سه‌ره‌ڕای ڕستێک کێشه‌ی ناوخۆیی که پێوه‌ندییان به بونیاتی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانه‌وه هه‌یه، بەڵام گرفتی مێژوویی و توولانیی گەلی کوردستان لەگەڵ عێراق، داگیرکردن و لکاندنی خاکی باشوور و کوشتن و کۆچپێکردنی زۆرەملێیانەی کورد و هەروەها نیشتەجێکردنی بەردەوامی عەرەبە لە لایەن ئیستیعماری ئیستیتانیی عێراقەوە لە کوردستان.
ئه‌م وتاره هه‌ندێک سه‌رخه‌ته دەربارەی ئه‌و گرفته‌ی که پاش به قانوونیکردنی، ساڵانێکه به گرفتی "ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان" ناسراوه.
* * *
ئه‌و هێڵه‌ی ئێستا بووەته سنووری نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق، سه‌ره‌تا هێڵی ئاگربەستێکی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو بوو، دوای ڕاماڵین و کشانه‌وه‌ی سوپای داگیرکەری عێراق له پارێزگاکانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک له هاوینی ١٩٩١دا، هه‌مان هێڵ بووەوه به هێڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و عێراقی به‌عس.
پاش ڕووخانی فاشیزمی به‌عسیی و به‌گوێره‌ی ڕێککه‌وتنێکی نه‌نووسراو له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکا له عێراق و ده‌سه‌ڵاتی کوردییدا، وه‌کو هه‌ڵه‌یه‌کی مێژووییی گه‌وره، هه‌مان هێڵ کرایه‌وه به سنووری نێوان بەغدا و هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕۆی هه‌رێمیش به‌پێی مادده‌ی ٥٨ی قانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاشتر مادده‌ی ١٤٠ی دەستوور، کرانه ناوچه‌ی "کێشه‌له‌سه‌ر".
ڕووپێوی هه‌رێمی ڕزگاركراوی كوردستان به ده‌وروبه‌ری ٤٠،٠٠٠ هەزار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه مه‌زه‌نده ده‌كرێت، به‌و پێیه ڕووپێوی هه‌رێم ده‌یه‌كی خاكی ئێستای عێراقه ( ڕووپێوی عێراق به كوردستانه‌وه ٤٣٧،٣٩٣ هەزار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه).
* * *
سنووری هه‌رێمی ڕزگاركراوی كوردستان به هێڵێك گه‌ر له باشووری خۆرهه‌ڵاته‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، شارۆچكه‌كانی قۆره‌توو و مه‌یدان و كه‌لار و كفری ده‌خاته ناو سنووره‌كه‌یه‌وه و هێڵی سنوور به‌ره‌و باكوور و باکووری خۆرئاوا شارۆچكه‌ی قادركه‌ره‌م وه‌کو ناوچه‌یه‌کی "کێشه‌له‌سه‌ر" جێ ده‌هێڵێت، ئنجا به چه‌مچه‌ماڵ و شوان‌دا ڕه‌ت ده‌بێت و یه‌كه‌میان ئازادكرا‌و و دووه‌میان دیسانه‌وه به ناوچه‌یه‌کی "کێشه‌له‌سه‌ر" داده‌نرێت، ناوچه‌کانی داره‌مان و قوشته‌په و هه‌نجیرۆك ده‌كه‌ونه هه‌رێمه ئازادكراوهكهوه و قه‌ره‌باغ، کورتیان، قازیخانه، گردهلانکه و هه‌موو قه‌زای مه‌خموور بوونه‌ته ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ر و پاشان هێڵی سنوور به ته‌نیشت ئهلكێش و شێخان و فایده‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی ڕزگارکراوی کوردستاندا ڕه‌ت ده‌بێت و باختهمه به ئازادكراوی له‌خۆ ده‌گرێت و دواجار به‌شێك له كه‌ناره‌كانی ده‌ریاچه‌ی مووسڵ و ڕووباری دیجله له‌وپه‌ڕی باکووری خۆرئاوای هه‌رێمه‌كه، ده‌كاته هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد و سوپای عێراق.
جگه له قه‌زای مه‌خمووری سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر و ڕووپێوێكی بچوكی سه‌ر به پارێزگای دهۆك، ئیتر هه‌رێمی ڕزگاركراوی كوردستان هه‌ر سێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆكی به هه‌موو قه‌زا و ناحییەكانیانهوه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتدایه و له‌ڕووی دابه‌شبوونی کارگێڕییشه‌وه چه‌ند ناوچه‌یه‌كی کوردستانیی ڕزگاركراوی سه‌ر به پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، سەڵاحەدین، دیاله و که‌رکوکی تێكه‌ڵ به سنووره کارگێڕییهكهی خۆی كردووه.
