ھەدەپەو پرسی کورد لە تورکیاو ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەو وڵاتە

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2023-05-13     334

پرسیاری ھەرە گرنگ بۆ تاك و ھێزێکی کوردستانیی لەم ھەڵبژاردنە، دەبێت پەیوەست بێت بە جۆری کاریگەری ھەڵبژاردنەکان لەسەر پرسی نەتەوەکەی و کوردستانیانی باکوور؟ لەم ڕوانگەشەوە، لە باکوور و باشوریش دیدگاو ھەڵسەنگاندنی جیاواز ھەن. ھەندێ دیدگا مانەوەی دۆخی ئێستا بەھەموو بێئاسۆییەکانییەوە، لەڕوانگەی ئەزموونی مێژوویی جەھەپەو کەمالییەکان لە حوکمڕانی تورکیا بەباشتر دەزانێت، ھەشە بەپێچەوانەوە. بەو ئەندازەی سەرچاوەی دیدگاو ھەڵوێستەکانیش کوردستانی و بەرژەوەندی کورد و پرسەکەی بێت لە باکوور و دواییش خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاسایی و ڕێزلێگیراوون.

ئێمەش لەم وتارەدا لەھەمان ڕوانگەی کوردستانییەوە دەخوازین باری سەرنجی خۆمان لەچەند خاڵێکداو بەم جۆرەی خوارەوە بۆ مێژوو تۆماربکەین:

یەکەم/ بنەمایەکی گشتی:

بە سەیرکردن لە مێژووی سی ساڵی ڕابردوو لە باکوور و باشور، کە بەئاستی جیاواز فۆرمێ لە بەشداری سیاسی و پەراوێزێکی دیموکراسیبوونی ھەبووە، وەك بنەمایەکی گشتی، تەوژمی ئیسلامی و مەشرەب ئیسلامی، بە بەراورد بە ھێزە عەلمانی و ناسیونالیستەکانی نەتەوەی سەردەست، بەرامبەر بە ناسنامەی کوردی کراوەتر و کەمتر ڕەگەزپەرست بووە. بۆ نموونە، لە عێراقی دوای ۲٠٠۳ ھەندێ لیست و ھێزی عەلمانی عێراقچی و عەرەبی دژ بە سەرەتای فیدراڵیزمی دەوڵەت بوون کە کورد داوای دەکرد. لە باکوور کرانەوە سەرەتاییەکان بەسەر کوردی باکوور و باشور لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، لەسەر دەستی ئۆزال دەستیپێکرد کە لیبراڵێکی دیندار و پاشخان ئیسلامی بوو. یەکەم سەرۆککۆمار بوو لەمێژووی نوێی تورکیادا بەشداری نوێژی ھەینی بکات، بەھۆی بیرکردنەوە بوێرەکانییەوە ڕێگەدرا، لە شوێنە گشتیەکاندا قسە بەزمانی کوردی بکرێت و کەناڵی پەیوەندی نھێنی لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی باشور کردەوەو تەنانەت گەیشتە ئاستی وروژاندنی بابەتی گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکەو دۆزینەوەی چارەسەرێ بۆ کێشەی کورد و کۆتاییھێنان بە خوێنڕێژی.

ھەنگاوە سەرەتاییەکانی سەرکردەکانی دادو گەشەپێدان تا ٢٠١٥ دەچنە ھەمان چوارچێوەو توانیان دیواری ھەندێ تاپۆ لەسەر ناسنامەی کوردی بڕوخێنن گەرچی بەھۆی ھەڵەی دەوڵەت و لایەنی کوردیش نەگەیشتە دۆزینەوەی چارەسەر و سەرۆکی ئێستای وڵات لە داننان بەناوی کوردستان و حەقیقەتی بوونی کێشەی کورد لەژێر جەبری گۆڕانکارییەکاندا پاشەکشەی کرد، ھەدەپەش بەھۆی ھەڵسەنگاندنە ھەڵەکانی بۆ دۆخەکە، دوای ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠١٥و شکستی حیزبی حوکمڕان و لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی- کە بەشێکی بەرچاوی بەھۆی پرۆسەی ئاشتیەوە بوو، لە کۆتاییھێنان بە پرۆسەکە بەشدار بوو.

