ئۆپەراسیۆنێکی دزی و تاڵانی بەرفراوان کە لە عێراق لەلایەن هێزە سیاسیەکان و هێزە میلیشیا دڵسۆزەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، سەرەڕای ئاشکراکردنی زۆرێک لە وردەکارییەکانی ئەو دزیە کە ڕای گشتی تووشی شۆک کرد، تۆمەتباری سەرەکی لەم دزیەدا سەرەڕای دانپێدانانەکەی ئازاد کرا، ئەو دزیەی کە پێی دەوترێت "گەورەترین دزی لە مێژوودا".
تۆمەتباری سەرەکی، کەسێکە بەناوی نور زوهێر کە پاڵەوانی ئەم داستانەی "دزی سەدەیە"، لەکاتی دەستگیرکردنیدا تەمەنی ٤١ ساڵ بوو، وێنای دەکەن بە پابلۆ ئیسکۆبار پادشای کۆکاین لە کۆڵۆمبیا، کە زوهێر بۆخۆی لە بەسراوە هاتۆتە بەغدا لە پەیوەندی بە سەرکردەی حزبە شیعەکان و دەسەڵاتدارنی حکومەتی عێراقەوە ئەم تاوانی دزیەی ئەنجامداوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی بەریتانی "میدل ئیست ئای" ئەو ئۆپەراسیۆنەی دزی و تاڵانکردنە کە ناوی "دزی سەدە"ی لێنراوە، ئەو پارە دانراوانەی باجیان کردۆتە ئامانج، کە کۆمپانیا نەوتییەکان دەیدەن بە کۆمیسیۆنی گشتی باج لە عێراقدا، کە بەشداربووان لەم دزیەدا بەرپرسانی باڵا و سەرکردەی حزبەکان و سیاسەتمەداران لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن بەرپرسانەوە لە خەزێنەی گشتیدا دیار نەماوە ، ٣٠٠ ملیار دۆلار زیاتری تێپەڕاندووە.
هەرچەندە بڵێین خەڵکی عێراق بە گەندەڵی ڕاهاتوون، بەڵام قەبارەی ئەم دزییە تەواو تووشی سەرسامی و شۆکی کردون. خەڵکی ڕاهاتوون بە فەزیحەی گەندەڵی، بەڵام قەبارە و ئاستی ئەم گەندەڵی و دزییە قێزەونە لەوەدایە کە دەبێت دەست بەجێ تەواوی بەشداربوان لە حکومەتی عێراقدا بە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لێپرسینەوەیان لێبکرێت و جگە لە دادگایی، کەنارگیری سیاسی بەسەریاندا بسەپێنرێت.
ئاشکرایە هیچ کام لە سوودمەندە ڕاستەقینەکانی دزییەکە، هەرکەسێک بوون، هەرگیز ڕووبەڕووی دادپەروەری نابنەوە. ئەو تاوانباریەی کە هەموو نوخبەی سیاسی پێیەوە چەسپاوە، بەو مانایەیە کە لێپرسینەوەیەکی سەرزارەکی و ئاست نزم و کەم هەیە. هەرچەندە نووسینگەی ئەلسودانی پێداگری دەکات کە بە توندی بەدوای لێکۆڵینەوەکاندا دەچێت، بەڵام لە دوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی ساڵی ڕابردووەوە کەمێک ڕاگەیاندنی سەبارەت بەو دۆسێیە کردووە، ئیتر بێدەنگی لێکراوە.
لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ و کاردانەوەی کارەساتبارەکانی کە بەدوایدا هات، بووە هۆی داڕمانی نزیکەی تەواوی ژێرخانی بنەڕەتی ئابوری عێراق، بە ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری.. بە هەموو جۆرەکانیەوە، بەدوای ئەو داڕمانە، کردنەوەی دەرگای گەندەڵی جەردەیی و تاڵانی بووە یەکێک لە تاوانە سەرەکیەکانی هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفی و قەومیەکان. ئەمریکا، سیستەمی پشکی تائیفی گەندەڵی دروست کرد و کۆماری ئیسلامی ئیران لە دەستکەوتەکانی ئەو تاڵانیە هاوبەش بوو.
