به‌راییه‌كانی ساڵی ٢٠٠٠ بوو كتێبی "هل للإنسان مستقبل"ی برتراند ڕاسڵم خوێنده‌وه، ئه‌و كاته گفتوگۆیه‌كی تا ئاستێك گه‌رم له نێوان هه‌ندێك له ڕۆشنبیر و مێژوونووسانی كورد هه‌بوو له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه: كورد بۆچی به درێژایی مێژوو نه‌یتوانییوه ده‌وڵه‌ت دروست بكات، له‌و نێوانه‌دا نووسینه‌كانی مامۆستا عه‌تا قه‌ره‌داخ دیارترین بوو، زۆر هۆ ده‌هێنرایه‌وه، نهریتیترین هۆ بابه‌تی خیانه‌تی كورد بوو له خۆی، "جاشایه‌تی"، یان دووری کوردستان لە دەریا یان به‌هێزی دوژمنه‌كانی یان ناله‌باری تۆبۆگرافی كوردستان .. و .. هتد، هیچ یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ش به‌ته‌نیا قهیلكهر نه‌بوون، به‌هه‌رحاڵ.
برتراند ڕاسڵ له‌و كتێبه‌دا باس له زۆر پرس ده‌كات له‌باره‌ی مه‌ترسییه ئاینده‌ییه‌كانی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی به‌تایبه‌ت پرسی پێشبڕكێی چه‌كی ئه‌تۆمی، له ته‌نیا دێڕێكدا باس له ڕاستینهیهكی مێژووی ده‌كات و ته‌نیا ئه‌وه‌ی بۆ باسی هه‌نووكه‌یی ئێمه به‌سووده: (ئێرانییه‌كان له "پێش زایندا" به دروستكردنی تاكه یه‌ك ڕێگا له‌نێوان ئیمپراتۆریه‌تی ماده‌كان و فارسه‌كان توانییان ببنه ئیمپراتۆریه‌تێكی گه‌وره)، من هه‌موو جارێك كه ده‌چم بۆ هه‌ولێر و ڕێگای كۆیه-پایته‌خت ده‌بینم، ئه‌وه‌م بیر ده‌كه‌وێته‌وه! به‌ڵام كه ڕێگای خه‌بات-به‌رده‌ڕه‌ش-ئاكرێشم بینی كه‌مێكی تر به‌دگوومان بووم. ئه‌مه‌ش بۆ كه‌لار سلێمانی و ڕانیه سلێمانیش دروسته.
كاتی خۆی له سه‌رده‌می خه‌یاڵه ڕۆشنگه‌رییه‌كانی شاعیران و ڕووناكبیرانی كورددا، ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جاف بیری له هێڵی ئاسن كردبووه كه دەبێت بگاته هه‌ورامان، مه‌به‌ستی ئه‌حمه‌د موختاربه‌گ پێكه‌وه گرێدانی مۆدێرنانه‌ی كوردستان بوو، نازانم تاچه‌ند به‌قوڵی له په‌یوه‌ندی نێوان ئاسانی هاتووچۆ و دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ی ڕوانییوه، به‌ڵام بێگوومان مه‌به‌ستی "ته‌وحیدی میلله‌ت" بووه؟
له‌سه‌رووبه‌ندی خه‌یاڵه ڕۆشنگه‌رییه‌كانی توركه‌كاندا له سییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بۆ مۆدێرنكردنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان، پێشنیازی به‌ریتانییه‌كانیان بۆ دروستكردنی هێڵی ئاسنینی نێوان ئه‌سته‌نبووڵ -دۆڵی ڕافده‌ین -به‌غدا-كوێت تا ئاسان ده‌ستیان به هندستان ڕابگات، به "مه‌رج" بوو به جێی ڕه‌زامه‌ندی عوسمانییه‌كانیش، به‌ڵام پرۆژه‌كه گه‌رچی زیاتر له ٥٠ ساڵ جێی مشت‌ومڕ بوو، شكستی هێنا، به‌ریتانیه‌كان له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ عوسمانییه‌كاندا یه‌كیان ده‌گرته‌وه كه به‌یه‌كه‌وه به‌سترانی ناوچه‌كانی عوسمانی ده‌كرێت ڕێگرییه‌كی باش بێت له‌به‌رامبه‌ر ته‌ماحی ڕووسه‌كاندا، به‌ڵام ناكۆكی سیاسی و دوودڵی به‌ریتانییه‌كان له قازانجی مالیی پرۆژه‌كه ئه‌ڵمانه‌كانی هێنایه پێشه‌وه، ئه‌ڵمانه‌كان بوونه جێگیره‌وه‌ی به‌ریتانییه‌كان له پرۆژه‌كه‌دا، لای سوڵتان عه‌بدولحه‌مید ئه‌ڵمانه‌كان خۆشه‌ویستر بوون، چونكه ده‌وڵه‌تێكی تازه بهرهوگهشهكردن ڕۆشتوو و هه‌روه‌ها هیچ تهماحێكیشیان له خاكی عوسمانی نه‌بوو، ئه‌ڵمانه‌كان زوو وه‌ك پارهداركهر (ممول)ی نوێ هاتنه پێشه‌وه.
هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری «به‌رلین-ئه‌سته‌نبوڵ-به‌غدا» بڕیاری لێدرا، هێڵه‌كه ده‌بوو له به‌سڕه‌و به‌ناو جه‌سته‌ی باشووره‌وه بگاته جه‌رگه‌ی به‌غداو له‌وێشه‌وه بگاته موسڵ، قامیشلۆ، حه‌له‌ب بۆ ئه‌سته‌نبووڵ، پاشان گرێ بدرێت به به‌رلینه‌وه، پێشتر ساڵی ١٨٨٨ ئه‌سته‌نبوڵ پێشوازی له یه‌كه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ری هاتوو له ڤێناوه كردبوو.
مه‌به‌ستی ئه‌ڵمانه‌كان كه دۆستی عوسمانییه‌كان بوون ئه‌وه بوو له ڕێگای ئه‌م هێڵه‌وه بگه‌نه‌وه به ئاسیا و كه‌نداو، و له‌به‌رامبه‌ر فراوانخوازی به‌ریتانییه‌كان و فه‌ڕه‌نسییه‌كاندا ئاماده‌ییان هه‌بێت، مه‌به‌ستی عوسمانییه‌كانیش له‌م هێڵی شهمهندفهره ئاسانی گواستنه‌وه‌ی سه‌رباز و چه‌ك و چۆڵ و فه‌رمانبه‌رانی میریی خۆیی بوو بۆ زۆرینه‌ی ناوچه‌كانی شام و كوردستان و عێراق و پاراستنی قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی بوو له ته‌ماحی ئه‌وان و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆخوازی عه‌ره‌به‌كان و كورد، ئه‌و كاته هێڵه‌كانی تری گواستنه‌وه یه‌كجار دواكه‌وتوو بوون، به‌تایبه‌ت بۆ عوسمانیه‌كان، ئەو هێڵە ده‌كرا وزه‌یه‌ك بێنێته‌وه به گیانی ئیمپراتۆریه‌تی شهكهتیاندا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای پێشكه‌وتنی به‌رچاو له پرۆژه‌كه‌دا به‌ڵام، جه‌نگه‌كانی ئه‌و سێ ده‌یه و شكستی ئه‌ڵمانه‌كان و عوسمانییه‌كان له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا و له‌ده‌ستدانی عێراق و سوریا پرۆژه‌كه‌ی شكست پێ هێنا و به‌ریتانی و فه‌ره‌نسییه‌كان خه‌ونی زیندووكردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریهتێكهیان به‌تاڵ كرده‌وه، زۆر كه‌س ده‌ڵێت ته‌نیا پێنج ساڵ زووتر پرۆژه‌كه كۆتایی بهاتایه دۆخی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م شتێكی تر ده‌بوو.
له‌بری ئه‌وه بهریتانییەکان ئه‌مجاره پلانی تریان هه‌بوو، دەوڵەتی عێراقیان دروست کردووە و ده‌بێت پایه‌كانی به‌هێز بكرێت، یه‌كێك له پایهكانیش دروستكردنی ڕێگا بوو بۆ ناوچه سه‌خته‌كان، كه ده‌ستی ده‌وڵه‌ت ئاسان نییه بیگاتێ، ڕێگای هامڵتۆن به نموونه، كه پێویست بوو بۆ هێنانه ژێر ڕكێفی خێڵه سه‌ره‌ڕۆ و جڵهونهكراوهكانی كورد له ڕه‌واندز و ناوچه‌كانی تری ده‌وروبه‌ری بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عێراق، ئه‌و خێڵانه ده‌كرا ببنه هه‌وێنی له‌خۆگرتنی یاخبوونی شێخ مه‌حموود یان هی وه‌ك ئه‌و، پاش شکستی شێخ مەحمود، ئه‌حمه‌د خواجه‌ش له‌وێ وەک كرێکار کاری كردووه، كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی هامڵتۆن خۆشی بۆ تێگه‌شتن له‌و پرسه به‌سووده.
