ناوچه دابڕێنراوهكانو چۆنیەتی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه
لەتیف فاتیح فەرەج
2019-01-08   2729
ده‌بێت راستگۆ بین له‌وه‌دا كه سیاسیه‌كان رۆڵێكی زۆریان له گه‌وره كردنه‌وه‌ی قورسكردنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كاندا هه‌یه‌و هه‌میشه به مه‌به‌ست و بۆ ئامانجی خۆیان له‌مپه‌ر ده‌خه‌نه به‌رده‌م رێگاكانی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان و كه‌ركوك، سیاسیه‌كان له تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌كان، له بهگژاكردنهوهی پێكهاته‌كان، له دروستكردنی كه‌شی نه‌ته‌وه گه‌ری كوێرانه، له تێكدانی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه قازانجی گه‌وره ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌وان سیاسه‌ت وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی و وه‌ك پیشه‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بون سه‌یر ده‌كه‌ن ، كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوهكانیش به هۆی بونی نه‌ته‌وه گه‌لی جیا جیا ، ئاین و مه‌زهه‌بی جیا جیا ، زۆر له باره بۆ شێواندن ، ئه‌وه‌ش به هۆی ئه‌وه‌ی سیاسیه‌كان ناهێڵن خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه له روی هۆشیاری پێكه‌وه‌بون و یه‌كتر قهبوڵكردنهوه به‌ره‌و پێش بڕۆن.
ناوچه دابڕێنراوه‌كان به كه‌ركوكیشه‌وه كێشه‌یه‌كی تولانی و له مێژینه‌یه، هه‌ر زۆر دور نه‌ڕۆین له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه ئه‌م ناوچانه زۆر كه‌م ئارامیان به خۆیانه‌وه بینیوه ،عوسمانیه‌كان به‌ر له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م به هۆی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وته‌وه له كه‌ركوك جگه له‌وه‌ی هه‌وڵی توركاندنی ئه‌و ناوچانه‌یان دا هه‌وڵیشیاندا نه‌ته‌وه‌كان به تایبه‌ت كورد‌و توركمان بكه‌ن به گژیهكترا، له دوای جه‌نگیش كاتێك ئه‌و ناوچانه لكێنران به عێراقی عه‌ره‌بیه‌وه هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و هه‌رێمی كوردستان به گشتی ئه‌و لكاندنهیان پێخۆش نه‌بو ، به‌ڵام گوێیان لێنه‌گیرا.
ده‌ساڵ تێنه‌په‌ڕی به‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌م فۆڕمه‌ی عێراقدا كاتێك پرۆسه‌ی عه‌ره‌باندن له ناوچه دابڕێنراوه‌كان له حه‌ویجه‌و سنوری موسڵ و به‌دره‌و جه‌سان و شوێنگه‌لی دیكه ده‌ستی پێكرد، ئه‌م كاره‌ش په‌یوه‌ندی كورد‌و عه‌ره‌بی به‌ره‌و ئاڵۆزی برد‌و ده‌وڵه‌تیش به مه‌به‌ست پشتگیری عه‌ره‌به‌كانی ده‌كرد.
له‌م ناوچانه به تایبه‌ت له كه‌ركوك رێژه‌ی پێكهاته‌كان به نزیكی بریتین له :
كورد 45%
عه‌ره‌ب 35%
توركمان نزیكه‌ی 20%
جگه له‌وه‌ش كلدۆ ئاشورو ئه‌رمه‌ن و سابیئه هه‌ن ، عه‌ره‌ب و توركمانیش شیعه‌و سونه‌یان هه‌یه، هه‌ڵبه‌ت كوردی شیعه‌ش له خانه‌قین و جه‌له‌ولاو زڕباتیهو شوێنگه‌لی دیكه هه‌ن، ئه‌م جیاوازیانه هه‌رگیز نه‌بونه‌ته هۆیه‌ك بۆ گه‌شه‌كردن و هه‌میشه هه‌وڵدراوه بقۆزرێته‌وه بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی.
بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان هه‌میشه چه‌ندین پڕۆژه‌ی جیا جیا هه‌ن، پڕۆژه‌ی كورد، پڕۆژه‌ی حیزبه‌كان كه زۆر جار جیاوازی زۆریان هه‌یه، هیچ پڕۆژه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری له پارله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی كورده‌وه له پارله‌مانی عێراقی به هاوبه‌شی نیه.
پڕۆژه‌ی عه‌ره‌ب، هه‌مان پڕۆژه‌ی له بیر كردنی ئه‌وانی تر‌و سیخناخه له عه‌ره‌باندن و لاسایكردنه‌وه‌ی رابردو .پڕۆژه‌ی توركمان، ئه‌وانیش شیعه‌و سونه هه‌ر گروپه‌و جۆرێك سه‌یری دۆخه‌كه ده‌كه‌ن.
