کێ ئاسایشی نەتەوەیی کوردی خستۆتە مەترسییەوە؟!
کۆسار سیامەند / ساراڵ
2019-03-26   1484
لاوازترین ئەڵقەی نەتەوەی کورد، حیزبەکانییەتی
بۆ لێکدانەوەیەکی زانستیانە لەڕوداو دیاردەکان هەمیشە، لێکۆڵەران دەگەڕێنەوە بۆ هۆکانی بەدیهاتنی ئەو ڕوداوانە، لەبواری کۆمەڵایەتیو فەرهەنگیشدا (کلتوریی) کە سیاسەت، بەشێکی گرنگو بڕیاردەرە، بۆ ڕوداو دیاردەیەک، بێ چونو چرا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ مێژو. لێکۆڵینەوە لەمێژو زەمینەیەکی دروستمان بۆ دەرخسێنێ تا لەبڕیارە سیاسییەکانی حیزب یا کەسایەتیە سیاسییەکانی بڕیار بەدەست تێبگەین.
کورد وەک نەتەوەیەکی بەدەر لە مێژووی مرۆڤایەتی ماوەی هەزاران ساڵە، ئاسایشی نەتەوەیی لە مەترسیدا بووە و بێ سڵ کردنەوە، گەلانی داگیرکەری کوردستان، لە رێگای حکومەتەکانیانەوە جا ( پاشایەتی، کۆماری، عیلمانی یا ئاینی) بووبێت ئاماژەی سەوزیان بە دەسەڵاتی وڵاتەکەیان داوە بۆ ڕەوایی دان بە کوشتار و ستتەمیی نەتەوەیی.
بە دەلیلی ئەوەی، هیچ کاتێک ڕەشەکوژی نەتەوەی کورد لە پارچە جیاوازەکاندا، نەبوونە هۆی توڕەیی گەلانی سەردەست لە حکومەتەکانیان!! بە پێچەوانەوە ڕۆڵەکانی خۆیان ناردۆتە شارەکانی کوردستان و تا سەر سنوورە دوورەکانی کوردستان ناردویانن بۆ سەرکوتکردن و کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد و بڵاو کردنەوەی فەسادی ئەخلاقی و تێکدانی بەهاونرخەکانی کۆمەڵگای کوردەواری.
هەروەها ڕوناکبیران و میدیا و زانستگەکانیان، لە پێچەوانەکردنەوەی ڕاستیەکاندا و تەئکید کردن لەسەر یەک میللەتی بوونی گەلانی ئەو وڵاتانە و بچوککردنەوە و سوکایەتی کردن بە فەرهەنگی کەمە نەتەوەکان و نووسینەوەی مێژووی وڵاتەکەیان بە خواستی دەسەڵات و گەورەکردن و بۆ زیاد کردنی مێژووی گەلانی سەردەست، لەسەر حیسابی دزین و ناشرینکردنی فەرهەنگی گەلانی بن دەست لەو وڵاتانەدا کە کوردیان داگیرکردووە، زۆر بە توندی و بە جدی کاریان کردووە و مەکینەی ستەمی حکومەتەکانیان سوڕاندۆتەوە و پشتیوانی ڕەشەکوژی و لەناوبردنی فیزیکی و ئازاردانی دەروونی ڕۆڵەکانی ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد بوون.
نەتەوەی کورد، یەک ڕۆژ لە بەگژداچونەوە و بەرگریکردن لە خۆی و فەرهەنگەکەی نەوەستاوە و لە بچوکترین شتدا کە زانیبێتی دژ بە نەتەوەکەیەتی، بەرەنگاری و سەرپێچی نیشانداوە، ئەوەی بووە هۆی لێکترازانی گەورەی نەتەوەیی و سوککردنی کورد و فەرهەنگەکەی دروست بوونی حیزبی مۆدێرن بوو، چونکە کورد رەوشێکی هەیە، ئەگەر نووسا بە شتێکەوە، تا خۆیی و داب و نەرێت و خێزان و بنەماڵەی نەکات بە قوربانی دەست هەڵگر نییە!!
