(ده‌رزیه‌ك هه‌م جلی بوكێنی ده‌دورێ و هه‌م كفنیش)
ڕه‌سوڵ حه‌مزاتۆڤ
ماده و بڕگه‌كانی تایبه‌ت به ماف و پابه‌ندیه‌كان هه‌ریه‌ك له هه‌رێم و به‌غدا به‌رامبه‌ر یه‌كتری له ڕه‌شنوسی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023ی عێراق به‌جۆرێكی ناڕون و لاستیكی داڕیژراون كه ئه‌گه‌ر وه‌كو خۆیان له په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند بكرێن و پاشتریش به‌ربه‌ستیان بۆ دروست نه‌كرێت ئه‌وا هێشتا له‌كاتی جێبه‌جێكردندا ده‌رفه‌ت هه‌یه كه به‌دو شێوازی پێچه‌وانه به ئه‌رینی یانیش به نه‌رێنی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه‌یش ده‌وه‌ستێته سه‌ر ویستی لایه‌نه‌كان و دۆخی په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌گشتی. هه‌روه‌ك ئه‌و ده‌رزیه‌ی كه هه‌م ده‌توانرێت جلی بوكێنیی پی بدوردرێت و هه‌م كفنیش.
له ماده‌كانی 1و 12و13و14دا باس له ئه‌رك و شایسته‌كانی هه‌رێم كراوه:
ماده‌ی 1/ یه‌كه‌م/ ب
هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاوی عێراق به 3500000 به‌رمیل ڕۆژانه خه‌مڵێنراوه، له‌ناویدا 400 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه‌ی هه‌رێم، وه تێكڕای نرخی نه‌وت به 70 دۆلار بۆ یه‌ك به‌رمیل خه‌مڵێنراوه.
ئاشكرایه كه هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی به‌كه‌متر له تێكڕای نرخی فرۆشتنی نه‌وتی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ده‌فرۆشی، لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا پاشتر چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه ده‌كرێت؟ ئایا نرخی فیعلی فرۆشتنی نه‌وت له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌ژمار ده‌كرێت؟(هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه عێراق به فیعلی نه‌وته‌كه‌ی به چه‌ند نرخێكی جیاواز ئه‌فرۆشێت) ئه‌گه‌ر به‌و جۆره بێت ئه‌وه ڕێگه ئاسان ده‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌و ماده‌كانی تر، یان تێكڕای نرخی نه‌وتی خاوی فرۆشراوی عێراق له‌سه‌ر هەرێم هه‌ژمار ده‌كرێن؟ ئه‌گه‌ر به‌و جۆره بێت ئه‌وه له‌كاتی مهقاسهدا پشكی هه‌رێم زۆر كه‌م ده‌كات وده‌بێته هۆكارێك بۆ جێبەجێ نه‌بونی ئه‌و ماده‌و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌هه‌رێمه‌وه هه‌یه. بۆیه پێویسته ئه‌م خاڵه به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. زۆریش گرنگه كاربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه عێراق كۆتوبه‌ند و هه‌ڕه‌شەکان له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێم هه‌ڵبگرێت تاكو بتوانرێت به‌نرخی به‌رزتر بفرۆشرێت، نه‌وه‌ك عێراق خۆی ببێته هۆی دابەزاندنی نرخی نەوتی هەرێم وەک ئێستا، ئایا عێراق ئه‌وه ده‌كات؟! ئه‌بێ چاوه‌ڕێی ڕۆژو مانگه‌كانی داهاتو بین، به‌ڵام پێویسته لایه‌نی هه‌رێم ئه‌و داواكاریه‌ی هه‌بێت.
ماده‌ی12/ یه‌كه‌م
تێیدا هاتوه كه پشكی هه‌رێم له كۆی گشتی خه‌رجیه فیعلهكانی فه‌رمانڕه‌وایی(النفقات الحاكمة) دیاریده‌کرێت.
ماده‌ی12/ دوه‌م
تێیدا هاتوه كه پشكی هه‌رێم له‌كۆی گشتی خه‌رجكردنی فیعلی له خه‌رجیه‌كانی ڕه‌وه‌ن و وه‌به‌رهێنان ( النفقات الجاریة و ونفقات المشاریع الاستثمارية) دیاریده‌كرێت، به‌جۆرێك كه زیاتر نه‌بێت له هه‌مان ڕێژه‌ی داهاتە نه‌وتیه‌كان و پشكی گه‌نجینه‌ی عێراق له داهاتی ده‌روازه سنوریه‌كان، ئه‌وه‌یش پاش لی ده‌ركردنی خه‌رجیه سیادیه‌كان.