له ڕووی عه‌سکه‌رییه‌وه هێڵی سنوور له‌گه‌ڵ ئێستای عێراقدا شێوه‌یه‌كی ڕێك (مستقیم)ی هه‌یه، جگه له پارێزگای سلێمانی كه شێوه‌یه‌كی ڕووچاڵانهی له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی ڕزگارکراوی کوردستاندا هه‌یه، ئیتر هێڵی سنوور قۆقزانه و به شێوه‌یه‌كی ترسناك ڕوو له هه‌ردوو شاری هه‌ولێر و ناوچه‌كانی بادینانه.
* * *
به‌شی گه‌وره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه به ناوچه‌ی "كێشه‌له‌سه‌ر" ناوزه‌د كراون، ئه‌و ناوچانه‌ن كه له سه‌رده‌می فاشیزمی به‌عسییدا و له ڕوانگه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه دژ به "مه‌ترسی كورد"، وه‌كو زۆنێكی ئاسایش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه و له‌و پێناوه‌شدا فاشیزمی به‌عسیی له‌ڕێی داڕشتنی كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ره‌ی ستراتیژییه‌وه كه مه‌به‌ست لێیان به پله‌ی یه‌كه‌م پاراستنی هه‌ر سێ شاری کەرکووک و مووسڵ و خانه‌قین بووه، ته‌نگی به كورد هه‌ڵچنیوه.
ئه‌و ته‌وه‌رانه به جۆرێك داڕێژراون كه هه‌موو ناوچه ستراتیژییه‌كان، ناوچه ئابوورییه‌كان، ناوچه قەرهباڵغهكانی نیشته‌جێبوونی دانیشتوان، گرێكانی هاتوچۆ، ناوچه‌كانی نزیك ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان، له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی جاران داببڕێت و ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌ی كوردستان له عێراق له‌ناو ببات. ئه‌و ته‌وه‌رانه به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژراون، كه قووڵایی ستراتیژیی و جوگرافیی بۆ کەرکووک و مووسڵ و خانه‌قین و دهروبهرهكهیان دروست بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به گۆڕینی کارگێڕیی ناوچه‌كانی كوردستان و ده‌ركردنیان له سنووری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی و پاشان ڕاگواستن و ته‌عریبكردنیان.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه فاشیزمی به‌عسیی قه‌زا كوردستانییه‌كانی دووز، كفری، كه‌لار، چه‌مچه‌ماڵی به هه‌موو ناحییەكانیانهوه، له سنووری كارگێڕیی پارێزگای کەرکووک دابڕی و به‌سه‌ر پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیاله و سلێمانیدا په‌رشوبڵاوی كردنه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی کەرکووکه‌وه و به‌هۆی کۆچپێکردنی دانیشتوانه كورده‌كه‌ی ناوشاری مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و به‌مه‌به‌ستی پاراستنی شاره‌كه له "مه‌ترسی كورد"، عێراقی به‌عس قه‌زا كوردستانییەكانی تلكێف، ئاكرێ، شێخان، حه‌مدانییه، شەنگال، ته‌له‌عفه‌ری به هه‌موو ناحییەكانیانهوه له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دابڕی و له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه به پارێزگای نهینهواوهی گرێ دان. پاشان قه‌زاكانی خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره، كفریی به هه‌موو ناحییەكانیانهوه به‌سه‌ر هه‌ردوو پارێزگای دیاله و واسیتدا دابه‌ش كرد.
به‌پێی ئه‌و سنووره بێت كه عێراقی به‌عس له ساڵی ١٩٧٤دا و پاش شكستهێنانی گفتوگۆكانی كورد و ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دایڕشت و به كوردستانی له‌قه‌ڵه‌م دا، ته‌نیا ٣٦،٣٧٤ هەزار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ی له هه‌موو خاكی كوردستانی باشوور هێشته‌وه كه مه‌ڵبه‌نده‌كانی هه‌ر سێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و بیست و یه‌ك قه‌زا و حه‌فتا ناحییەی له‌خۆ گرتبوو.
