هەرچەندە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان لەماوەی زیاتر لە ٤٢٠ ڕۆژدا سەرنجی تەواوی جیهان و میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو، بەڵام ڕوداوەکانی ئەم دواییەی حەڵەب و ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا لە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەک لە باکووری سوریا، توانی ببێتە هەواڵی تەواوی میدیاکان و مانشێتی ڕۆژنامەکان.
ڕۆژی شەممە ٣٠/١١، نیشاندانی شکستێکی گەورەی هێزەکانی ڕژێمی سوریابوو لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە لەلایەن هەیئەی تەحریری شام بەڕێوەبراو توانیان دەست بەسەر شاری حەڵەبدا بگرن و دواتر چونە ناو شارەکانی حەماو حومصەوە، لە درێژەدان بەم هێرشانەدا، لەئاکامدا کۆتایی رژێمی حکومەتی ئەسەد لە شاری دیمەشق راگەیەندرا.
هەرچەندە لەسەرەتادا لە زاری هێزەکانی ڕژێمی سوریا ئەوە بڵاو کرایەوە، کە ڕژێم بەڵێنی هاوکاری سەربازی زیاتری ڕووسیای وەرگرتووە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی سوریا، لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوەیان دەکرد لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا کەرەستەی سەربازی نوێی ڕوسیا بەدەستیان بگات، بەڵام لە مبارەیەوە روسیا هیچ هەنگاوێکی نەنا.
ئەو هێرشەی (هەیئەی تەحریر شام) دەستیپێکرد بۆ سەر شاری حەڵەب و شارەکانی تر، لە هەمانکاتدا تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری سوریا لە رژێم، نەک تەنها کۆتایی بە رژێمی ئەسەد هێنا، بەڵکو نەخشەیەکی سیاسی نوێ لەسەر سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل دەکێشێت. ئەوەی شایانی باسە ڕووسیا و ئێران لەم دۆخی جەنجاڵیەی ناوخۆی سوریادا نەیانتوانی هێزەکانیان لە سوریا جێگیر بکەن و ئەسەد بپارێزن.
ئەو گروپە نوێیەی کە لە کۆمەڵێک هێزی ئۆپۆزسیۆنی میلیشیای بەرفراوان پێکهاتووە، لە کوتلە ئیسلامیەکانەوە تا دەگاتە میانڕەوەکان، هێرشەکەیان بۆ سەر حەڵەب و شارەکانی تر ئەنجامداوە، کە لە لەلایەن (هەیئەی تەحریری شام)ەوە سەرکردایەتی دەکرێن، یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی قاعیدەیە لە سوریا، کە پێشتر بە (بەرەی نوسرە) ناسرابوو، ئەو گروپانەی کەبەشداریان لەم هێرشەدا کردوە بەشێکیان لەلایەن تورکیا و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، بەتایبەتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن بە شێوەیەکی بەرچاو لەم شەڕەدا کاریگەریان هەیە. تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر، هاوپەیمانیەکیان پێکهێناوە بۆ دابەزینی ئاستی پێگەی ئێران لە سوریا.
لەم نێوەدا تورکیا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پەنای بۆ کۆکردنەوەی کوتلە چەکدارەکان بردووە لە ناوچەکانی نفوزی خۆیدا، بۆئەوەی لەلایەک کۆنترۆڵی سوریا بکەن و گورزێک لە پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا بدەن، لەلایەکی ترەوە، ناوچەی نفوزی هێزە کوردیەکان کۆتایی پێبهێنێت یا لاوازبکرێن. لەهەمانکاتدا ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بوو دوای شەڕی لوبنان، ئامادەیی خۆی لە سوریا بپارێزێت، بەڵام تورکیا نەك تەنها لە سوریا، بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیەوێ پێگەی ئێران لاوازو کەم کاریگەر بکات.
ئەو لایەنانەی کە پشتیوانی ئەسەدیان دەکرد، وەک ڕووسیا و ئێران، لەئێستادا سەرقاڵی کێشەی دیکەن، ئەویش بۆ روسیا شەڕی ئۆکرانیایە، بۆ ئێرانیش دۆخی لوبنانە کە حزبوڵای لوبنان وەک هێزێكی سەر بەئێران دوای ئەو هێرشە چڕانەی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان بەجۆرێک لاواز بووە کە نەیدەتوانی پشتگیری لە ئەسەد بکات.
هەڵبەتە تورکیا و (هەیئەی تەحریری شام)، هاوکاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو لوبنان و لێدانی گورزی گەورە لە حەماس و حزبولڵا، هەستیان بەجۆرێک لە لاوازی هێزەکانی حکومەتی ئەسەدیان کردبو، بۆیە دەرفەتێکیان دیوەتەوە بۆ لێدانی هێزەکانی حکومەتی سوریا، لەکاتێکدا واپێدەچیت ئەم هێرشانەی (هەیئەی تەحریری شام)، لە حساباتی ڕوسیا و ئێراندا نەبوبێت.!
