سیسته‌می
پاتریاركی سیسته‌مێكی چاوچنۆك و برسیه، هه‌میشه له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیه‌وه
ده‌ڕوانێته ژینگه‌كه‌ی. به‌درێژایی مێژوو ئه‌م چاوچنۆكیهی به‌ره‌و جۆره‌ها گرێی
ده‌رونی و ئاسته‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ژیاری بردوه. هیچكات هێنده‌ی ئه‌م
یه‌ك دوو مانگه‌ی رابردوو مرۆڤه‌كان زه‌لیل و ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوون له ئاست گه‌وره‌ی
ئه‌و گرێكوێرانه‌ی به‌هۆی لوتبه‌رزی و چاوچنۆكیانهوه به‌درێژای مێژوو
دروستیانكردوون. هاتنی ئه‌م ڤایرۆسه به‌ر له هه‌مو شتێك ئه‌گه‌ر له روی
بایۆلۆجیه‌وه له‌ده‌رگای ئه‌ندامی هه‌ناسه‌دانی دابین وه‌ك مرۆڤ، ئه‌وا به رووه‌كه‌ی
تردا له ده‌رگای مرۆڤایه‌تی داین، ئه‌وسا به لوله‌كانی ده‌رون و ویژدانماندا هه‌ڵكشا
تا بیری ئابوری و ژیاری و كۆمه‌ڵایه‌تیمان تاقی بكاته‌وه، هه‌تا ده‌ستوپه‌نجه‌ی
دانایی و ته‌كنۆلۆجی و لهخۆڕازیبونی شۆڕشی پیشه‌سازی و گڵۆبالیزهیشنی كاڵاكانی
دونیای سه‌رمایه‌داریمان بخاته ژێر ئه‌زمون و تاووتوێكردنهوه.
ئابوری، گڵۆبالیزه‌یشن و كۆرۆنا
ئه‌گه‌ر
شۆڕشی پیشه‌سازی و هه‌ڵكشانی بیری دروستكردنی رۆبۆته زه‌به‌لاح و مه‌كینه
ئۆتۆماتیكیه‌كان، ته‌نانه‌ت خودی شۆڕشی ته‌كنۆلۆجی به‌رهه‌می ئه‌و شۆڕشه بوبێت كه
تا دوو سێ مانگ پێشتر هێشتا له دنه‌ی خۆ به‌هێزكردن و به جیهانیكردنی بیری به جیهانیكردنی
بازاڕكردن وگه‌ڕان به‌دوای كه‌مترین هێزی كاردا بووبێت. ئه‌وا له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی بڵاو بونه‌وه‌ی
كۆرۆناوه، جۆرێكی تر له گڵۆبهڵایزی بیری ئابوری سه‌ری هه‌ڵداوه. ئه‌م بیره‌یان
له چوارچێوه‌ی تیۆریدا بناغه داده‌كوتێ و زوومی خۆی ده‌خاته‌وه سه‌ر پلان بی كه
پلانی پشتبهستنهوهیه به ئابوری ناوسنوور. له دوێنێدا، كراسێكی گه‌نجانه‌ی
زارا له دوبه‌ی و مه‌ككه مۆڵ و مه‌درید و ئه‌مستردام و نیویۆرك و پاریس‌دا هه‌موو
به‌یه‌ك مۆدێل و ره‌نگ و ته‌نانه‌ت نرخیش ده‌ست كڕیاره فره ره‌نگه‌كان ده‌كه‌وت
و دونیای سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر بنه‌مای بڕاند و ماركه‌و گیرفان پۆلێنی مرۆڤه‌كانی
ده‌كرد، كه‌چی دونیای ئه‌مڕۆی پیشه‌سازی، توانای ته‌نانه‌ت كێبركێشی نیه له‌سه‌ر
ئه‌وه‌ی كێ ده‌توانێ بازاڕی جیهانی بۆ كاڵا ته‌ندروستیه‌كان قۆرخ بكات! هه‌ر وڵاته‌و،
هه‌ر كۆمپانیایه‌و، هه‌ر بازاڕی نیشتمانیه له هه‌وڵی دابینكردنی پێداویستیه‌كانی
وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌تی و ماسك و ده‌ستكێش و سهنیتایزهری كحول به‌رز له براندو كاڵا
به‌رزه‌كان گرنگترن، ته‌نانه‌ت به هیمه‌ت و قیممهتیش بێ نایانه‌وێ بینێرنه ده‌ره‌وه‌ی
وڵاته‌كانیان. به‌ده‌لیلی ئه‌وه‌ی ئیتاڵیا‌و ئیسپانیا ئه‌گه‌رچی ئه‌ندامی كیشوه‌رێكی
سیاسی و كۆنفیدراسیۆنێكی به‌هێزی ئابوری گڵۆبهڵایزه، كه‌چی له ئاست بیری ته‌ندروستیدا،
هیچكام له ده‌سته‌خوشكانی یه‌كێتی ئه‌وروپایان له‌و تراژیدیایه‌ی تیایاندا رووده‌ده‌ن
نه‌بوونه فریادره‌س.
