لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویاندا وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی عێراق و لەنێو هەمووشیاندا پارتە سیاسیەکانی ئەو وڵاتانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، بەدیاردەی ئەو ڕێککەوتنامانە و لێکگەیشتنە ئیمزا کراوانە ناسراون کە جێبەجێ ناکرێن ،هەروەها ئەو وڵاتانە بەوەش دەناسرێن کە ڕێز لە دەستوور و قانونەکانیان ناگرن !
ئەگەر سەیری ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بکەین ، دەبینین بەدریژایی مێژووی ئەو وڵاتە گاڵتەی بە ڕێککەوتنامەکان بەگشتی هاتووە و جێبەجێی نەکردووە ، بەتایبەتی لەگەڵ کێشەی کورد کە یەکێک بووە لە کێشە سەرەکی و گەورەکانی کە بەهۆی ئەوەوە سەقامگیری لەدەستداوە ، ئەو وڵاتە چەندان ڕێککەوتنامەی لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان ئیمزا کردووە بۆ پێدانەوەی مافە زەوتکراوەکانی ، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێنەکراوە و لێکتێگەیشتنەکان ڕێزی لێنەگیراوە ، دوای ڕوخانی ڕژێم و دانانی دەستووری عێراقی فیدڕال( هەر ئێمە پێی دەڵێین فیدڕاڵ ، ئەگینا بوونی نیە ) کە دەستوورێکی پێشکەوتوو و مەدەنیە و مافی نەتەوە و پێکهاتەکان لە تەوافق و شەراکەت و هاوسەنگی تێدا پارێزراوە لەگەڵ دەیان بڕگە و ماددەی جوان و قەشەنگی تر ، بەڵام کارلێکی لەگەڵ واقع و جێبەجێ نەکردنی ماددە و بڕگەکانی ، دەقەکانی بوونەتە دەقێکی مەتاتی و هیچی تر! ئەوە ڕونبووەوە کە ئەوان پێیان وایە کە ماددە و بڕگە دەستووریەکانی پەیوەست بە هەرێمه کوردستان زیاتر لێکگەیشتن و لێکدانەوەی هەیە ، واتە بەکردەیی مانای چارەسەرنەکردنی کێشەکان و هێشتەنەوەی وەکو خۆی گەر نەڵێین زیاتر ئاڵوزکردنی ! بۆئەم مەبەستە دەسەڵاتدارانی عێراق لە پێکهاتەی شیعە پەیڕەوی تەوافقێکی فشۆڵ و شکلیان لە ئەزموونه حوکمڕانیەکەی خۆیان بەرانبەر پێکهاتەکان دیکە بەتایبەتی کورد گرتەبەر ، حوکمڕانیەک دوور لە عەقلیەتی گفتووگۆی جدی و دایەلۆگ بۆ سازان و ڕێککەوتن ، بەمەش متمانەی نێوان پێکهاتە سەرەکیەکانیان فراوان کرد ، ئەمەش بۆ غیابی توانای سیاسی-یان دەگەڕیتەوە لە گۆڕینی ئەو تەوافوقە بۆ ڕاستی و ئەو ڕێککەوتنانە بۆ واقعێکی پاپەندکراو و ڕێزلێگیرا ، کە دواجار وێڕای داواکاری بۆ چارەسەر کردن کەچی هەموو ڕێگاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان گەیاندە بنبەست یا بۆمبڕێژکران ، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ناچار کرد بڕیاری نەخوازراو و پڕگیروگرفت بدات بۆ بەروەڕووبونەوەی شەڕی داعش و شاڵاوی ئاوارەکان و ئابلوقەی تووندی خنکێنەر و ، ناچار بڕیارە قورسەکان دران بۆ دریژەدان بە تەمەنی ئەزموونەکە و گوزەرانی خەراپی خەڵکەکەی ئەگەر بەشێوەیەکی نیوەچڵیش بێت ، هەربۆیەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو گووتی ؛ کورد لەڕۆژی یەکەمەوە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دەبێت چارەسەرێکی عێراق-یانە هەبێت بۆ کێشەکان ….ئەوەی جێی تیڕامانە بۆ هەموو ئەو ڕێککەوتنامە و لێکگەیشتنانە ئەوەیە کە یەک ئامانجیان هەیە ، ئەویش نەتوانینیانە لەسەر پاپەندبوون بە ڕێککەوتنامە و لێکگەیشتنە مۆرکراوەکان.
