کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان لەوە ئاڵۆزترن، بە چەند سەرنجێك باس بکرێن، بەڵام ئەوەی پێشتر بەدواداچوونی بۆیان ھەبووبێت، بە خوێندنەوەو سەردانی مەیدانی، دەتوانێت سەرنج بخاتەڕوو. ھەموو کۆمەڵگەکانیش کوت و مت وەك یەك نین، بەڵام کۆمەڵێ سیمای گشتی ھەن پێکیانەوە دەبەستێەوە، بەتایبەتیش کە لەئێستادا، یەکێتی ئەوروپاو یاساو ڕێساکانی زۆربەیانی لەخۆگرتووە. سەرنجەکانیش زۆرن، ئێمە تەنھا ئاماژە بەھەندێ لەوانە دەکەین، بەجۆرێ لە جۆرەکان، پەیوەندیان بە بەشێك لەو مشت و مرانەوە ھەن، لە وڵاتی خۆماندا لەئارادان.:
١- بەپێچەوانەی لای ئێمەوە، کۆمەڵگەو ژیان زیاد لەپێویست سیستماتیك و ڕێکخراون، ئەوەش جۆرێك لە ڕاکەڕاکەو فشاری دەروونی بۆ مرۆڤەکان دروست کردووە و بەشێك لە عەفەویەتی ژیانی کوشتووە، بۆیە نەوەك لای ئێمەو نە ئەوەی ئەوانیش.
٢- گەرچی دەوڵەت پشتیوانی لە ھاورەگەزبازەکان دەکات و سزای ھەرکەسێك دەدات دژ بەو پشتیوانی و ئازادییە بووەستێتەوە، بەڵام بەگشتی کۆمەڵگە تاکو ئێستاش بە چاوی نامۆو دیاردەیەکی نەخوازراو سەیری ئەوان و دیاردەکە دەکات.
٣- سەرەڕای ئەو ئازادییەی ھەردوو ڕەگەزەکە ھەیانە،
بڕوا وایە ئاییندەی ژیانێکی ئارام وا لەپێکھێنانی خێزاندا، بۆیە لە سییەکانی تەمەن بەدواوە ھان دەدرێن بۆ پێکھێنانی خێزان و ژنھێنان و شووکردن.
٤- شەکەتی ژیان و توندرەوی لە تاکگەرایی و ئاستێك لەخۆپەرستی تاکەکەسی کارێکیان کردووە، مەسەلەی جنس و پەیوەندی دوو ڕەگەزەکە لەھەڵگرتنی لێپرسراوێتی فەرمی دابڕنن، واتە خۆرئاواییەك دەخوازێت چێژی دەستکەوێت بێ ھەڵگرتنی لێپرسراوێتی لەوانەش لێپرسراوێتی خێزانی. بەپێچەوانەی دیدی ئیسلامی کە چێژ، بەتایبەتیش چێژی جنسی و تێرکردنی ئەو ڕەمەکە دەبەستێتەوە بە لێپرسراوێتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەوە.
٥- سەرەڕای ھەموو ئەو ئازادییە جنسییەی لەئارادایە، ژیانی جنسی سروشتیی پرلە کەم و کورتی و ڕێکنەخراو و ناڕێك و پێکە، بەحوکمی ئەوەی جنس بەشێوەیەکی بەردەوام و ڕێکخراو بۆ ئەوانەی خێزانیان پێکنەھێناوە بەردەست نییە، ھەربۆیە بەکارھێنانی ئامرازە جنسیە دەستکردەکان لەناو ڕەگەزێکیانداو لە ھەندێ وڵاتدا دەگاتە ٪۸۸ ئەوەش دەریدەخات تەنانەت لەم ڕووەشەوە ھیچ شتێك جێگەی پەیوەندییەکی شەرعی و سەقامگیر لە چوارچێوەی خێزاندا ناگرێتەوە. ھەر ئەمەش ئەگەر ھەندێ داب و نەریت و ڕەفتار نەبنە ڕێگر وادەکات جنس نەبێتە کارێکی جەستەیی و میکانیکی ڕووت و ڕووە ڕووحییەکەی لەدەست نەدات.
٦- ڕووتی ئافرەتان ھەمان مانای لای ئێمەی نییە، نەك تەنھا لەڕووی دینی و نەریتیەوە، بەڵکو لە سۆنگەی سەرقاڵی و زۆر سەیرنەکردن و ساردی جنسی و پیاوی ناوچە ساردەکان وڤئازادی جنسییەوە. لێرەشەوە ھاندانی ھەمان دیاردە لای خۆمان ھەڵەیەکی گەورەیەو بەرەنجامی خراپی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە.
٧- ڕاستگۆیی لە ئەخلاقە ھەرە جوانەکانی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە سەرنجی ڕەوەندەکانی ناویانی راکێشاوە، بەپێچەوانەی لای خۆمان سەرەڕای پێداگری گەورەی ئایینەکەمان ھێشتا کێشەی زۆرمان لەم ڕووەوە ھەیە.
٨- جوانترین ڕووی ژیانی ئەو کۆمەڵگایانە ڕووە سیاسی و دامەزراوەییەکەیانە.