ئه‌م ڤایره‌سه، كارێكی به گڵۆبه‌ڵایزه‌یشن
و سه‌رمایه‌داری جیهانی كرد كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ پنتی خاڵیبونه‌وه له ریایكردن و
فراوانكردنی گاپهكان له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رمایه‌و ته‌كنۆلۆجیا. ده‌بینرێ، خۆراك و
ده‌سه‌سڕی ته‌والێت، هێنده‌ی ئه‌ڵماسه كیرات باڵاكان به‌های مه‌عنه‌ویان بۆ دروست
بوه لای ده‌وڵه‌مه‌ندێك و هه‌ژارێك وه‌ك یه‌ك، چونكه دۆخه‌كه به‌و ئاراسته‌یه‌دا
ده‌چێ بازاڕی سهرماگوزاری جگه له‌خۆراك و پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌كان به‌م
زوانه ئارام نابێته‌وه. كه‌واته هه‌موان ده‌بێ ده‌ست به‌وه‌وه بگرن كه هه‌یانه‌و
له خهزێنهكانیاندا ئه‌م ماوه‌یه عه‌مباریان كردن.
له‌به‌رامبه‌ردا گه‌لانی ده‌ستوپێ سپی و مشه‌خۆری
سه‌ر كانه نه‌وته‌كان له‌و ته‌مبه‌ڵیه به ئاگا ده‌هێنێته‌وه‌و ناچاریان ده‌كا
له‌م داخراویه سنوریه‌دا تێ بگه‌ن كه چیتر به‌ته‌نها پاره‌ی نه‌وت ناتوانێ سه‌لامه‌تیان
بۆ بهێنێ. زۆر دوور نیه ئه‌م داخراویه‌ی ژیان ناچاریان بكا بیر له دروستكردنی
كارگه‌ی باڵاتر‌و پشت به‌ستن به خۆ، به عه‌قڵ و توانای مرۆیی ناوخۆ له به‌رهه‌مهێنانی
كه‌ره‌سه تایبه‌تیه‌كانی خۆیان. وا بیر ده‌كه‌مه‌وه سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ له
جیهانی ئابوری له‌م ناوچانه‌دا ده‌خولقێ كه دوور نیه له جیهانی سێ و وڵاتانی
رهنتایهڵ و پرۆن به ململانێی تائیفی و ئاینیه‌وه به‌ره‌و قۆناغێكی تر هه‌نگاویان
پێ هه‌ڵبگرێ كه به‌ر له‌هه‌موشت له ئابوری رهیعیهوه بیانگوازێته‌وه بۆ سه‌ر
ئابوری نیشتمانی پشتبه‌ستو به ئیكتفای زاتی.
حوكمڕانی، سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و كۆرۆنا
پێ ناچێت سیسته‌مه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی دوای كۆتایهاتن به درمی كۆرۆنا وه‌ك خۆیان
بمێننه‌وه. له‌راستیدا ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ هه‌ڵوه‌رینی سیسته‌مه‌كانی ئێستا‌و
دروستبونی فۆرموله‌یه‌كی نوێیه بۆ حوكمڕانی. ئه‌مه به‌تایبه‌تی له سیسته‌می
جیهانیدا به‌دی ده‌كرێ و ده‌شێ یه‌كێتی ئه‌وروپا نمونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌م باسه
بێت.
گومانێكی گه‌وره هه‌یه له‌وه‌ی له‌كاتێكدا
له‌ژێر ناوی كۆنفیدراسیۆنی ئه‌وروپاییدا ته‌واوی پره‌نسیپه‌كانی تایبه‌ت به یاسا،
ئابوری و دراو، بازرگانی، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، ..تد رێكبخرێ و سنوره‌كانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه
هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه، كه‌چی له‌یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی گه‌ردونیدا، هه‌مو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی به‌درێژای ٧٥ ساڵی رابردو به‌ده‌ستیان هێناوه دابڕمێ.
