شەوی یەڵدا پەیوەند بەکورد
فارس نەورۆڵی
2019-12-20   1178
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەرئەوەی لانکەی ئایینەکانە، بۆیە جێگای جەژن و بۆنە و ئەفسانەکانە، لەبەرئەوە ھەندێک بۆنە و جەژن ھەیە چەند نەتەوەیەک خۆیان بە خاوەنی ئەزانن چونکە ڕەگی ئایینیان ھەیە، د. عبدالکریم سروشت لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئایینەکان چونییەکی ھاوبەشیان ھەیە، بەڵام یەک ناوەڕۆکیان نییە. لەمێژووی ئەم ناوچەیەدا چەندین جەژن و بۆنەی ئایینی ھەن، بەڵام بەپێی گۆڕانکاری سیاسی دەستکاری ناوەڕۆکی بۆنە و جەژنەکان کراوە، گۆڕدراوە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی تر، بۆ نمونە ئایینی میترا ئاینی کورد بووە کەچی ئێستا زەردەشت بە ئاینی کورد دادەنرێت، لەکاتێکدا زەردەشت میترا بە ئەھریمەن و شەیتان دەناسێت و ئاینی زەردەشت لەسەر بناغەی ڕەتکردنەوەی میترا داڕێژراوە.
لێرەدا نامەوێ بچمە قووڵی ڕاست کردنەوەی ئەم مێژووەوە، ئەمە جێدەهێڵم بۆ مێژوونوسان و زانکۆکان، کە دەبێت تەپوتۆزی مێژوونوسانی دەوروبەر لابدەن و لە شوێنەوارەکانەوە بگەڕێن بۆ مێژووی ڕەسەنی کورد. ئەوەی مەبەستە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم شەوی یەڵدایە، مەبەستمە بزانین ڕەگوڕیشەی ئەم وشەیە یاخود ئەم جەژنە لە کوێوە ھاتووە، چ پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە، بۆچی کەمترین گرنگی پێ دەدەین؟
شەوی یەڵدا جەژنی زستان
یەڵدا یەکەم ڕۆژی زستانە و کورتترین ڕۆژ و درێژترین شەوی ساڵە، ئەم وشەیە (یەڵدا) لەزمانی سریانیدا کە بەشێکە لەزمانی ئارامی کۆنەوە ھاتووەتە نێو زمانەکانی ترەوە، بە واتای کاتی لەدایکبوون دێت و ھاوکات، ڕۆژی لەدایک بونی (میترا) بووە، ھۆکاری پیرۆزیشی ھەر بۆ میترا گەڕاوەتەوە، ئایینی میترای پێش زەردەشتییەت و مەسیحییەت ئایینێکی بەربڵاوبووە لە جیھاندا، ساڵی ٦٨زایینی، ئەم ئایینە گەیشتووەتە ئەوروپا، ١٠٧ زایینی تاوەکو باکوری بەڵکان چوون، لە ساڵی ١٤٨ لە ڕۆما لایەنگری زۆری پەیداکردووە، ھەروەھا لە وڵاتانی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا شوێنەواری ماوەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئیمپڕاتۆری ڕۆم ئایینی میترایان پەسەندکردووە، بووە بە ئاینی فەڕمی دەوڵەتەکەیان، ھەروەھا لە ناو سوپای یۆنان و سەربازە یۆنانییەکاندا، میترایان بە سیمای خودای جەنگاوەران لە قەڵەمداوە و لەسەردەمی کۆستێن تێن، ڕۆمە بێزەنتییەکان مەسیحییەت قبوڵدەکەن بە ئایینی ڕەسمی، ھەندێ دەسکاریدەکەن ڕۆژی لەدایک بوونی مەسیح نزیک دەکەنەوە لەڕۆژی لەدایک بوونی (میترا)، لەدایکبوونی میترا ٢١ی دیسامبەرە لەکاتێکدا لەدایکبوونی مەسیح کراوە بە ٢٥ی دیسامبەر.
زەردەشتییەکانیش ئەم جەژنەیان لە میتراییەکانەوە وەرگرتووە یان بۆیان ماوەتەوە، ئەوەش دەبێ بزانین ئەوەیە کە میترا وەکو کەلتور و ئایینی مادەکان ھیچ کات ڕۆڵی دین و خودایەکی بۆ پەرستش نەبووە. میترا گرێبەستی کەلتوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی مادەکان (کوردەکان) بووە، ئەوەی جێگای وردبونەوەیە لە ناو کورددا، ناوی ھەموو پێغەمبەران و یاران و شوێنکەوتوانیان ھەتا زەردەشت ناوی منداڵی کوردی لێنراوە، کەچی زۆر بەدەگمەن ئەگەر ھەبێ ناوی منداڵێکی کورد بەناوی میتراوە نەنراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێواندنی مێژوو و ناشرینکردنی مێژووی کورد لەلایەن دوژمنەکانی کوردەوە. کەواتە لێرەدا دەزانین کەشەوی یەڵدا، شەوی لەدایکبوونی میترایە، ئەمساڵە ٢٠/٢١/١٢/٢٠١٩ لە کوردستان بەبۆنەی شەوی یەڵدا چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێت.
سەرچاوە:
١. ئاینی زەردەشت پەیوەند بە کورد. (عوسمان علی و دیداری علی).
٢. کوردناسی (زەکەریا قادری).