆشاییە بازرگانییەی نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بازرگانی جیهانییدا هەلێکە و زوو نەقۆسترێتەوە، لە دەستی هەرێم دەردەچێت.
سەرەتا دەمەوێت بە کورتی باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی سینگاپۆر و هۆنگ کۆنگ بکەم. هۆنگ کۆنگ هەروەک مەککاو و جارانی تبت (تبێت) لە مێژوودا بەشێکن لە نیشتمانی چین لە فۆڕمێکی حوکمڕانی و پڕەنسیپی دەستوریی (یەک وڵات، دوو سیستەمی جیا). هۆنگ کۆنگ جگە لەوەی دورگەیەکی ستراتیجییە، گرنگترین هۆکاری سەرکەوتنی ئەوەبوو کە لە کاتێکدا چین سیستەمێکی کۆمۆنیستی داخراو بوو، هۆنگ کۆنگ سیستەمێکی سەرمایەداریی کراوەبوو بە شێوەیەک نەک تەنها سەرمایەی جیهانیی ڕادەکێشا بۆخۆی لە ڕێگەی بازرگانییەوە، بەڵکو سەرمایەی نێوخۆی چینیش دزەی دەکرد بۆ ئەوێ چونکە سەرمایەدارانی نێو چین ئاڕازیبوون لەو سیستەم و بازاڕە داخراوە.
هەروەها بە دارایی کردنی ئابوریەکەی هێندەی دیکە سەرمایەی جیهانی تێیدا کەڵەکە کرد. ئەگەرچی زلهێزێکی وەکو چین هەمیشە دژی هۆنگ کۆنگ بوو، بەڵام بەهۆی کەڵەکەبوونێکی زۆری سەرمایەی جیهانی لەو قەوارەیەدا، چین هەتاوەکو دوو ساڵی ڕابردووش نەیدەتوانی دەست تێوەردان لە نێوخۆی هۆنگ کۆنگدا بکات، بەڵام هەژموونی چین لە ئێستادا وەکو جەمسەرێکی هەرە سەرەکی ئابوری و سیاسی جیهانیی، ئەو هاوکێشەیەی گۆڕیوە تەنانەت بۆ وڵاتێکی پڕۆ-ئەمریکایی\ڕۆژئاوایی وەکو تایوان کە سەروەریەکەی کەوتۆتە ژێر مەترسییەوە.
باشترین نموونەی سەرکەوتن کە دەکرێت هەرێمی کوردستان ڕێچکەیەکی هاوشێوە بگرێتە بەر، سینگاپۆرە. سینگاپۆر لە ١٩٦٥ دا لە مالیزیا جیابووەوە و بوو بە شاردەوڵەتێکی سەربەخۆ. ڕاستیەکەی مالیزیا خۆشحاڵ بوو چونکە شارێکی هەژار و پەراوێزخراوبوو کە ئاشووبە و شەڕی نێوخۆیی نەژاد و ئایینە جووداکانی، مێژوویەکی درێژی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا مالیزیا و ئیندۆنوسیا هەمیشە دوژمنی سینگاپۆر بوون و بە ئێستاشەوە، لێرە و لەوێ مانۆڕی سەربازی لە نزیک سنورەکانی سینگاپۆر ئەنجام دەدەن وەک نیشاندانی هێز و ترساندی سینگاپۆر وەک شاردەوڵەتێکی زۆر بچوک. بەواتایەکی دیکە سەروەری ئەو شاردەوڵەتە هەمیشە لەژێر مەترسیدایە، بەڵام سینگاپۆر نە کۆڵی دا و نە لە سەرکەوتن ڕاوەستا.
لە سەرەتای دامەزراندی ئەو شاردەوڵەتەوە دوو بژاردە لە بەردەم ڕابەران و سیاسییەکانیدا هەبوون. یان دەبوو هەر لەو دۆخە هەژاری و ناسەقامگیری نێوخۆییەدا بن کە دەست تێوەردانی وڵاتانی چواردەور خراپتر و توندتری دەکرد، یان دەبوو سینگاپۆر بکەنە چەقەگرێی جموجۆڵی مرۆڤ و سەرمایە و کاڵا و ماددەی خاو لە نێو ڕایەڵە و تۆڕی بازرگانیی جیهانیدا.
لی کوان یۆ، سەرۆکی حوکمەت و سیناثامبی ڕاجەراتنام، وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوە، دوو دیارترین کەسایەتی سیاسی سینگاپۆر و دامەزرێنەری پارتی کرداری خەڵک (PAP) کە تا ئێستا پارتی حوکمڕانە، هەڵسان بە داڕشتنی سێ ستراتیجیای سەرەکی بۆ بە ئامانجگەیاندنی بژاردەی دووەم.