سنوره نیشتمانیه‌كانی تا چه‌ند هه‌فته پێشتر
به‌ڕووی نه‌ك هاونیشتمانیانی ئه‌م كۆنفدراسیۆنهدا به‌ڵكو به‌ڕووی گهشتیارانیشیاندا
كراوه‌بوون، كه‌چی ئه‌م تاعونه وایكرد جارێكی تر بیری ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌سه‌ر
بیری كۆسمۆپۆلیتاریزم و گڵۆباڵیزهیشنی سیاسی‌دا زاڵ ببێ. ئه‌م درمه، ئابوریه به‌هێزه‌كان
و خاوه‌ن سیاسه‌ته پێشه‌واكانی ناچار كرد بچنه‌وه ناو خۆیان و هه‌وڵه‌كانیان بۆ
سه‌قامگیری ناوخۆی بێت وه‌ك له ئاشته‌وای و حوكمڕانی جیهانی.
له راستیدا له دۆسیه‌ی بریكسیتهوه پرسی
ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، به‌ڵام به هاتنی كۆرۆنا ئیتر ئه‌م
پرسه ده‌بێته مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌تمی . چونكه، ئیتاڵیا كه له شه‌ش ئه‌ندامه
دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌و به شه‌شه‌مین وڵاتی پیشه‌سازی جیهانیش
داده‌نرێ، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی به ژماره‌ی دانیشتوان، به كلتور‌و لێگه‌سی
یان به دۆزینه‌وه‌كانی بێت، دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م كۆنفیدراسیۆنهیه، كه‌چی ئه‌وه‌تا
له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نسه، هۆڵه‌نده‌و به‌لجیكاو لۆكسهمبورگهوه ته‌نانه‌ت
ناردنی سه‌ره‌تاییترین پێداویستیه‌كانی ژیان بۆی، ره‌تكرایه‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌خاتری
پاراستنی ئاسایش و ئابوری خۆراك و ته‌ندروستی نێوخۆیی ئه‌و وڵاتانه كه به‌پێشه‌واو
دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌ناسرێن..
بۆیه، پرسه‌كه هه‌ر لێره‌دا ناوه‌ستێ، به‌ڵكو
ئه‌گه‌ر هه‌یه له‌دوای كۆرۆناوه چه‌ندان وڵاتی تر ئه‌گه‌ر توانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
ئه‌م یهكێتیهشیان نه‌بێ، هاوشێوه‌ی به‌ریتانیا بیر له چونه‌ده‌ره‌وه لێی بكه‌نه‌وه‌و سنوره‌كانی
خۆیان به‌رووی ته‌واوی ئه‌وروپادا بۆ پێش ئه‌ندامێتیان له یه‌كێتی ئه‌وروپا بگه‌ڕێننه‌وه.
به‌مه‌ش ئیتهلیكست و سپهینیكست و ره‌نگه هاوڵاتیانی چه‌ندان وڵاتی تر به
پاشكۆی ئیكستهوه پارله‌مان و فه‌رمانڕه‌واكانیان ناچار بكه‌ن له‌م یه‌كێتیه نهبهكامهی
٢٧ ده‌سته‌خوشكی زڕ پێكیان هێناوه بێنه‌ده‌ره‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر زۆره ئه‌م پرسه جارێكی تر
سیسته‌می جیهانی له سیسته‌مێكی پلانگێڕی و كێبه‌ركێی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بگلێنتهوهو
بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌جۆرێك به‌هێز ببێته‌وه كه مایه‌ی سه‌رله‌نوێ
زیندوكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌ش بێ كه هاوشێوه‌ی كورد به‌هۆی پرسی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه
تا ئێستا به فۆڵده‌رێكی داخراو له چه‌كمه‌جه‌كانی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه
جیهانیه‌كاندا ماونه‌ته‌وه.
راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر تا سه‌رده‌می
ده‌ركه‌وتنی كۆرۆنا سه‌رمایه‌داری نیۆ لیبڕال-دیمۆكراسی جۆرێك له پلانگێڕی كۆمه‌ڵگه‌یی
ناوخۆی دروستكردبوو كه تاك و بنه‌ماڵه‌و ده‌سته‌بژێره به‌هێزه ئابوریه‌كانی وه‌ك
پۆپولیستی سیاسی كردبوه سه‌رداری سیاسه‌تی جیهان و به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانی
ئابوری و سیاسی، ئه‌م تاكانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌جۆرێك به‌یه‌كه‌وه
گرێدابوو، كه سنوره نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانیهكانیان ده‌به‌زاندو به پشتبه‌ستن به‌و
دهستوپێوهندگهریه نێوده‌وڵه‌تیه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌هێزی كردبوو، مانه‌وه‌و
ده‌سه‌ڵاتی زیاتر مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام كۆرۆنا هه‌مو ئه‌و ده‌ستانه‌ی بڕی و بووه
هۆكارێكی سه‌ره‌كی گه‌ڕانه‌وه بۆ پشتبه‌ستن به هێزو توانا نێوخۆییه‌كان. له‌مه‌شه‌وه،
ئه‌گه‌ر زۆره پلانگێڕی كۆمه‌ڵگه‌یی
ناوخۆیی كه‌مبێته‌وه‌و له‌حیم و یه‌كڕیزی له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ی دروستبكا.
