- ئێستا پایتەختی سوریا ھێزی جیا جیای تیدایە (دورزی، تەنەف، فیرقەی ٥ی سوپا)، سوپای ئیسرائیل داخلی سوریا بووە و تەنیا ٢٠ کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دورن و رێگە نادەن ھێزێکی جیھادی دراوسێیان بێت.
- مەترسی جدی لەسەر کورد ھەیە و ھەسەدە بەرگریەکی بێ وێنە دەکات و ھاوپەیمانان لە رۆژھەلاتی فۆرات پشتیوانن، تورکیاش بەھەموو توانا و ھێزێک ھێرش دەکات.
- ناکۆکیەکانی لە نێوان تەحریر شام و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا (سەنەسە) بە شەڕ کوتایی پێدێت، تورکیا لە سوریادا لاواز دەبێت.
زۆر لەسەر کەوتنی رژێمی بەعسی قەومی سوری بە سەرۆکایەتی ئەسەد ناوەستم چونکە ھۆکارەکان روون و زەلالن بۆ ھەموو لایەک، بەڵام پێش کەوتنی ئەسەد بە چەند رۆژێک کە گەیشتمە دیمەشق بینم سوپایەکی نارێکخراو فەسادی ئاشکەرا کە لە ٣٢ بازگە پارەیان لێوەرگرتین کە ببو بە عورفی سوپا تەنانەت لە فرۆکخانەش، ھەموو دامەزراوە و دوکان و جاددە و کۆنێک وێنەی سەرۆکیان ھەلواسی بوو وەک لای خۆمان لە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھاورێ سوریەکانم گفتۆگۆمان دەکرد خەلکی دیمەشقیش ئنتیمایان بۆ رژێم نەمابوو، بەڵام ھیچ ئازادی و دەرفەتی دەربڕین و قسەیان نەبوو .
ھۆکارە سەرەکیەکان کەوتنی ئەسەد بریتی بوون لە:
لەدەستدانی دوستەکانی بەھۆی خۆ یەکلایی نەکردنەوەی، دۆخی خراپی دارایی و بێ دیسپلینی و ستەمی سوپای سوریا ، لاوازبوونی حزبوڵڵا بەھۆی شەڕی ئیسرائیلەوە لە لوبنان، بڕینی دەستی ئێران لە شام، بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنج بوو رووسیا بەھۆی شەڕی ئۆکرانیەوە وەکو پێویست بەرگری لە حکومەتی ئەسەد نەکرد و پێم وایە پاداشتەکەی لە ئوکرانیا وەردەگرێت دوای دەستبەکاربوونی کابینەی کۆمارییەکانی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵت تڕەمپ.
- ئیسرائیل تەواوی سنوری خۆی لەگەڵ سوریا دەپارێزێت، رۆڵی لە دیمەشق ھەیە.
سەرەتا چەکدارەکانی تەحریر ئەل- شام بە باشی بۆشایی ھێز لە سوریایان قۆزتەوە و لە ئدلیبەوە بۆ ریفی حەلەب و دواتر وەک بلێسە تا حەلەب و حەما و حومس ڕویشتن و لە حومس وەستنێران، و ئسرائیل و ھاوپەیمانانی دژی داعش رێگەیان نەدا شانازی گرتنی پایتەخت بۆ ئەوان بمێنێ و ئێستا گروپی دیکە بەھێزترن لە باشوری سوریاوە ھێزەکانی دورزی لە سوێدانەوە، لە تەنەفی سەر سنوری سوریا- ئوردن ١٥ ھەزار چەکداری ڕاھێنانپێکراوانی سوپای سوریای ئازاد (ئەم ھێزە سەر بە تورکیا نین و راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکا و ھاوپەیمانان دان).
ئیسرائیل لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجامداوە بە جۆرێک:
-ھێزی ئاسمانی سوریای لەناوبرد
-ھێزی دەریایی سوریای وێرانکرد
-لەناوبردنی کۆگاکانی ماددە و دامەزراوەکانی توێژینەوە کیمیاوییەکان
-دەیان شوێنی ھەڵگرتنی مووشەکی لەناوبرد
-دەست بەسەر زەوییە بەرزەکاندا گرتووە و بەرزترین شاخی کۆنترۆڵکرد کە بەرزایی لوتکەی دوو ھەزار و ٨١٤ مەترە و کاریگەری ڕاداری بەسەر سوریا و لوبنانەوە ھەیە.
ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە و لە باشوری سوریاوە ھێرشیان کردووە و تەنیا ٢٠ کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دورن، تەواوی ژێرخانی سەربازی ئاسمانی، دەریایی و کۆگاکانی چەکی سوپای سوریای رۆخاند بۆ ئەوەی چەکەکان نەکەونە دەست حکومەتی ئاییندەی دیمەشق و دەسەڵاتێکی تەواو لاوازیان ھەبێت.
- تورکیا لە ئاییندەی سوریادا لاواز دەبێت، تەحریر شام و گروپەکانی سەر بە تورکیا توشی شەڕ دەبن.
راستە لە ئێستادا تورکیا ئەکتەرێکی بەھێزە لە سوریادا، بەڵام بەم شێوەیە نامێنێت و کارتەکانی دەستی لەدەست دەدات و رۆلی دەمێنێت بەکام بە لاوازی، بە تایبەتی ھەیئەی تەحریر ئەل- شام (ھەتەشە) بە تەواوەتی ناچێتە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیا و لە ئێستادا ناکۆکی توند ھەیە لەگەڵ سوپای نشتیمانی سوریا (سەنەسە) کە راستەوخۆ سەر بە تورکیان ھەیە.
چەکدارانی (سەنەسە)ی سەر بە تورکیا و گروپی عەمشات وەک چەتە و گرووپی تیرۆریستی ھەژمار دەکرێن، ئەوان بە تووندی دژ بە کورد شەڕدەکەن و بەرنامە و ئامانجە سیاسیی و سەربازییەکانی تورکیا جێبەجێدەکەن، وەک ئەوەی لە داگیرکردنی عەفرین و داگیرکارییەکانی تورکیا بەناوی دروستکردنی (ناوچەی ئارام) دژ بە کورد ئەنجامیاندا. لە ئێستاشدا ئەو ھێزە چەکدارە لەدزی و تاڵانکردن و ستەمکاری بەردەوامە، لە کاتێکدا چەکدارانی تەحریر ئەل-شام تا رادەیەک بەدیسپلینترن و کەمتر پەنیاین بردۆتەبەر تاڵانکردنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی.
بەپێ ئەو سەرچاوانەی لەگەلمان لە پەپیوەندی دا بوون لە شەھبا و تل رەفعەت چەکدارانی (سەنەسە)ی تورکی رێگێریان لە ئاوارەکانی عەفرین دەکرد کاتێک ویستیان بچن نۆ تەبقا و چەند گەنجیان شەھیدکرد، لەسەر ئەمە لە ٣ی کانونی یەکەم شەڕ لە نێوان ئەوان و تەحریر شام دا روویدا، چونکە ئەبو محەمەد جۆلانی بەڵێنی بە ھەسەدە داوە شەڕی کوردەکان نەکات و ئاوارەکانی عەفرین کە حەوت ساڵە لە شەھبا نیشتەجێ بوون بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژھەلاتی سوریا.
کۆبوونەوەی ئەبو محەمەد جۆلانی لەگەل محەمەد جەلالی سەرۆک وەزیرانی ئێستای سوریا بۆ راسپاردنی پێکھێنانی حکومەتی رزگاری نشتیمانی بە سەرۆکایەتی محەممەد بەشیر سەرۆک وەزیرانی ڕزگاری سوریا لە ئیدلب تورکیای و ئەردۆگانی نیگەران کردوە چونکە (سەنەسە)ی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوون و بانگھێشت نەکراون، واتە رۆل بە گروپە چەکداریەکانی تورکیا نەدراوە. ئەگەر ئەم حکومەتە بێ بەشداری پێکردنی گروپی تورکیا پێکبھێنرێت من پێم وایە ناکۆکیەکانی تەحریر ئەل- شام لەگەل (سەنەسە)ی تورکیا سەر بکێشێتە شەڕ و پێکدادان و چەتەکانی تورکیا توشی شکست دەبن.
راستە تورکیا پالپشتی زۆری تەحریر شام کردووە و ھەموو ھاوکاریەکانی لە رێگای تورکیاوە پێدەگەیشت و بە ئیستاشەوە دوستیانە، بەڵام ئیستا تەحریر شام پێویستی جارانی بە تورکیا نیە و زۆربەی سوریایان بەدەستەوەیە و دۆست و سنوری دیکەی ھەیە.