هێرشی کوتوپڕو بەلێشاوی زۆری گروپە چەکدارەکان بۆ ناوچەی شەڕ لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، هێز و میلیشیاکانی ئێران لە باشووری حەڵەب سەرسامکرد، لەهەمانکاتدا کۆبونەوەی سەربازی عێراق لەسەر سنوورەکان وەها نیشان ئەدات، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووەو مەترسی بۆ سەر ناوچەکە پێکهێناوە، هەرچەندە حەڵەب زۆر دورە لە سنوری عێراقەوە، بەڵام حەشدی شەعبی بەدەوری ئێران و بە بیانوی بەرگریکردن لە عێراق خەریکە تیوە دەگلێت.
هەڵبەتە ناردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن عێراقەوە، دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی تر لەبەرامبەر ئیسرائیلدا، خەریکە ڕاستەوخۆ حەشدی شەعبیش دەکەوێتە ناو ئاگرەکەوە، ڕەنگە ئێران ئەمەی بە هەلێک زانیبێت بۆ هەوڵی قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر حزبوڵڵا کەوتووە، بەناوی پاراستنی ئەسەد، جوڵەی بە حەشدی شەعبی کردوە، بەڵام کەوتنی رژێمی سوریا، ئەو ئومێدەی ئێرانی بردە دواوە. چی دەتوانێ بە حەشدی شەعبی بکات، نادیارە!.
لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتی ئەسەد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەڵایەکی گرنگ بو پارێزگاری لە پێگە و نفوزی ئێران، بەتایبەتی لەبەرامبەر دەوری تورکیا لە ناوچەکەدا. لەهەمانکاتدا تورکیاش بەردەوام لە هەوڵی کێبڕکێی لاوازکردنی ئێراندایە، بۆیە ئێران تا دوا هەناسە بەوجۆرەی بۆی لوابێت، وازی لە سوریا و ئەسەد نەدەهێنا. ئێستا ئێران لەبەرامبەر دۆخێکی تازەدا بەرەو رووە.!
هەروەها ئێران بەشێوەیەکی دیپلۆماسی هەنگاوی دەنا بۆ ڕاگرتن و ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا دوای حەڵەب دەستیان بەسەردا دەگرت، بەتایبەتی کە هێزەکانی حکومەتی سوریا پاشەکشەیان کردوەو نەیانتوانیوە بەرگری بکەن، یان چاوەڕێی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر لە ڕوسیایان دەکرد، بەڵام وەڵامدانەوەی ئەو هەنگاوە دیپلۆماسیانەی ئێران سنووردار بوون و جێگایەکی نەگرت.
لەبەرامبەر بارگرژی دۆخەکەو ململانێی زلهێزەکان و رۆڵی تورکیادا، کۆماری ئیسلامی زیاتر بەو باوەڕە گەیاندووە کە شەڕی سوریا و کۆتایی ئەسەد زیاتر ئامانجی گەمارۆدانی نفوزی ئێرانە، بۆیە ئێران تەنیا لایەن بوو بەرژەوەندی لە مانەوەی ئەسەدا هەبوو.
کۆماری ئیسلامی و ئەسەد، زیاتر چاوەڕوانی ڕۆڵی کاریگەری ڕووسیایان دەکرد لە پوچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئۆپۆزسیۆندا، بەوپێیەی ئێران دوای هێرشە چۆنایەتیەکانی ئیسرائیل کە دیارترین کادیرانی سوپای پاسدارانیان کردە ئامانج، یان دوای لێدانەکانی ئیسرائیل کە کەسایەتیەکانی حەماس و حزبولڵای تیرۆر کرد، ئێران ئامادەیی سەربازی کاریگەرانەی لە سوریادا نەما. هەروەها بۆ تاران زەحمەت بووە کە دەخالەتی ڕاستەوخۆبکات و ناشتوانێت بەئاسانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کێش بکات بۆ ناو سوریا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕوناکیەی کە لە هەموو ئاڕاستەکانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرنجی لەسەرە، ئەگەری ئەوە زۆرە کە ئیسرئیل هەر جوڵەیەک لەسەر فەرمانی ئێران بکرێت، لێی ئەدات.
