هەرێمی هەواڵگری و سێبەری سەربازی، هەژمووندار لە پۆست-مۆدێرنیتیدا

ئارێز بەرزنجی
  2021-07-25     925
لە کۆتاییی نیوەی سەدەی ڕابردووەوە، گۆڕانە سیاسی و ئابورییەکانی عێڕاق هەمیشە بە کودەتای سەربازی یاخود جووڵەی سەربازی دەستیان پێکردوە و کۆتاییشیان پێ هاتووە. بە میلیتەرایزکردنی یاخود بە سەربازیکردنی کایەی کۆمەڵایەتی و سیستەمی دەوڵەتی عێڕاق نە تازەیە و نە لێکپچڕاوە. وتەیەک هەیە کە دەڵێت: خوێن ڕشتن خوێن ڕشتنی بەدوایەت. کودەتا خوێناوییەکەی عەبدولکەریم قاسم، هەر بە خوێنی خۆی کۆتایی پێهات. ئەتوانین بڵێین هەر نەفرەتی ئەو کودەتا بێ بنەما و نا ستراتیجیانەی قاسمە کە وەکو پەڵەی ڕەش بە نێوچاوانی هەموو تاکێکی عێڕاقییەوە ماوە چونکە بە جارێک دنیای دەرەوە و ناوخۆی کرد بە دوژمنی خۆی و کۆمەڵانی خەڵک کە زۆرینەیان هەواداری بە ناو ڕیفۆڕمە نەوتی و کوشتوکاڵییەکەی بوون.

لە دەوڵەتی سەربازیدا ،یاسا و یارییە سیاسیەکان تێیدا سادە و ساکارن. بۆ هەر بەرەنگاربوونەوەیەک، سوپاسالار سەرکوتت دەکات لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی توند یان سەربازییەوە. لەم سیستەمەدا سازان بە کوتەکە. جا بۆ بەرانگەربوونەوەی ئەم دۆخە، یاخیبوو هەمان چەمک بەکار دەهێنێت بەرامبەر ستەمکار. بەم شێوەیە بازنەیەکی نەگونجاوی بێکۆتا لە کودەتا و شۆڕش دروست دەبێت، بە شێوەیەک هیچ لایەنێک بەدوای چارەسەری ئاشتیانە ناگەڕێت لەبەر ئەوەی دەزانێت یان وای دادەنێت چەمکی دیالۆگ و شارستانیەت لە دیدی ڕکابەرەکەی چەکەرەی نەکردوە.

بە واتا کلاسیکییەکەی، لە کتێبی نێوداری نیکۆلۆ مەکیاڤێڵی (میر)ەکە، ئەو وای دەبینێت میر یان فەرمانڕەوا دەبێت باڵانسێک لە نێوان زەبر و ڕەزامەندیدا ڕابگرێت. میر بریتییە لە نیو دڕندە نیو مرۆڤ. بەڵام هەمیشە باشتر وایە کە خەڵک لە فەرمانڕەوا بترسن لەوەی خۆشیان بوێت. لەگەل ئەوەشدا میر دەبێت وریابێت لە بەکارهێنانی زەبر. بە شێوەیەک کە زەبر چڕ و کورت خایەن بێت دەنا ترسی خەڵکی دەگۆڕێت بۆ ڕق و کینە و لە کۆتاییدا ڕێ بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش خۆشدەکات. بەداخەوە زۆرینەی سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی عێڕاقی هێشتا لە مۆدە کلاسیکییەکەدا ماون. هێشتا چەمکە ماکیەڤێڵییەکان زۆر ڕوون و ئاشکرا دەبینرێن لە فەزا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا.

