ڕۆژباش كلاشینکۆڤ
کامەران قازی
2019-10-18   1076
ڕۆژت باش لەوکاتەدا بەشانی (مامە ڕیشەی) کوردەوە بوویت
ڕۆژت باش لەو کاتەدا کە لەشانە ماندووەکانی دایدەگرتی
ڕۆژت باش لەو کاتەدا، کە داپیرەو ستەمدیدەکانی گەرمیان لەکوختەکانیاندا، مامرەکانیش لەکولانەکانیادا، کاتێ دەیانزانی تۆو هاوڕێکانت لە(حەمەک)ن، ئێدی بەدڵیکی ئاسوودەوە چاویان لێکدەناو مریشکەکان جوجەڵەکانیان لە ژێر باڵیاندا بەئارامی دەخەواند، هەموو کەس لەژێر سایەی هەڵمەتی کلاشینکۆڤەکەی تۆو هاوڕێکانتا هەستیان دەکرد، ڕۆژێکی تر، شەوێکی تر ڕابوورد و ئەنفال نەکران.
ڕۆژت باش کلاشینکۆڤ، لەو کاتەدا کە کچان و ژنانی وەک گوڵی کوردستانەکەم، شەو و ڕۆژیان لە دوژمنانی دێرینەی نەتەوەی ستەملێکراوی کورد دەکردە دۆزەخ، کۆڵان بە کۆڵان، ماڵ بەماڵی ( کۆبانێ) یان کردە نیشتمانێکی گڕگڕتوو، (ئەژدەهاک) یان بانگێشت کردەوە بۆ تەماشای تۆڵەی خوێنەکەی ئەو، مەملەکەت و نیشتمانەکەی ئەو و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی وڵاتی ئەو.
ڕۆژت باش کلاشینکۆڤ لەو شەوانەدا، کە (هاوڕێ جەبارەکەم)*، سلێمانی لە ملازمەکانی بەعس دەکردە ڕۆژی لێپرسینەوە و دەرگا بەدەرگا، شەقام بە شەقام، لەبەر باڵای کوردانەی ئەودا ڕادەوەستان، دەرگا دەیویست بەر لە شەقام شانی ماچ کا، شەقام دەیویست بەر لە خەڵکی ناو کۆڵانی ئەو شەوانە، لولەی کلاشینکۆڤەکەی ماچ کا.
نەفرەتت لێبێ کلاشینکۆڤ، کە بەدەستی دوژمنانی کوردەوە، ها لەسەر سنووری دەسکردنی نێوان مەریوان و سلێمانی، هەر ئێستاکە، گیانی ( کۆڵبەرێکی کوردت) کوشت و چاوەڕوانیی چوار منداڵی زەردوسورت، لە بێکۆتایدا هێشتەوە، کە ئاخۆ کەی باوکی پیریان لەم سەفەری هات و نەهاتی مەرگە دێتەوە؟!!
نەفرەتت لێبێ کلاشینکۆڤ، کە لەسەر جادەی سەهۆڵەکە لە شارەکەی ( هاوڕێ جەبار)، شکۆی ئەوسای( ئەوشەوانەی هاتنی ئەو)ی بەر لە ڕاپەڕینت، ڕسوا کرد و لە شانی (خاوەنەکەت) دابەزیت و زانایەکی ئەم میللەتەت زامدار کرد.
نەفرەتت لێبێ کلاشینکۆڤ، کە لەشەنگال تەسلیم بە خواست و ئارەزووەکانی دەروونی خاوەنەکەت بوویت و سەرت شۆڕ و قۆناغەکەت شکاو و خاوەنەکەت ترساو بەر لەخۆت ئەو، بە چوارلاقان، تیکەیەکی ئەم زەویە پیرۆزەی فرۆشت بە ڕیشدار و غەوارەکان.
نەفرەتت لێبێ کلاشینکۆڤ، کە ئیستاکە وەکی جاران لە سلێمانی، دایکان دیسان دڵ لە مست و چاو بەگریان، لەبەردەرگا چاوەڕوانی گەڕانەوەی منداڵیان بن، ترسیان هەبێ کە هەروەک و ساڵی ساڵان، لەسەر جادەی سەهۆڵەکە، ڕەنگە شەوێک یا خود ئێستا کلاشینکۆڤ ڕاپەڕێت و گیانی ڕۆڵەی خۆشەویستیان، هەروا ببات بەتاڵان.