عقلیەتی ئەوانەی کە عێراق بەڕێوەدەبەن ، هەموو شتێک وەک ڕژێمەکانی پێشوو بە«ڕەش و سپی » دەبینن ، عەقلیەتێکە جیاوازی قبوڵ ناکات ، ئەوان لەکۆتاییدا بڕوایان بەکۆمەڵگەیەکی وەکیەک و یەک نوسخەی فۆتۆکۆپی لەچەشنی خۆی هەیە نەک پێکەوە گوونجاو ! ئەوان وەک هەر وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بڕوایان بەوە نیە کە کورد قوربانی کلتوورە کە دەبێت داوای لێبوەردنی بۆ بهێنریتەوە بۆ ئەو هەموو کارەساتە جەرگبڕەی عێراق بەسەری هێنا ، وەک ئەوەی خۆرئاوا بۆ جوولەکەکان هەر لە جەنگی جییهانی دووەمەوە تا ئێستا بەهۆی هۆلۆکۆستەوە داوای لێبووردنیان بۆ دەهێنریتەوە ، گەر ئەمە ڕەفتاریان بێت چۆن پابەند دەبن بەو ڕێککەوتن و بەڵێنانەی کە لەناو دەستووردان ؟! من گومانم لە هەموو ڕێککەوتنەکانیانە کە جێبەجێ بکرێن ، بەدوا ڕێککەوتنامەی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمیش بۆ ناردنی نەفتی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش تاسەر جێبەجێی ناکەن و ، لەوێستگەیەکدا تەگەرەی بۆ دروستدەکەن و لێی پەشیمان دەبنەوە ، پێم وایە ئەم ڕێککەوتنە لەزۆرترین باردا « ئیسراحەتی جەنگاوەرە » چوونکە لەڕاستیدا ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ فەرمانڕەوایانی عێراق-دا هەیە ، خۆزگە هەڵەبم بۆ ئەوەی بۆی چوومە .
ئێمە دەبیت بوێری ئەوەش بدەینە خۆمان و ، دان بەو ڕاستیەش بنێین کە ئێمەش وەک کورد جگە لەوەی قوربانی کلتوورین لە هەمان کاتیش قوربانی کلتووری خۆشمانین و ، ڕێککەوتنامە و لێکگەیشتنی نێوان خۆمان جێبەجێ ناکەین و ، دوای لێبووردن ناکەین بۆ هەندێک لەو کارە قێزەوانەی کە لەگەڵ یەکتریمان کردووە و ، ئیرادەی دەستلەملانێی یەکتر و داننان بەهەڵەکان و پێشکەوتن و مەدەنی و سەردەمیانەمان زۆر کزە ، هزرمەندی لوبنانی «د. عەلی حەرب » قسە لەسەر چەمکی (بەڵێننامەی شەڕەف - میپاق الشرف ) دەکات بەبۆنەی دیداری سیاسەتمەدار و سەرکردەکانی لوبنان بۆ پابەندبوون لە نیوانیان بە میساقی شەڕەف بۆ چارەسەرکردنی تەنگووچەڵەمەکانی لوبنان دەڵێت ؛ لەڕاستیدا هەر لەوەتەی بۆ یەکەمین جار لەگەڵ دەرچوونی گوێم لە گوزارشتی «میساقی شەڕەف » بوو ، خۆم وەکو هەڵوێستی هاوشێوەی هەڵوێستی سوکراتیی کە بەدوای گاڵتەجاڕیدا دەگەڕا بینیەوە ، چوونکە ئەوان داوایەک دەخەنەڕوو ، کە ناتوانن دڵسۆزبن پێیەوە .
بەکورتیەکەی خیلافی نێوان هێزە سیاسیەکان لەگەڵ یەک لە لایەک و لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی تێیدا دەژین ئەنجامەکەی یەکە : ڕێککەوتنەکان جێبەجێناکرێن .