چیرۆکی کورتهێنانی غاز لە عێراق چیمان پێدەڵێت؟

بەهرۆز جەعفەر
  2024-11-24     182

عێراق بە هەشتەمین وڵاتی عەرەبی دادەنرێت لەڕووی بەکارهێنانی غازەوە. بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەری لە ناوخۆدا؛ عێراق دەمێکە بەدەست کەمی بەرهەمهێنانی ئەو سووتەمەنییە بەردینیەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وای لێدەکات پشت بە هاوردەکردن ببەستێت. کورتهێنانی ئەو غازەی لە عێراق بەرهەم دێت دەبێتە هۆی بەربەست لەبەردەم کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا. نیزیکەی دوو دەیەیە دەوڵەت بەڵێن دەدات کە کێشەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەناوخۆدا چارەسەربکات؛ ئەگەر تەماشای داتاکان بکەین، ساڵ لەدوای ساڵ ئاستی بەکاربردن زیادیکردوە؛ ئەمەش مانای وایە بەڵێنەکانی دەوڵەت وەک دەرکەوتنی سەرابن لە بیاباندا. بەکارهێنانی غازی سروشتی عێراق لە ماوەی ساڵی 2021دا بۆ 18.9 ملیار مەتر سێجا زیادی کردووە، بەراورد بە 16.8 ملیار مەتر سێجا لە ساڵی 2020، ساڵی 2023 خواست لەسەر غاز نزیکەی 20 ملیار مەتر سێجا بوە. لە 2024 دا، ئەگەرچی لە لایەک عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ کۆتایی ساڵ (70%) ی گاز لەناوخۆدا بەرهەم دێت؛ هەروەها گرێبەستی لەگەڵ تۆتاڵ ئینرجی فەڕەنسی بە بەهای (27) ملیار دۆلار هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەو بایەخدان بە وزە نوێبوەوەکان، کەچی دەبینین عێراق دەچێت لەگەڵ تورکمانستان گرێبەستێک بۆ هاوردەکردنی تەنها (25) ملیۆن پێ سێجا گاز واژۆ دەکات! لەکاتێکدا کێڵگەیەکی وەک کۆرمۆر لەناو عێراقدا و لەژێر ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا ئێستا زیاتر (500) ملیۆن پێ سێجا گازی ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت، پلان و باوەڕوایە لەساڵانی ئایندەدا ئاستی بەرهەم تیایدا بگاتە نیزیکەی ملیۆنێک پێ سێجا لە ڕۆژێکدا؛ کەچی بینیمان لە بری سووپاسی خواو نیعمەتەکەی، لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ئەم کێڵگەیە کەوتە بەر هەڕەشەی درۆن و کاتیۆشاکانی هێزە میلیشیاکانی عێراق!

وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، لە پەراوێزی چالاکییەکانی هەشتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئۆپێک لە ڤیەننا، بە ئاژانسی هەواڵی ئیمارات ی وام- WAM ی وتوە کە؛ "عێراق خاوەنی یەدەگی نەوتی زۆرە کە دەگاتە 144.5 ملیار سێجا مەتر نەوت و زیاتر لە 133 تریلیۆن پێ سێجا ستانداردی غاز." بەڵام گرفتە گەورەکە ئەوەیە چەندین دەیەیە عێراق گازەکەی خۆی بەخۆڕایی دەسووتێنێت و هەوا پیس دەکات، کە ئەوە سامانی نیشتیمانییە لە بری "پرێس"ی بکات و سوودی لێ ببینێت، ژینگە پیس دەکات، بە ملیۆنەها مۆلیدە لە بەغدای پایتەختدا دووکەڵی ڕەش دەکەن و ژاوە-ژاو درووست دەکەن، بەڵام دەوڵەتەکە دەچێت گاز لە دەرەوە هاوردە دەکات؟ بە گشتی ئەم بابەتە کێشەی جۆراوجۆری بۆ عێراق دروست کردووە وەک کارەساتی ژینگەیی، پیسبوونی هەوا، کێشەی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی، هەروەها کێشەی دارایی وەک ساڵانە نزیکەی (5- 7) ملیار دۆلار بۆ کڕینی غاز دەڕوات!