لە چەمکی میری مۆدێرندا، ئەنتۆنیۆ گرامشی کە دامەزرێنەری چەمکی (هەژموون)ە لە سیاسەتی ئابوریدا، ئەو چیتر میر یان هەژمووندار بچوک ناکاتەوە بۆ کەسێک یاخود چەند کەسێک. هەژمووندار دەکرێت چینێکی کۆمەڵگا یاخود چەند چینێک بن کە بە لەخۆگرتنی یاخود ڕازیکردنی چینەکانی تری کۆمەڵگا دەچنە دەسەڵاتەوە لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپایمانییەوە. سێ بنەما و کوچکەی سەرەکی هەن بۆ هەر مەژموونکردنێک کە بریتین لە ئایدۆلۆژیا، توانا مادییەکان، و دامەزراوەکان. گرامشی پێی وایە کە توانا مادییەکان بەبێ ئایدۆلۆژیا یاخود فۆڕم، باوەڕپێنەکراوە، و ئایدۆلۆژیاش بێ توانا مادییەکان یاخود ناوەخن، تەنها خەیاڵی تاکەکانە. بۆ مانەوە لە هەژمووندا، هەژمووندار پشت بە بەکارهێنانی سازان و ڕێکەوتن دەبەستێت زیاتر لە بەکارهێنانی زەبر و زۆرەملێ. هەر خۆی ئەوەی هەژمووندار لە ستەمکار جوودا دەکاتەوە چەمکی سازانی بنکە فراوانە. هەروەها هەژمووندار دەکرێت پانتایی دەسەڵاتی بەرێتە ئەودیو سنوورەکانی خۆییەوە بە ڕەچاوگرتنی هەمان پڕەنسیپ و چەمک.

بەڵام، گرامشی لەوە بەئاگابوو لە کاتێکدا کە سازان زۆر ئەستەم دەبێت و زەبریش زۆر خەتەرناک دەبێت، هەژمووندار پەنادەباتە بەر بەکارهێنانی تارماییەکانی نێوان زەبر و سازان (هێزی نەرم)، وەکو گەندەڵی، فێڵ، هەڵخەلەتاندن، ناوزراندن، تۆقاندنی فکری، تەوقدانی تواناکانی تاک لە ناو کۆمەڵگادا، هەڵبەستنی تاوان و بەڵگە و هتد. ئەمەش لەڕێگەی توانا هەوالگری، دامەزراوەیی، و میدیاییەکانەوە بەرقەرار دەبێت نەکوەک هێزی سەربازی. با واتایەکی دیکە سازانی نەخوازراو دەسازرێنرێت.

پێش ئەوەی بچمە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، بە باشی دەزانم کەوا خوێنەر بە تەوژمی سێیەمی (میر) ئاشنا بکەم. هەنوکە جیهان لە دۆخی پۆست-مۆدێرن-میر دایە. چیتر حوکمڕانی وڵاتان و جیهان نە لەدەستی فەرمانڕەوایەک یاخود کۆمەڵێک چینی دیاریکراو نییە. پۆست-مۆدێرن میر لە دیدی نیۆ-گرامشییەکان و ترانزناشنال هیستۆریکاڵ ماتەریالیستەکان پێکهاتەیەکی ئەودیو سنوەرەکان و چینە نێو-هەرێمییەکانە. بگرە چیتر دەوڵەتان لە چەقی دەسەڵاتدا نەماون. بونیادێکە پێکهاتووە لە فرە چین، فرە ڕێکخراوە نا حوکومی، فرە ڕێکخراوە نێو دەوڵەتی، فرە دەوڵەت جا چ هەژمووندار یان هەژموونکراو بن، و هەروەها کۆمپانیا زەبەلاحەکان و چینە سەرمایەدارەکان کە سنورەکانیان تێپەڕاندووە. ڵێرەدا، زەبری ئەلیکترۆنیی (ژمارەیی) و سازانی (مەجازی) دێتە ئاراوە چونکە چەک سەرمایەی جیهانی دەشێوێنێت و تەباییش مانایەک بۆ دەوڵەتی نەتەوە و سیاسەت ناهێڵێت. ئەمە بنەما نوێیەکانی حوکمدارێتی جیهانییە بەتایبەت لە میانەی داڕمانی هەژموونە ڕەهاکەی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا.

لە دوو ساڵی ڕابردووەوە، فۆڕمی حوکمڕانی لە عێڕاق گۆڕانێکی نا ئاشکرا بە خەڵکی بەخۆوە بینیوە. سەرۆک وەزیرانی عێڕاق، موستەفا کازمی، پێشتر بەرپرسی دەزگای هەواڵگری عێڕاق بووە و هەر بەبێ دەنگادانیش هاتە سەر کورسی دەسەڵات. مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی دەزگای پاراستن و هێشتا ڕاوێژکاری باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە. لاهور تاڵەبانی، بەرپرسی ئاژانسی زانیاری بوو پاشان بوو بە هاوسەرۆکی یەکێتی و کەسی ژمارە یەکی زۆنی سەوز هەتاوەکو ئەم گۆڕانکارییانەی چەند هەفتەی ڕابردوو کە ڕوویاندا. ئەگەر باشتر پێناسی دۆخەکە بکەین، هەرێمێکی هەواڵگری دروستبووە چونکە چیتر زەبر بژاردەیەکی مەنتقی نییە و سازانیش لەم فەزا شڵەقاوەی عێڕاق و کوردستاندا چیتر لەبار نییە.