سۆڵیداریتی نێوخۆ ببێته سه‌ره‌كیترین پره‌نسیپی هێز، له‌به‌رامبه‌ردا پلانگێڕی
نێوده‌وڵه‌تی زیاد بكا. به‌جۆرێك، وڵاتانی دوێنێ ده‌سته‌خوشك ببنه كێبهركێكارو
بگره ململانێكاری یه‌كتر بۆله‌مه‌ولا.
سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نیۆلیبڕالیزم
وایكردوه، به‌دیدێكی قوڵ بڕوانرێته به‌هاكانی بهكهمسهیركردنی مرۆڤ و باڵادهستدان
به رۆبۆت و هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌مه‌ندی بێ ویژدان. گلۆربوونه‌وه بۆ
ئاستێكی نزم له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كۆیله‌ی سه‌رمایه‌داری و له‌خۆ ده‌رچون، گه‌ڕان
به‌دوای ئیممۆرتهلیتی و نه‌مریدا، په‌نابردنه به‌ر ده‌یان و سه‌دان پرۆسه‌ی
جوانكاری و خۆ گه‌نجكردنه‌وه، هه‌موو ئه‌مانه له‌م سیسته‌مه‌ی ئه‌مڕۆدا پرسیارگه‌لێكی
قوڵی فه‌لسه‌فی و مه‌عریفین له‌وانه‌ی درێژه پێدهرین له‌وه‌دا ئاخۆ مرۆڤبوون چی
ده‌گه‌یه‌نێ؟ ئاخۆ هه‌بونی دوو قاچ به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بیچمێك به مرۆڤی بمێنێته‌وه؟
ئایا ئیستغلالكردن و خراپبه‌كارهێنانی زیاد له‌پێویستی ژینگه‌و ژیان بێ به‌رامبه‌ر
و بارته‌قا ده‌مێنێته‌وه؟
ویژدان، ئه‌خلاق و كۆمه‌ڵگه له‌سه‌رده‌می
كۆرۆنادا
كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی له چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك
پێشتری ناچێت. ئه‌و ماسكانه هه‌مو دڕان كه مرۆڤه‌كان له‌ژێر ناوی بڕاندو
جوانكاری و توانای ئابوری و بڕوانامه‌و توراسی خێزانی و نه‌ته‌وه‌یدا لهروخساریان
كردبوو. ئه‌مڕۆ یه‌ك جۆر ماسك به‌روخساری هه‌موانه‌وه ئه‌بینرێ، ئه‌ویش ماسكی
مانه‌وه‌یه له‌ژیاندا، ماسكی خۆپارێزیه له كۆرۆنا، كه سه‌دانی له رابردوی
نزیكدا به چه‌ند دۆلارێك ده‌كڕدرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كه‌س ئاماده‌یی تیا نیه بیبه‌خشێته
كه‌سی تر، ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه پێشتریش ژینگه‌و ژیانیان به دوانه‌یه‌كی له‌یه‌كتر
دانه‌بڕاو ده‌بینی.
ئیتیك و ره‌فتاری مرۆڤایه‌تی له‌مڕۆدا، هه‌نگاوێكی
به‌رزی به ئاراسته‌ی ئاشتبونه‌وه له‌گه‌ڵ ژینگه، له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تی، له‌گه‌ڵ
سروشتدا ناوه. ئه‌گه‌ر دونیای سه‌رمایه‌داری نیۆلیبڕاڵی به‌رهه‌مهێنی كاراكته‌ری
به‌هێزی جیهانی و ئابوری و گڵۆباڵ بوبێ، ئه‌وا كۆرۆنا نه‌ك سیمای ئاكتهرهكان، به‌ڵكو
خودی ئاكتهرهكان و بههاكانیانی گۆڕی له‌وه‌دا پاڵه‌وانی نیشتمانی نوێ و كاره‌كته‌ری
مرۆڤدۆست، ژینگه دۆست، به‌ویژدانی ئه‌وتۆی هێنایه گۆڕه‌پانی مرۆڤایه‌تی كه
پێشتر كه‌س نه‌یده‌ناسین و ئه‌و به‌هایانه‌ش كه ئه‌مڕۆ بیری لێده‌كرێته‌وه ته‌نها
جێبایه‌خی گروپێكی بچوكی جیهانی بوون له دوێنێدا.