دوای ڕووخانی سەدام، ئەم گرووپانە سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی وڵاتیان تاڵان کرد. سەرۆک پارتەکان کە بەشێکی زۆریان سەر بە میلیشیاکان بوون، وەزارەتە قازانجدارەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرد.
ئەلسودانی کە ئێستا پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەدەستەوەیە، لە بەیاننامەی حکومەتەکەیدا بۆ پەرلەمانی عێراق ئەوەی ڕاگەیاند، کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ ڕاگرتنی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی عێراق، ئامانجی سەرەکیەتی لەم قۆناغەدا.
ئەوەی شایانی باسە لەدامەزراندنی هەر حکومەتێکی نوێ لە عێراقدا، سەرۆک وەزیرەکان هەمان بانگەوازیان کردوە، کە هەنگاو و ڕێوشوێن دەنێن بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک یان لیژنەیەکی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەبەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی کە خەریکن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت دەخۆن، لەو بارەیەوە هیچ شتێک نەکراوەو سۆدانیش لەوان زیاتری پێناکرێت.لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکرد کە ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی تێدابوو کە لەدەرەوەی عێراق نیشتەجێبوون، لەچوارچێوەی ئەوەی بە "دزی سەدە" ناسراون، کە بڕی دوو ملیار و نیو دۆلاری تێپەڕاندووە، لەگەڵ دەرهێنانی پارەی نەختینەی نایاسایی لە "سکرتاریەتی باج" دزراوە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا.
فەرمانی دەستگیرکردنەکە، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، مستەفا ئەلکازمی، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری، ڕاید جوحی، ئەمینداری تایبەتی ئەلکازمی، ئەحمەد نەجاتی، وەزیری پێشووی دارایی، عەلی عەللاوی دەکاتە ئامانج، هەروەها مەشرەق عەباس ڕاوێژکاری پێشووی ڕاگەیاندنی ئەلکازمی دەگرێتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، تاوانەکە زۆرە، ژمارەی گومانلێکراوەکانی تێیدا لە ٤٨ تۆمەتبار تێدەپەڕێت، دیارترینیان بازرگانێکی عێراقییە بە ناوی "نوور زوهێر"، کە لەوکاتەوە نزیکەی ٢٩٢ ملیۆن دۆلاری وەک پارەی دزراو گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بە کەفالەت ئازاد کرا.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، دادوەر حەیدەر حەنون، هەنگاوێکی بۆ ڕێکخستنی "سیگناڵی سوور" لە "ئینتەرپۆل"ەوە لە دژی داواکراوان ڕاگەیاند، بەڵام کارو بڕیارو بەڵێنەکانی ئەلسودانی هێشتا قسەی سەر کاغەزەو ئەنجامگیریەکانی نادیارەو گەندەڵێش بەردەوام کاری خۆی دەکات.
گوایە حکومەت هەندێک ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی، لەوانە گۆشەگیرکردنی بەشێک لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە گەندەڵی و دادگایکردنیان لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا کە لە پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە و ئەنبار و پارێزگاکانی دیکە دەستیپێکردوە. ئەمەش ژمارەیەک سەرۆکی بەشەکانی پەیوەندیدار بە خانووبەرە و باج و شتی تریشەوە لەخۆگرتبوو، بەڵام هەڵمەتەکە "دواکەوتووە" و ڕاگیراوە بە هۆکارێکی نادیار، بەڵام ئەوەی بە "دزی سەدە" ناسراوە لە عێراق و بەو پێیەی ئامارە جیاوازەکان ئاماژەی پێدەکەن، کە کۆی پارەی تاڵانکراو لە ٣٠٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێت. لەکاتێکدا ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، ساڵی ڕابردوو، کۆی گشتی ژمارەکە ٣٦٠ ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا پەرلەمانتاران بە ٤٥٠ ملیار دۆلار مەزەندەیان کردووە، ئەمە بەكوێ دەگات و چۆن بەدواداچون و لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت، تەنها وەک پرسیارێکی بێوەڵام ماوەتەوە.