هه‌موو ده‌وڵه‌تێك بۆ دروستكردنی یه‌كه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری یه‌كگرتوو، یه‌كێك له هه‌ره هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كان كه په‌نای بۆ ده‌بات دروستكردنی هێڵی گواستنه‌وه‌ی نێوان پنته جیاوازه‌كانیه‌تی،( نه‌وشیروان مسته‌فا جارێك له وتارێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه دا)، ئه‌مه‌ی كه سی ساڵه ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌یكردووه، هێشتاكه یه‌كێتی گیری خواردووه به‌ده‌ست ١٧ كیلۆمه‌تری ته‌واو نه‌كراوی نێوان میره‌دێ- ده‌ربه‌ندیخان،
نزیكه‌ی ٣٥ كیلۆمه‌تری بانیخێڵان-باوه‌نوور بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت هاتوچۆی ئیداری به به كفری و كه‌لاره‌وه ئاسانتر بێت، پارتیش به‌ده‌ست ٧٠ كیلۆمه‌تری نێوان كۆیه-هه‌ولێر، تا ده‌سه‌ڵاتی پایته‌خت به ئاسانی بگه‌یه‌نێته كۆیه و ڕانیه و ناوچه‌كانی تر، به‌ڵام دۆش داماوه یان بهنقهسته بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م سنووری سه‌وز هه‌میشه دوور بێت و دێگه‌ڵه‌ش به نه‌مری بمێنێته‌وه (ته‌نیا گوومان).
ئێسته به‌م دۆخه‌وه كه باس له هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری نێوان شاره‌كانی كوردستان ده‌كرێت، مرۆڤ ده‌پرسێت بۆ پێش هه‌ر لایه‌ك وه‌فدی حكومه‌ت سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره و ئه‌سته‌نبوڵ ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه كوردانه و نیشتیمانیانه‌یه، توركه‌كان چ كاریان به پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی كوردستانییه؟ بۆ پێش ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵی خۆمانه‌وه له پلانی خۆمانه‌وه له‌باره‌ی گرێدانه‌وه‌ی كوردستان به‌یه‌كه‌وه ده‌ست پێ ناكات، هێڵێك ده‌بێته هێڵی نیشتیمانی كه بیر له‌وه بكاته‌وه هه‌ورامان ببه‌ستێت به خانه‌قینه‌وه و خانه‌قینیش بە بادینانه‌وه و هه‌مووشیان به هه‌ولێره‌وه، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه عوسمانلی نوێ نییه، ده‌بێت له بیرۆكه‌ی ئه‌حمه‌د موختاربه‌گی جافه‌وه ده‌ست پێ بكات نه‌ك له خه‌یاڵی سوڵتانی نوێی ئه‌ستانه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی كوردستانت پێكه‌وه گرێدابێت والی زاخۆ ببه‌یت بۆ توركیا تا له‌وێ گفتوگۆ بكرێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه چۆن زاخۆ ببه‌ستن به ئه‌نادۆڵه‌وه. تۆ بڵێی ده‌سه‌ڵاتی توركه‌كان له‌ئیداره‌دانی ئه‌و هێڵه‌دا چی بێت، ڕێكه‌وتنێكی تر؟
ئه‌گه‌ر پرۆژه شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه لای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته فشۆڵه هیچ له‌بارا نه‌بووه ده‌ناسن مایه‌ی گاڵته‌كردنه، به‌ڵام لام من خه‌یاڵی داگیركاری توركه‌كان ڕاسته‌قینه‌یه و جێی گاڵته نییه، هه‌ر دوێنی فڕۆكه‌كانیان به‌سه‌ر كه‌لاره‌وه بوون. گه‌رچی ئێران ئێسته ئاماددهییهكی گه‌وره‌ی هه‌یه له عێراقدا، به‌ڵام توركه‌كان له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه سه‌ریان له مامه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌و بواره‌دایه.
هه‌رچییه‌ك بێت خه‌یاڵی كوردانه ته‌نیا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د موختار به‌گه و لێره‌وه ده‌ست پێ ئه‌كات و ئه‌بڕێته‌وه:
"پاش قڕانی مودده‌عی ده‌س پێ ئه‌كه‌ن ته‌عمیری موڵك
ڕێگه‌یی ئاسن ئه‌چێته شاخی هه‌ورامانه‌وه
كێ‌و كه‌ژ گشتی ئه‌بێته باغ و جاده و قه‌یسه‌ری
نه‌وجه‌وانی وه‌ته‌ن ته‌وحید ئه‌كه‌ن ئه‌م میلله‌ته".