لەناو هەموو ئەو گەلانەی کوردیان داگیرکردووە، حیزبی مۆدێرن دروست بووە و بەرەنگاری حکومەتەکانی خۆیان بوونەتەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات بەپێی ئایدیۆلۆژیای خۆیان، بەڵام هێج یەکێک لەو حیزبە عیلمانی و ئاینی و شاپەرست و مارکسیستانە، تەنها یەک وشەشیان نەکردە قوربانی کورد، شیعرێکیان بۆ نە نووسی و لە ڕۆمانێکدا ستەم لێکرنەکەیان بەرجەستە نەکرد بەڵکو گاڵتەیان بە زمان و ئەدەبەکەی کرد و وەک ڕێگر و جوداخواز و...نیشاندا، لە لێکدانەوەی کۆتاییاندا، هەمان گۆرانیان وتۆتەوە کە شاپەرست و ئاینی و کۆنەپەرست و نوێ پەرستەکان دەیان وتنەوە( یەک میللەت و یەک وڵات، ئەوانیش برا گەورە)، ئەمە پوختەی فکر و ئایدیۆلۆژیا و خواست و ئارەزووی حیزبی مۆدێرن و قەدیمی و ئێستا و ئەوسای ئەو گەلانەیە کە بەشێکیان لە نەتەوەی کورد چەوساندۆتەوە، بەو پشتیوانی لێکردن و ڕێگایانەی کە بەچەند ڕستە لەسەرەوە باسم کردن.
لەگەڵ بوونی مێژوویەکی دێرین لەناو گەلانی داگیرکەردا لە ڕێگای حکومەتە یەک لە داوی یەکەکانیانەوە، بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکانیان ( کە هەمووی دەسکردنی ئیستعمار و ئیمپریالیزمە) و ئەمان شانیازیان پێوە دەکەن و کورد بەوە تاوانبار دەکەن، کە دەیانەوێ ئەو سنوورە پیرۆزانە!!! بشەمزێنن، کەچی خۆشیان دروشمی دژە ئیستعمار و ئیمپریالیزم و سەرمەیادارییان بەرزکردۆتەوە.
لەگەڵ بوونی ئەو تێنەگەیشتنە دێرینەدا، کورد نەگبەتی و نەهامەتییەکی گەورەتری تووش بووە پاش دروست بوونی حیزبە مۆدێرنەکان، ئەویش ئەوەیە هەر لە سەرەتای دروست بوونیانەوە، ئەم حیزبانە کەوتنە ناو بازنەی یاریپێکردنی دەزگا جاسوسییەکانی ئەو وڵاتە داگیرکەرانەوە، لەبەر ئەوەش کە فکر و بیرکردنەوەی ئەم حیزبانە ( نەتەوەیی نەبوون) واتە کوردایەتی و کوردبوون، پێوەەری مامەڵەیان نەبوو لەگەڵ ڕوداو و دەوروبەریاندا، بۆیە بە توندی و خراپتر لە دوژمنان، بوون بە کوتەکی دەستی داگیرکەران و دەیان جار وەک گورگی برسی، سنگی ڕۆلەکانی ئەم نەتەوە دابەشکراوەیان هەڵدڕی و خوێنی یەکدیان پێ خواردنەوە و هەموو ئەمکارانەشیان بە ناوی (کورد و کوردستانەوە) کردووە.
ئێمە دەمانەوێ، باس لەو مەترسیانە بکەین، بەتایبەتی کە حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور ، هەیانە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد، ئەوەی دوژمن هەیەتی و دەیکات بەرامبەر بەکورد ئەوە ئاشکرا و چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوسا و ئێستایش حیزبە کوردییەکان گەورەترین مەترسی بوون و هەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد، چونکە لاوازی و خواستی تاقم و بنەماڵە، ئەو دەلاقەیە بووە کە زۆر بەئاسانی دەوڵەتانی ئێران، عێراق و ئێستایش تورکیا توانیویانە سیاسەتی پارچەکردن و لاوازکردنی گیانی نەتەوەیی لەناو نەتەوەی کوردا تەشەنە پێبدەن.
