سوکایەتییکردنی خەڵک لەبەرامبەر سوکایەتییکردنی دەسەڵاتدا
د. رزگار ئاغا
2021-01-20   978
دەسەڵاتە ستەمکارەکان، سەرباری
حوکومڕانیی تاڵانکاریی و هەژارکردنی میللەتەکانیان، پەنا ئەبەنە بەر سووکایەتییکردنیش
پێیان، لە رێی نمایشی کۆمییدیانەی گەورە و بچووکی بەرپرسەکانیەوە، خۆکردن بە گاڵتەجاڕ،
دەرپەڕاندنی قسەی بێ مانا، هەڵوێستی بێ مانا، نوکتەی سیاسیی و فەرمانڕەوایی، پووچەڵکردنی
هەیبەت و کەسێتیی و بێ بییروباوەڕیی، سووکایەتییکردن بە: چەمک و بەهاکان، چاکسازیی،
هاوڵاتییبوون، زانستخوازیی، دادپەروەریی، نەتەوایەتیی، نیشتمانپەروەریی، رەوشتی کۆمەڵایەتیی.
سووکایەتییکردن بە دڵسۆزیی، راستیینەیی کار و کرداری هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە، هەتا
باوەڕیان بە هییچ نەمێنێت، هییچ ژیینگەیەکی لەبار نەڕەخسێنێت بۆ هەستانەوە.
لە بەرامبەردا، کۆمەڵگەش فێری
سووکایەتییپێکردن بە دەسەڵات و پارتی سیاسیی و حوکوومەت و خەڵکە دەوڵەمەندە هەڵتۆقییوەکان
کراوە. لە قاتیی پارتی سیاسیی راستگۆ، ئەقڵە رۆشنکارییەکان دا: تەنزنووسەکان و میدیاکاری
تەنز و قۆشمەچیی و جنێوفرۆشەکان، ئەمانە ئەوسەری سووکایەتییپێکردنەکەیان بەدەستەوەیە،
ئەوەندەی تر دۆخەکە سووکتر ئەکەن و مەبەست و ئامانجەکان لەبار ئەبەن. دۆخێکە کە
سووکایەتییکردنە تەنها لە رێی وشەوە یان زمانەوەیە، زمان سنووردار ئەکرێت و یەک فۆرمی
گاڵتەجاڕیی و سووکایەتیی بەبەردا ئەکرێت، ئییتر وشەکان رەهەندەکانی خۆیان ون ئەکەن.
جۆرج ئۆرێل لە هەردوو رۆمانی باخچەی ئاژەڵان و رۆمانی "١٩٨٤" دا، باس لە
زمانی دیکتاتۆریی ئەکات کە دەسەڵاتە ستەمکارەکان بەکاری ئەهێنن بۆ چەواشەکاریی و
پووچکردنی بەهاکان و قەڵبکردنی بییروباوەڕەکان، کە لێوەی تۆڕەکانی دەسەڵات ئەچنن و
خۆیانی پێ ئەسەپێنن و جڵەوی کۆمەڵگاکانی پێ دەکەن. ئەم زمانە شتێک نییە
بەرگریی لێ بکات جگە لە زمانە
چەواشەکارییە نەبێت کە لە دەرەوەی دەسەڵات و هەر لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆی خراوەتە
گەڕ. ئۆرێل گەندەڵبوونی ئەم زمانە بە هۆکاری گەندەڵکردنی هزر ئەزانێـت و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە لەبارەی زمان و سیاسەتەوە
ئەڵێت: هەر کاتێک وشە زمانەوانیەکان کەمتربوون ئەوا بییرکردنەوەش کەمدەبێتەوە، تەنها
شتێک کە بەردەستکراوە لە کۆمەڵگەکان دا، گۆڕیینی ئەو گوتارانەیە بۆ سووکایەتییپێکردنی
زمان.