بۆیەشە ھەڵوێستی ھەدەپە لەگەڵ زۆر نوسەر و سیاسەتمەداری تری کورددا بە ھەڵە وەسف دەکەین چونکە پێمان وابوو لە سێ خاڵدا نەیپێکابوو:

١- حیزبی حوکمڕان توانای ھەڵسانەوەو تێپەڕاندنی شکستە سیاسییەکەی نییە، کەوا دەرنەچوو.

٢- دەتوانرێت لەڕێی تەکتیکی شەڕی شارەکانەوە، تورکیا بەسووریا بکرێت و کوردستان کۆنتڕۆڵ بکرێت بۆشایی دەسەڵات دروستبکرێت و چەپ و ئازادیخوازانی دنیا ڕووی تێبکەن و یارمەتی کورد بدەن، کە نەك ھەروا دەرنەچوو بەڵکو بەکارەسات شکایەوەو کوردی چاوترسێنکرد و دەستی دەوڵەتی واڵاتر کرد.

٣- دەتوانرێت ڕۆژئاوا بکرێتە فشار بەسەر ئەنقەرەوەو سەرقاڵکردنی تورکیاش لەدوای کۆتاییھاتنی پرۆسەی ئاشتی لە باکوور وای لێبکات زۆر نەیپەرژێتە سەر ڕۆژئاوا کە پێچەوانەکەی دەرچوو.

بەو ئەندازەی ئێمە لەو کاتەشدا شایەتی ڕووداوەکان بووین و بەخوێندنەوەی پاڵنەرەکانی دروستکردنی بڕیار لە قەندیل ولای ھەدەپە کە زیاتر ڕۆڵی جێبەجێکەری دەبینی، دەگەین بەو ڕاستیەی کە پاڵنەری پشت ھەڵوێستەکان لەو کاتەدا تەنھا پرسە نەتەوەییەکە نەبوو بەڵکو خەمە ئایدۆلۆژییەکان و چەپبوونیش ڕۆڵی خۆیان ھەبوو تاکو ئێستاش ئەو تێکەڵاوییە بەردەوامە چونکە بۆ لایەنی حیزبی حوکمڕان و قەندیل و ھەدەپەش دۆخی ئاسایی ئەوە بوو، تەوژمی مەشرەب ئیسلامی و کورد، وەك دوو ناسنامەی سەرکوتکراوی سایەی کەمالیزم، پێکەوە حوکمی تورکیای نوێ بکەن، بەحوکمی ئەوەی کەمالیزم دوژمنی ھەردوو لایەو بەرژەوەندی ھاوبەشیان لە لاوازکردن و ھەڵوەشاندنەوەی ژێرخانەکەیدایە، ئەمەش ئەو دەرفەتە بوو لە ٢٠١٥ ھاتە پێشەوەو بەھەڵەی ھەردوو لا لەدەستدرا، کە بەقورس لەسەر ھەدەپەو پرسی کورد شکایەوە، بەحوکمی ئەوەی سەرۆکی پارتی دەسەڵاتدار لەدوای نائومێدبوونی لە ھەدەپە کە یارمەتیبدا، بەپێچەوانەی فەلسەفەی پارتەکەی ھاویمانی لەگەڵ دوژمنێکی پێشووی بەست کە ئەویش مەھەپەی ناسیونالیستی توندڕەو بوو.

لەو ڕۆژەوەش، دووبارە نکولیکردن لە کێشەی کورد و ناوی کوردستان چۆوە ناو ڕۆژەڤی دەوڵەت و بەگیانی تۆڵەلێکردنەوەو سەرکوتیش کەوتە وێزەی ھەدەپەو ھەزاران ئەندامی بەتۆمەتی پەکەکە بوون ڕاپێچی زیندان کردن و سەرۆک شارەوانییەکانی لەسەر کار لابرد. ئیدی لێرەشەوە بەنیمچە کۆتایی دەرگا بەڕووی ھاوکاری نێوانیان داخرا؟!بەڵام، سەرەڕای ئەوە پێمان وایە بیست ساڵ حوکومڕانی دادو گەشە پێدان و ساڵەکانی لەئارادا بوونی، کۆمەڵێ دەستکەوتی سەبارەت بە کورد ھەبووە لەوانەش:

١- لاوازکردنی دەوڵەت و ھەڵتەکاندنی ژێرخانە کەمالییە مێژووییەکەی، کە ئاسان نییە جارێکی تر بگێڕدرێتەوە شوێنی جارانی و بەجۆرێ لە جۆرەکانیش تورکیای خستۆتە دۆخێکی ڕاگوزەری و بەردەم پێویستی نوێکردنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی و ناسنامە با ماوەیەکیش بخایەنێت و ھاوشانی ئازاریش بێت. ئەو زەبر و زەنگەی ئێستا دەبینرێت ھی بەھێزی حکومەتە نەك دەوڵەت.

