زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە گەنجەکانن ، لە نیوەی دانیشتووان زیاترن ، ئەو گەنجانە تێکەڵاوی چەندین نەوەن : نەوەی هەزارە«Y» کە نەوەیەکی بەتەمەن گەورەن و لەقۆناغی گواستراوەی دیگیتاڵین ، کە هەست بە نیگەرانی دەکەن و ئەمانێکی داراییان نیە و هەلی کاریان بۆ نەڕەخساوە ، نەوەی «Z» کە لەناوەڕاستی نەوەدەکان هەتا سەرەتای هەزارەی دووەم ڕووناکیان بینی ، ئەمانە هەر لەگەل لەداکیبوونیانەوە لەگەڵ تەکنۆلۆجیادا ژیان ، نەوەی ئەلفا لە 2010 تا 2025 ئەمانە دەچنەناو تەکنۆلۆژیای دیگیتاڵی سەرسووڕهێنەر کە بەرەکەی زیرەکی دەستکرد دەبینن کە دەچێتە ناو ووردودرشتی ژیان ، نەوەی «تەنکە بەفر- رقائق الپلج » کە لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستویەک لەدایک بوون ، کە دووچاری لەرزەی سۆز دەبنەوە و کەمتر قبوڵی ئەوەی تر دەکات و ، هەندە ناتوانێت بەرەوڕووی ناخۆشی زەمەن ببنەوە ، نەوەی کۆڕۆنا«C» کە لەکاتی گەورەترین پەتا لە مێژووی مرۆڤایەتی لەدایک بوون . هەر نەوەیەک لەمانە تایبەتمەندی خۆی هەیە و ، تەکنۆلۆجیا ڕۆلی سەرەکی هەیە بۆ دروستکردنی کەسایەتی هەر نەوەیەک ، هەروەها سۆشیالمیدیا و تەکنۆلۆجیای ڕاگەیاندن و پازدانی دیگیتالی و شۆڕشی پەیوەندی و زانیاری و ئابووری مەعریفی و زیرەکی دەستکرد باڵادەستە بەسەر ئەو نەوانە ، ئەمە جگە لەوەی کە کلتورێکی هاتوو بە ئامرازی نەرمە هێز کاریگەری لەسەر نەوەکان و ونبوونی شوناس هەیە ، کەلێنێکی گەورە لەنێوان ئەو نەوەیە و نەوەکانی پێش خۆیان هەیە و جۆرێک لە ململانێ لەنێوانیاندا هەیە ، بەڕادەیەک نەوەکانی پێش خۆیان و ڕابردوو ناناسن و هەست بە جۆرە نامۆبوونێک دەکەن ، لەژێر سایەی بێکاری و بیهیوایی و بێپارەیی و نیگەرانی ، کە بۆتە مایەی ئەوەی ئینتمایان بۆ نیشتیمان و هەندێک جار بۆ کۆمەڵگەش نەبێت .
ئینتیما بۆ نیشتیمان بریتیە لە : پەیوەستبوونی هزری و ویژدانیی بە نیشتیمان کە درێژدەبێتەوە بە پەیوەستبوون بە خاک و مێژوو و مرۆڤ و ئێستا و ئایندە ، لەکن گەنجانی ئێستا ئەمانە نەبۆتە بارگاویەک کە وایانلێبکات هەڵسن بەکاری جدی و بەشداریکردنێکی بونیاتنەرانە لەپێناو پێشکەوتنی ئەو نیشتیمانە و ، ئەمە پەیوەستیشی ناکات بە مێژووی و باوەڕهێنان بە ئایندەکەی ، کاتێک گەنج یان هاوڵاتی لە ژیاندا هەست بەوەبکات کە نیشتیمانێک هەیە دەیپارێزیت و ، پێداویستیە بنچینەییەکانی دەداتێ و ، بواری گەشەکردن و هاوبەشی بۆ بەدیدەهێنێت ، ئەوکاتە بەهای ئینیما لەکنی بەهێز دەبێت و بەکاری بونیاتنەرانە گوزارشت لە بەرزکردنەوەی نیشتیمان دەکات .
ئێمە دەبێت هەموو شتێک لەسەر گەنجانی خۆمان بزانین ، نازانم دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان چ دەکات بۆ گەنج و لەکوێی ئەو پرسە گەورەیەدایە ؟ ئێمە چۆن بزانین کە گەنجانی ئێمە چۆن بیر دەکەنەوە ؟ ئەرکی کێیە کە بزانێت هیوا و خۆزگەکانیان چین ؟ ئەو کۆسپ و نشوستیانەی کە هەستی پێدەکەن چیە ؟ ئایا بیر و هزرەکانیان لەسەر ئابووری و هەلی کار دەزانین ؟ ئایا ئەو بەها کۆمەڵاتیانەی کە باوەڕیان پێیان هەیە دەزانین ؟ یا بیروباوەڕە سیاسیەکانیان ؟ وەڵامەکەی لە هەموو بواردا نازانین !! لەوانەیە لەکن هەندێکمان هەندێک بیربۆچوون لەسەر بیری گەنجان سەبارەت ژمارەیەک کێشە هەبن ، بەڵام بەتەئکید شتێکی وانیە کە بتوانێت وەڵامێکی تەواو لەسەر ئەوەی کە لەناو عەقلی گەنجان چ دەگوزەرێت بدات .
گەنج پێویستی بەوەیە کە دەسەڵات بەخۆیەوە بگرێت ، ئەوان کاریان دەوێت و دەیانەوێت ماڵ و منداڵ پێکەوە بنێن ، کە بەداخەوە کەوتوینەتە زروفێک لە خەراپترین سەدەمی پەروەردە داین ، کە لەگەنجێک دەپرسی چی دەخوێنیەوە ، پێت پێدەکەنێت ، لێیان دەپرسی مانای چیە ئێوەی گەنج لەنیوە شەوەوە تا بەیانی لە کافتریا و نێرگەلە کێشانی ؟ بێوەڵام دبیت ، لەکن ئەوان ئەو هەموو ساڵەی فێربوون و خوێندن و ئەو پارەی لێیسەرفکراوە و هیلاکی و ئازاری دایک و باوک نرخ و جەدوایەکی ئەوتۆی نیە !! باشە هەڵەکە لە کوێیە ؟! لەبەرچی گەنجانمان وا سەرگەردان و هەرەتەی کێو و دەریا دەبن و لە نیشتیمان ڕادەکەن ؟! دەبێت کار و هیوا بچێنین ؟؟ بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەیبینین وونبون و سەرگەردانیە ، زۆربەی گەنجەکان نە کار ، نە هیوا؟! شارستانیەکان پەیدادەبن و ئەوەی تریان دەڕوات ، بەڵام گەنج هیوایە دەمینێت و ووزەیەکی سروشتیە بۆ گۆڕانی واقع و بونیاتنانی ئاییندە ، کە دەبێت دەسەڵات و هەموو لایەک بە ئەرکی خۆی هەڵسێت لە پاڵپشتیکردن و بەشداری و هاوبەشیکردنیان لە کار و گۆڕانکاریەکان و دوورخستنەوەیان لە بیری ئسوڵی ئایینی و زهنیەتی تاریکی و ، دەستەبەرکردنی ئازادی و دادپەروەری و پاکیی و سەرڕاستی و ڕاستگۆیی و بەرپرسیارێتی بۆیان . بۆئەوەی ئەو پرسیارە بکەین : کە ئایا بە ئەرکی خۆمان هەڵساوین بۆ دەستینشانکردنی ئەوەی کە ، ئێمە کێین تا گەنجەکانمان بزانن خۆیان کێن؟!