لاوازترین ئەڵقەی نەتەوەی کورد، ئەڵقەی حیزبەکانییەتی
ئەنفال و هەڵەبجە ئاکامی ئاشبەتاڵە بوون، کە جورئەتی دا بە سەددام حوسێن خەونی دێرینەی ڕەگەزپەرستیی حیزبی بەعس بێنیتە دی وەک بەشیک لە پڕۆژەی نەتەوەیی ئەوسای عەرەب. لە ئاشبەتاڵدا، بە بڕیاری بنەماڵەیەک، بەشێک لە نەتەوەکە بە وردکراوی درایەوە دەست رژێمی بەعس و نائومێدی و سەرکزی و گیانی تەسلیم بوونیان لە میللەتدا زیندووکردەوە، ئەوەبوو کە کوردانێکی زۆر لەهەموو پلە و ئاستەکاندا، بە خواستی خۆیان بوونە ئەندامی حیزبی بەعس، هەم وەک کاردانەوەیەک بۆ ئاشبەتاڵی ماڵباتی بارزانی و هەم وەک دەرکەوتنی گیانی نائومێدی و بێدەربەست بوون لە نەتەوە و نیشتمان. ئەمە جگە لەو نائومێدی و هێوابڕاوییەی لە ناو پارچەکانی تری کوردستاندا دروستی کرد.
تا ئێستایش ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی قیادە موەقەتە، لە دەزگاکانی ئیتلاعات، سپای پاسداران و لەشکری بەدر و دامودەزگا موخابەراتییەکانی ئەو وڵاتەدا کار دەکەن و چەندین عەمەلیاتی کوشتن و تیرۆرکردنی چالاکوانەکانی کورد بە هاوبەشی ئەوان کراوە. ئەمە جگە لە شەڕی ٢٠ ڕۆژەی سنە و گرتنەوەی شار بەشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەسلیم کردنەوەی بە سپای ئێران.
لەم لاشەوە کە دێینە سەر حیزبێکی تری مۆدێرن، یەکێتی نیشتمانی، کە وەک کاردانەوەیەکی ئاشبەتاڵ و چۆڵ بوونی مەیدانەکە، خۆی دەرخست و گیان و چارەنووسی هەزاران ڕۆڵەی بە ئەمەکی ئەم نیشتمانەی کردە قوربانی سیاسەتی شەڕەنگێزیی خۆی، هەر لە دێر زەمانەوە و لە کاتی دروستبوونی دووبەرەکییە ماڵاێرانکارەکەی بەناو مەکتەبی سیاسی و ماڵی بارزانییەوە (بەفیتی ساواکی ئەوسا و ئیتلاعات و میتی ئێستا)، هەرلەو سەرەتایانەوە، ژمارەیەک لە لێپرسراوەکانیان پەیوەندییەکی ڕۆحیان لەگەڵ سەرانی ساواک و لە پاشاندا ئیتلاعات دروستکرد و لە زۆر قۆناغدا بەبێ یەک هەڵیان نەکردووە، تەنانەت کار گەیشتبووە ڕادەیەک، کە سەرانی ساواک لە بەکرەجۆ بە بوونی حیزبی ئۆپۆزسیۆنی ئیرانیش، کۆبوونەوە و فەرمانەکانیان، لە سلێمانی بەوان دیکتە دەکرد، لەوساڵانەی کە لەشاخ بوون، وەک پاڵەوانی مەیدانەکە، بەهەر چوار لای خۆیاندا شەڕیان دەفرۆشت و شەریان دەکڕی و خوێنی ڕۆڵەکانی کوردیان دەکردە شاباشی زەماوەندی سەرکەوتنە شکستخواردووەکانیان.