هەر بۆیە لە سەربازیکردنەوە بەرەو بە هەواڵگریکردن ڕێچکەی گرتووە. واقعەن هەر وەک هەموو ئامڕاز و ڕووداوێک توانا هەواڵگرییەکانیش تیغێکی دووڕووە. دەکرێت بۆ خزمەت و چاکسازی بەکار بهێنرێت، دەشکرێت ئەم دەسەڵاتە بە زیانی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک و قازانجی کۆمەڵێکی دیاریکراو بەکاربێت. بەتایبەت بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن یەکێکە لە هەرە قێزەونترین لێکەوتەکانی ئەم فۆرمە لە حوکمڕانی.

دەزگای هەواڵگری لە هەر قەوارەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدابێت، چەقی ئاگایی و ڕێنوێنییە. هەتاوەکو سەدەی ڕابردوو، هەروەک فرانسس بەیکن دەیگوت زانین هێزە. بەڵام لە سەدەی ڕابردووەوە، زانیاری هێزە. ئەوەی زۆرترین زانیاری هەبێت، زۆرترین هێزی لەدەستدایە چونکە کەسی هەواڵگر دەتوانێت بەرپرسان و دەسەلاتدارانی دیکە بە مەرجەکانی قایل بکات جا چ لەڕێی هەڕەشەی ئاشکراکردنی مەلەفەکانی کەسی بەرامبەر یان هەر وجودی خۆی وەک هەواڵگرێک ترسێکی نا ڕاستەوخۆ لە دڵی بەرامبەردا دروست دەکات بەوەی هەواڵگر هەندێک نهێنی لەسەر ئەم دەزانێت بۆیە باشترە قایل ببێت بە مەرج و داواکارییەکانی. لە کۆتاییدا کەس بێ نهێنی نییە! هەروەها زۆری زانیاری وا دەکات هەواڵگر ئاگاداری پێشوەختەی زۆرینەی جموجۆڵ و ڕووداوەکان بێت، بۆیە پاشقول لێگرتن و خستنی کارێکی زۆر قورس و ئەستەمە.

نموونەیەکی مێژوویی بۆ ئەم تێڕوانینە، دامەزرێنەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (ئێف بی ئای)ئەمریکییە، جۆن ئێدگار هووڤەر، کە لە ١٩٢٤ هەتاوەکو مردنی لە ١٩٧٢ دا بەرپرسی دەزگاکە بوو. دەزگای لێکۆڵینەوە یەکێک بوو لە دەزگا هەرە لاواز و گەندەڵەکانی ناو وڵاتی ئەمریکا بە جۆرێک مافیاگەری و تاوانکاری گەیشتبووە  لوتکە. هووڤەر توانی دەزگاکە بە فیدڕاڵی بکات و گۆڕان و چاکسازی ڕیشەیی لە نێو دەزگاکەدا بکات بە شێوەیەک کە بوو بە دەزگایەکی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فێدڕاڵی و جیهانی. بەڵام لەگەڵ فراوانتربوونی زانیارییەکان و تواناکانی دەزگاکە، هووڤەر یش هێندەی دیکە دەسەڵاتدارتر دەبوو، بە جۆرێک هەڕەشەی ئاشکراکردنی نهێنیەکانی ئەندامانی باڵای نێو دەوڵەت و کۆنگرێس و تەنانەت سە رۆکەکانیشی دەکرد.