لێره‌دا چه‌ند خاڵیك جێگه‌ی سه‌رنجن و پێویسته گرنگیان پێ بدرێت:
له تێكسته‌كانی ئه‌م ماده یاسییانهدا پشكی هه‌رێم نه به‌ڕێژه دیاریكراوه وه‌ك ساڵانی پێشتر نه وه‌ك ساڵانی 2018-2021 نوسراوه به‌پێی ڕێژه‌ی دانیشتوان، كه پێویسته ئه‌وه ڕون بێت.
له هه‌ردو بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دوه‌مدا ئه‌وه هاتوه كه پشكی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجی فیــعــلـی دیاریده‌كرێت (ئێمه پێشتر له زیاتر له‌وتارێكدا باسمان له نالۆژیكی بونی هه‌ژماركردنی ته‌رخان كراوه‌كانی ناو یاسای بودجه له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلیی هه‌مان ساڵ كردوه و لێره‌دا ناچینه‌وه سه‌ری)، مه‌ترسیی به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی فیعلی لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه هه‌ركات به‌غدا بیه‌وێت ئه‌توانێت جگه له خه‌رجیه‌كانی سیادی و حاكیمه، ته‌نها به‌م بڕگه یاسایه نزیكه‌ی 25% ی تری ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه لابدات و پشكی هه‌رێم له‌سه‌ر بڕه‌كه‌ی تر خەرج بكات، چونكه به‌درێژایی ساڵانی ڕابوردو هیچ كات ڕێژه‌ی خه‌رجیی فیعلی عێراق 75%ی ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی زیاتر نه‌بوه، بێگومان بۆ ئه‌مساڵیش هه‌روا ده‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌غدا ویستی هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانێت له‌رێگه‌ی سود وه‌رگرتن له‌و بڕگه‌یه‌وه نزیكه‌ی 4 ترلیۆن دینار له بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێم كه‌مبكاته‌وه.
ئه‌و دێره‌ی كه له بڕگه‌ی دوه‌می ئه‌و ماده‌یه‌دا هاتوه كه ده‌ڵێ (نابێت پشكی هه‌رێم زیاتر بێت له ڕێژه‌ی داهاته نه‌وتیه‌كان و پشكی گه‌نجینه له داهاتی ده‌روازه سنوریه‌كان)، شتێكی تازه‌یه له‌ناو یاسای بودجه‌ی عێراق و جۆرێكه له‌مامه‌ڵه‌ی بازرگانیانه، به‌پێی ئه‌و ده‌قه نابێت پشكی هه‌رێم زیاتر بێت له‌و ڕێژه‌یه‌ی كه هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی داهاته نه‌وتیه‌كان و داهاتی ده‌روازه سنوریه‌كانه‌وه به‌شداری له پێكهێنانی داهاتی گشتی عێراق ده‌كات، واته هه‌میشه ئه‌بێت هه‌رێم زیاتر بداته عێراق یان یه‌كسان بن و هیچ كات عێراق زیاتر له‌وه ناداته هه‌رێم كه لێی وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌یش چهكێكهو هه‌ركات به‌غدا ویستی هه‌بێت به‌كاری ده‌هێنێت.
خه‌رجیه‌كانی سه‌روه‌ری كه له بڕگه‌ی دوه‌می ئه‌م ماده‌یه‌دا هاتون 99 بڕگه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ی ساڵانی پێش‌و به‌ده‌رده‌كرێن له هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم، ئه‌و خه‌رجیانه زیاتر له 35-40%ی كۆی خه‌رجیه گشتیه‌كانی بودجه‌ی عێراق پێك ده‌هێنن، خه‌رجیه‌كانی فهرمانڕهواییش نزیكه‌ی 10%ی بودجه‌ی عێراق پێك ده‌هێنن، به‌مجۆره له‌كۆی (199) ترلیۆنی بودجه‌كه نزیكه‌ی 100 ترلیۆنی ده‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی پشكی هه‌رێمی له‌سه‌ر هه‌ژمار بكرێت، له‌گه‌ڵ به‌شی پێشمه‌رگه له‌خه‌رجیه‌كانی هێزه وشكانیه‌كانی سوپای عێراقی كه له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوان دیاریده‌كرێت و تا ئێستا بڕه‌كه‌ی دیار نیه چه‌نده، له‌گه‌ڵ تێچوی به‌گه‌ڕخستنی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێم كه ئه‌ویش هێشتا دیار نیه چه‌نده.