سەرکردایەتی کلاسیکیی هەمووحیزبە داسەپاوەکان لە (ڕۆژهەڵات و باشوور)ی کوردستاندا، لە هەموو بۆنە و لە پەسەنی کارەکانی خۆیاندا، باس لە ژمارەی شەهیدەکانیان دەکەن!! وەک دەسکەوتێک بۆ حیزبەکانیان، هێندە بێچاو و ڕوو، بێدەربەستن باس لە ڕژانی خوێنی ئەو ڕۆڵانەی کورد دەکەن، کە سەرمایەیەکی گرنگی نەتەوەکەمان بوون و دەکرا زۆر باشتر و بۆ ئامانجی یەکبوونەوەی نەتەوە و سەندنەوەی مافی خوراوی، گیانیان بەخت کردبایە نەک لە شەڕی نەگریسی سەرکردەکانی حیزبەکاندا.
جۆرێک بوایە کە ڕژانی خوێنی پاکی یەک ڕۆڵەمان بەرانبەر بوایە بە لەناوبردنی دە سەربازی داگیرکەر و پلەداری دوژمنانمان، بەڵام ئەوان هەتا ئێستاش زامی دڵی دایک و هاوسەر و خوشکی ئەو شەهیدانە دەکولێننەوە، کە ئەفسووس، بە چەوتە ڕێدا بران و وایان تێگەینرابوو کە دوژمنی ڕاستەقینەیان برا و خوشکانی خۆیانن لە حیزبی سەرکردەکەی بەرانبەریدا. کوردایەتی ببووە حیزب و حیزبیش هەر لەو سەرتایانەوە، بووە کۆمپانیای چەند بنەماڵە و کەسایەتییەک، کە خوێنی ڕژاوی ڕۆلە تەفرەدراوەکانی کورد، هێزی بزوێنەر و مانەوە و گەشەیان بوو.
هەتا ئێستایش هەروا و هەر ئەو خەڕەکە کۆنە دەڕێسنەوە، جارێک بە ناوی ڕێبازی فڵان کە ئەنجامەکەی ئاشبەتاڵ بوو، جارێک بە ناوی هەڵگری دروشمی مافی چارەی خۆ نووسین کە ئەنجامەکەی کارەساتەکانی شەنگال و کەرکوک و وێرانکردن و بە سوتماککردنی رۆژانەی خاکی نیشتمانەکەمانە.
ئاخر ئەگەر کڵۆڵی و نەزانین تا ڕادەی بێهۆشی و مێژوو نەخوێندنەوە نەبێت، لەلای میللەتی کورد، سەرکردایەتی حیزبگەلی کۆمپانایایی چەند بنەماڵە، پاش ئەوەی بەدەیان هەزار ڕۆلەی بەوەفا بۆ خاک و نیشتمانی کوردیان کردە وزەی سوڕانی بنەمالەکانیان، دەیانتوانی و دەبوو بیانتوانیبایە یا ڕوویان هاتبایە، سەر لە کوردستان دەربێننەوە و جارێکی تر بەناوی کورد و خاکی کورداستانەوە چارەنووسی نەتەوەکە بخەنەوە تالوکە و دەرفەت دوای دەرفەتی لێ لە دەست بدەن؟!!
ئەم پرسیارە دەبێت هەموو تاکێکی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشوور لە خۆی بکات: کاکت بۆ کوژرا، دایکت بۆ بێوەژن بوو، خوشکت سەرگەردان و باوکت بۆ پشتی شکا؟! کوا بەرهەم و کوا ئاکام؟! کورد لە شەڕی نێوان سەرکردەی حیزبەکاندا، بەشی چوار دەوڵەت خوێنی ڕۆلەکانی بوونە قوربانی....کوا خاک؟ کوا سەروەریی مرۆڤی کورد و کوا ژیان؟!