دوو جۆر غاز هەن، یەکەمیان پەیوەندی بە دەرهێنانی نەوتەوە هەیە و دەیان ساڵە لە عێراقدا ئەو گازەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتەکەدا بەرهەم دێت بە خۆڕایی سووتاوەو بە فیڕۆ چوە (تا کەی ئەم گڕە بە ئاسماندا بچێ)، ئەم عێراقە زۆرجار لە پلەی دووەمی جیهاندایە لە دوای ڕوسیا لە سودمەندنەبوون لەمجۆرە گازە، ئەمە بە پێی دەستوری عێراقیش سامانێکی نیشتیمانییە کە بەشێکە لە بەرژوەندییەکانی خەڵک و نیشتیمان. دووەم جۆری گاز لە کێڵگە غازییەکان دەردێت و لە ڕێگەی بۆڕییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرێت یان گۆڕینی بۆ فۆڕمی شل بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تانکەرەکانەوە بەسەر دەریاکاندا بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی بەکاربەر، یان لەناوخۆی وڵاتدا لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگوازرێتەوە.

عێراق پێویستی بە ئاراستەکردنی وەبەرهێنانەکانە بۆ کەرتی غاز، کە لە ساڵی (2005) ڕاگەیەندراوە، بەڵام ئەمە بە چەند هۆکارێک نەگەیشتووەتە قۆناخی دڵخۆشکەر، لەوانە نەبوونی ستراتیژێکی واقیعی بۆ پێشخستنی پیشەسازی غاز، بەتایبەتی کە نوێنەرایەتی دەمارێکی سەرەکی ئابوریی دەکات لە بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداویستیی ماڵان.

عێراق خاوەنی یەدەگی غازی گەورەیە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی دروست پەرەی پێبدات، ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ خۆی و بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهانی دروستکردووە. کێشەی یەکەم ئەوەیە کە عێراق تا لەسەدا 40ی پێداویستییەکانی وزە وابەستەی ئێرانی دراوسێ دەمێنێتەوە، کە لەڕێگەی دابینکردنی غاز و کارەباوە هاوردە دەکرێت، ئەمەش وایکردوە عێراق ببێتە پاشکۆی ئێران، هەرکاتێک ئێران بینی سیاسەتی حکومەت لە عێراقدا بە بەرژەوەندیی ئەو ناڕوات کارەبا لەسەر بەغدا دەکوژێنێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر هاوین بێت، خەڵکی لە ڕەنگە لە حکومەت ڕابپەڕن و، کابینەکە بڕوخێنن.

لەم کۆتایی 2024 ەدا، کاتێک دەبینین کە نوری مالیکی و چەند کەسێک خواستی دوورخستنەوەی "موحەمەد شەیاع سودانی"یان لەسەرۆکایەتی حکومەت و پرۆسەی سیاسیی نەشاردۆتەوە، ئێرانیش هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەغدا ڕادەگرێت.

ئەوەی ئێمە ئیشی لەسەر دەکەین کاری لێکۆڵینەوەی زانستییە، بەڵام جار-جاریش ڕووبەڕووی واقیعی تراژیدیی (ڕەنگە کۆمیدیاش بێت) دەبینەوە. هاوینی ئەمساڵ لە چوارچێوەی کارەکانمان لە "پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" پرۆژەیەکمان بۆ چارەسەرکردنی بە فیڕۆدان یان سووتانی گاز (Gas Flaring) لە عێراق دا بە ئەنجومەنی وەزیران، دوای ئەوە ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی عێراق هاتە سلێمانی، بۆمان ڕوونکردەوە کە ئەمە کێشەکەیە، ئەو بەنیزیکەیی وتی؛ ئەم ئیشەی ئێوە لای ئێمە جێبەجێ نابێت!؟ بۆ!؟ چوونکە عێراق واتە ئێران، ئەوانەی دەوڵەت بەڕێوە دەبەن دەیانەوێ گاز لە ئێران بکڕن (بەنرخی گرانتر لەبازاڕیش) بۆ ئەوەی دۆلار بگاتە دەستی ئێران، بۆیە ڕێگەنادەن ئێوە بەسەرپەرشتی حکومەت ئەم پرۆژە زانستییە چێ بکەن.

زۆری پێ نەچوو، پرۆژەیەکی دیکەمان لەمیانەی بەرز ڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانی و مرۆییدا، لەمەڕ مادە هۆشبەرەکان دا بە برادەرانی حکومەت، چوومە بەغدا دوو برادەری پەیوەست بەم هەوڵەم بینی، ئەوانیش، هەر بەنیزیکەیی دەیانوت: ئەمە کێشەتان بۆ درووست دەکات، چوونکە بەشێکی زۆر لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت لەباشوری عێراق بەرپرسانی چەکداری لە پشتەو، هەروەها لە وڵاتی ناوچەکەوە دەیهێنن!

