گواستنەوەی بۆ ماوەییانەی دەسەڵات و دەزگای هەواڵگریی
ئەحمەد ڕەسوڵ
2021-07-17   646
یەکەم: ڕەگێکی مێژوویی
زۆر بۆ دواوە نەگەڕێینەوە و لە سەدەی هەژدە و
نۆزدەوە واتا لە سەردەمی میرنشینەکانەوە، ململانێی نێوان ئامۆزاکان یان براکان
لەسەر دەسەڵات لە دەسەڵاتدارێتییە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، زنجێرێکی نەپساوە تا
ڕۆژگاری ئێستامان. هەر جۆرە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونێکی دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا
بێبەری نەبووە لەو جۆرە ململانێ بنەماڵەییەی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی. هەر
مۆدێل و فۆڕمێکی دەسەڵات وەکو شێخایەتی، ئاغایەتیی، خێڵەکیی و حزبیی یان تێکەڵە و
تێکهەڵکێشی ئەمانە، گواستنەوەی دەسەڵات تیایاندا میراتگرانەی خوێن، پشت و بۆماوەیی
بووە، سەرباری هەر بانگەشەیەکی ڕووکەشانەی هەندێکیان بۆ میکانیزمێکی مۆدێرنانەی
دیموکراتییانە. واتا ئەم ململانێیەی نێوان ئەندامانی "ئامۆزاکان یان
براکان" بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لەسەر دەسەڵات و یەکلاییکردنەوە و
دەستبەسەرداگرتنی بە هێزی ڕووت، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و تا ئێستا کۆمەڵگای ئێمە
بە هەر فۆڕمێکی ڕێکخستن و دەزگایی مۆدێرن نەیتوانیوە تێیپەڕێنێت و دابڕانێک لەگەڵ
ئەو مێژووە درێژەیدا دروست بکات.
دووەم: فۆڕمی خێڵەکیی-ئایینیانەی حزب
حزبی سیاسیی وەکو پێکهاتەیەکی مۆدێرن بۆ
ئۆرگانیزەکردنی کۆمەڵگا،دەسەڵات و دەزگاکان، مێژوویەکی کەمتر لە سەدەیەکی هەیە لە
کۆمەڵگای کوردستاندا. لە دوای حکومەتەکەی مەلیک مەحمودەوە، حزبی هیوا و دواتریش
کۆمەڵەی ژێ کاف کە دواتریش بوو بە حزبی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن خوێندەواران و
توێژی پێشکەوتووخوازانی ئەو کاتەوە، سەرەتای مێژووی حزبی سیاسیی و فۆڕمێکی دیکەی
نوێی کایەی سیاسییە لە کوردستاندا، بەڵام هەر زوو ئەوانیش بە جۆرێک کەوتنە ژێر
کاریگەریی هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا. واتا هەر لە سەرەتاوە
هەوڵەکانی مۆدێرنیزەبوونی کایەی سیاسیی کە شکستی خوارد و کەوتە ژێر هەژموونی
مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و وەکو خانەیەکی
کانسەریی بە سەراپای جەستەی کایەی سیاسییدا بڵاوبووەتەوە.
سێیەم: ڕەگی خێڵەکیی-ئایینیانەی بۆماوەییبوونی
دەسەڵات
تووشبوونی کایەی سیاسیی کوردیی بە ڤایرۆسی
گواستنەوەی بۆماوەییانەی دەسەڵات ڕیشەکەی لەنێو بونیادی دەسەڵاتی ئاغایەتیی و
شێخایەتییدایە. هیرارکیەت و گواستنەوەی دەسەڵات لە پێکهاتەکانی وەکو ئاغایەتیی و
شێخایەتیی لە کۆمەڵگا بەر لە مۆدێرنەکاندا، ئاشکرایە شانداداو لەسەر خوێن و
ڕەچەڵەک بووە. ئەم عەقڵییەتە و میکانیزمەی پشتاوپشت گواستنەوەی دەسەڵاتی ماددی و
ڕەمزی لە سیستمە کۆمەڵایەتییە نامۆدێرنە ئاغایەتیی و شێخایەتییەکەی کۆمەڵگای
کوردییەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو حزبی سیاسیی و کایەی سیاسیی لە سەدەی بیستدا. واتا
بۆماوەییبوونی دەسەڵات لە حزبی سیاسیی کوردیدا، ڕیشەکەی دەچێتەوە سەر مێژوویەکی
کۆنتر لە حزبی سیاسیی و لە نێو مێنتاڵیتیی و بونیادەکانی سیستمە
دەسەڵاتدارێتییەکانی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە.