نەفرەتت لێبێ کلاشینکۆڤ، کە بویتەتە دادوەری گشتی کێشەکان، بۆ فوڵلایت تۆ دادوەری، کۆتر کڕین تۆ دادوەری،
سەرچۆپی خۆت دەیکێشت و کە خۆت بێزار بوویت تۆ دادوەری کێ ببێتە سەرچۆپی کێش.
پێچکردنەوەی سەرشەقامان، خێرایی و ڕەنگی ئوتۆمبیل، ژن هێنان و بە شودان، فرۆشتنی دەرمان و گاز و شوقەکان
گرێبەست و تەندەرین و چۆنێتی دانیشتنی خەڵک لە چایخانە و کافییەکان، تۆ دادوەری و بڕیاردەدەیت، نەفرەتت لێبێ کلاشینکۆڤ.
هاوڕێیانم، پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان
دڵدارانی ٤٧ی پیرەمەگرون
ئەوە نەبوو، وەسیەتەکەی هاوڕێ گیان!!!
کەی خەمی کاک سەلاح** ئاوا بوو!!
کوا ئەو ئاوا ئێوەی پەروەردەکرد؟!!
کەی بینیتان هاوڕێ جەبار، ڕووی تفەنگی بکاتە چڵەگیایەکی کوردستان؟!!
ئێوە لەهەموو کەس نزیکتر بوون لە هەناسەی شارەوە
خۆتان وتتان: بەو هەوایە دەژین لە سلێمانییەوە هەڵدەکا
ئەی نەتان پاراست وەکو چاوتان؟!!
خۆشتان نەویست وەک دەزگیران؟!!
بۆی نەمردن، ڕۆحتان نەکرد بە ئەڵقەی دەوری کەمەری؟!!
خۆ هاوڕێ گیان هەر لەسەر پشتێنی دەوری*** کەمەری بوو، گیانی بەخشی بە نیشتمان
کەی ئەمە بوو!! ئەمانەت و وەسیەتنامەی هاوڕێکەمان!!
من لە بیرمە هەرئەوکاتەش، یادداشتەکانی ئێوەم دەنووسییەوە
نزیک لە تاتی ( فەرهاد)**** بووین، کە دەیڕوانی بەسەر ( مێرگی پانی) ئەو دۆڵەدا
هاوڕێ جەبار، شان بە شانی کاک سەلاح بوو، کلاشینکۆڤەکەی لە شانیا بوو
کاک سەلاح وتی: ئەم چەکانە ئەمڕۆ لێرە، سبەی لە ڕۆژهەڵات و باکور و خۆرئاوا
دەبێ لە شانی یەک لەشکردا بێت:
" سپای ڕزگاریی کوردستان".
سەرنجەکان:
* هاوڕێ جەبار فەرماندەی کەرتی شەهید سەلاح تیپی ٤٧ی پیرەمەگرون
** کاک سەلاحی موهەندیس، فەرماندەی تیپی ٤٧ی پیرەمەگرون
*** پشتێنی دەوری کەمەری شار، جادە شەستییەکەی دەوری سلێمانی دەسکردی بەعس، بە مەبەستی
لە بازنەخستنی پێشمەرگەکان بوو، هاوڕێ گیان ( هاوڕێ جەبار) لەسەر ئەو پشتێنەیە زامدار و پاشان شەهید بوو.
**** تاتی فەرهاد، دیوارێکی بەردینە بە سنگی چیای پیرەمەگرونەوە، دەڕوانێ بەسەر ئەو دۆڵەدا و بەتایبەت
مێرگەپاندا.
کلاشینکۆڤ، داهێنانی ئەندازیاری سەربازیی ڕوسی ( میخائیل کلاشینکۆڤە، ١٩١٩- ٢٣/ دێسەمبەری/ ٢٠١٣). ئەم چەکە بەکارە لەهەڵمەتی خێرادا، بە (AK-47) یش ناسراوە، ساڵی ١٩٤٧ دیزاینی کرد و ساڵی ١٩٤٩ چووە بواری بەرهەمهێنانییەوە. تاکو ئێستا ١٧٥ ملێۆنی بە مۆدێلی جیاوازەوە لێ بەرهەمهاتووە. میخایل کلاشینکۆڤ، وەک ڕۆژنامەکانی سوید بڵاویان کردەوە، لە کۆتایی ژیانیدا لە داهێنانەکەی ژیوان بۆتەوە و وتوویەتی: ئەگەر ئێستا بوایە ڕەنگە گسکێکی کارەباییم دابهێنایە.