. دەستوورسالاری.
. خاکیبوونی بەرپرسان و ناچارکردنیان بە دەستلەکارکێشانەوەو داوای لێبوردن لەسەر ھەڵەو لادان و گەندەڵیەکانیان، جاری وا ھەیە لەسەر شتی وا بچووك، کە ئەگەر بکرێتە پێوەر لێرە زەحمەتە یەککەسمان بە عەلمانی و ئیسلامییەوە نمرەی دەرچوون بێنین. چونکە ھەندێ کەیس پەیوەندی بە چەند دۆلارێکەوە ھەیە.
. سەقامگیری سیستم و پاکیی ھەڵبژاردن وئاساییبوونی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات.
. ھەستکردن بە ھاوڵاتێی یەکسان و ئازاد، بە جۆرێك ھەست دەکرێت دیارە بەشێوەیەکی گشتی، کەس لە کەس گەورەتر و لەسەرو یاساوە نییەو یاسا وەك یەك بەسەر ھەموواندا دەچەسپێت.
٩- ھەست بە تەنییایی کێشەیەکی گەورەی مرۆڤە لەم کۆمەڵگایانەداو ئیرەییش دەبەن بە پەیوەندی گەرم و گوڕ و قوربانیدان بۆ یەکتر و لەگەڵ یەکتربوونی دەرەوەی خۆیان. ڕەنگە ھەر ئەمەش ھۆکارێکی ئەو ھەموو گیاندارە ماڵییە بێت لە ماڵەکانیانداو ڕۆڵی ھاودەمیان بۆ بگێڕن، بەحوکمی ئەوەی مرۆڤ زۆر بەرگەی تەنھایی ناگرێت.
١٠- سەرەڕای ھەموو ئەو فرە کەلتوری و ھاوڵاتێی یەکسانەی ئەم کۆمەڵگایانەی پێدەناسرێتەوە، بوونی جیاکاری و ڕاسیزم لە ھەندێ کات و شوێندا واقیعە، ڕاسترەوە بەرچاو تەنگەکان لەزۆر کۆمەڵگە لە گەشەکردندان، بەڵکو ڕێگە بەخۆم دەدەم بڵێم لە ھەناوی ئەم کۆمەڵگایانەدا، بە ئاستی جیاواز، فاشیزمێك خۆی حەشارداوە، ھیچ گرەنتی نییە لەسەرە پێچێکی قەیراناوی مێژوویدا، سەربەرز نەکاتەوەو دەستکەوتە سیاسییەکانی ئێستا لەناونەبات.
١١- ھەست دەکرێت لە سۆنگەی ھەندێ ھۆکارەوە، لەوانەش زۆر ڕێکخراو بوون، ڕۆیشتنە ناوەوەی تەکنەلۆژیا بۆ ناو ورد و درشتی ژیان و کێشەی ڕووحی مرۆڤەکان زەحمەتە ئەم کۆمەڵگانە بەرگەی قەیرانی گەورە بگرن، بەتایبەتیش ئەگەر بۆشایی دەسەڵات دروست ببێت کەلای خۆمان دین و نەریت پڕی کردۆتەوەو بەوەش کۆمەڵگەی لە ھەندێ ڕووەوە پاراستووە.
١٢- مەرج نییە کۆمەڵگە بەگشتی بە ھەموو ڕەھەندە جیاوازەکانی ئەم فۆرمە لە ژیان ڕازیبن، بەڵام تازە لەدەستیان دەرچووەو دەبێت بەناچاری خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن.
١٣- خۆشویستنی ھاووڵاتیان بۆ وڵات و نیشتیمانی خۆیان و شانازیپێوەکردنیان و ڕێزگرتن لە ڕەمزە نیشتیمانییەکانیان، سەرە رای دەرھاویشتەکانی جیھانگیری و تووندرەوی ڕووە کۆمەڵایەتیەکەی لیبرالیزم.
١٤- خێزان و دایك و باوك لەڕووی ماناڵەکانییەوە فشارێکی زۆریان لەسەرەو بۆ ڕەوەندی کورد و موسوڵمانانی تریش بۆتە فۆبیا چونکە بە بیانووی زۆر سادە مناڵ لە دایك و
باوك دەسەنرێت و دەدرێت بە کەسانی تر کە ھەندێ کات دووچاری چارەنووسی زۆر نەخوازراو دەبێت. ڕێو شوێنەکان لەم ڕووەوە گەیشتوونە سنووری ناعەقڵانی و بێمانایی و بیانوو پێگرتن!
١٥- مەسەلەی جێندەر خەریکە تا ئاستی پۆلی پێنجی سەرەتایی شۆردەبێتەوەو فۆرمێکی زۆرلێکردن لەخۆی دروست کردووە، ئەوەش ترس و تۆقینێکی زۆری بۆ ڕەوەندەکانی ئەو وڵاتەو بەتایبەتیش موسوڵمانان و نیگەرانی بەشێ لە کۆمەڵگە نیشتیمانییەکانیشی بەدوای خۆیدا ھێناوە.