هەروەها لەگەڵ ئەوەی دەزاندرا هووڤەر قۆرغی دەسەڵاتەکانی دەکات و خراپ سودیان لێوەردەگرێت و فەزای بۆچوون و دەربڕینی ئازاد بەرتەنگ دەکاتەوە، تەنانەت سەرۆکەکانی ئەمریکاش نەیان دەتوانی لە پۆستەکەی دووری بخەنەوە. بە واتایەکی دیکە ئەو کارە زیانێکی سیاسی زۆری هەبوو بۆ هەر سەرۆکێک کە هەڵبسێت بە ئەنجامدانی ئەو کارە چونکە هووڤەر ببوو بە پاڵەوانێکی نیشتمانی. بەڵام ئەم ڕووداوە لە وڵاتێکی دامەزراواییدا ڕوویدا، کە دەکرێت بە دوو دیوودا لێوەی بڕوانرێت: یەکەم، کودەتای سەربازیی جا چ خوێناویبێت یان سپی زۆر ئەستەمە. دووەم، ئەو دیوە تاریکەی هەواڵگری پیشاندەدات کە تەنانەت لە وڵاتی دامەزراوەییشدا، دەکرێت کۆی سیستەکەمە ئیفلیج بکات ئەگەر بێت و دەسەڵاتەکان تێیدا چڕببێتەوە. بەڵام دەبێت ئەوە لە یاد نەکەین کە گەلەکۆمەکە و دەستی دەرەکی بۆ لابردنی هووڤەر لە نزمترین ئاستدا بوو چونکە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورە زلهێزی جیهانە کە خۆی دەستتێوەردانی لە سیاسەت و ئابوری دەوڵەتاندا دەکرد نەک پێچەوانەکەی.

هەر بۆیە دەزگا هەواڵگریەکان دبێت تەنها ڕۆڵی ڕێنوێنی و ئاگادارکردنەوەیان هەبێت نەوەک توانای دادوەری و سیاسی و جێبەجێکاری. زۆر ڕوونە کە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دووەم هەنگاوی بە دامەزراوەییکردنی هەر قەوارەیەکی سیاسی و ڕامیارییە. یەکەم هەنگاو بە مەرکەزییەت کردن و یەکخستنی ئەو قەوارەیەیە. دەزگا هەواڵگررییەکان وەکو دڵی هەر قەوارەیەک، رێگا ئاسان و کاریگەرەکەیە، بەڵام تاریکترین بژاردەیە!

کودەتا سپییەکەی باڵی سەربازی نێوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەر باڵی هەواڵگری و ئەمنیدا ناکرێت زۆر بەسادەیی وەکو کودەتایەکی سەربازی سێربکرێت کە لەمە و بە دوا بە هەواڵگریکردن پێچەوانە دەبێتەوە بۆ بە سەربازیکردنی زۆنی سەوز.

کڕۆکی ڕووداوەکان زۆر گەورەترە لە جوولەیەکی سیاسی نێوخۆیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. فشارەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان و دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان خۆی لەخۆیدا زادەی ئەو ڕاستییەیە کە ئەمریکا و دامەزراوەکانی پەلەقاژەی مانەوی هەژموونی خۆیان دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی نێویندا. ڕوونە کە ئەمریکا لە ئەفگانستان، خوارووی عێڕاق، و زۆرینەی سوریا شکستێکی گەورەی بەرامبەر بە بەرەی ڕۆژهەڵاتی بە ڕابەرایەتی چین و ڕوسیا هێناوە. پەیوەندییەکانی لەگەل تورکیا و سعودیە لە دۆخێکی خراپدان. هەرێمی کوردستان وەکو نێوەندی ڕۆژهەڵاتی نێوین، تاکە ناوچەی هەژموونی ئەمریکا و ڕۆژئاوایە کە بە دەستیانەوە مابێت.

گرنگیی هەرێم بۆ ئەوان وەکو بەڕلینی ڕۆژئاوایە لە  ١٩٤٨ دا و ئیسڕائیلی ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٠ کانە. لەدەستدانی هەرێم بۆ بەرەی ڕۆژهەڵاتی، تەواوی فشار و تەوژمە هەژموونییەکەی ئەو بەرەیە دەکەوێتە سەر ئیسڕائیل. بەو شێوەیە پشتێنەی ئاوریشمی سەوز (ڕێگای ئاوریشمی چین و هیلالی شیعی) تەواو دەبێت. بەواتایەکی دیکە، ئەمریکا تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوین لەدەست دەدات. لەدەستدانی جیۆ-پۆلیتیکال ئیکۆنۆمی ڕۆژهەڵاتی نێوین، لەدەستدانی تەواوی پۆلیتیکی جیهانە و دەستاو دەستی هەژموونە لەنێوان ئەمریکا و چین. هەر بۆیە، ئەمریکا تەواوی سەرچاوەکانی لە هەرێمدا چڕدەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەم پلانە سەرنەگرێت. دەبینین فشارێکی ئێجگار زۆر خراوەتە سەر بەرپرسانی کورد لە هەرێم تا ئەم هەرێمە نەخۆشە ساوایە باڵق ببێت.