لەوکاتەوە، هەستم کردوە، عێراق بەمانا مەعنەویی و سیاسییەکەی دەوڵەت نییە؛ چوونکە ناسنامەی هاوبەشی نییە، بەرژەوەندیی هاوبەشی نییە، سەروەری نییە، هێزی دەوڵەتیش لە عێراقدا بەدەست دامەزراوە شەرعییەکانەوە نییە. هەر لەو کاتەوە چ بۆ عێراق و چ بۆ هەرێمی کوردستان دڵنیاتربوومەتەوە کە چارەسەری پرسە هەنووکەییەکان لەناوەوەن، پێویست ناکا ملیارەها لەگەڵ دەرەوە خەرج بکەین، عێراق هاوکاری ئێمەی بکردایە بەنیزیکەیی بە خوتو خۆڕایی کێشەکەمان چارەسەر دەکرد، کەچی ئەوە ساڵێکە گرێبەستی لەگەڵ تۆتاڵ کردوە بە (27) ملیار و لە ئاستی واقیعدا یەک سانتیمەتر نەچۆتە پێش لەو هەوڵەدا و هیچیش جێبەجێ نەکراوە؛ پێویست ناکا ئێمە ملیۆنەها دۆلار بۆ لۆبی لە ئیدارەکەی ترامپ خەرج بکەین، وەڵامی پرسیارەکان لێرەن لە هەرێمی کوردستان؛ ئایا دەمانەوێ دامەزراوەی دارایی و سەربازیی و سیاسیی درووست بکەین یان نا؟ پێویست ناکا عێراق هانا بۆ کۆمکاری عەرەبی و کۆمەڵگەی جیهانی ببات لەمەڕ هەڕەشەکانی ئیسرائیل، ئایا دەتوانێت نوجەباو حیزبوڵای عێراق هەڵبوەشێنێتەوە کە تائێستا (٣١٢) جار وتویانە هێرشمان کردۆتە سەر ئیسرائیل؟!

پرسی سووتان و بەهەدەردانی گاز لە عێراقدا ڕێگرێکی سەرەکییە لەبەردەم گەشەپێدانی ئابووری و دارایی دا، ساڵێک پێشتر ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەزهەر محمد ساڵح، مەزەندەی کردووە کە زیانەکانی سووتاندن و هاوردەکردنی غاز ساڵانە ١٢ ملیار دۆلارە! ئەمە تێچوویەکی گەورەیە بۆ سەرچاوە نەوتییەکان و بۆ سەرچاوە داراییەکان وڵاتەکە.

هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان لە عێراقدا بەگشتی پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. بەتایبەتی لەڕوانگەی نیگەرانییە ژینگەییەکانەوە لە سەرتاسەری عێراق. پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە باشی ئاگاداری ئەو گازە زیانبەخشانە بن کە لە کاتی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتدا دەسوتێن و بڕێکی زۆر لە کاربۆن و گازە زیانبەخشەکانی دیکە بۆ بەرگەهەوا دەردەکەن.

هەروەها چاودێریکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان و پابەندکردنیان بە نەسوتاندنی ئەو گازانەی کە لەگەڵ نەوتدا بەرهەم دەهێنرێن، کە بە گازی پەیوەندیدار (گازی هەوەڵ-Associated Gas) ناسراون، ئەم گازە زیانبەخشانە دەبێت بە شێوەیەکی زانستی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت بۆ نموونە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بیرە نەوتییەکان و بە جۆرێل لە جۆرەکان پرێس دەکرێن، کۆدەکرێنەوە و پاڵاوتنیان بۆ دەکرێت و دواتر دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا یان هۆکاری تر بەکاربهێندرێت. بەگوێرەی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، بەهای ئەو غازەی ساڵانە سووتاوە و بەفیڕۆ دەچێت لەگەڵ نەوتی عێراق نزیکەی دوو ملیار دۆلارە.

سەرەڕای ئەمەش، بەکارهێنانی هایدرۆجینی سەوز لە پیشەسازییەکانی وەک ئاسن و چیمەنتۆ و پاڵاوگەکاندا نوێنەرایەتی ڕێبازێکی ئومێدبەخش دەکات بەرەو کەمکردنەوەی قەبارەی دەردانی کاربۆن لە عێراق، هەروەها کاراترکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکان، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵە جیهانییەکان لەم بوارەدا بۆ باشترکردنی کارایی وزە و پاراستنی ژینگە. بەڵام گەیشتن بەم ئامانجانە پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە تەکنیکی و ئابووری و یاساییانە هەیە کە ڕووبەڕووی پیشەسازی نوێ دەبێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×