٢- کەمکردنەوەی ڕۆڵی سووپا لە سیستم و ژیانی سیاسیدا وەك ڕەنگدانەوەیەکی خاڵی یەکەم. ئەوەی ئێستا لەڕووی سووپاوە لەئارادایە بەکارھێنانی سیاسیانەو ئامرازانەی سووپایەو جیایە لە ڕابردوو.

٣- گەورەبوونی کاریگەریی کارتی کوردی و قورسایی دەنگدەری کورد لە ھاوکێشە سیاسییەکاندا بەھۆی گەورەبوونی ڕۆڵی ھەدەپەو پارسەنگبوونی دەنگی دەنگدەری کوردستا لەکاتی ململانێکاندا، ئەوەش بەھۆی گەورەبوونی ھەدەپەو تێپەڕاندنی بەربەستەکانی پێشوو ئەو چاکسازییە دیموکراسییەی تا ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامیدا، کە دەرفەتی خۆڕێکخستنێکی فراوانی خستە بەردەم تەوژمی چەپی مەشرەب ناسیۆنالیستی کوردی بۆ خۆڕێکخستن و لاچوونی تارمایی قەدەغەکردنی قۆناغی پێشوو، کە ڕێگەی لە گەورەبوون و کەڵەکەبوونی تەوژمەکە گرتبوو.

لایەنی دۆڕا و بەبەرەنجامەکانداو پەنابردن بۆ دادگاو شەقام و لێکەوتەکانی:

لە ئەگەری ھاتنەدی سیناریۆی یەکەمدا، چاوەڕێدەکرێت دۆخی ھەدەپە سەختر بێت. مێمڵی ھودا پارك بۆی توندتر بێت. مەسەلەی کوردیش لە بازنەکەی ئێستادا بێت و بچێت، ئەگەرچی لەسۆنگەی ئەوەی پێشبینیکردن بۆ ئاییندەی گۆڕانکارییەکان لە تورکیا سەختە، بەھۆی ھەندێ گۆڕانکاری و پێشھاتی ناوچەیی و جیھانی و ناوخۆییەوە ئەگەری ئەوە دابنێین، سەرۆکی ئێستا بەگۆڕینی موخاتەب ھەندێ ھەنگاویتر بەقازانجی کێشەکە بنێت؟

لە دۆخی سیناریۆی دووەمدا، پێشبینیکردن ئاسان نییە، چونکە دوای ماوەیەکی دوور و درێژ بۆ یەکەم جار کەمالییەکان و نوخبەی تەقلیدی سەرلەنوێ دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن، لێرەوە بەکردەوە دەردەکەوێت و دەسەلمێت بەکردەوە چەندێ لە دیدگا تەقلیدییە مێژووییەکانیان گۆڕاوە. ئەمە جگە لەوەی پرسی دووبارە گۆڕینی نیزامیش لەبەردەمدایە بەحوکمی ئەوەی دەخوازن سیستم بکەنەوە بە پەرلەمانی.

لێرەوە زیانەکانی بۆ مەسەلەی کورد چاوەڕێدەکرێت بریتیبێت لە:

. بەھێزکردنەوەی دەوڵەت کە بەزیانی چارەسەرکردنی پرسی کوردە.

. بەھێزکردنەوەی پێگەی سووپا لە ژیانی سیاسیدا بەحوکمی ئەوەی سەرۆکی ئێستاش بدۆڕێت تەوژمی مەشرەب ئیسلامی تورکیا بەھێزەو پێیان وایە بێ پشتیوانی سووپاو ھێنانەوەی بۆ ناو ململانێکە ناتوانن تاسەر لەگەڵیدا دەربەرن.

. بەھێزتربوونی پێگەی نەتەوە پەرستەکان لەدەسەڵاتدا، بەتایبەتیش دوای گۆڕینی سیستم و ئەگەری بوون بە سەرۆککوەزیرانی سەرۆکە خاتوونە ڕەگەزپەرست و ڕابردوو ترسناکەکەی سەبارەت بە کورد، ئی پارتی.