دروست نییە کە خەڵکانی هەرێم چاوەڕوانی چاکسایی و گۆڕانێک ببن کە سودێکی بەرچاوی بۆ کۆمەڵانی خەڵک هەبێت. فێرناندۆ کاردۆسۆ لە ١٩٧٠ کانی سەدەی ڕابردوودا پێشبینی ئەوەی دەکرد کە بۆ مانەوەی هەژموونی ڕۆژئاوایی بە تایبەت لە ئەمەریکای لاتیندا، فۆڕمە ئۆلیگارکییە خێلەکییەکەی حوکمڕانی لەنێو ئەو وڵاتانەدا دەبێت ڕیفۆڕمێکی بونیادیی و سیاسیانەی بەسەربێت بەرەو فۆڕمێکی مۆدێرن بۆ بەردەوامبوونی چڕنوکی سەرمایەی جیهانیی بەسەریانەوە و ڕازیکردنی کۆمەڵانی ناڕازی لە نێوخۆی ئەو وڵاتانەدا. پێشبینییەکەی نەک تەنها لە ئەمەریکای لاتیندا ڕاستدەرچوو، بگرە لە تەواوی جیهانی سێهەمدا خۆی دووبارە دەکردەوە. بەڵام نابێت وەها لێکبدرێتەوە کە حوکمڕانی خێڵەکی لە هەرێمدا بەرەو نەمان دەڕوات، بەڵکو خۆی لە فۆڕمێکی دامەزراوەییدا دەبینێتەوە کە زۆر تا کەم سوودی بۆ خەڵکیش دەبێت.

خاڵێکی گرنگی دیکەی ئەم ڕووداوە بریتییە لە تا ڕادەیەک لەدەست دەرهێنانی زۆنی سەوز لە ژێر ڕکێفی ئێران بە شێوەیەک لە بوکەڵەیەکی شانۆکانی هەژموونی ئەو وڵاتەوە دەبێت بە دراوسێیەکی سود لێ وەرگیراو.

لێرە بە دواوە، شیکارێک بۆ تەکتیک و ستراتیجیای ئەم کودەتایە دەکەم. ئاشکرایە کەوا ئەم جولەیە بەبێ ڕەزامەندی و هاوکاری ئەمریکا و ئەوروپا و و پارتی دیموکراتی کوردستان، بێ ئاقار و شکستخواردوو دەبوو چونکە لاهور تاڵەبانی هەژموونداری مەیدانی زۆنی سەوز بوو. لەگەل ئەوەی تەواوی ئۆرگانە هەواڵگری و ئەمنییەکانی لەدەستدا بوو، پشکی هەرە زۆری ئەندامانی سەرکردایەتی و زیاد لە ٩٠٠ دەنگ لە کۆی نزیکیەی ١٠٠٠ دەنگی کۆنگرەی چوارەمی پارتەکەی بەدەستهێنابوو. هەروەها، نفوسی جەماوەری نێو یەکێتی و بگرە چەندان هەواداری دەرەوەی ئەو پارتەی لەخۆ کۆکردبۆوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا ترسێکی ئێجگار گەوەرەی سیخوڕگەری لەناو ئەو زۆنە بڵاوکرابۆوە بە جۆرێک نەیارانی ماڵی شێخ جەنگی و کەسانی بێلایەن تەواو لە دۆخێکی ناهەمواری و دڵەڕاوکێدا بوون، کە ئەمە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا نەتواندراوە هێندە سیخوڕکاری بەرفراوان ببێت لە ناو تاکەکانی کۆماڵگا بەتایبەت لە شاری سلێمانیدا کە هزری ئازاد ڕەگی لە نێو کلتوری ئەو شارەدا تەواو داکوتیوە.