لە هەر حاڵەتێکدا کاتێ حکومەتی سودانی پێکهێنرا و شەڕی دژی گەندەڵی ڕاگەیاند، بەڵام هەر زوو ئاستی زەبری دژە گەندەڵی دوای چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک دادەبەزێت و چارەسەرەکانیش سنووردار دەکرێن، بە مەودایەکی بەرتەسک کە کاریگەری لەسەر سەرانی گەندەڵکاران نییە، بەتایبەتی لەسەر ئەوانەش کەسەر بە بەرپرسانی باڵای سیاسین لە ناو حکومەت و هێزە میلیشیاکاندا.
ئێستا حکومەتی سودانی لە حساباتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گەندەڵکاراندا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدا بۆتەوە. هەندێک لە هێزە باڵاکان، چەکداربن و باڵی سیاسیان لە چوارچێوەی هەماهەنگی حوکمڕانیدا هەبێت، یان حزبە سیاسیەکان، لە ڕێگەی بەرپرسانی پۆستی باڵا، بۆ دەستکەوتی دارایی زیاتر، نفوزی خۆیان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەقۆزنەوە. ئاراستەکەی سۆدانیش وەک هەر هەوڵێکی پێشوتری بانگەوازی سەرۆک وەزیرانی پێشخۆی، بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی وەک گەمەیەکی گاڵتەجار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
لەهەمانکاتدا، کاریگەریی ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنیە فەرمیەکاندا کاردەکەن، بەجۆرێک لە جۆرەکان کە بەشداریان کردووە لە فراوانبوون و بڵاوبوونەوەو تێوەگلان لەم گەندەڵیەدا، دان بە سەختی ئەوەدا دەنێن کە لێپرسینەوە لە گەندەڵکارە باڵاکان لە دۆخی سیاسی ئێستای دەسەڵاتی شیعەو پەیوەستبونی ئەو هێزانە بە دەسەڵاتی ئێرانەوە، لە عێراقدا بەرەنگاری لەبەرامبەر گەندەڵیدا کارێکی ئەستەمەو کردەنی نیە، یان کۆنترۆڵکردنی پارە و موڵک و ماڵەکانیان یان شێوازەکانیان بۆ بەدەستهێنانیان، هیچ دەزگایەک ئۆتۆریتەی توانای لێپرسینەوەی نیە.
هەرچەندە دەستەواژەی "دزی سەدە" لە سۆشیال میدیای عێراقیدا بڵاوبووەوە، بەڵام فشارێکی ئەوتۆ نەبوەو نیە بۆ ئەوەی تاوانباران بدرێنە دادگا.
بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، نور زوهیر بە کەفالەت بۆ ماوەی دوو هەفتە ئازاد کرا، ئەمەش بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتداران بووە بۆ وەرگرتنەوەی پارەی زیاتر، نووسەری ڕاپۆرتی ئیکۆنۆمیست دەڵێت: یەکێک لە یاریدەدەرەکانم پێیوتم سەرۆک وەزیران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، ئەگەر زوهێری ئازاد نەکردایە ئەلسۆدانی سەری لەدەست دەدا.
هەروەها ڕوونکردنەوەیەکی دیکە بۆ بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی دزیەکە، ئەو وێنایە ئەدات بەدەستەوە گوایە زوهێر تەنها بوکەڵەیەکەو بەکار هێنراوە.
دیارە زوهێر لە بەرزترین ئاستدا هاوکاری کراوە بۆ ئەنجامدانی ئەم دزیە گەورەیە. دوو فراکسیۆنی سەرەکی ڕکابەری لە عێراقدا (بزووتنەوەی فەتح و هاوپەیمانی کازمی) پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە زوهێر پەیوەندی بە ئەویترەوە هەیە، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە کە یاریزانانی هەردوولا پشکیان لە پرۆسەکەدا هەبێت.
