ئەوەی لەشەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا دەگوزەرێ، واشنتۆنی خستۆتەبەردەم ستراتیژێکی نارۆشن بەرامبەر بە ئۆکرانیادا. هەموو پێوەرەکانیش ئەوە دەردەخەن کە ئۆکرانیا توانای پێشکەوتنی لە شەڕەکەدا لەدەستداوە، بەو پێیەی تواناکانی نزیکە لە نەبوون، ئومێدی سەرکەوتن تەواو لە تاریکیدایە بۆ ئۆکرانیا. هەربۆیە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا، ئیتر ئەو جۆش و خرۆشەیان بۆ سەرکەوتنی ئۆکرانیا شەڕەکە نەماوە. واشنتۆنیش تا ئەو ڕادەیەی کە قەناعەتی بەوەیە ڕووسیا لەم شەڕەدا سەرکەوتووە، پێیانوایە دەبێت سەرۆکی ئۆکرانیا ئەو ڕاستیە قەبوڵ بکات.
گەر پێمانوابێت ئێستا جیهان بەجۆرێک لە شەڕدایە، بەتایبەتی سیناریۆی ئەو شەڕەی ئیسرائیل دژ بە خەلکی غەززە پیادەی دەکات، ئەوا تایبەتمەندی سیاسەتە نێودەوڵەتیەکان لە ئێستادا دیاری دەکات. ئەمریکا بەهۆی بێتوانایی و پاشەكشەی ئۆکرانیا لە ڕوبەڕوبونەوەی لەشکرکێشی ڕووسیادا، زیاتر جەخت لەسەر پشتیوانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکات ، چونکە چاوەڕوان دەکرێت ئەو شەڕەی ئیسرائیل دریژخایان بێت. گەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەخالەت نەکات، ئەوە ئاشکرایە کە پێگەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەکەوێتە بەر پاشەکشەو شکستی زیاترەوە.
شەڕەکەی ئوکرانیا لە ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە بە هەموو پێوەرە پەسەندکراوەکانەوە لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە بە قازانجی ڕووسیا ڕۆیشتووە. ئێستا ڤلادیمێر پوتین کۆنتڕۆڵی خێرایی یاریەکەی کردووە. واشنتۆن لە شەڕی ئێستایدا زیاتر پێداویستی بەوەیە تەقەمەنی و خەرجی شەری ئیسرائیل دابین بکات. ناچار بوو ئۆکرانیا لەو پێداویستیانە بێبەش بکات کە پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە بۆی دانرابوو. ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی بەرچاوی پێگەی سەربازی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ڕووسیادا.
لەهەمانکاتدا چین توانای ڕووسیا بۆ بەردەوامبوونی شەڕ دەباتە سەر. شی جین پینگ سەرۆکی چین، جەختی لەسەر هاوبەشیەکی بێسنور لەگەڵ ڕووسیادا ڕاگەیاندو دانی بەوەدانا کە هەردوو وڵات بەردەوام دەبن لە کارکردنی پێکەوەیی دژی ئەو بلۆکە سیاسیانەی کە ئەمریکا پشڕەویان دەکات. لەلایەکی ترەوە چین لە چەند ڕوویەکەوە سوود لە ململانێی جیهانی وەردەگرێت و لەهەمانکاتدا پاڵپشتی ڕووسیاو ئێران دەکات. هەروەها سەرکەوتنی پڕوپاگەندەی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت لەو ناوچانەی جیهان کە لایەنگری دەخالەت و سیاسەتی دەرەوەی بلۆکی ڕۆژئاوا نین. لەلایەکی تریشەوە فشارەکانی بۆ سەر تایوان و ژاپۆن و فلیپین چڕتر کردۆتەوە.
گەر کەمێک لەسەر پەیوەندی ئابوری نێوان چین و ڕووسیا وردبینەوە، دەبینین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان پەکین و مۆسکۆ لەماوەی ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٣٠ زیادیکردووە. پێشبینیش دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی ئابووری نێوان هەردوو وڵات لەماوەی هەمان ساڵدا لەو ژمارەیە پێوانەیی زۆر زیاتر بێت لەوەی ساڵی ڕابردوو کەبە ١٩٠ ملیار دۆلار تۆمارکرابوو.
ئێستا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆی هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا بۆ چین دەڕوات. ئەمەش دڵنیایی دەدات لە بەردەوامی ڕۆیشتنی پارە بۆ حکومەتی ڕووسیا بۆ دابینکردنی دارایی شەڕەکەی لە ئۆکرانیا. چین بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە بازاڕی بەکاربەرانی ڕووسیادا. لە سەدا پەنجای فرۆشی ئۆتۆمبێل لە بازاری ڕووسیا ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چینییە. ئەم جۆرە لە ئاستی پەیوەندی ئابوری، ئەو سزا ئابوریانەی ئەمریکا دەیەوێت بیسەپێنێت، پوچەڵ و بێمانا و بێکاریگەر دەهێڵێتەوە.