نابێت ئه‌وه بیر بكرێت كه له پرۆسه‌ی سڕینه‌وه و عه‌ره‌باندن و راگوازتن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناسنامه‌و ئه‌نفالدا ده‌سكاری زۆری ئه‌و ناوچانه كراوه بۆ نمونه:
دوای ئه‌وه‌ی كه به‌عس كه دێت نه‌خشه‌كه به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، به‌م جۆره:
*خورماتو (دوز) به‌ناحیه‌كانی
1. قادر كه‌ره‌م
2. نه‌وجول
3. ئامرلی
4. سه‌لمان پاك
ده‌گوازرێته‌وه بۆ سه‌ر تازه پارێزگای تكریت، (سه‌ڵاحه‌دین) ناوچه‌ی له‌دایك بونی سه‌دام حوسێن.
ئه‌م ناوچه‌یه به‌گشتی نزیكه‌ی 4019 كم2 روبهرهكهیهتی.
*كفری بهناحیكانی
1. سه‌رقه‌ڵا
2. جه‌باره
3. كوڵه‌جۆ
4. قه‌ره‌ته‌په
ده‌گوازرێته‌وه بۆ سه‌ر پارێزگای دیاله
*كه‌لار به ناحێكانی
1. تیلهكۆ
2. پێباز
ده‌گوازرێته‌وه بۆ سه‌ر پارێزگای سلێمانی
*چه‌مچه‌ماڵ بهناحێكانی
1. سه‌نگاو
2. ئاخجه‌له‌ر ده‌گوازرێته‌وه بۆ سه‌ر پارێزگای سلێمانی، ئه‌م قه‌زایه، پێشتریش ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر پارێزگای سلێمانی بوه واته به‌ر له شه‌ڕی جیهانی دوه‌م.
هه‌روه‌ها (642) گوندی سه‌ر به‌كه‌ركوك كه به‌شێكیان له گه‌ڵ قه‌زاكاندا دانهبڕێنرابون و له سه‌ر كه‌ركوك مابونه‌وه چه‌ند جار سوتێنراون و دواتر ته‌خت كران و له سه‌ر نه‌خشه سڕدرانه‌وه.
له دوای روخانی به‌عسه‌وه سه‌ره ڕای ماده‌ی 58 و دواتریش 140 كه له ده‌ستوری عیراقدا ده‌نگی پێدراوه بەڵام هیچ هه‌نگاوێكی دیار نیه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌م ناوچانه.
ده‌كرێت بپرسین له مپهره سه‌ره‌كیه‌كانی به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌م ناوچانه چین؟
یه‌كه‌م: بونی نه‌وت، ئه‌م ناوچانه‌و به‌تایبه‌ت كه‌ركوك خاوه‌نی نه‌وت و گازێكی زۆره ئه‌وه‌ش هۆیه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی خاوه‌ندارێتی ناوچه‌كه بكرێت و هه‌رلایه‌ك له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت خۆی ده‌ستی به سه‌ردا بگرێت.
دوه‌م: بونی ده‌ستی ده‌ره‌وه له رێگری كردن له چاره‌كردنی كێشه‌كان ، ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژو بكه‌ین له چه‌ندین بۆنه‌دا وڵاتانی ده‌ره‌وه رۆڵی زۆر خراپیان گێڕاوه له تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌م ناوچانه‌و كه‌ركوك بۆ نمونه رۆڵی ئێران و توركیا له روداوه‌كانی 1959.
سێیه‌م: نه‌بونی لێبورده‌یی و توله رانس و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه له لایه‌ك و نادادگه‌ری له دابه‌شكردنی سامانی ناوچه‌كه‌دا به‌سه‌ر دانیشتواندا.
هه‌ڵبه‌ت خاڵگه‌لی دیكه‌ش هه‌ن كه رۆڵیان هه‌یه .
دیاره پارتی و یه‌كێتی له 2003 تا 2017 كه زۆربه‌ی پۆسته‌كانی كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌یان به ده‌سته‌وه بو، هیچ هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆیان نه‌نا بۆ ساڕێژكردنی برینه‌كانی رابردو ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه زۆر جار ده‌بونه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م هه‌نگاوه‌كانی یه‌كتریشدا بۆ چاره‌سه‌ر.
بۆ كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان جگه له سێ رێگه رێگه‌ی دیكه نیه ئه‌وانه‌ش بریتین له :
- هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ
- سه‌ر به عێراق بون وه‌ك ئێستا
- سه‌ر به هه‌رێمی كوردستان
قسه كردن له سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌م خاڵانه، ده‌بێت گرێبدرێت به هاوبه‌شی و ره‌زامه‌ندی هه‌مو پێكهاته‌كان له لایه‌ك و هه‌روه‌ها به‌ندی 140یشه‌وه، ناكرێت له باسی چاره‌سه‌ری ئه‌و ناوچانه‌دا هیچ پێكهاته‌یه‌ك فه‌رامۆش بكرێت.