* * *
ڕووبه‌ری كوردستانی باشوور ده‌وروبه‌ری ٨٥٠٠٠ هەزار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه، ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی كه كورد ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا ده‌شكێت و به هه‌رێمی كوردستان ناسراوه، به نزیكه‌ی ٤٠٠٠٠ هەزار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه مه‌زه‌نده ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كه نیوه‌ی خاكی باشوور هێشتا له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕۆی دەسەڵاتی کوردستاندایە و به‌پێی مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوور به "ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ر" پێناسه‌كراوه.
به‌و پێیه و به‌گوێره‌ی سنووری كارگێڕیی سه‌رده‌می عێراقی به‌عس، پارێزگای کەرکووک به هه‌موو قه‌زا و ناحییەكانییەوه، قه‌زای مەخمووری سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر، هه‌موو قه‌زا و ناحییە كوردستانییه‌كانی سه‌ر به پارێزگای مووسڵ جگه له قه‌زای ئاكرێ، هه‌موو قه‌زا و ناحییە كوردستانییه‌كانی سه‌ر به پارێزگای واست، قه‌زای دووزی سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌و ناوچانه‌ن كه پێویسته له‌رێی مادده‌ی ١٤٠ه‌وه چاره‌نووسیان یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
* * *
ناوچه كوردستانییه‌كان له عێراقدا سێ جۆرن:
1. ئه‌وانه‌ی له ڕاپه‌ڕیندا ڕزگارکران و ئێستا پێیان ده‌وترێت هه‌رێمی کوردستان.
2. ئه‌وانه‌ی كه كوردستانین و عێراق داگیری كردوون.
3. ئه‌و ناوچانەی كه ده‌شێت ناكۆكییان له‌سه‌ر بێت.
ئه‌گه‌رچی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی جاران هه‌موو خاكی كوردستانی باشووری نه‌ده‌گرته‌وه، به‌ڵام به‌عسییه‌كان له گفتوگۆكانی خۆیان له‌گه‌ڵ سه‌رانی كورد دانیان به‌وه‌دا نابوو له سۆنگه‌ی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقهوهیە کە ئاماده نین هه‌ندێك ناوچه‌ی کوردستانیی بخه‌نه‌وه ناو قه‌ڵه‌مڕۆی ئۆتۆنۆمییه‌وه، ئەگینا گومانیان لە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە نییە. كه‌چی كه به‌عس ڕووخا سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد بێ سێ و دوو ئاماده بوو هه‌مان ئه‌و سنووره‌ی ساڵانی ١٩٩١-٢٠٠٣ بكات به سنووری نێوان خۆی و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و هه‌ر به‌و پێیه‌ش ئاماده بوو هه‌موو ناوچه كوردستانییه‌كانی تر هه‌ر له گۆتره و له میانه‌ی مادده‌ی ٥٨ی قانوونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق و پاشان مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووردا، وه‌كو "ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ر" دابنرێن. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، چاره‌نووسی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌شی له‌گه‌ڵ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كێشهلهسهری نێوان شیعه و سوننه‌دا گرێ دا و ئاماده‌ش بوو له‌ڕێی ڕاپرسییه‌وه یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
ڕاپرسی وه‌کو میکانیزمێک بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی ناوچه‌یه‌ک یان هه‌رێمێک، میکانیزمێکی یەکجار هه‌ڵه و پڕ مه‌ترسییه. پێده‌چێت سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد له دانانی ئه‌م میکانیزمه‌دا وه‌کو دواقۆناغی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی ١٤٠، پشتیان به‌و پێشنیازه به‌ستبێت که کاتی خۆی له گفتوگۆی نێوان به‌عس و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی کورد له ساڵی ١٩٧٠دا، مه‌لا مسته‌فای ڕه‌حمه‌تیی وه‌کو چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌ی که‌رکوک خستبوویه به‌رده‌ستی به‌عسییه‌کان. ئه‌وه‌تا له به‌ندی ١٤ی به‌یاننامه‌ی ١١ی ئاداردا هاتووه: " هه‌نگاوی پێویست بگیرێته به‌ر بۆ یه‌کخستنی ئه‌و پارێزگا و یه‌که ئیدارییانه‌ی که زۆرینه‌ی کورد نیشته‌جێن تیایدا، به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رژمێرییه ڕه‌سمیانه‌ی که پاشان ئه‌نجام ده‌درێن".
ئاخر مه‌رج نییه ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ر ته‌نها ئه‌و ناوچانه بن که خه‌ڵکیان تێدا نیشته‌جێیه و بۆ به‌لاداخستنی کێشه‌که پرسوڕا به خه‌ڵکه‌که‌ی بکرێت. ده‌شێت ناوچه‌یه‌ک (بۆ نموونه: هه‌ندێک ناوچه‌ی بیاباناوی، ڕووبه‌ره ئاوییه‌کان، چیا به‌رزه‌کان، ... هتد)، به ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ر دابنرێت و هیچ که‌سێکیشی تێدا نه‌ژی. کوردستانیبوونی ئه‌م یان ئه‌و ناوچه به‌وه یه‌کلایی ناکرێته‌وه که سبه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی بڕیار ده‌ده‌ن بێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان یان نا، ئه‌مه گه‌مه‌یه‌کی ترسناکه و نه‌ده‌بوو سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد چاره‌نووسی به‌شێکی گه‌وره‌ی خاکه‌که‌ی به ڕاپرسییه‌ک بسپێرێت که هیچ که‌سێک ناتوانێت گه‌ره‌نتی ئه‌نجامه‌که‌ی بکات. ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی دیشه‌وه تا ئێستاکه ڕۆشن نییه ئاخۆ ئه‌گه‌ر کارێکی له‌و جۆره چووه واری کارپێکردنه‌وه، ڕاپرسی له‌سه‌ر چ ئاستێک ئه‌نجام ده‌درێت؟ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا یان قه‌زا و ناحییە؟
ڕاستییه‌که‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد خۆشی نازانێت و بێئاگایه له چۆنێتی سازدانی ڕیفراندۆم له‌و ناوچانه‌ی كه به‌پێی مادده‌ی ١٤٠ به "ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ر" ناوزه‌د كراون، چونکه له مادده‌که‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ک باس له چۆنێتی جێبه‌جێکردنه‌که‌ی نه‌کراوه، له‌كاتێكدا هه‌ندێك پێیان وایه كه پێویسته ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا به‌ڕێوه بچێت، هه‌ندێكی تر پێیان باشه له‌سه‌ر ئاستی قه‌زا و ناحییە بێت.
ئه‌گه‌رچی سازدانی ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا ده‌شێت له پارێزگایه‌کی وه‌کو کەرکووکدا لە بەرژەوەندی کورد کۆتایی پێ بێت، به‌ڵام سازدانی هه‌مان پرۆسه له پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و سەڵاحەدین و واسیت، نه‌ك له خزمه‌تی كورددا نابێت بگره چه‌ندین قه‌زا و ناحییەش كه حاڵی حازر به ده‌ست كورد خۆیه‌وه‌ن، ئه‌وانیش له ده‌ست ده‌درێن. به‌هۆی ئه‌وه‌ش كه تا حاڵی حازر سنووری كارگێڕیی پارێزگاكان و به‌تایبه‌تیش پارێزگای کەرکووک هه‌ر هه‌مان ئه‌و سنووره‌یه كه فاشیزمی به‌عسیی له ساڵی ١٩٧٧دا و له ڕوانگه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه، هه‌موو قه‌زا كوردستانییەكانی كفری و كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ و دووزی لێ جیاكرده‌وه و به‌سه‌ر پارێزگاكانی سلێمانی و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله دابه‌شی كردنه‌وه، بۆیه مه‌حاڵه گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاش له کەرکووکدا ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، مادده‌ی ١٤٠ به دڵی كورد به‌ڕێوه بچێت.
* * *
کێشه‌ی گەلی کوردستان له عێراقدا کێشه‌یه‌کی سیاسییه نه‌ک قانوونیی، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی که دواجار پێویسته له‌ڕێی دانوستانی سیاسییه‌وه نه‌ک له هۆڵی پارله‌مان کێشه‌که یه‌کلایی بکرێته‌وه. کێشه‌ی کورد جیاواز له کێشه‌ی گه‌لانی تری عێراق، کێشه‌یه‌کی وجودییە و ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه. كێشه‌ی کورد کێشه‌ی پشکداریی نییە له ده‌سه‌ڵاتدا، ڕاستییه‌که‌ی حه‌زی گرتنه‌ده‌ستی ئه‌م یان ئه‌و پۆستی به‌غدا حەزێکی شەخسی و پێوەندی بەو چینە گەندەخۆرەی کوردەوارییەوە هەیە کە لە فەرهەنگی سیاسی‌دا بە چینی کۆمبرادۆر ناسراوە. کێشه‌ی کورد کێشه‌ی گه‌لێکه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاکه‌که‌ی داگیر و به‌زۆر به عێراقه‌وه لکێنراوه، به‌درێژایی مێژووی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ش هه‌وڵی سڕینه‌وه و قڕکردنی ده‌درێت.