سەرقاڵبوونی ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی شەڕەکانی هاوپەیمانەکانی لە جیهاندا، دەرگایەکی ئاواڵای بۆ چین دابین کردوە کە جموجۆڵە سەربازیەکانی لە هەردوو دیوی زەریای هێمن چڕتر بکاتەوە. لە ڕووی سیاسیەوە کاتێ چین پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی بکات لە ئەوروپا و ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتدا، ئەمەش پێگەی واشنتۆن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەک جەمسەرێک لاوازتر کردوە. ئەو هێرشانەی لە ڕێگەی ڕێکخراوە پاشکۆکانی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا لە دژی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان دەستی پێکردووە، ئەگەری زۆرە مەودای ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکات و سەرگێژەی زیاتر بۆ ئەمریکا دروست بکات. لەلایەکی ترەوە چین خۆی وەک ناوبژیوانێکی دادپەروەرانە بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا پیشان ئەدات، بە پێچەوانەی ئەمریکا کە بە ئاگری بنکای ئەم شەڕانە دادەنرێت.
جگە لەوەش باس لەوە دەکرێت کە چین یارمەتی ئێران دەدات بۆ پەرەپێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و هەناردەکردنی بۆ ڕووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووسیا بەشێکی سەرەکیە لە ستراتیژی درێژخایەنەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوبەشیەکی ستراتیژی هەمەلایەنە لە نێوان چین و ڕووسیا.
چین و ڕوسیا وەک هاوبەشێکی پتەو لە پڕۆژەی خۆیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانی ئەمریکی و دامەزراندنی نەزمێکی جیهانی خۆیان وەک جەمسەرێک بە بەدیل دەبینن. بۆیە سەرکەوتنی ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا بۆتە ئەولەویەتی سەرەکی بۆ چین.
لەهەمانکاتدا ئێران بەرەو ستراتیژێکی هێرشبەرانە و بەهێزکردنی "میحوەری خۆڕاگری" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێت. لەکاتێکدا ڕێکخراوەکانی هاوپەیمانی تاران هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیسرائیلیەکەیان لە ناوچەکەدا. لە سایەی هاوکاریەکانی چین، ئێران دەتوانێت بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت لە دابینکردنی دارایی ستراتیژی خۆی. لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین گەڕاوەتەوە بۆ ئاستەکانی پێش سەپاندنی سزا نێودەوڵەتیەکان بەسەر تاراندا.
هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بۆ چین گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ. بووەتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران. لەهەمانکاتدا پەکین پاڵپشتی سەربازی و دیپلۆماسی تاران دەکات. ئێران بە هاوکاری چین بە فەرمی پەیوەندی بە ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای کرد کە بلۆکی ئەمنیە بە سەرۆکایەتی چین و ڕووسیا. هەروەها پەیوەندیە سەربازیەکانی نێوان پەکین و تاران لە گەشەکردندایە. ئێران لەم دۆخەدا ئێستا پشت بە چین دەبەستێت وەک دەمەوانە(صمام)ی سەلامەتی ئابووری.
ئیدارەی بایدن هیچ ئاماژەیەک نابینێت کە سەرۆکی ڕووسیا ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا. بەرپرسانی ڕۆژئاوا پێیانوایە کە پوتین هێشتا پێیوایە دەتوانێت "چاوەڕوانی ڕۆژئاوا" بکات، یان بەردەوام بێت لە شەڕکردن تا ئەو کاتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پشتیوانی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی بودجەی ئۆکرانیا لەدەست دەدەن. ئۆکرانیا لە شەڕێکی درێژخایەندا گیری خواردووە. زیلێنسکی دان بەوەدا دەنێت کە ڕووسیا باڵادەستی لەوەدا هەیە. لەهەمانکاتدا تەواو نیگەران و بێئومێدە لەو دۆخەی کە ئەمریکاو رۆژئاوا پاشەکشەو بنبەستی ئۆکرانیا قەبوڵ دەکەن. بەڵام زیلێنسکی زارەکیش بێت پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئۆکرانیا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە پاراستنی پێشڕەوی خۆی بە مانەوە لە هێرشبردندا، تەنانەت ئەگەر ڕۆژانە تەنها چەند مەترێک بجوڵێت.