سەرنجبدە لە بازنەی یەکەمی دەسەڵاتدارانی هەر
حزبێکی سیاسیی لە سەدەی بیستدا لە کۆمەڵگای کوردییدا، لە بنەماڵەی شێخ، ئاغا،
سەید، مەلا، خان و بەگ، ...هتد، بوون، کە ئەو جۆرە لە پاشناو هێمایە بۆ هەژموون
بەسەر مێنتاڵیتیی و کۆنەستی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا و هەروەها هێمایە بۆ درێژە
کێشانی هەژموونی بونیادەکانی مێنتاڵیتیی ئاغا، شێخ و ..هتد بەسەر فۆڕم و پێکهاتە
مۆدێرنەکەی سیاسەتەوە کە حزبە. بەدیوێکیتریشدا ئەوەمان پێدەڵێت کە گواستنەوەی
بۆماوەییانەی هێز و هەژموون لە حزبیشدا ناتوانێت ئاغایانە و شێخانە نەبێت. واتا
تێکهەڵکێشی بونیادە خێڵەکییەکەی مێنتاڵیتیی ئاغایەتیی و بونیادە ئایینییەکەی شێخایەتیی،
بونیادەکانیی مێنتاڵیتی حزبی سیاسیی پێکهێناوە و لێرەوەیە گواستنەوەی
بۆماوەییانەوەی هێز، هەژموون و دەسەڵات لە حزبی سیاسییدا، ڕەگێکی خێڵەکیی-ئایینیانەی
هەیە کە لە مێژوویەکی دێرین و درێژی ئاغاواتیانە و شێخایەتییانەی کۆمەڵگای ئێمەوە
سەرچاوە دەگرێت.
چوارەم: دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان
دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان لە هەر
ووڵاتێکی دنیادا لە بەشێکی کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە بەسەر
هاوڵاتییانەوە و خزمەت بە هێشتنەوەی دۆخی جێگیر و باوی سیاسیی، ئابوریی و
کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارێتیی دەکەن. لە بەشەکەیتری کارەکانیاندا
هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە لە پێناوی دەوڵەت و کۆمەڵگادا و دژ بە دەوڵەتانی دیکە
و نەیارانیان.
لە دۆخی کوردستاندا، دوو دەزگای هەواڵگریی و
سیخوڕیی کە سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانن لە هەر دەزگایەکی دیکەی حکومەتیی
و ئەمنیی دیکە بەمەسرەفتر و پڕبودجەتر و گرنگترن بۆ دەسەڵاتدارانی یەکەمی حزب
"یان ڕاستتر بۆ دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە". ئەم گرنگیی و بایەخپێدانە
گەورەیەی ئەم دەزگایانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکەمی دوو حزبخێڵەوە، لەو
تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەسەڵاتداران بۆ هێزی ڕووتی سەربازیی، ڕووبەری
مێدیایی و ئازادیی دەربڕین، ململانێی سیاسیی نێوخۆیی لە نێوخۆی حزبدا و هەم لەتەک حزبەکانیتردا،
چۆنێتیی دەستگرتن بەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵاتدارێتیی و تەواوی کایە جیاوازەکانی
کۆمەڵگادا، هەیانە. واتا لە بنەڕەتدا بەشە سەرەکییەکەی کاری ئەم دەزگایانە لە
بەرئەنجامی تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانەوە بۆ کۆی پرسەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیی
سیاسیی و دەزگاییەکانی کۆمەڵگاوە، بووەتە هەواڵگرییکردن بەسەر، سیخوڕییکردن بەسەر،
هەڕەشەلێکردن، گرتن و ئەشکەنجەدانی هاونیشتمانییان جا ئەو هاونیشتمانییە چ ئەوەی
کەسێکی نوسەر و ڕەخنەگری سەربەخۆ بێت، چ ئەوەی ئەکتیڤیستێکی کۆمەڵایەتی دەرەوەی
چێوەی حزب بێت، چ ئەوەی ئەندام، لایەنگر و کادێری حزبە سیاسییەکانی دیکە و
بەتایبەت دژبەران و ڕکابەرە سەرەکییەکانی بێت یان تەنانەت چ ئەوەی بازرگان و
سەرمایەدارێکی دەرەوەی چێوە حزبیی و سیاسییەکان بێت. واتا بەبەشی گەورە و سەرەکیی،
کاری ئەم دەزگایانە دژ بە هاونیشتمانییانە، بەبەشە بچوک و کەمەکەی کاریان لە دژی
بۆ نمونە تاوانباران و تێرۆریستانە.
دەرئەنجام، ئەم دەزگایانە لە ژێر دەسەڵاتی،
دەسەڵاتدارانێکی مێنتاڵێتیی خێڵەکیی-ئایینیانە، ناتوانن دەزگای پارێزەری
هاونیشتمانیی، بە ئازادییە هەمەلایەنەکەیەوە لەگەڵ ڕێز و کەرامەتە ئینسانییەکەی
بن.