ئایا کورد دەبێتە قوربانی گەمەی نێوان تورکیاو ئەمریکا؟
د. نەوزاد هێتوتی
2019-08-20   1304
لە ٧ ئابی ٢٠١٩ تورکیا و ئەمریکا لە ڕێگەی بلاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئاماژەیان بەوە کرد کە هەر دوولا گەیشتونەتە رێککەوتن سەبارەت بە بارودوخی سوریا و دروست کردنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان. لەو بەیاننامەکەدا ئاماژەییان بە سێ خاڵی سەرەکی کرد کە رێککەوتن لە سەری کراوە. خاڵی یەکەم بریتییە لە دروست کردنی ژورێکی ئۆپەراسیونی سەربازی هاوبەش لە نێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ چاودێری کردنی ناوچەی ئارام کە بریارە دروست بکرێت. خاڵی دووەم جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە هەر دوولا هەنگاوی خێرا دەهاوێژن بۆنەهێشتنی ئەو مەترسییانەی کە تورکیا لە سووریا و روژئاوای کوردستان هەیەتی. خاڵی کوتایش باسی ئەوە دەکات کە هەر دوولایەن دەست دەکەن بە دروست کردنی کوریدورێکی (رێرەو) ئارام لە رۆژئاوای کوردستان وهەولدەدرێت ئاوارەکانی سووریا بگەرێنەوە ولاتەکەی خۆیان.
دیارە مەبەستی سەرەکی ئەمریکا لەم هەنگاوە، زیاتر بەو ئاراستەیە بووە کە ڕێگە لە هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بگرێت و رێگە نەدرێت تورکیا هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانە کوردەکانی. بەلام دەکرێت ئەوەش بڵێن کە رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و تورکیا هێشتا بەتەواوەتی روون وئاشکرا نییە و پڕسیاری زۆر گرنگ وجدی هەن کە وەلامیان دیار نییە. لەوانە ئەو ناوچە ئارامەی باسی لێوە دەکرێت قولایی و پانییەکەی چەند کیلومەتر دەبێت. بە تایبەت لایەنی ئەمریکا باسی ١٠ کێلومەترد قولایی دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لایەنی تورکیا ئاماژە بە نزێکەی ٣٠-٤٠ کیلومەتر قولایی روژئاوای کوردستان دەکەن. بەو پێیەش بێت تەواوی رۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە ناو بازنەی ناوچەی ئارامەوە. خاڵێکی تر کە جێگەی پڕسیارە ئەوەیە کە کام هێز ئەو ناوچە ئارامە دەپارێزێت؟ ئایا ئەو هێزانەی تورکیا پالپشتیان دەکات دەهینرێنە ئەو ناوچەیە یان خود هێزیکی هاوبەشی ئەمریکا- تورکی ئەو ناوچانە دەپارێزن؟
هەروەها ئەوەش بە تەواوەتی روون نەکراوتەوە کە ئەگەر هێزە کوردیەکان لە ناوچەی ئارام دەربکرێن، ئەی ئەو هێزانە بۆ کوێ دەگوازرێنەوە؟ ئەی چارەنوسی شارەکانی رۆژئاوایی کوردستان و ئیدارەی خوجێی چێ بەسەر دێت؟ ئایا ئەو ئێدارەیەی کە ئێستا هەیە وەک خۆی دەمێنیتەوە یان ئێدارەیەکی نوێ بەسەر خەڵکی ناوچەکە دەسەپێنرێت؟ خاڵی کۆتایش کە بەراستی جێگەی مەترسییە ئەوەیە، چ گەرەنتییەک هەیە هاوشێوەی عەفرین، ناوچەکانی تری رۆژئاوایی کوردستانیش لە ژێر پەردەی ناوچەی ئارام تەعریب ناکرین.
