ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای ڕەوشتی کۆمەڵگەی کوردستان بکەین و بەراوردی بکەین لەگەڵ ڕابردوو ، دەبینین جیاوازیەکی زۆر هەیە و ، لەو سەردەمی ئێستادا ئەخلاقی کۆمەڵگە لە پاشەکشە دایە و ڕۆیشتووە ، کە ئەمەش کۆمەلگەیەکی خەراپ و کڵۆڵ بەرهەم دەهێنێت ، هەر بۆ نموونە جاران لە قووتابخانە ڕۆژانە قووتابی دەوەستا ، مامۆستا پشکنینی قژ«کەنیاندەهێشت دریژ بیت » و پشت ملی کراس و دەست و نینۆک و پاک و خاوێنی و درۆنەکردن و بەرپرسیارەتی و جدیەت و کۆمەڵێک ڕیسای تری ئەخلاقی دەکرد کە دەبا قووتابی پابەندی بێت ، ئەمە جگە لە بانگکردنی بە بەرنامەی باوکی قووتابی ، ئەوکات گرنگترین شت کە دەبوو لە قووتابخانە فێری بیت بریتی بوو لە : ڕەوشت و پەروەردە ، کاتێک ئەخلاق دەبێتە پڕۆسەیەکی مومارەسەی ڕۆژانە هەرگیز هیچ نیگەرانیەک لەسەر ئەو نەوەیە بۆ فەشەلهینان نیە !! کزبوونی بەها و ئەخلاق و دابونەریتی ڕەسەن ، گەندەڵی و کوشتن و تووندوتیژی و بێبەرهەمی و دواکەوتوویی و نەخۆشی دێنێتەدی ، بۆ دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەو نەخۆشیانەی کە پێیوە دەناڵێت پێویستیمان بە گەڕاندنەوەی کۆدی ڕەوشتە ، پاراستنی ڕەوشت گرنگترین پڕۆسەیە ، چونکە تاکەکەس لە هەموو ئەو کارانەی دەیکات گفتوگۆ لەگەڵ خۆی دەکات ، مرۆڤی ئاسایی مەنزومەی ڕەفتارەکانی هەڵدەبژێریت کە لە پەروەردە و پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی کۆمەڵایەتی وەریگرتووە کە خیزان و کۆمەڵگە و ڕۆشنبیریەکەی لەسەری وەستاوە . جاران مرۆڤ رەقیبی خۆی بوو ، بەڵام بەداخەوە لەکن ئێمە سانسۆری سیاسی و ئەخلاقی و ئەدەبی و خیزانی نەماوە ، لە کۆمەڵگەیەک کە بەها و ئەخلاق کز بێت خیرایی دەبێتە مەرجێک لە مەرجەکانی ژیان و بەرهەم سست دەبێت ، تۆ سەیر بکە « هەموو » دەیانەوێت بەخیرایی و لەمیانی چەند ساڵێک دەوڵەمەند بن ، ئەمەش نایەتەدی تەنها بە توڕهەڵدانی ئەخلاق و چوونە ناو گەندەڵی نەبێت .
وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور و تایوان ، توانیان تەبایی لەنیوان کلتوور« مەبەستم توراسە» و هاوسەردەمیی دروستبکەن ، بەمە توانیان بازدان بۆ لووتکەی وڵاتانی پێشکەوتوو بنێن .
ژاپۆنیەکان بەوە ناسراون کە زۆر پابەندن بە بەها و ئەخلاق و دابونەریت کە سامانێکی ڕاستەقینەی وڵاتەکەیانە ، بەڵام توانیان کلتوورەکایان لەگەڵ هاوسەردەمیی تێکهەڵکێشی بکەن ، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەستە بە چەمکی زانست ، کە وایانلیهات پێشەنگی جیهان بن لە بوارەکانی ئابووری وەک پیشەسازی ئۆتۆمۆبێل و ڕۆبۆت ، ژاپۆن یەکێکە لە یەکەمەکانی جیهان کە خوێندنی ئەخلاقی لە قووتابخانەکانیاندا وەک مادەیەکی پابەندکراو سەپاند ، کە تێیدا سەڕاستی و ڕاستگۆیی و هاریکاری و دەستپاکی و و ڕێزگرتنی خود و قبوڵکردنی ئەوەی تر و هەتا شێوازی ڕۆیشتن و ئاستی دەنگ بەرزکردن و ڕەچاوکردنی زەوقی گشتی لە جلوبەرگ و خواردن … هتد بەخۆیەوە گرتووە .
موعجیزەی ئابووری ڤیەتنام بە بزاڤی « داهێنان » نەک « چاکسازی » دەستیپێکرد و ئیحتیفازیان بە بەها و ئەخلاق و دابونەریتی خۆیان لەسەر بایەخی خیزان کرد و ، بەڵام تاکەکانی خیزانیان پابەند کرد بە بەشداریکردن لە کۆمەڵەکانی وەرزش و بەرهەم و تەرفیهی کە دەوڵەت « بە تەریبی لەگەڵ ئابووری لیبڕاڵی » رێکیخستبوو ، بۆئەوەی هاوڵاتی لە شتە باوەکان دەربچێت و لەسەردەمەکەی خۆیدا بژیت و ببێتە بەرهەمهێن .
مانای ژیان پەیوەستە بە مەنزومە ئەخلاقیەکەی ، کە مرۆڤ پابەندیەتی بەو پڕنسپانەی کە مرۆڤ بڕوای پێیەتی کە وادەکات ژیانەکەی بەهای هەبێت و لەژێر هەر بارودۆخێکی قورس و سەختدا پابەندی بێت . هیچ پێشکەوتن و بوژانەوەیەک بێ پڕنسیپەکان و بەهای ئەخلاقی دروست نابێت .
ڕاستگۆ بووە ئەوکەسەی کە گوتوویەتی : میللەتان هەر ئەوەن کە ڕەوشتیان ماوە… ئەگەر ڕەوشتەکەیان نەما ئەوانیش نامینێن .