- جۆلانی و تەحریر ئەل- شام وەک کارتێکی کاتی و پەیوەندی بە (ئێم ئای ٦)ی بەریتانی.
ئەحمەد حسێن ئەل- شەرع ناسراو بە )(ئەبو محەمەد جۆلانی) کە دامەزرێنەری "بەرەی نوسرە"ی تیرۆرستی بوو کە لقێک بوون لە رێکخستنی "ئەلقاعیدە" لەژێر فەرمانڕەوایی ئەبوو مسعب ئەل-زرقاوی، لە ساڵی ٢٠١١ بەیعەتی دا بە ئەبوبەکر ئەل- بەغدادی و دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ لێیان جیابوویەوە و بە ئێستاشەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە، و ئێستا سەرکردایەتی ھەیئەی تەحریر شام دەکات، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەگەڵ بەریتانیەکان لە پەیوەندی دایە و سەپورتی دەکەن. ئەندازیاری ئەم پەیوندیەش ڕیچەرد مۆرد ە کە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٥ بالیۆزی بەریتانیا بوو لە ئەنقەرە و دواتر بوو بە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگیری بەریتانیا (ئێم ئای ٦).
سەرباری ئەوەی تا ئێستا جۆلانی لەسەر خۆ و ئاقلانە مامەڵە لەگەل دۆخەکە دەکات، شەڕی کورد و پێکھاتەکانی دیکەی سوریا ناکات و پەیامی بۆ وڵاتانی درواسێ ئێراق، ئوردن و لوبنان ناردووە کە نابێت بە مەترسی بۆ سە ئەوان و رایگەیاندووە: "ئێمە ھێزێکی سورین و ئامانجمان رۆخانی رژێمی ئەسەد و بنیاتنای سوریایە" وەک ئاماژەیەک بۆ ئسرائیل و ئەمریکا و رۆژئاواش کە نابێتە بەشێک لە دژیان، بەڵام گروپە چەکدارەکانی تەواو ئیسلامی توندڕەون و باگراوەندی جیھادی خۆدی جۆلانیش رێگرە لەوەی پایتەختی سوریا و دەسەڵاتی یەکەمی لای بمێنێت، ناشکرێت حکومەتێکی ئیسلامی جیھادی لە سوریادا ھەبێت و دراوسێی ئیسرائیل بێت، مەگەر جۆلانی تەواوی مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێبکات ھاوکێشەکە دەگۆڕێت.
- مەترسیەکانی سەر ھەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و باکور و رۆژھەلاتی سوریا جدین، تورکیا بەھەموو ھێزییەوە ھێرش دەکات.
تورکیا بێ جگە لە ھێرشەکانی پێشتری لە ٣٠ی تشرینی دووەم ەوە و بە تایبەتی لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری رابردوودا لە رێگای ھێرشی ئاسمانی و لەرێگای ووشکانیەوە بە ئاراستەکردنی سوپای نشتیمانی سوریا (سەنەسە) کە راستەوخۆ سەر بە تورکیان لە ھەوکی کۆنترۆلردنی شاری مەنج دایە، بەڵام ھێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک (ھەسەدە) بەرگریەکی بێ وێنە دەکەن و تەواوی ھێرشەکان تێکشکێنراون.
ھاوپەیمانانی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە رۆژئاوای فۆراتەوە ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە ھەسەدە، مەنبج تاکە شوێنە لە دیوی رۆژئاوای فۆراتەوە لەدەست ھەسەدە دا مابوو، مەبەستی تورکیا لە کۆنترۆکردنی ئەوەیە لەوێ وە تا کۆبانێ بچێت، رادەستکردنی مەنبج بە ھەماھەنگی ھاوپەیمانان لێکتێگەیشتن لەسەربکرابوو، بەڵام ھەوڵی کۆنترۆلکردنی کۆبانێ لە لایەن تورکیاوە زۆر قورس دەبێت چونکە شەڕڤانان ئامادەکاریان کردووە و ھاوپەیمانانی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بێدەنگ نابن.
تورکیا بەھەموو رێگایەک پالپشتی عەشیرەتەکانی دێرەزۆر دەکات دژی ھەسەدە بوەستن، دێرەزۆر زۆر گرنگ و ستراتیجی یە لە رووی جیۆپۆلیتیکی سوریا و ئێراق (ئەلبوکەمال و قایم) بەیەکەوە دەبەستێن، ھەروەھا گەورەترین کێڵگەی نەوت و غازی لێیە.
