نەوت لەمێژوی نوێی کوردی باشوردا، سەرچاوەی جۆرەھا نەھامەتی بووە، ھێزی بەخشیوە بە سوپاو دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتدارانی ستەمکاری بەغدا وچارەسەری کێشەی کوردیشی ئاڵۆزترکرد.
دوای ڕوخانی ڕژێم و بیرکردنەوەی کورد لەوەی وەبەرھێنان لە بەشێ لەنەوتەکەیدا بکات، چاوەڕوان دەکرا، ڕۆڵی نەوتی کوردستان گۆڕانی چۆنایەتی گەورەی بەسەردا بێت وببێتە سەرچاوەی خێرو خۆشی وئاوەدانی وئومێد بۆ گەلەکەی.
بەڵام بەداخێکی زۆرەوە، لەسۆنگەی:
. نادەوڵەتبوون
. دەرنەچوونی یاسای نەوت وگازی فیدراڵی وبە ھەڵپەسێراو مانەوەی وملکەچبوونی بۆ ھەڵکشان وداکشانی سیاسی
. گەندەڵی وناڕوونیی داھاتەکەی.
. قەیرانی ئابوری ودرێژەکێشانی
. نادامەزراوەیی وناکۆکی سیاسی.
. نەبوونی پرسەکە بەپرسێکی نیشتیمانی
بەسەر بەخۆفرۆشتنی نەوتی ھەرێم، نەك ئەوڕۆڵە چاوەڕوانکراوەی نەبینی، بەڵکو بووە سەرچاوەی نائومێدییەکیتری گەورەی ھاوڵاتیان، وەستانی پرۆسەی گەشەکردن وئاوەدانکردنەوەو قەتیسدانی بنەڕەتی ڕۆڵی حکومەت لە دابینکردنی موچەیەکی کەم وکەسردا؟ بەپێچەوانەی ئەوڕژێمانەش کە پارەی نەوت بۆ ڕازیکردنی جەماوەرو کڕینی وەلائیان بەکاردەھێنن، لەسۆنگە دۆخی تایبەتی ھەرێم وجۆری فرۆشتن ومامەڵە پێوەکردن وئەوقەیرانە ئابوریە درێژ خایەنەی لەگەڵ خۆیدا ھێنای، بووە سەرچاوەی ناڕەزایی سیاسی ونائومێدبوونی خەڵکێکی زۆر لەنوخبەی سیاسی حوکمڕان وزیاتر قوڵبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان ولاوازبوونی ئینتیمای نیشتیمانی وگەورەتربوونی پانتایی گەندەڵی؟!
واتە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم لە ھەرسێ ڕووی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتیەوە ڕۆڵی پێچەوانەی بینی.
ھەموو ئەوەش ھەرێمی خستە دۆخێکی سێھەمی نەخوازراوەوە.
دۆخێك، نەخۆی توانای چارەسەرکردنی کێشە ئابوریەکانی ھەبێت، نەوەك ڕابردووش لەبەشە بودجەی فیدراڵی سودمەند بێت یاخود بگاتە ڕێکەوتنێکی وا لەگەڵ بەغدا، سنور بۆ قەیرانە ئابوریەکەی دابنێت. تەنانەت بووە ھۆی پاساودانی بەشێ لەسیاسەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا وبڕینی بەشە بودجەو دژ ایەتیکردنی ھەرێم وگەلەکەی!
ئەوەش کارێکی کرد، خەڵکێکی زۆر نەوتفرۆشتنی سەربەخۆی ھەرێم، بەسەرچاوەی نەھامەتی خۆیان ودەوڵەمەندبوونی نوخبەیەکی حیزبی بزانن. بەپێچەوانەی ناخی ئازاردراوی نەتەوەیی مێژویی خۆشیانەوە، پێشوازی لەبڕیارەکەی دادگای فدراڵی عێراق بۆقەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوت لەلایەن ھەرێمەوە بکەن. لەکاتێکدا ئەوداواو سکاڵایە چەندین ساڵە خەوێندراوەو بڕیاری دادگا لەم ڕوەوە لەبەرخاتری ئە وان وبۆکەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەوان دەرنەچووە، بەڵکو لەچوار چێوەی دۆخی دوای ھەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی عێراق، ئامرازێکی فشاری ناوخۆیی وھەرێمایەتیە بەمەبەستی لەقاڵبدانی زیاتری ھەرێم ودروستکردنی ئەوپەڕی فشار لەسەری ووشکردنی سەرچاوەکانی ھێز لەئایندەدا.