. لاوازبوونی پێگەو ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاو، بەحوکمی دیدگا دەوڵەت سەنتەرییەکانی جەھەپە.

. کەمبوونەوەی پشتیوانی ئەمریکا لەسۆنگەی دووبارە گەرانەوەی تورکیا بۆ باوەشی خۆرئاواو دەستبەردار بوونی خەونی زلھێزبوون.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت، دۆخی نوێ لەدەرفەتیش بۆ کوردو پرسەکەی بەتاڵ نەبێت، لەوانەش:

. دووبارە مەترەحکردنەوەی پرسەکە بۆ قسەکردن و مشتومڕی سیاسی کە لەئێستادا دووچاری چەقبەستن ھاتووە.

. کۆتاییھاتنی ئەو بنبەستەی دووچاری پەیوەندییەکانی نێوان تەوژمی مەشرەب ئیسلامی تورکیاو ھەدەپە ھاتووە، بەحوکمی پێویستی دادو گەشەپێدان بە خوێنوێکردنەوەو بەفۆرمێکی نوێھاتنەوە مەیدان، لە ئەگەری مایەپووچ دەرچوونی لایەنی کوردی بەرجەستە لە ھەدەپەدا لە ھاوپەیمانییەکانی ئێستاو ونبوونی سایەی سەرۆکی ئێستا بەسەر داد و گەشەپێدانەوە.

. کەمبوونەوەی فشارەکانی سەر ھەدەپە گەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، کە لێرەدا دەکرێت ھەدەپە چیدی دیوی دووەمی کێشەی کورد لە تورکیا نەمێنێت، کرانەوە بەڕووی ئەودا یەکسان نەبێت بەکرانەوەی فراوانتر بەسەر مەسەلەی کوردستان و کێشەی کورددا.

. ئازادکردنی دەمیرتاش لە زیندان و باشترکردنی دۆخی ئۆجالان و دەرھێنانی لە زیندان و دەستبەسەرکردنی لەماڵێکدا.

بەگشتی، چاوەڕێ ناکرێت دەستکەوتەکان بە قازانجی کورد لە کورت مەودای دوای ھەڵبژاردنەکاندا تۆکمەو ستراتیژی و گرەنتیکراوبن. چونکە بەڵێنی دووبارە خستنەوەڕووشی لە پەڕلەماندا بۆ چارەسەر جگە لە کێشەی وێنای کەمالییە نوێکان بۆ ناوەڕۆکی چارەسەر چەندین بەربەستی لەبەردەمدایە، کە لێرە جێگەی باسکردنیان نابێتەوە.

دۆخی سێھەمیش قسە زۆر ھەڵدەگرێت و قسەکردنی کۆنکرێتیش دەربارەی قورسە، چونکە پەیوەندی بەوەوە ھەیە سەردەکێشێ بۆ فۆرمێ لە ناسەقامگیری و شەڕی ناوخۆ، یاخود بەقازانجی یەکێ لە دوو سیناریۆکەی یەکەم و دووەم لەڕێی دادگاو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مامناوەندی کۆتاییپێدێت، پرسی ئاییندەی جۆری پەیوەندی نێوان پەکەکەو ھودا پار یش، کە ھەردووکیان بەرامبەر یەك ڕەقن، وەك سەرچاوەیەکی ھەستیاری و نیگەرانی لێیدەڕوانرێت.

بەگشتیش، دەربارەی کورد و پرسەکەی دەرفەتەکان بەشێکیان لە ڕابردوو لەدەستدراون و ھەندێکیشیان ئەگەری ھاتنە پێشیان لەئارادایە، بەڵام قەناعەتی شەخسی خۆم ئەوەیە دەوڵەتی دوای لۆزان لە تورکیا لە قەیرانی ڕاستەقینەدا دەژیت، بۆیە دەبێت، خیانەتەکەی کەمال ئەتاتورك لە کورد ڕاستبکرێتەوەو دەوڵەت بکرێتە دەوڵەتی ھاوبەشی تورك و کورد و پێکھاتەکانی. سووربوونی تەوژمی ناسیۆنالیستی بەرچاوتەنگی تورك لەم وڵاتە، نەك ھەر توانای چارەسەرکردنی قەیرانی دەوڵەتی پاش لۆزانی نییە، بەڵکو قووڵتری دەکاتەوە بۆ ئاستی مەترسیدار و دەستکردن لەسەر مانەوەی بەم جۆرەی ئێستا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×