تورکیا دەیەوێت پێش گتۆگۆی پێکھێنانی حکومەتی نوێ سوریا و بەر لە دەستبەکاربوونی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ زۆرترین رووبەری باکور و رۆژھەلاتی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە دایە کۆنترۆل بکات تا کورد بە لاوازی بچنە نێو ھاوکێشەی سوریایەکی نوێ.
سەرباری ئێستا ھەسەدە کاریگەرترین و بەھێزترین و رێکخراوەترین ھێزە لە سوریا، بەڵام مەترسیەکانیش جدین و تورکیا زۆلھێزە و ئێستا کارتی بەھێزی بەدەستەوەیە و لەوە تێدەگات لە ئاییندەدا ھێزەکەی و کارتی سەنەسە لە سوریادا تەواو لاواز دەبێت، بۆیە بەھەموو نرخێک کار بۆ لاوازکردنی کورد دەکات لە سوریا، لە بەرامبەردا شەڕڤانانی ھەسەدە بە ھەموو خۆراگری و قوربانیدانەوە بەرگری دەکەن و ھیوای سەرکەوتنیان مسۆگەرترە.
بێ جگە لە لە بە ھێزی ھەسەدە لە رووی سەربازی، ئێستا پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانیشی لە ئاستێکی باڵا دایە بە تایبەتی لەگەل ھاوپەیمانانی دژی داعش و لە ئاستی ولاتانی عەرەبی ئیمارات، ئوردن و مسر دۆستیانن و نایانەوێت تورکیا لە سوریادا باڵا دەست بێت.
- کورد و ئیسرائیل
دەربارەی پشتیوانی ئیسرائیل بۆ کوردەکان لە سوریا، بە کردەیی ھیچ راستییەک نییە و تائێستا پشتیوانییەکانیان تەنیا لە رێگای لێدوان و میدیاکانەوە بووە، ئەمەش لەناو جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا تەنیا دوژمن بۆ کورد زیاد دەکات، چونکە ئەگەر مەبەستیان بێت بە کردەیی پشتگیری کورد بکەن، چۆن لە شەڕی کەرەباخدا دژی ئەرمینیا بە چەک و تەنکۆلۆژیای سەربازی ھاوکاری ئازەربایجانی کرد تا سەرکەون بەسەر ئەرمینیا و بەبێ ئەوەی ھیچیش بڵاوبکەنەوە، ھەمان ئەو سیناریۆیە لەگەڵ کوردیش چاوەڕوانکراوە، چونکە خودی ئامانجەکە پشتیوانیکردنی کورد نیە و بە پێچەوانەوە لەگەڵ تورکیا بەرژەوەندییان ھەیە، کە ھەردووکیان خوازیارن سوریایەکی لاواز و بێ سەروەری دراوسێیان بێت.
رووخانی رژێمی بەعسی سوریا و کەوتنی دکیتاتۆرێک لە ناوچەکە زۆر گرنگە بۆ سوریا و تەواوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام پێکھێنانی حکومەتێکی دادپەروەر و نووسینەوەی دەستورێکی نوێ کە تیایدا دیموکراسی و مافی گەل و پێکھاتەکانی سوریا زامنکراوبێت، تەنیا رێگایە بۆئارامی و خوشگۆزەرانی سوریا، ئەمەش گرنگترە لە تەنیا رووخاندنی خودی رژێمەکە. بەڵام وەک دەیبینین سوریا لەبەردەم ئاڵنگاری و ئاستەنگی زۆر و سەختدایە، چونکە لە دەرەنجامی دەستبەردارنەبوونی ئەسەد لە دەسەڵات و دەستتێوەردانی دەرەرکی، دەیان گرووپی چەکداری جیاوازی تووندڕە و تیرۆریست ھەن، وادەکات جارێکی دیکە جێبەجێکردنی ئەجێندای ولاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەریەککەوتن لە نێوانیاندا دروست ببێت کە سوریا بخاتە ناو شەڕێکی ناوخۆی مەترسیدارەوە.
بەو ھیوایەی سەرکەوتن بۆ گەلانی سوریا و زامنکردنی ستاتۆیەکی دەستوری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان بێتە بەرھەم. ھەبوونی سوریایەکی ئارام لە قازانجی ئارامی عێراق و تەواوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدایە، بە پێچەوانەشەئاگری شەڕەکە دەگاتە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش.