• له‌وه‌ته‌ی كۆماری توركیا دامه‌زراوه، زۆر به سه‌ختی به‌ده‌ست قه‌یرانی شوناسه‌وه ده‌ناڵێنێت. له ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه سیستمی حوکمڕانیی تورکی دیلی كه‌مالیزمه و میراتی عه‌سكه‌ر تارماییه‌كی ئێجگار قورسی به‌سه‌ر كایه سیاسیی - كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه داناوه. ئایدۆلۆژیای ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌ت تا هه‌نووكه به بنه‌ماكانی میساقی میللی كه له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو داڕێژراوه، كار ده‌كات. بۆیه توركیا ده‌وڵه‌تێكه تا نها له ڕابردوودا ده‌ژی.
• له‌پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و تا هه‌نووكه، توركه‌كان بۆ خۆدزینه‌وه له ته‌نگژه‌ی سیستم، (ده‌ره‌وه) ده‌که‌نه نه‌یار و هه‌میشه هه‌ڕه‌شه له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. به‌شێكیش له ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و ته‌نگژه‌یه به ڕه‌قیب ته‌ماشاكردنی ده‌وروبه‌ره. توركیای كۆماری نه له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا: یۆنان، قوبروس، بولگاریا، ئه‌رمه‌نستان، ڕوسیا، ئێران، عێراق، سووریا دۆستایه‌تییه‌كی پته‌وی دامه‌زراندووه، نه ئاماده‌ش بووه له ناوخۆدا بۆ ساتێکیش ده‌ست له سڕینەوەی كورد هه‌ڵ بگرێت.
• ئه‌و سیستمه‌ی كه سەد ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌تاتورك له‌سه‌ر داروپه‌ردوی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بینای كرد، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ سیستمێكی ئاڵۆز و هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی توولانی و چارهنهكراوه كه پێوه‌ندییان به ئیدهنتێتی و شوناس و جیهانبینیی سیاسیی توركییه‌وه هه‌یه. هه‌ر بۆ نموونه له كاتێكدا سیستمی تورکی سەد ساڵه له هه‌وڵی خۆداماڵین له خۆرهه‌ڵات و ڕاكردنیهتی به‌ره‌و خۆرئاوا، كه‌چی گه‌لانی توركیا زاكیره و خه‌یاڵدانێكی ئیسلامی و خۆرههڵاتیيان هه‌یه. توركیا ئه‌ندامی ناتۆ و دۆستی ستراتیژیی ئیسرائیله، كه‌چی سەرۆکەکەی یەکێک لە ڕابەرە سەرسەختەکانی ئیخوانە. دەوڵەتی توركی ئاماده نییە دان به‌وه‌دا بنێت له ده‌ره‌وه‌ی تورك، کوردیش وەکو گەلێکی جیاواز لەوان نیشته‌جێی توركیان، كه‌چی له‌سه‌ر كه‌مایه‌تییه به‌ڕه‌گه‌ز توركه‌كانی بولگاریا و قوبرس و عێراق، ئاماده‌ی له‌شكركێشییه. تێڕوانینی دەوڵەتی تورک لەمەڕ کورد هێنده جێگه‌ی پرسیاره، وای له نووسه‌ری كورد محه‌مه‌د ئۆزۆن كرد بڵێت "بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تورك له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی كورد دامه‌زراوه".
• توركیا تا ئه‌مڕۆ نه‌یتوانیوه خۆی له‌و كهماسییه سایكۆلۆژییه ڕزگار بكات، كه ده‌وڵه‌تی توركی له‌سه‌ر دروستكرا، ئه‌و كهماسییهی كه ڕه‌گه‌كانی به ناو قووڵایی ناسیۆنالیزمی توركیدا ڕۆچووه و ژه‌نه‌ڕاڵه‌كان دنه‌ی ده‌ده‌ن. هەر بۆیە بێ تێگه‌یشتن له ڕۆڵی سوپا ناتوانین نه سیستمی سیاسیی توركی بخوێنینه‌وه، نه ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان و سه‌رچاوه‌كانی هه‌ڕه‌شه بناسین.
• ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت، له پشتی دیموكراسیی توركییەوە هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتێكی فاشی خۆی مات داوه كه خۆی له ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانی سوپادا ده‌بینێته‌وه. ئه‌وه ڕاسته كه توركیای كۆماری له ساڵی ١٩٢٣دا دامه‌زرا، به‌ڵام تا ساڵی ١٩٥٠ كه ته‌نها پارته‌كه‌ی ئه‌تاتورك فه‌رمانڕه‌وا بووه، كه‌س ناتوانێت باس له دیموكراسی بكات. له ساڵی ١٩٥٠ بۆ یه‌كه‌مینجار پارتێكی جیاواز له‌وه‌كه‌ی ئه‌تاتورك، كه پارتی دیموكراسی بووه، ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست. ته‌نها ده ساڵ دوای له دایكبوونی دیموكراسی، سوپا یه‌كه‌مین كوده‌تای خۆی ده‌كات و سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ی له سێداره ده‌دات.
• له ژیانی سیاسی ناوخۆدا، سوپای توركیا هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتێكی تۆقێنه‌ر بووه. به‌پێی ستاتسه ڕه‌سمییه‌كان، له ساڵی ١٩٦٠ بەدواوە تا ده‌سه‌ڵاتی ئێستای پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، سی و پێنج حكومه‌ت له توركیادا هاتوونه‌ته سه‌ركار، له‌و ژماره‌یه ته‌نها سێ حكومه‌تیان – به حكومه‌ته‌كه‌ی ئێستاشه‌وه - ماوه‌ی یاسایی خۆیان له ده‌سه‌ڵاتدا بردۆته سه‌ر، هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر یان ده‌ستیان له کار کێشاوه‌ته‌وه یاخود ده‌ستیان پێ له كار كێشراوه‌ته‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی وه‌كو محه‌مه‌د ئاڵتان ده‌ڵێت "له توركیا حزبی سیاسی حوكم ناكات، به‌ڵكو ڕژێمێك حوكم ده‌كات، ئه‌و ڕژێمه‌ی كه عه‌سكه‌ره‌كان له كوده‌تای ١٩٨٠ه‌وه ڕێوڕه‌سمیان بۆ داناوه، هه‌ر حیزبێك پێ بخاته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕژێمه، له گه‌مه‌كه ده‌كرێته ده‌ره‌وه". له خۆڕا نییه، له ١٩٢٣ه‌وه تا ئه‌مڕۆ زیاتر له دوو سه‌د حزبی سیاسی دامه‌زراون و سوپا تا ئێستا سێ جار كوده‌تای دژ به حکومه‌ت كردووه.
• ڕۆڵی سوپا له توركیا ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه. ئه‌م ڕۆڵه هه‌ر له سوپای ئینكشاریی عوسمانی كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر دانانی سوڵتانه‌كان هه‌بووه، هه‌تا بزووتنه‌وه‌ی ئیتحاد و ته‌ره‌قی كه ئه‌فسه‌ره‌كانی سوپا لێیه‌وه توركیای نوێیان دروست كرد، قووڵایی هه‌یه. سوپا له توركیا دامه‌زراوه‌یه‌كی پۆپۆلیسته و خراوه‌ته سه‌رووی داموده‌زگاكانی تری ده‌وڵه‌ته‌وه، ده‌وڵه‌ت له توركیادا به‌جۆرێك ته‌ماهی له‌گه‌ڵ سوپادا كردووه، هه‌ر كه ئاماژه بۆ سوپا بكرێت، ڕێک وه‌کو ئه‌وه وایه ئاماژه بۆ ده‌وڵه‌ت بکرێت. جگه له‌وه‌ی دامه‌زراوه گه‌وره‌كانی میدیای توركی