ڕاجەرانتام خاوەن بیرۆکەکە بوو. ئەو باوەڕی وابوو ئەگەر بێت و سینگاپۆر بکەن بە چەقێکی دارایی جیهان لە ڕێگەی بە دارایی کردنی ئابوریەکەی بە ئاسانکاریکردن بۆ بانکە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەتاوەکو سەرمایەداران وەبەرهێنان بکەن و سەرمایەی پاشەکەوتکردوویان لەوێ هەلبگرن لەبەر بەرزی ڕێژەی سوود و کەمی رێژەی باج لەسەر داهاتە بانکییەکان، بەڵام لە ژێر چاودێری ورد و توندی دەوڵەتدا.
دووهەم ستراتیجیا دەبوو سینگاپۆر بکەن بە شادەمارێکی جموجۆڵی بازرگانی جیهانی لە ڕێگەی ئاوەوە. سێهەمین ستراتیجیاش دەبوو ئەو شاردەوڵەتە ببێتە سەنتەرێکی هاتوچۆی گەشتیاران و ڕێبواران و بازرگانان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانییەوە. بە واتایەکی دیکە، ستراتیجیای یەکەم سەرمایەی پێویستی بۆ ستراتیجیای دووەم ڕەخساند و دووهەم تەواوکەری سێهەم بوو.
شاردەوڵەتێکی هەژار، لە نەبوونی سەرمایەی پێویست بۆ بژێوی ڕۆژانەوە، گەیشت بە ئاستێک کە نەک تەنها سەرمایەی پێویستی هەبوو بۆ تەمویلکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی، بگرە سەرمایەی پێویستیشی وەگەڕخست بۆ بە پیشەسازیکردنی ئابوورییەکەی.
بە واتایەکی دیکە، دروستکندی کەرتی پیشەسازی نابێت هەنگاوی یەکەمی ئابورییە بچوک و تازەکان بێت چونکە قازانجی بەراوردکارییانەی نییە لەگەڵ ئابوریە گەشەسەندوو و وڵاتە پیشەسازییەکاندا لە پێشبڕکێی جیهانیی نرخ و جۆرییدا.
لە ساڵی ٢٠١٣ دا، سینگاپۆر پێشی تۆکیۆی دایەوە و هاتە ریزبەندی سێهەم لە پاش لەندەن و نیوۆڕک وەک سەنتەری دارایی جیهانیی. فڕۆکەخانە و بەندەرە ئاوییەکانی لە قەرەباڵخترینەکانی جیهانن. سینگاپۆر ڕۆژانە بە نزیکەیی ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت بۆ بازاڕەکانی جیهان و کەرتی پیشەسازییەکەی لە ئاستێکی باڵادایە بە جۆرێک ڕکابەری جیهانیی دەکات لە بەرهەمە کیمیاوییەکان و های-تێک و تەلارسازیدا.
گرنگترین خاڵی سەرکەوتنی سینگاپۆر و ئەوەی جوددای دەکاتەوە لە زۆرێک لە ئابورییە کراوەکانی دیکە، بریتییە لەوەی حوکمەتی لە چەقی فرمان و هەڵسەنگاندن و ڕێنوێنی بازاری ئازادا هێشتۆتەوە. باڵانسێکی باشی لە نێوان کارامەیی بازاری ئازاد و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا ڕاگرتووە.
یەکێک لە بژاردە هەرە باشەکانی بونیادسازی ئابوریی هەرێمی کوردستان بریتییە لە بە بازرگانیکردنی (Commercialization) ئابوری هەرێم لە هەنگاوی یەکەمدا لە ڕێگەی بە سەنتەرکردنی ئابورییەکەی لە جموجۆڵی بازرگانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا. بە بازرگانیکردنی ئابوری، ڕێ خۆشدەکات بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بۆ برەودان بە جموجۆڵە بازرگانییەکانیان بە جۆرێک کە دەکرێت ئاڕاستە بکرێت بەروە دروستکردنی پیشەسازی کۆکردنە و بەستن (تجمیع)، و بگرە لە هەندێک سێکتەردا پیشەسازی قورسیش دەکرێت گەشە بکات.