نور زوهێر بانکی ئەلڕافیدەین ناچار دەکات بە خێرایی کار بکات بۆ گواستنەوەی پارەکان، ئەمەش مانای نیشاندانی نفوزی زوهێرە، لەکاتێکدا دەرکردنی پسوڵەی چەکی گەورە لە دەسەڵاتی باج، واژۆی لانیکەم ١٢ بەرپرسی جیاوازی پێویستە زۆرجار پرۆسەکە چەند هەفتەیەکی دەویست، بەڵام زوهێر لە بەشێکی کەمی ئەو کاتەدا ئەو کارەی ئەنجامداوە. بە ووتەی دوو لەو فەرمانبەرانەی لەوێ کاردەکەن، زوهێر خۆی بۆ خێراترکردنی ئۆپەراسیۆنە قورسەکان، توانیویەتی کارئاسانی بکات و بەرتیل بدات و هەڕەشەش لە کارمەندانی دەسەڵاتی باج بکات.
تا ئێستا ڕوون نییە ئەو پارانە چیان بەسەر هاتووە. وا دیارە بەشێکی لە عێراق خەرج کراوە. چەندین سیاسەتمەدار و بەرپرس بە ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیستیان ڕاگەیاندووە سەبارەت بە کۆمەڵێک خانووبەرە کە پێیانوایە نور زوهێر لە گەڕەکی مەنسوور کڕیویەتی، کە پێشتر لەوێ دەژیا. بەڵام زۆربەی ئەو پارەیە، بەوتەی بەرپرسانی پێشووی ئەمنی، کراوە بە دۆلار و بردراوە بۆ دەرەوەی ووڵات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەرلەمان، زوهێر لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٠ گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامداوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی زوهێر، کازمی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوورخرایەوە. ئۆردوگای لایەنگری ئێران پیاوی خۆیان محەممەد ئەلسودانی بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەت ڕاسپارد.
دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە دەستبەکاربوونی دەسەڵات، سودانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرد و دوو کەڵەکە پارەی لە تەنیشت خۆیەوە دانابو کە نزیکە ٤٠ملیار دیناری عیراقی دەبوو، گوایە بەسەر کەوتویی ئەو بڕە پارەیە گەڕاندۆتەوە و لە زوهێری وەرگرتووە، کە نزیکەی ١٢٥ ملێۆن دۆلار دەکات، کە لەلایەک ئەم پارەیە بڕێکی زۆر بچووکە لە بەشێکی ئەو ملیارەها دۆلارەی لە دەستچووە، لەلایەکی ترەوە سوکایەتی و شەرمەزاریە بۆ سودانی بڕێکی لەو چەشنە دەخاتە روو، لەهەمانکاتدا مانای ئەوەیە سودانیش لە هەمان لیستی گەندەڵکاراندایە.
ئەمە واقعیەتی حکومەتی عیراقی فیدراڵە بە دوای ٢٠٠٣وە کە لەڕیزبەندی وولاتانی هەرە گەندەڵدا ئەژمار دەکرێت، هەر جۆرە بەشداریەک لەم حکومەتەدا لە هەر لایەنێکەوە پیادەکرابێت، بەشداریە لە تەواوی ئەو تاوانانەی ئەنجامدراوە، ئەم حکومەتە دەبێت لە درێژەدان بە خرۆشانە جەماوەریەکانی تەشرین کۆتایی پێبهێنرێت و عێراق لە بونی ئەو هیزانە پاککرێتەوە.
-----------------------------------
بۆ ئەم وتارە سود لە دوو باسی سایتی "عربي بوست" وەرگیراوە.
-360 مليار دولار وما خفي أعظم.. ما فرص حكومة السوداني في مكافحة “سرطان” الفساد في العراق؟
- مفاجأة بأكبر سرقة مصرفية بالتاريخ.. حلفاء إيران وأمريكا بالعراق تعاونوا بها حتى المحققون مشتبه بهم