خۆ ئەگەرێکی مەنتقییە کە وا بەرپرسانی دیکەی یەکێتی و بنەماڵەی مام جەلال، بە مەبەست ڕێگەیان بۆ لاهور تاڵەبانی خۆشکردبێت تا بە دەسەڵاتی ڕەها بگات. یارییەکە لێرەوە دەست پێدەکات چونکە ساڵانێکی زۆرە تەنانەت زۆر پێشئەوەی لاهور تاڵەبانی بێتە مەیدانی سیاسەتەوە، زۆنی سەوز بە داڕمانی ئابووری و سیاسی و کۆماڵایەتیدا دەڕووات.

ڕێگەدان بە تاکێکی سەرکێشی خوێنگەرمی نێو پارتەکە بەرەو رەهایی، لە پاشدا زۆر بە ڕەهایی دەتوانرێت هەموو تاوان و هەڵەکانی بەر و دوای بخرێتە ئەستۆ. بەکورتییەکەی، کارە قێزەون و تەسففییە حیزبییەکان و جڵەوگرتنی هزری ئازادیان بە تاکێک کرد و پاشان بە گەلەکۆمەکەیەکی ناخۆیی و دەرەکی کۆتاییان بە عەهدەکەی هێناو پەیامی (عەهدی جەدید) بە گوێی دڵخواز و ناخوازدا دەخوێنن، کە وەک ئەوەی ئەژدەهاکەکەی ئەم زۆنە، مارەکەی خۆی پیای گەزیوە.

ئەم ستراتیژیای پاکژکاری و ئەستۆپاکییە چەندەها جار لە مێژوودا ڕوویداوە. لە پاش شۆڕشی فەڕەنسی، پاکژکارییەکی بەرفراوان لە ناو کاربەدەستان و لایەنگرانی پێشووی پادشایەتیدا کرا، بە جۆرێک تەشەنەی سەند، کە لە کۆتاییدا تەنانەت وەزیری دادی نوێشیان لە مەقسەلە دا. لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاشدا سێجاران پاکتاوکردنی بەرفراوان ڕوویدا. پاکتاوی چینی قەیسەری، پاکتاوی مەنشەفیکەکان لەلایەن بەڵشەفیکەکانەوە کە هەردوو پارت  پێکەوە شۆڕشیان هەڵگیرساندبوو، و پاکتاوی ناوخۆیی لەلایەن ستالینەوە لە پاش جڵەوگرتنی دەسەڵات بە تۆمەتبارکردنی چەندەها ئەندام بەوەی سیخوڕیی یان پلانی دوژمنکارانەیان داڕشتبێت دژی یەکێتی سۆڤییەت.

دیارترین ڕووداوی مێژویی، بەرەو دەسەڵات ڕۆشتنی ئەدۆلف هیتلەرە. هیتلەرهەموو کارە قەزەونەکانی پێش بوونی بە ڕابەری باڵا، بە پارامیلیتەری و ئۆرگانە هەواڵگرییەکانی نێوخۆی پارتی ناتزیی دەکرد. لەپاش گەیشتن بە دەسەڵات، هەموو تاوانەکانی پێشووی خستە ئەستۆی ئەو گروپانە و پاکتاوێکی سەرتاسەری لە نێویاندا دەستپەکرد کە تەنانەت پاکتاوکارانیشی لەناو دەبرد تا تەواوی دەسەڵاتەکان بۆخۆی بمێننەوە و دڵی خەڵکیشی لەخۆی ڕازیکرد بەوەی تۆڵەی ستتەملێکراوانی سەندۆتەوە.

بەڵام بۆچی لاهور تاڵەبانی و دەزگا هەواڵگرییەکەی بێئاگابوون لەم پڵۆتە؟

دیسانەوە دەکرێت هەممان هەڵەی پارتی ناتزی ئەڵمانی بهێنینەنەوە بە نموونە. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا شکستێکی گەوریان هێنا بەرامبەر دەزگا هەواڵگرییەکانی بەڕیتانیا و ئەمریکا کە هەر ئەوەبوو بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دۆڕاندنیان لە جەنگەکە.

بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزاییە تەشەنەسەندوەکانی نێوخۆی ئەڵمانیا و ووڵاتە داگیرکراوەکان، زۆربەی سەرچاوەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان تەرخان کرابون بۆ ئەو مەبەستە بۆیە دەزگاکە تا دەهات لاوازتر دەبو بەرامبەر پلانە دەرەکییەکان. بەناوبانگترین نموونەی سیخوڕی لە مێژوودا، گێستاپۆ یە کە سیخوڕێکی چێندراو بوو لە ناو دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا لە لایەن بەڕیتانیاوە. گێستاپۆ لە ڕووکەشدا کاری سیخوڕی بۆ ئەڵمانیا دەکرد بەڵام هەواڵی نادروستی دەدانێ. هەر ئەم چەواشەکاریانەبوو وایکرد کە هێزەکانی هاوپەیمانان بتوانن نۆرمەندی بگرن کە خاڵێکی هەرە گرنگی دەستپێک بوو بۆ شکاندنی بەرەکانی تری جەنگ. بە واتایەکی دیکە، مێژوو لە بەختی لاهور تاڵەبانی خۆی دووبارەکردەوە و هەر جڵەوەکەی خۆی بوو لە گەردنی خۆی ئاڵا.         

دیوێکی نادیاری تری ئەم گەمە کارامەیە، زادەی ئەو ڕاستییەیە کە ماستەر مایندی (ڕێکخەری سەرەکی) ئەم یارییە قوباد تاڵەبانییە بە هاوکاری مەسرور بارزانی و نێچیر بارزانی و مەلا بەختیار و چەند ئەندامێکی دیکەی نێو یەکێتی. چونکە سیاسەتی هێمنانە و پلانداڕشنتی ورد کارەکتەری قوباد تاڵەبانیین کە ساڵانێکە لە دەوڵەتمەدارییدا پەروەردە دەدرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی بافڵ تاڵەبانی کرا بە پاڵەوانی ئەم ڕووداوە هەڵتۆقێنراوە؟

لە شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریکادا، باوکانی دامەزرێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرێک بە تواناتر و بەهرەدارتر لە جۆرج واشنتنیان تێدا بوو وەکو جێفرسن، هامڵتن، و فڕانکڵن. بۆ نموونە تۆماس جێفرسن ڕۆڵی سەرەکی لە داڕسشتنی دەستوری ئەمریکادا هەبوو بە جۆرێک لە کارامەیی کە لەم سەردەمەدا هەندێک لە کۆد و مەبەستی نادیاری تێدا ئاشکرادەکەن کە بۆ ئەو سەردەمە هۆکاری یەکلایی کەرەوەبون بۆ سەرکەوتن و پەسەندکردنی دەستور لەلایەن چینی سەرمایەدار و موڵکدار لە بەرەیەک و کۆمەڵانی خەڵک لە بەرەکەی تردا. بە کوردییەکەی، نە شیشی سوتان نە کەباب!

هۆکاری دانانی واشنتن وەکو یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراو بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە. یەکەم، ئەو سیمبولی شۆڕش و هێزی سەربازی بوو. دووەمین، دەبوو چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەستی تاکێکدا کۆبکەنەوە هەتاوەکو پڕۆسەی دابەشکاری و جیاکاری دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی تەندروست لە قۆناغی دواتردا پەرەبسەنێت.

کورد وتەنیی چی بچێنی ئەوە ئەدووریتەوە. ئەو تەفرەقەیەی لە ١٩٦٠ کاندا لە لایەن مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەدەوە لە شۆڕشدا چێندرا، ئێستا لە ناو خودی ماڵی مامدا دەیدوورنەوە. ئیرت لێرە بە دوا ماڵی مام بۆ هەمیشە قەرزدارباری ماڵا بارزانن، و ئۆباڵەکەشی بە ئەستۆی ماڵی شێخ جەنگی. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لەمەو بە دوا ماڵی مام و یەکێتی سیاسەتێکی دروست و دووربینانە پەیڕەوبکەن چونکە زۆر درەنگی کردوە بۆ شارە حەیاتەکە. نابێت ئەستێرەی گەشی کوردستانی باشوور ببێت بە سیوەیل.

لە کۆتاییدا یارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە گۆڕاندان و خوا ئەو خوایەیە کە پارتی مەبەستییەتی یەکێتی هەڵبسێتەوە، چونکە وا باشترە بۆ ئەمریکا و جیهانی باکور. خوڵاسە، ئەمانە هەنگاوی منداڵیین بەرەو بە دامەزراوەییبوون. با بڵێین جۆرێکە لە سازانی زۆرەملێ.


نوسەری ئەم بابەتە خوێندکاری ماستەرە لە سیاسەتی ئابوری و گەشەپێدانی جیهانی لە زانکۆی کاسڵ، ئەڵمانیا       
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×