هەنگاوی دووهەم دەبێت بەشێکی بەرچاوی ئابورییەکە بە دارایی بکرێت (Financialization) لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی: یەکەم، بۆ هێشتنەوەی سەرمایە و وەبەرهێنانی ڕاکێشراو لە دەرەوە و ناوخۆ، چونکە سروشتی سەرمایە ئابورییەک دەخوازێت کە سێکتەری دارایی تێیدا گەشەسەندووبێت لەبەر چەند هۆکارێکی سەرەکی کە دیارترینیان بریتین لە ڕێژەی سودی بەرز و ئازادی جموجۆڵی دارایی. هۆکاری دووهەم بۆ بە داراییکردنی بەشێکی ئابوری هەرێم بریتییە لە زیادکردن و بەگەڕخستنی زۆرتری سەرمایە و وەبەرهێنانی دەرەکی و نێوخۆیی. واتا سوڕێکی تەواوکارییە.
هەردوو هەنگاوی سەرەوە توانا و سەرمایەی پێویست دابین دەکەن بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی سێکتەری پیشەسازیی سوک و قورس. بە واتایەکی دیکە، بە پیشەسازیکردنی (Industrialization) بەشێکی گرنگی ئابوری هەرێم، کە لە کۆتاییدا سیستەمێکی ئابوری کراوە دەبێت کە مۆدێلی گەشەسەندنەکەی پشتبەستراو دەبێت بە جموجۆڵی بازرگانیی نێودەوڵەتی و پیشەسازی ناوخۆیی بە دارایی کراو.
نموونەی سەرکەوتوی ئەم پڕۆسەیە دەکرێت لە ئەوروپاشدا ببینرێت لە پاش هەرەسی یەکێتی سۆڤییەت و هەڵسانەوە ئابورییەکەی هەردوو وڵاتانی پۆڵەندا و چیک لە سەرەتاکانی ٢٠٠٠ دا کە پشتیان بەم فۆڕمە لە گەشەسەندنی پیشەسازی و هەروەها بازرگانیی بەست لە ڕێگەی سەرمایەی دەرەکی بە تایبەت ئەڵمانیا کە تەمویلی بە پیشەسازیکردنەوەی (Re-industrialization) ئەو دوو ئابورییەی کرد.
هەڵبەت سێکتەری خزمەتگوزاری سێکتەرێکی زۆر گرنگی هەر ئابورییەکە، بەڵام پێگەیشتنی ئەم سێکتەرە دەبێت کۆتا هەنگاو لە پاش بە پیشەسازیبوون یاخود هەر لە سەرەتاوە بە ئاستێکی مامناوەند گەشە بکات چونکە سێکتەری خزمەتگوزاری بە تایبەت بۆ ئابورییە دواکەوتوو یان بچوکەکان زیانی زیاتر دەبێت لە قازانجی.
دیارترین زیانی بریتیە لە پاشەکشە پێخستنی سێکتەری وەبەرهێنان و پیشەسازی لە هەر ئابورییەکدا چونکە سێکتەری خزمەتگوزاری سەرچاوەی سروشتی و هێزی کاری کەمتر دەوێت لە بەرامبەر توانا و سەرمایەی زیاتردا. هەروەها، نرخی بەرهەمە خزمەتگوزارییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا سەقامگیرن یاخود بەرز و نزمییان زۆر کەمترە لەچاو سەرچاوە سروشتییەکان و کاڵا پیشەسازییەکان. هەر بۆیە ئەگەر حوکمەت ڕێنوێنی بازاڕ نەکات، یاخود زێدە ڕۆیی لە ئازادبونی بازاردا بکات، سەرمایە بەرەو سێکتەری خزمەتگوزاری دەڕوات و سێکتەرە گرنگەکانی دیکە پشتگوێ دەخرێن.
شانشینی یەکگرتوو یەکێکە لەو ئابورییە هەرە پێشکەوتوانەی جیهان کە سێکتەری خزمەتگوزاری بە سێکتەری دارایشیەوە زاڵبووە بەسەر سێکەتەرەکانی دیکەی بە تایبەت سێکتەری پیشەسازی کە هۆکاری سەرەکی کورت هێنانی بازرگانی و دارایی ئەو وڵاتەیە لە بەرامبەر جیهان و یەکێتی ئەوروپادا.
لە بڵاوکراوەی داهاتوومدا باس لە هێڵی شەمەندەفەری کوردستان و گرنگیی ئەو پڕۆژەیە دەکەم بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوە. هەروەها چۆن دەتواندرێت ئەو پڕۆژەیە بەکاربهێنرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بازرگانییەی نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بازرگانی جیهانییدا بە شێوەیەک کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێت بە جەقی بەستنەوەی ئەو بۆشاییە.
ئارێز بەرزنجی، خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە خوێندنە نێودەوڵەتییەکان و یاسا لە زانکۆی ئەمریکی لە عێڕاق، سلێمانی - خوێندکاری ماستەر لە گەشەپێدان و سیاسەتی ئابوری جیهانی لە زانکۆی کاسڵ، ئەڵمانیا