ئەم سووکایەتییە، بێڕێزییکردنە، چوختییبوونە، رۆچوونێکە
بۆ ناو ژیانی خەڵکیی، بە جۆرێک بۆچوونێکی هەڵە ئەچەسپێنرێت کە ئەوە هزر و بییرکردنەوەیە
سووک بووە، هەرچۆن لە وشە و وتەکان دا سووککراون، ئاوەهاش گۆڕدراون بۆ شێوازی ژیان
یان بۆ خودی ژیان خۆی.
ئەشێت بە رواڵەتیی و سەرزارەکییانە،
ئەمە لێک بدرێتەوە بە ئامڕازی لەرووداوەستانەوە و ملکەچ نەبوون و، تۆڵەسەندنەوەیەک
وەک دانپیانەنان و دەنگ پێنەدان، بێنرخکردنیان، پشتتێکردنیان ، تووڕدانیان، بە زبڵکردنیان،
قێزلێکردنەوەیان. بە بۆچوونی میللەت، ئەمانە سەرەتایەکن بۆ کرمۆڵکردن و کۆتایی پێهێنانی
دەسەڵاتە ستەمکارییەکان!! بەڵام بە خۆیان نەزانییوە کە ئەم بەرامبەرگرتنە لە دەربڕیین
و لە پراکتییزەکردنی دا، شڵەژانێکی دەستەجەمیی و ستراتییجییدارانەیە، جڵەوەکەی
بەدەست دەسەڵات خۆیەوەیەتی. شڵەژانێکە بە دەست ئەو بەهایانەوە کە سووککراون، گاڵتەجاڕییەکە
بەو بەها بنچیینەییانەی کە هی خەڵک خۆیەتی و هەر لەوێوە ئەتوانن کە هەبن. سوککردنی
گوتارەکانی خەڵکە لە رێی خەڵکانی سکراپ و شکستخواردووەوە کە کراونەتە دەستنیای
خەڵک لە رۆژگارێک دا و، لە ساتە چاوەڕوانییە بێدەنگەکانی کۆمەڵگەدا، لە تێزابی
دەسەڵات هەڵدەژەنرێن و، وەک دەنگێکی نوێ لە فۆرم و ستایڵێکی تردا ریساکلیینیان
ئەکەنەوە، بەڵام کەم بایەختر و پڕووپووچتر. بۆیە، ئەمە هەمووی بەرهەمی پیشەسازیی دەسەڵاتە
ستەمکارەکانە، لە کڕیینی بەهاکان و درووستکردنی سووکایەتیی بە خودی ئەو بەهایانە.
ئەوەی زەرەرمەندی گەورەیە، بەرەی خەڵکە، کە کەسانێکی چاکسازییخوازی لە دەست بچن، کە
لەرووی ئەم گەمە قێزەونەی سووکایەتیی و چەواشەکارییەوە ئەدوێن، زمانی گوفتاریان لە
سەرچاوەی روونی هزریی و سیاسییەوە هەڵدەقوڵێت، بەدەرن لەو زمانەی کە گەڕەلاوژەی
دەمە دەمێی دەسەڵات و کاراکتەرە ئێکسپایەرەکانی ئۆپۆزسیۆن گۆبەندێکیان پێ
ناوەتەوە. بۆیە، ئەم ژاوەژاوە وا ئەکات کە ئەم کەسێتییە چاکسازییخوازانە کەمتر گوێ
لێگییراو بن، گوتارەکانیان سووک و بێ بەها بنرخێنرێن، هەوڵێک نەبن بۆ پێداچوونەوە
و هەستانەوە. ئەم رەوشە، بە رووپۆشێکی ئازادیی داپۆشراوە، پانتاییەکی گەورەشی بۆ رەخسێنراوە،
بەڵام لە راستیی دا خودی ئازادییە کە شێوێنراوە. بۆیە "سڵافۆی جیجک"ی فەیلەسووف
راست ئەکات کاتێک ئەڵێت "هەموو شتێک سووک بووە تەنانەت قسەکردنیش لەبارەی
ئازادییەوە، ئەبێت سەرلەنوێ ئازادیی دابڕێژرێتەوە نەک قسە لەبارەیەوە بکرێت".
--------------------
* پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە
ئەندازیاریی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی
زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.