ئیتر دەرکەوت، تورکیا، دوێنێ هێرشی کردۆتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی-عێراق. ئەم هێرشە، لە دوای راپەڕینەوە، جارێکی تر، درێژەپێدانی سیاسەتی شەڕخوازیە.. نەک ئاشتیخوازی.
دەوڵەتی تورکیا، لە دوای عێراق، تاقیکردنەوەی بێڕادەی لە دوو سەدەی رابردودا، لەگەڵ راپەڕینە چەکداریەکانی کوردستان هەیە. راستە، لە قۆناغەکانی رابردودا، راپەڕینەکان سەرنەکەوتون، بەڵام هاوکات کوردیش کۆڵی نەداوەو دەستبەرداری مافە رەواکانی نەبوە. لە ساڵی (١٩٨٤)وە پەکەکە دەستی کردوە بە خەباتی چەکداری. لە سەرەتاوە (١٩٨٤-١٩٩١) پەکەکە پشتی بەخۆی بەستبوو. نە پارتی و نە یەکێتی، لە باشوردا، پێگەیان بەو هێزە نەدەدا. تورکیا، نەیتوانی لەو ساڵانەدا (دور لە یەکێتی و پارتی) شەڕی پارتیزانی باکوری کوردستان لەناوبەرێ. لە ساڵی (١٩٩٢)یشەوە، بە پشتیوانی تورکیا، ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ پەکەکە چارەسەر نەکراو گەیشتە پێکدادان. ئەنجامەکەی، هیچ لایەک سەرنەکەوت، بەڵکو دوای ئەوە پەکەکە ناوچەی شاخاویی زیاتری لە باشور کۆنترۆڵ کرد.. هەتا ئێستاش بەردەوامە.
(٣٩) ساڵە بزوتنەوەی بەرەنگاریی چەکداری لە باکوردا بەردەوامە، بەشێکی کێشەکە، لەلایەکەوە بە حوکمی سەرنەکەوتنی پەکەکە لە رووی ستراتیژی عەسکەریەوە. لەلایەکی تریشەوە بە حوکمی نەبونی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد، لە باکورەوە کەوتۆتە باشور. ئەزمونەکانی ئەو سێ دەهەیە، دەریانخست، نە لەناو تورکیادا و نە لە باشوردا، بە شەڕ کێشەکانی باکور و باشور لەگەڵ پەکەکە کۆتایی نایەت. ئێستا وا کەوتۆتەوە کە لە چیای گارای بادینانەوە بۆ چیای قەندیلی سۆران (جگە لەناو باکور) گەریلا و بارەگاکانی پەکەکە ماون و درێژە بە چالاکیەکانیان دەدەن. نەک هێندە، بەڵکو دوای (٢٨) ساڵ لە خەباتی گەریلایی، (١١) ساڵیشە رۆژئاوای کوردستانیش بۆتە ئەزمونێکی دیفاکتۆی سیاسی- عەسکەری.
تورکیا، هەموو ساڵێک، لە بەهار و هاوین بەڵێن دەدات، بە هێرشی عەسکەریی لەناویان بەرێت. وا بەرەو سێهەمین دەهەی هەزارەی سێیەم دەڕۆن.. تورکیا نەیتوانیەوە گەریلا لەناو بەرێت؛ پارتیش، سەرەڕای ئەوەی بونی پەکەکەی لە بادینان پێ خراپە، کەچی ئەزمونەکان تێیان گەیاندوە، بە شەڕ ئەو کێشەیە ناتوانێ چارەسەر بکات. هەروەها سەرەڕای ئەوەی بە رەزامەندی یەکێتیش پەکەکە لە قەندیل و هەندێ ناوچەی دیکە، بڵاونەبۆتەوە... دیارە یەکێتیش تاقیکردنەوەی لەشەڕدا هەیە، بۆیە خۆی لەشەڕی پەکەکە دەپارێزێت. جگە لە رەچاوکردنی هەستی پەرەسەندنی نەتەوایەتی لە سەرانسەری کوردستاندا.. کە یەکێتی و پارتی ناتوانن فەرامۆشی بکەن. چونکە لەسەر دەسەڵات و چارەنوسیان، کاریگەری خراپی هەیە!
ئەم کێشەیە، کێشەی باکوری کوردستان، یەکەم: کوت و مت کێشەی ناو تورکیایە، کلیلی چارەسەرەکەی تەنها بە دەستی حکومەتی تورکیایە. دووەم: چارەسەر لای حکومەتی عێراقە. سێهەم: لای حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتیە. فشار لەسەر یەکێتی، یان پارتی، یاخود رۆژئاوا، کوانوی شەڕ بەگڕتر دەکات و چارەسەر دوادەخات. لەم دۆخەدا، تورکیا لەنێوان ئۆکرانیا و روسیا ناوبژی دەکات، لەگەڵ میسڕدا خەریکی ئاشتبونەوەیە؛ لەتەک سعودیەدا نێوانیان چارەسەر کراوە؛ وا لەگەڵ سوریادا دوای (١١) ساڵ خوێنڕێژی، دیسان خەریکە ئاشتەوایی دەکەن. لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، درێغی ناکات. دە با ئاوڕێکیش لە کێشەکانی ناوخۆی تورکیا، باشتر لە ساڵانی رابردوو بداتەوە.
گریمان تورکیا پەکەکەی قبوڵ نیە. دەی با لەگەڵ هەدەپە رێکبکەون. با وای لێکبدەینەوە هەدەپەشیان قبوڵ نیە.. دەی با قەدەغە لەسەر زمانی کوردی بە رەسمی هەڵبگرن. یان هیچ نەبێ بەڕێز دەمیرتاش و هاوڕێکانی و زیاتر لە (١٠) هەزار زیندانی کورد ئازاد بکەن.
بێگومان، لێدانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، سەرەتای سیاسەتێکی ئەمنی و عەسکەری ترە، کە دور نیە، لە دژی دەڤەری سەوز و یەکێتی، زیاتر بسەپێنرێ.. بەڵام ئەوسەری ئەنجامی ئەم سیاسەتەش رونە.. ئەویش ئەمەیە کە:
کێشەکان قوڵتر دەبن. ناوچەکە ئارامی لێ دەبڕێ. بەڵکو زیان لە پەیوەندی ئابوری و سیاسی و دیپلۆماسی تورکیا و عێراق.. بە ناوچەکەشەوە دەدات. لەم هەڵبژاردنەی مانگی ٥/ی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی تورکیاش، ئەم سیاسەتی درۆنبازیە.. تەنها شادەمارەکانی ناسیۆنالیزمی تورکیا ئەستور دەکات. ئەمە لەکاتێکدا تورکیا، ئێستا، لەناو رای گشتی دا، هەستی ناسیۆنالیستی گۆشەگیر، لاواز بووە.. واتا بارێکی (کۆمەڵایەتی- سیاسی) نوێ، لەناو تورکیادا، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە سیاسی، دیموکراسی، ئابوری و ناوخۆییەکانی هاتۆتە ئاراوە! کە بە داخەوە، حکومەتی تورکیا خوێندنەوەی سۆسیۆ- سیاسی بۆ دیاردە کۆمەڵایەتیە نوێکەی تورکیا هەتا ئێستا لاوازە.