بەڵام ئەوەی دیمان ڕوسیا بێدەنگ بوو، لەهەمانکاتدا ڕێگەی بە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان نەگرت، لەو ناوچانەی بڵاوبوبونەوە، بۆیە ساردی ڕووسیا تەنیا بە قەتیس بوون لە ئۆکرانیا ڕوون ناکرێتەوە. واپێدەچێت روسیا لەنێو ململانێ جێهانیەکاندا مامەڵەیەکی تایبەتی کردبێت لە نێوان دەستکەوتێک لە ئۆکرانیا و پاشەکشەیەک لە سوریا.
دوای ئەوەی کونسوڵخانەکەی ئێران لە حەڵەب کرایە ئامانج، توڕەیی ئێران بەرامبەر بەو شتانەی کە لە دژی بەرژەوەندیەکانی لە سوریا ڕوودەدەن، زیاتر بوو. ئیسماعیل باغایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە بۆ سەر کونسوڵخانە دەستی پێکرد، باغایی جەختیشی لەوە کردەوە، ئێران بە جددی لە ڕێگەی یاسایی و نێودەوڵەتیەوە بەدوادا چون بۆ ئەم هێرشە دەکات!
ئەوەی ئێرانی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە ڕووسیا فشارێکی بەرچاوی نەخستە سەر تورکیا بۆئەوەی ناچاری بکات و داوا بکات ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان هێرشە بەرفراوانەکەی ڕابگرێت، ئەمەش وا دەردەکەوێت کە مۆسکۆ خەمی نییە لەوەی کە ڕوودەدات. لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە زاراوەی گشتی و فراوان ڕازی بوو کە ناڕەحەتی ڕووسیای نیشان نەدا دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە لاڤرۆڤ و فیدان “نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی سوریا سەبارەت بە پەرەسەندنی هێرشی سەربازی بۆسەر پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی هەماهەنگی هاوبەش و گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووەتەوە، لەچوارچێوەی "فۆرمۆلەی ئاستانەدا" نەک ئەوەی چارەنوسی ئەسەد چی بەسەر دێت.
هەرچەندە سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا پێش کەوتنی دیمەشق ئاماژەیان بەوەکردووە، ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکان، لەهەمانکاتدا دوو سەرچاوەی سەربازی ئاماژەیان بەوەکردوە که ڕووسیا بەڵێنی هاوکاری سەربازی زیاتری به دیمەشق داوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا، بەڵام کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، فەرامۆشی روسیای بەرامبەر بە چارەنوسی سوریا نیشاندا.
گەر هێرشەکانی هەیئەی تەحریری شام بۆسەر شارەکان و دواتر کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد دۆخێکی تازەی پێکدادان و بارگرژی و ناسەقامگیری زیاتری هێناوەتە ئاراوە بۆ سوریاو ناوچەکە، ئەوە ڕۆشنە لەپەیوەند بە ناکۆکی و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی دنیاو کاریگەریان لەسەر ناوچەکە، ناتوانرێت کۆتایی ئەم دۆخە و کارەساتەکانی دیاری بکرێت، هەر لایەنێک لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی و فروانکردنەوەی نفوزو پێگەی سیاسی خۆیەوە مامەڵەی دۆخەکە دەکات، بەتایبەتی ئیسرائیل بەجۆرێکی تر لەپێناو بەرژەوەندیەکانیدا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە درێژە پێئەدات. کۆتایی ئەسەد، پتەوبوونی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا مسۆگەرتر دەکات. لەهەمانکاتدا فراوانبونەوەی نالەباریی زیاتری دۆخەکەو مەترسیەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا سنورێکی دیاریکراوی نیە، شەری ناوخۆ ئەگەرێکی نزیکە لە واقعیەتی دوای چۆنیەتی کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی ئەسەد و بلاوبونەوەو دەوری هێزی میلیشیایی و تائفیەکان لە شارەکاندا.
هەڵبەتە ئەم دۆخە بێکاریگەر نابێت لەسەر عێراق، هەربۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتدار لە عێراقدا کە هێز و کوتلە هاوپەیمانەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، ڕایانگەیاند: "ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات داگیرکاریە لەلایەن تیرۆریستانەوە"، هەروەها دەڵێن: "ئاسایشی سوریا درێژکراوەی ئاسایشی عێراقە"، چونکە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا لە بازنە بەرژەوەندیەکانی ئێراندایە.
بەجیا لە ململانێی جەمسەرە ئیمپریالیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و خوڵقاندنی دۆخێکی بەردەوامی ناجێگیری سیاسی و شەری گروپی تائیفی، لەهەمانکاتدا بڵاوبونەوەی چەندین گروپ و هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی لە ناوچەکەدا، مایەی دروستکردنی گەورەترین ماڵوێرانی و تراژیدیای مرۆییە کە هەر وەرزە پەردەی کارەساتێک لادەدات و ئاکامەکەی دانیشتوانی ناوچەکە دەکاتە قوربانی.