لەم چەند ساڵەی دوایدا گەلێک کەس، لە ئاستی سیاسی و زانستی و ئەکادیمی، تەنیا هەندێک گروپی سیاسیش وا ڕەفتار دەکەن و دەئاخڤن و قسە دەکەن، کە گوایە کەسانی (ڕەخنەگرن، بەرهەلستکاری دەسەڵاتی کوردستانن، بەم دۆخە ڕازیی نین، خەمی ژیان و مووچە و دواڕۆژی خەڵک و هاووڵاتین... تاد)، لەڕاستیدا کە دەچینە بنەوانی شتەکان، ئەودیوی نیاز و مەبەستیان، سەرچاوەی ڕەفتار و کاردانەوە و قووڵایی بیرکردنەوە و سێبەری پەیامەکانیان دەخوێنینەوە و شڕۆڤەی دەکەین، تێ دەگەین کە شتەکان وەها نین، بەڵکو هەندێکیان هەڵگەڕاوەن وەکو چۆن ڕێوی لە کوونی خۆی هەڵگەڕاوتەوە!
هیچ لایەنێک و کەسێک و دڵسۆزێک هێندەی ئێستای ئەو کەسانە جێگەی بەزەیی نین، هیچ هێزێک هێندەی ئەو لایەنانە لە فکر و تێڕوانین و قەناعەت هەژار و شڕە و فشە نین، کە بوونەتە شانۆکار، بەڵام بەرهەمەکانیان هەمووی پێچەوانەیە و چەواشەکارانە ڕەفتار دەکەن. بەشێک لەو هێزانە شانۆی لەنێو کۆمەڵگە دروستکردووە، بەڵام دەقی شانۆیی نەمر و کاریگەر و ستراتیژی بەرهەم نەهێناوە. بەشێکی ئەم کورتهێنانەش لە ڕەفتاری شانۆکار و ئەکتەرەکانەوە بەدیار دەکەوێت.
( دێڤید ئۆستن ١٩١٧- ٢٠١٤) کە زانایەکی بەڕەگەز ئەمەریکی – کەندەییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەشێک لە تیۆری سیاسی پێی وایە (تیۆری سیاسی وەکو بیناکردنی باڵاخانە وایە، نەک وەکو بیناکردنی دۆخێکی وەسفکراو، یان تەنێ کردەی وەسفکاریی) . ئەم بۆچوونە ئەوەمان بۆ ساخ دەکاتەوە، کە ئەو گروپ و کەسانە لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی بیرکردنەوە لە بازنەیەکی دیارکراو، یان کاردانەوەیەکی کاتی بەرانبەر دۆخێکی کاتی، یان هەستکردن بە لاوازیی و هەژاریی و کەمدەسەڵاتی بەرانبەر دەسەڵات، ڕەفتارێک دەکەن، کە گوزارشتە لە وەسفکردن، نەک بیناکردنی باڵاخانەی بیروباوەڕ و هەڵوێست و فکر و سیاسەت وەکو کردەیەکی ئەندازیاریانە و ماتماتیکانە. ڕێکوڕەوان ڕەفتارەکانیان و شێوازی ئاخاوتن و کردەوەکانیان و کاردانەوەیان ئەوە نیشان دەدات، کە دەیانەوێت (وەسفی بچووکی خۆیان، یان دەست نەکەوتنی دەستکەوتی دارایی و سیاسی وەکو ڕکابەرەکەیان، ڕق لە شتەکان، لاوازیی لە بەرنامە و پڕۆژە، پەنا بردنە بەر بێگانە و ئەو لایەن و گروپانەی لە کردەوەدا دژی هەرێمن) نمایش بکەن، ئەمانەش لە کردەوەدا ئەوە ساخ دەکاتەوە کە هەست بە (بچووکبوون) بەرانبەر ڕەخنەلێگیراوەکان دەکەن.
ئەگەر لەڕوانگەی دەروونییەوە شیکاری دۆخ و ڕەفتار و کاردانەوە و هەڵسوکەوتی هەندێک لەو لایەن و کەسانە بکرێت، ئەوە ساخ دەبێتەوە ئەمە لە ئاکامی جۆرێک لە فشاری زۆری دەروونی و هەستکردن بە گۆشەگیریی و پاشکۆبوون و لەدەستدانی دەستکەوتەکان و دۆڕان و فەشەل لەجیاتی قازانج و بردنەوە دێت. لەهەمووی شتێک مەترسیداتر ئەوەیە مرۆڤ لەئاکامی هەستکردن بە بچووکبوونەوە و لەدەستدانی پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی، یان حەسادەت و فشۆلانە بیرکردنەوە و خۆ بەداینەسۆرزان فۆرمۆلەی فکر و بۆچوونەکانی بکات، یان بڕیار بدات، یان ڕەفتارێک بکات، کە دەبێتە مایەی لەدەستدانی زۆر شت و هەستکردن بە تەنگەنەفەسی لەئاکامی بەرتەسک بوونەوەی جوگرافیای کارکردن، زەمینەی نەهاتی دروست دەکات و ئەمەش دەبێتە سەرەخۆرە بۆ دەستمایە.