چونکە دەبێت ئەو راستییە بزانێن پڕسی ناوچەی ئارام، زیاتر لەوەی ئەجندە و سیاسەتی لایەنی ئەمریکا یان کوردی بێت زیاتر لە ژێر گوشار و هەرەشەکانی تورکیادا دروست دەکرێت. بۆیە تورکیا ناوچەی ئارام بۆ خۆی دورست دەکات، نەک بۆ کوردەکان دروستی بکەت. تورکیا زیاتر سیاسەت و ئەجنداکانی خۆی تێدا پراکتیزە دەکات، نەک ئەجندەی لایەنەکانیتر. بۆیە مەترسی ئەوە هەیە ئەو ناوچە ئارامەی باسی لێوە دەکرێت، ناوچەیەکی ئارامی تورکی بێت و ببێتە ناوچەیەکی نائارام و کارەساتباری هاوشێوەی عەفرین بو کوردانی روژئاوا. بە تایبەت تورکیا کۆمەڵێک ئامانج و مەبەستی گرنگی هەیە لە دورست کردنی ئەو ناوچەیە و دەیەوێت مەرجەکانی خۆی بەسەر کورد و ئەمریکادا بسەپێنیت، کە دەکریت لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لەو خاڵانە بکەم:
یەکەم، تورکیا دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی کە لە سوریای دوای داعش، کورد هیچ شتێکی دەست ناکەوێت. واتا تورکیا هەموو هەوڵێک دەدەت کە هیچ کیانێکی کوردی یان هەرێمێکی کوردی لە روژئاوایی کوردستان دروست نەبێت. لەم رووەوە، تورکیا نایەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩١ لە سوریاش دووبارە ببێت. بۆیە یەکەم ئامانجی سەرەکی تورکیا لە دروست کردنی ناوچەی ئارام رێگرتن و تەگەرە خستنە بەردەم دروست بوونی هەر جۆرە هەرێمێکی کوردییە، وهەوڵدانە بۆ ئەوەی ئەو دیفاکتۆیەی ئێستا هەیە لە ناوی ببات.
دووەم، تورکیا مەبەستیەتی لە سوریای دوای داعش، بە تایبەت ناوچە کوردییەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆییەوە و دەستی بەسەردا بگرێت. ئەمە لەلایەک دەرفەتی پێدەدات هیز وگروپە چەدارەکانی سەر بە تورکیا لەو ناوچانە جێگیر بکات. لە لایەکی تریشەوە تورکیا مەبەستیەتی هەموو ناوچە کوردییەکان تەعریب بکات لە رێگەی گواستنەوەی ئاوارە سووریەکان بۆ ئەو ناوچانە. لەم رووەوە، تورکیا دەیەوێت زیاتر لە سێ ملیون ئاوارەی سوری کە لە تورکیا دەژین بهینیتە ناوچە کوردیەکان بە تایبەت لە کۆبانی، گری سپی و سەری کانیی نێشتەجێ بکات. بەو شێوەیەش ئەگەر ئەم پلانەی تورکیا سەر بگرێت دەبێتە هۆی گۆرینی گەورەی لە سیمای دیمۆگراڤی رۆژئاوای کوردستان و زیانێکی گەورەش بە ناوچە کوردییەکان دەگەینێت.
سێیەم، تورکیا زۆر دەمێکە دەیەوێت قەیرانی سوریا وەک دەرفەت بقوزێتەوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر ناوچە سنووریەکانی نێوان سووریا و عیراقدا بگرێت. لەم رووەوە، تورکیا مەبەستیەتی لە ڕێگەی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان بە تایبەت ئەو ناوچانەی هاوسنوورن لە گەل عیراق، دەسەلاتی خۆی خۆی بگەینێتە سنورەکانی عیراق. دیارە تورکیا لەمەش زیاتر لە مەبەست و ئامانجێکی هەیە. لە لایەک تورکیا هەوڵدەدات سنوری نێوان باشور و رۆژئاوا کونترۆل بکات و پەیوەندی لە نێوان ئەم دوو بەشەی کوردستان نەمێنیت. هەروەها رێگە لە چوونی یارمەتی سەربازی ئەمریکاش لە باشور بۆ رۆژئاوا بگرێت.