هه‌ڵه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد ئه‌وه بوو، کێشه‌که‌ی له ناوه‌ڕۆکه سیاسییه‌که‌ی داماڵی و کردیه کێشه‌یه‌کی قانوونیی و وه‌کو زۆرێک له کێشه لاوه‌کییه‌کانی تری عێراق به ده‌ستووری سپارد. مادده‌ی ١٤٠ که گوزاره‌یه له چاره‌سه‌ری قانوونییانه‌ی داوا ئه‌رزییه‌کانی کورد، مادده‌یه‌کی کێشه‌ئامێزه. هه‌مان ئه‌و گرفتانه‌ی که ساڵانی پێشوو ڕێگر بوون له‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی مادده‌یه‌کی له‌و جۆره‌دا، هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌نگی لایه‌نی به‌رامبه‌ر به بیانووی به‌سه‌رچوونی مادده‌که و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی پاش هه‌موارکردنی ده‌ستوور، زۆر له جاران بڵندتره.
حاڵی حازر نەک هەر هیچ گه‌ره‌نتییه‌ک بۆ جێبه‌جێکردنی مادده‌ی ١٤٠ له‌ئارادا نه‌ماوه، بەڵکو ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه ده‌سڕۆیشتووه‌کانی ناو پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق، ساڵانێکە و زۆر بە چڕی بەردەوامن لەسەر ته‌عریبکردن و تەشییعکردنی ناوچه کوردستانییه دابڕێنراوه‌کان و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی دانیشتوانه کورده‌که‌ی ئه‌و ناوچانه بۆ کۆچکردن.
* * *
ڕووبه‌ری عێراق بێ له كوردستان ٣٥٠٫٠٥٢ هەزار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه، له‌و ڕووبه‌ره ١٦٨,٥٥٢ هەزار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه كه نزیكه‌ی نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی ده‌كات و به‌شی گه‌وره‌ی دانیشتوانه عه‌ره‌به سوننه مه‌زهه‌به‌كانی تێدا نیشته‌جێن، بیابانه و سه‌رچاوه گرنگه‌كانی ژیانی تێدا نییە، ئه‌وه‌شی كه ده‌مێنێته‌وه ڕووپێوێكی تێكه‌ڵه‌ی خاكه گردۆڵكه‌یی و ده‌شته لیتهییهكانه كه جگه له ڕه‌شه خاكه‌كانی كه‌ناره‌كانی هه‌ردوو ڕووباری دیجله و فورات، ئیتر له به‌شێكی گه‌وره‌یدا ڕووبه‌ره ئاوییه‌كانی زۆنگاو و عهماراوهكان دایده‌پۆشن، بۆیه عێراق جگه له ناوچه‌كانی باشووری، ئیتر له بژێوی خۆیدا پشتی ته‌واوی به كوردستان به‌ستووه.
ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به سه‌رچاوه ئاوییهكانییەوه ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، ئه‌وا ناوچه كوردستانییه دابڕێنراوه‌کان به سه‌رچاوه زۆروزه‌وه‌نده‌كانی په‌ترۆڵه‌وه ده‌نازێت. جگه له بایه‌خی ئابووری، له ڕووی ستراتیژی عه‌سكه‌رییه‌وه شاره‌كانی سه‌ر به‌م ناوچانه و به‌تایبه‌تیش شاره‌كانی کەرکووک و مووسڵ و خانه‌قین، هه‌میشه گرێی هاتوچۆی داگیركردن و هه‌ڕه‌شه‌كردن بووه له‌م به‌شه ڕزگاركراوه‌ی كوردستان. بۆیە بۆ ئه‌وه‌ی کورد لە داهاتوودا به ئاسوده‌یی بژی، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر که‌رکوک وخانه‌قین و ناوچە کوردستانییەکانی مووسڵدا هه‌بێت. مه‌حاڵه هه‌رێمی كوردستان له‌داهاتوودا بێ له‌و ناوچانه، ئاماده بێت بیر له سه‌ربه‌خۆیی یان ته‌نانه‌ت وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی نیمچه سه‌ربه‌خۆش بتوانێت درێژه به مانه‌وه‌ی خۆی بدات.
* سه‌باره‌ت به داتا و ژێدەرەکانی دووتوێی ئه‌م وتاره، بڕوانه: خه‌بات عه‌بدوڵڵا: بنه‌ما تیۆرییه‌کانی جوگرافیای عه‌سکه‌ریی کوردستانی باشوور، سلێمانی، ٢٠٠٥.