کاتێکیش بۆ ڕۆژهەڵات و خەباتەکی دەڕوانین، دەبینین حیزبە مۆدێرنەکان هیچیان لە حیزبەکانی باشوور کەمتر نییە بۆ پەلکێشکردنی هێزی بێگانە بۆسەر گیانی ماندووی نەتەوەی کورد. کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کە دەیان وت ئێمە لە بەرزیدا واین بەسەر شانی لینینەوە ، سفرەی گیانە شەکەتەکەی میللەتی کوردی وەک سفرەی خێر و قوربانی بۆ (باشی کەم ) و (فرەی خراپ)ی ئۆپۆزیسیۆنی فارس ڕاخست و ڕۆڵەی کوردی دارکاری دەکرد ئەگەر لەبەر ماندووی و خۆشنەهاتنی لە کابرای کۆنە ساواکی تازە مارکسیستی فارس، ناوچەوانی گرژکردبایە!!
تا کار گەیشتە ئەوەی لە سەر داخوازیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی فارسی و بەبڕیار و بۆچوونی ئەوان، ڕۆڵەکانی ئەو بەشە لە نەتەوەکەیان کرد بەگژی یەکتردا و بەنزینیان کردە بەسەر دیلی یەکتردا و سووتاندنیان و بەدەوری تەرمەکانیاندا، هەڵپەڕین تا بیسەلمێنن بۆ کاکی فارسی مارکسیستی کە ئەوەی باسی چارەنووسی کورد و مەسەلەی کورد بکات، دەبێت سزای ئەو تاوانەی بەم جۆرە بداتەوە و لە دۆزەخی حیزبی مۆدیرنی کوردیدا بسووتێت، چونکە کورد بوون چ لای دوژمنانی کورد یاخود لای حیزبی مۆدێرنی کوردی لێخۆشبوونی نییە، کفرێکە پاکنابێتەوە.
دەلیل بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە کە تاکو ئێستاش هیچ یەک لەو حیزبانەی ڕۆژهەڵات و باشوور لەبەر لوتبەرزیی و فیزییان داوای لێبوردنیان نەکرد بۆ ئەو ڕەفتار و تاوانانەی دەرهەق بە نەتەوەی کورد ئەنجامیاندا، وەک ئەوەی کە روداوەکان ئەوان ماک و سەرکردەی نەبووبن و بەهۆی پەیوەندییە پیسەکانی ئەوان و بەرژەوەندییە کەسایەتی و ماڵباتنییەکانی ئەوانەوە ڕوویان نەدابێت!!!
ئێستا دەپرسم: ئایا ئەم حیزبە کوردیانەی باشوور و ڕۆژهەڵات، بەو پاشخانە سیخوڕیی و سیاسەتە چەوت و پەیوەندییە گۆمانلێکراوانەیانەوە، ئاسایشی نەتەوەی کوردیان خستۆتە مەترسییەوە؟!! یا ئەو دەنگی میدیا ئازاد و کەسایەتییە ئازادانەی کە لەم جۆرە پەیوەندیانەیان نییە و تێکەڵ بەو سیاسەتە چەپەڵ و پیسە نەبوون کە دایان بەزێنیتە ئەو ئاستە نزمەوە؟!!
ئەوەی کە ئاسایشی نەتەوەیی کوردی خستۆتە مەترسییەوە و ئێستاش لەبەر بەرژەوەندی ئابووری و کۆمپانیاکانیان زیاتر و زیاتر دەستیان لەگەڵ دەزگا موخابەراتییەکان تێکەڵە کردووە، ئاسایشی نەتەوەیی کوردیان خستۆتە مەترسییەوە، چونکە ئەوان بە ئاشبەتاڵ و شەڕەزۆرەکانی سەرانی خۆیان کە ناویان نابوو( شەڕی براکوژی!!) چەندین جار ئەم نەتەوەیەیان لە لێواری نابووتبوون و فەوتان نزیک کردۆتەوە و ئێستاش بە پەلکێش کردنی ئاشکرای هێزەکانی داگیرکەری بەشێک لە کوردستان ( ئێرانی و تورکی) و دژایەتی کردنی تێکۆشانی سەربەرزیی خۆراوا و باکوری نیشتمان، زیاتر و زیاترلە جاران هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی کورد.