لە لایەکی تریشەوە، تورکیا دەیەوێت لە دەرەوەی سنووری ئیبراهیم خەلیل، دەروازەیەکی تری سنوری راستەخۆی لە گەل عیراق بکاتەوە. تورکیا دەیەوێت ئەم سنورە نوێیە بەکار بهینێت بۆ ئەوەی هەم ئاستی بازرگانی لە گەل عیراق بەزربکاتەوە. هەم لەم ڕێگەیەوە پەیوەندی راستەخۆی لە گەل عەرەبە سوونەکانی عیراق و تورکومانەکان دروست بکەت و یارمەتییان بدات. هەروەها دەکرێت ئەم دەروازە نوێیە بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست بکات بە تایبەت لە رووی ئابووری و سیاسییەوە. تەنانەت دەکرێت ڕیرەوی نەوتی کەرکووکیش بگۆرێت. ئەمە بەدەر لەوەش لە ناوچەی شنگالیش زیاتر دەستی دەروات بۆ ڕووبەروو بوونەوەی پ. ک. ک.
هەموو ئەم فاکتەرانەی سەرەوە وادەکات کە بڵێن تورکیا زۆر جدییە لەو هەرەشانەی دەیکات بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. دیارە تورکیا دەیەوێت ئەو لاوازیەی کە ئێستا لە سیاسەتی ئێدارەی ترەمپ داهەیە، وەک دەرفەت بەکار بهێنێت بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجەکانی. بە تایبەتیش دەبێت ئەو راستییە بزانێن کە تاکو ئێستاش هەڵوێستی ئەمریکایە هەمبەر رۆژئاوای کوردستان زۆر جێگیر نییە لە رووی سیاسییەوە. بەو مانایەی ئەمریکا بە شێوەیەکی راشکاوانە پاڵپشتی لە دروستکردنی هەرێمیکی فێدڕالی لە رۆژئاوا ناکات. راستە ئەمریکا کۆمەڵێک بەرژەوەندی لە سووریا هەیە و کوردیش بە ئەمرازێکی کاریگەر دەزانێت بۆ دەستەبەر کردنیان، لەوانەش شەری دژە داعش، ئێحتواکردنی ئیران، پاراستنی سنوورەکانی عیراق -سووریا و رووبەڕوو بوونەوەی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ئیسرائیل. بەلام پڕسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەمریکا ئامادەیە لە پێناو ئەم بەرژەوەندییانەدا بەرگیری لە رۆژئاوای کوردستان بکات. ئەی ئەگەر تورکیا خۆی بکاتە ئەڵتەرناتیڤی کورد بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیایە، ئەو کات کی دەڵێت ئەمریکا پشت لە کورد ناکات.
بۆیە بەراستیش ئەو مەترسییە لە ئارادایە کە ئەم جارەش کورد ببێتە قوربانی گەمەی نێوان ئەمریکا و تورکیا. دەکرێت ئەمریکا بۆ دورخستنەوەی تورکیا لە لە روسیا، دژایەتی کردنی رژێمی ئەوسەد، رووبەروو بوونەوەی داعش، ئێحتوا کردنی ئێران پشت لە کورد و روولە تورکیا بکات. ئەمەش لە سیاسەتدا شتێکی زۆر ئاساییە و دەبێت کورد ئەم ئەگەرە لە بەرچاو بگرێت. بە تایبەت سیاسەتی ئێستای ترەمپ بەو ئاراستەیە کە بە هیچ شێوەیەک نایەوێت خۆی توشی شەرێکی دێکە لە رۆژهەڵاتی ناوەرست بکات. ئەمەش لە ململانێ نێوان ئەمریکا ئێران زۆر بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت. جا ئەگەر ئەمریکا ئامادە نەبێت شەری ئیران بکات کە هەرەشەیەکی جدییە لەسەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا. چۆن دەبێت باوەر بکەین ئەمریکا لە پیناوی پاراستنی روژئاوای کوردستان شەری دەۆڵەتێکی وەک تورکیا بکات کە ئەندامە لە ناتۆو هێزێکی هەرێمی کاریگەریشە لە ناوچەکەدا.
د. نەوزاد هێتوتی
دکتۆرا لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەمبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و پڕسی کورد