ئه‌گه‌ر كه‌ركوك و ناوچه دابِێنراوهكان هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆر جار ئه‌و باسه دێته گۆڕێ و ئێمه‌و مانانیش پێشتر قسه‌مان تیا كردوه ، ده‌بێت دادگه‌ری له دابه‌شكردنی پۆسته‌كاندا هه‌بێت و دڵنیای پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه بدرێت به هه‌مو پێكهاته‌كان و سامانی ناوچه‌كه‌ش به دادگه‌ریانه به‌سه‌ر دانیشتوانهكهدا دابه‌ش بكرێت.
له هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆدا :
یه‌كه‌م: بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ یان زیاتر پێویسته ئه‌زمونه‌كه له ژێر چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كاندا بێت.
دوه‌م: وه‌ك ئاسانكاریه‌ك بۆ پرسی هه‌ستكردن به شوناس هاوڵاتیان راسته‌و خۆ پشكیان هه‌بێت له سامانه سروشتیهكهیدا "وه‌ك ئالاسكا".
سێیه‌م: وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی به‌غداو هه‌رێم و وڵاتانی دراوسێ هه‌بێت له‌و بابه‌ته‌دا.
ئه‌گه‌ر سه‌ر به عێراق و به‌غدا بێت ئایه :
یه‌كه‌م: مه‌ترسی عه‌ره‌باندن و سڕینه‌وه دو باره نابێته‌وه.
دوه‌م: له ده‌سه‌ڵات و ماف‌دا كورد‌و توركمان په‌راوێز ناخرێن.
سێیه‌م: له چوارچێوه‌ی ماده ده‌ستوریه‌كاندا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه پرسیار گه‌لێكن پێویسته حكومه‌تی عێراقی گره‌نتی وه‌ڵامدانه‌وه‌یان مسۆگه‌ر بكات.
ئه‌گه‌ر سه‌ر به هه‌رێمی كوردستان بێت :
به باوه‌ڕی من ئه‌م هه‌نگاوه له دو ئه‌گه‌ره‌كه‌ی تر ئه‌سته‌م تره‌و به ئاسانی جێبه‌جێ نابێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا؛
یه‌كه‌م: ده‌بێت مامه‌ڵه‌یه‌كی ئاكاریانهو دادگه‌رانه له ته‌ك عه‌ره‌ب و توركمانی ناوچه‌كه‌دا بكرێت.
دوه‌م: په‌ره پێدانی گیانی پێكه‌وه ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردن و ناسنامه‌ی هاوڵاتی بونبخرێته سه‌رو ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بون و مه‌زهه‌بی بونه‌وه.
سێیه‌م: له ئه‌گه‌ری بونی سه‌ر به‌هه‌رێمی ئه‌و ناوچانه‌دا پێویسته كورد پڕۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نه‌و به شێوه‌یه‌ك و به به‌رنامه‌یه‌كه‌وه بڕۆنه پێشه‌وه.
بۆ كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان پێویسته راوێژ به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و ئهمهریكاو ئه‌و شوێنانه‌ش بكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و شوێنانه له رابردودا ڕۆڵیان هه‌بوه له دواخستن و له كاتی خۆیدا جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی 140.
نابێت ئه‌وه‌مان بیر نه‌بێت كه راپۆرته‌كه‌ی قه‌یرانی عێراق له به‌ندی 30دا كێشه‌ی كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ی وه‌ك به‌رمیله بارود ناوبرد ئه‌وه‌ش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه ده‌شێت ئه‌گه‌ر به وریای ده‌ستی بۆ نه‌برێت كاره‌سات ڕوبدات ، هه‌ر دوای ئه‌وه‌ش بو كه پارله‌مانی عیراق له سه‌رده‌می مه‌حمود مه‌شهه‌دانیدا دۆخی تایبه‌تی به خشی به‌كه‌ركوك و ئه‌مه‌ش وای كرد كه له 2005 به دواوه ئیدی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای تیا به ڕێوه نه‌چێت.
تا ئێستا زۆربه‌ی ململانێكانی ئه‌و شاره له‌سه‌ر نه‌وته‌كه‌ی بوه ئه‌مه‌ش به فه‌رامۆشكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆتایی هاتوه، ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه خه‌ڵكه‌كه‌ی به هه‌ند وه‌ربگیرێت و نه‌وته‌كه‌ی بۆ خۆشگوزه‌رانی به كاربهێنرێت، ئاخۆ هه‌مو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك ده‌بن یان جارێكی تر خه‌ڵك "هاوڵاتی" ده‌كرێته‌وه به قوربانی نه‌وت.