له‌پشته و هه‌ر كاتێك بیه‌وێت ڕای گشتی به دڵی ژه‌نه‌ڕاڵه‌كان ده‌خرۆشێنن، به هه‌مان شێوه، سوپا گه‌وره كۆمپانیاكانیشی له‌پشته. سوپای توركی كه خاوه‌نی یه‌ك ملیۆن چه‌كداره، پاش ئه‌مه‌ریكا دووه‌مین سوپای گه‌وره‌ی ناتۆ و پڕ خه‌رجیترین ده‌زگای ده‌وڵه‌تی توركیاشه كه به‌رژه‌وه‌ندی كه‌رتێكی گه‌وره‌ی سه‌رمایه‌دارانی تورکیای له‌سه‌ر وه‌ستاوه. جگه له‌مه‌ش توركه‌کان له بنه‌ڕه‌تدا عه‌قڵیه‌تێكی عهسكهرییان هه‌یه و باوكان له په‌سنی منداڵه‌كانیاندا به مهغزاوه ده‌ڵێن: "كوڕه‌كه‌م كه گه‌وره بوو ده‌بێته پاشا" (مه‌به‌ستیان له پاشا، ژه‌نه‌راڵه). به‌وه‌ش که حكومه‌ت له توركیا هه‌میشه دامه‌زراوه‌یه‌كی ناجێگیر، لاواز و پاشكۆی ژه‌نه‌راڵه‌كان بووه، هاوڵاتی توركی هێنده‌ی پشتی به سوپا ئه‌ستووره، هێنده گوێی نه‌داوه‌ته حكومه‌ت.
• به‌ڕای زۆربه‌ی چاودێران هیچ ده‌مێک هێنده‌ی ئێستا کۆمه‌ڵگه‌ی تورکی توشی دابه‌شبوون نەبووەتەوە. لە هەمان سۆنگەوە ترسێکی گەورە لە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەستێوەردان هەیە لەڕێگەی هێزەوە. ئەردۆگان چی تر ئەو ڕیفۆرمیستە ئیسلامییە مەدەنییە نییە کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا نەک هەر ئیسلامییەکان بەڵکو هێزە چەپ و دیموکراتەکانی تورکیاش دەنگیان پێ دا، ئەو ئێستا خۆی دیکتاتۆرێکی عەسکەرتار و خۆی تورکێکی فاشی و بەنیازی زیندووکردنەوەی قەڵەمڕۆی عوسمانییەکان، ئامادەیە شەڕ بە دنیا بفرۆشێت. ئەگەر جاران سوپا بەبیانووی پاراستنی کەلەپووری سیاسیی ئەتاتورک و سیستمی سێکیولار دژ بە هێزە ئیسلامییەکان دەستێوەردانی کردبێت، ئەوا ڕەنگە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەم ترسە ڕامکردنی سوپا بێت بۆ یەکەمین جار لە مێژووی تورکیای نوێ‌دا لەلایەن سەرۆکە دیکتاتۆر و ئیخوانییەکەی تورکیاوە، ئەمەش پاش نابووتکردنی دەزگای عەسکەریی تورکی بەتایبەتیش پاش "کودەتا" شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ و هەروەها پاش هاوپەیمانێتیی ئەردۆگان لەگەڵ تورکە نەتەوەپەرستەکان کە لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆریان سەر بە ژەنەڕاڵەکانی سوپان.
• ناکرێت تەنها بە هۆی ڕقلێبوون لە ئەردۆگان، کورد هیوای زۆر بە ئۆپۆزسیۆن هەڵبچنێت. بە هەمان شێوەی دەسەڵات، تا ئێستا هیچ گەرەنتییەک بۆ چارەسەری دۆزی کورد لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لە ئارادا نییە. بەڵام ئەمە نابێت هەرگیز بەو مانایە بێت کە مانەوەی ئەردۆگانمان لە دەسەڵاتدا پێ ئاسایی بێت. پێویستە سەردەمی ئەردۆگان کۆتایی پێ بهێنرێت. لە پێناوی دووبارەنەبوونەوەی ئەو ئەزموونە، حەق وایە ئۆپۆزسیۆن بیکاتە ئەرک، بە هۆکاری بەدبەکارهێنانی دەسەڵات، خۆی و نزیکەکانی بداتە دادگا.