بەجیا لە نیگەرانیەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپی کە شەڕەکە گەیشتۆتە بنبەست، هەروەها ئۆکرانیا لەگەڵ فراوانکردنەوەی هێزی سەربازیدا کێشەی هەیە، لەم دواییانەدا ناڕەزایەتی گشتی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر هەندێک لە مەرجە ئاشکراکانی بۆ فراوانکردنەوی هێزی سەربازی کە لەلایەن زیلێنسکیەوە سەپێنرا. لەهەمان کاتدا ئەوەش ئاشکرایە کە ڕووسیا لەڕووی توانایی سەربازی و کەرەستەو کۆکردنەوەی چەکەوە باڵادەستی سەربازی بەسەر کیێڤدا هەیە، بۆیە فراوانکردنی شەڕەکە و بەردەوامیدانی چیتر بژاردەیەک نییە بۆ ناتۆ.
پێموایە لەم نێوەدا ئەوەی هۆکاری سەرەکیە کە پۆتین چاوەڕوان دەکات، ئۆکرانیا و ئەمریکا و ڕۆژئاوا شکستی خۆیان لەم شەرەدا ڕابگەیەنن، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ناسەقامگیریە مەترسیدارەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تووشی بوەو لەبەردەم دۆخێکی دژواردایە. هەروەها واپێدەچێت پۆتین بیەوێت لەم فەزایەدا فرسەت بە بایدن و ڕاوێژکارەکانی بدات بۆئەوەی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بنیامین نەتانیا بن، ئەو قەیرانە مرۆییە دڵتەزێنەی ئێستا لە غەززەدایە بەجۆرێک بخەنە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکاوە.
دۆخی ئێستای جیهان لە چڕی ئەم ململانێیەدا، بلۆکە ئیمپریالیەکان ئەو ئاقارە نیشان ئەدەن کە کۆتایی باڵا دەستی ئەمریکای تیا بەرجەستە بۆتەوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە پێشبینیەکان سەبارەت بە دابەزینی ئەمریکا گەیشتونەتە لوتکەو پێدەچێت هەژموونی ئەمریکا لە ڕاستیدا گەیشتبێتە کۆتایی. لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لەئەفغانستان و ڕادەستکردنەوەی بە تاڵیبان، دوای ٢٠ ساڵ لە شەڕو خەرجکردنی ٢ تریلیۆن دۆلار لە گەنجینەی ئەمریکا، ئێستا خۆری دەسەڵاتی ئەمریکا ئاوا بووە. ئەوەش کە دەیانوت؛ بە "هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، ئەمریکا دوا زلهێزی جیهان دەبێت"، بەڵام دوای ٣٠ ساڵ و سەرهەڵدانەوەی بلۆکی تر، گەرمبونی ململانێکان لەبەرامبەر ئەمریکادا، بەتایبەتی لە لایەن ڕووسیاو چینەوە، ئەو پێشبینیەی کە ئەمریکا دوا زلهێزی جیهان دەبێت، پێشبینیەکی نادروست و پێچەوانە بوو، چونکە لە کۆتایدا لەگەڵ شکستەکانی ئەمریکا لە شەڕە بێکۆتاکانیدا، ئەمریکا گازێکی گەورەتری لە دەمی خۆی دەرهێناوەو کەوتۆتە ژێر فشارێکی توندەوە، لەلایەکی تریشەوە تەواوی زلهێزەکانی لە ململانێ و ڕکابەریدا پێش بە یەکتر دەگرن، لە کۆتایدا دەیانەوێت تۆپەکە لە دەسەتی ئەمریکا بهێننە دەرەوە، لە رستیدا دەبینین خەریکە هاوسەنگی هێزی جیۆپۆلەتیکی لە واشنتۆنەوە بەرەو میحوەرێکی تر دەگۆڕێت، بۆ مۆسکۆ، پەکین، تاران، ئەمەش ئاڵوگۆڕێکی سەرنجڕاکێشە، بەرەو ئەوەمان دەبات کە بڵێین جیهان، بە "ئەمریکی-سەنتەری" دەوری نەماوەو زیاتر لە فرە جەمسەریدایە، کە ململانی جەمسەرەکان نیشانی ئەدەن کە دنیا ئێستا لە دوبارەبونەوەی پەرەسەندنی ململانێی بلۆکەکاندا دەردەکەوێتەوەو لە چوارچێوە نەزمێکی سەرمایەداریدایە، کە فۆرمۆڵەکەی رۆشن نیە. ئاخۆ هەر بلۆکی یا جەمسەرێک نوێنەرایەتی کام مۆدێل لە پەیوەندیەکانی سەرمایەداری دەکات.
هیوادارم ئەم وتارە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە وەک سەرەتایەک بێت بۆ قسەوباس لەسەر ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتنەی دنیای سەرمایەداری کە لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەورانێکی جیاوازی لەخۆ گرتووە.