پێ ده‌چێت ئه‌م وه‌رچه‌رخانه گه‌ردونیه، له
ئه‌نجامدا پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ به‌رهه‌م بێت كه ده‌یان زانای سۆسیۆلۆگ
پێشتر له تێزهكانیاندا باسیان لێوه كردوه. به‌ڵام، به‌دیوه‌كه‌ی تردا كۆرۆنا
نه (هیوای هه‌زاره)[1]كه‌ی
ئیبن خهلدونهو نه پێغه‌مبه‌ری فریادره‌سی ئیمانداران. به‌ڵكو ئه‌مه ئه‌و نه‌واته
شاراوانه‌ی مرۆڤایه‌تیه كه له‌هه‌ڵكشانی زوڵم و زۆری خودی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ته‌قنه‌وه‌و
به پرۆسه‌یه‌كی رادیكاڵانه نۆڕماڵیزهكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیتیكی گشتی به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه.
له‌م پرۆسه‌ی ریپرۆدهكشنهوهدا، ئه‌وه‌ی كه به‌رهه‌مدێته‌وه مرۆڤه‌كانه، به‌ڵام
به ئیتیك و ئه‌خلاق و ویژدانێكی نوێوه كه تیایدا له‌جێگای چاكه‌و به‌رژه‌وه‌ندی
خۆپه‌رستانه‌ی تاك و گروپی بچوك، چاكه‌ی گشتی ده‌كه‌نه ئامانج و پره‌نسیپی باڵا.
چونكه له‌دواجاردا كۆرۆنا چیه جگه له به‌رهه‌می
خراپ مامه‌ڵه‌كردنی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ژینگه‌كه‌یدا. كونبوونی چینی ئۆزۆن، گه‌رمبونی گه‌ردونی
(گڵۆبه‌ڵ وارمین) و جۆره‌های جۆری ته‌نگژه جیهانیه‌كان به‌رهه‌می خودی مرۆڤ خۆیه‌تی
و له ئه‌نجامی چاوچنۆكیه‌كانی سیسته‌می پاتریاركیهوه خولقاوه. هه‌ڵبه‌ت، سه‌پاندنی
سوپهرێتی مرۆڤ به‌سه‌ر ژینگه‌و گهردونداو گونجاندنی ژینگه‌و زه‌مین له‌گه‌ڵ
ویسته‌كانی مرۆڤدا وه‌ك له‌وه‌ی به‌ڵانس له‌نێوان خواسته‌كانی مرۆڤ و تواناكانی
ژینگه‌دا رابگرین، ڤایرۆسی وه‌ك كۆرۆنا به‌رهه‌م ده‌هێنێ. چونكه، ئه‌وه ئێمه‌ی
مرۆڤین ملیۆنان هێكتار زه‌ویمان پیس كردوه‌و جۆره‌ها دژه ژیانمان فڕێداوه‌ته قوڵایی
ده‌ریاكانه‌وه. كه‌وایه پرسیاره جه‌وهه‌ریه‌كه ئه‌وه‌یه، كۆرۆنا ده‌بێت چی
بێت جگه له خۆگونجاندنی ته‌نێكی مایكرۆبایۆلۆجی له‌گه‌ڵ هه‌وڵه چاوچنۆكه‌كانی
ئێمه‌دا. له‌دواجاردا له غیابی ویژدان و
ئاگایی خۆ گونجاندنی ئێمه‌دا له‌گه‌ڵ گه‌ردوون دا، ته‌نه‌كانی گه‌ردوون له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی
ئێمه‌دا خۆیان ده‌گونجێنن، بۆیه كۆرۆناو هاوشێوه‌كانی كۆرۆنا به‌رهه‌م دێت!
[1] محه‌مه‌د مه‌هدی هیوای هه‌زاره‌یه له‌دیدی لێكدانه‌وه‌كانی
ئیبنخهلدوندا كه خه‌ڵكانی موسوڵمان به تامه‌زرۆوه چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن و له‌ئه‌نجامی
لادانی زۆر له ئاینی ئیسلام وه‌ك چاكه‌كارێك خه‌ڵك به ئاراسته‌ی خودا په‌رستی
راسته‌قینه‌دا هه‌نگاو پێ ده‌نێ.
د.ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج, پسپۆڕی زانستی سیاسی-ە