تەرخانکردنی شایسته‌كانی پێشمه‌رگه و تێچوی نه‌وت له‌ناو خه‌رجیه سیادیه‌كان
ئه‌وانه دو بابه‌تی ئه‌رێنین و ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست جێبه‌جێ بكرێن واده‌كه‌ن هه‌رێمیش له خه‌رجیه سیادیه‌كان سودمه‌ند بێت كه مافی خۆیه‌تی. به‌ڵام ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت كه سه‌باره‌ت به‌شایسته‌ی پێشمه‌رگه هه‌ر ئه‌و ده‌قه له‌یاسای بودجه‌ی 2018 یش هه‌بو و جێبه‌جی نه‌كرا، له‌یاسای 2019یش به‌جۆرێك هه‌بو و جێبه‌جێ نه‌كرا، له‌یاساكانی 2007-2015 هه‌بو و جێبه‌جێ نه‌كرا، له‌كاتێكدا خه‌رجیی پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێك له دامه‌زراوه‌ی ئاسایشی عێراقی له‌ناو خه‌رجیه سیادیه‌كان پێویسته په‌یوه‌ست نه‌كرێت به بابه‌تی ڕاده‌ستكردنی داهات و كێشه‌كانی تری پشكی بودجه‌ی هه‌رێم هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مو بڕگه‌كانی خه‌رجی سیادی به‌ده‌رن له‌و هاوكێشانه، گرنگه له یاسای بودجه‌دا بڕێكی دیاریكراو بۆ پێشمه‌رگه ته‌رخان بكرێت وه‌ك به‌شێك له خه‌رجیه سیادیه‌كان و به‌ده‌ر له هاوكێشه و گرفته‌كانی پشكی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.
خه‌رجیه‌كانی نه‌وتی هه‌رێم ته‌نها خه‌رجیی به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو نین، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه بۆ عێراق تێچوی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌گشتی هاتوه پێویسته بۆ هه‌رێمیش به‌و جۆره بێت، ئه‌بی میكانیزمی ڕونتر بۆ دیاریكردن و خه‌رجكردنی تێچوی نه‌وتی هه‌رێم دابنرێت، چونكه له‌ساڵی 2010ه‌وه تاكو ئێستا چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تێچوی نه‌وتی هه‌رێم له‌هه‌مو رێككه‌وتنه‌كان و هه‌وڵه‌كانی رێككه‌وتن و له یاساكانی بودجه‌دا یه‌كێك بوه له گرفته هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كان.
له‌كاتێكدا كۆی نه‌وتی هه‌رێم وه‌ك به‌شێك له‌نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق بۆیه پێویستیشه بچێته ژێرباری ته‌واوی تێچوهكهیهوه، سه‌باره‌ت به‌زۆری تێچوی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌وه عێراق ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی ههمئاههنگیكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشار‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر كۆمپانیاكانی به‌شدار له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ڕۆڵ بگێڕێت له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌ی تێچوی نه‌وتی هه‌رێم. له‌لایه‌كی تریشه‌وه پێویسته به‌شی هه‌رێم له به‌كاربردنی ناوخۆیی نه‌وتی عێراق ڕه‌چاو بكرێت، چونكه عێراق ڕۆژانه زیاتر له یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له به‌رهه‌مه‌كه‌ی ته‌نها بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی ته‌رخان ده‌كات.
ماده‌ی 13/یه‌كه‌م
له بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی 13 دا هاتوه كه پاكتاوی شایسته‌ی دارایی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكرێت له 2004-2022، ئه‌م ده‌قه له‌هه‌مو یاسكانی بودجه‌ی عێراق له 2006ه‌وه تاكو ئێستا هاتوه، له‌هیچ یه‌ك له‌و یاسایانهیشدا جێبه‌جێكردنی نه‌كراوه‌ته مه‌رجی پیشوه‌خته بۆ ناردنی پشكی هه‌رێم، به‌م ڕه‌شنوسه‌ی ئێستا و به‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021یشه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه كه بریاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ به‌نایاسایی ناساندنی ناردنی 200 ملیار مانگانه بۆ هه‌رێم یه‌كێك له پاساوه‌كانی ئه‌و خاڵه بوو، بۆیه زۆر پێویسته ئه‌و خاڵه‌ش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.
ماده‌ی 13/ دوه‌م /أ
تێدا هاتوه حكومه‌تی هه‌ریم پابه‌ند ده‌بێت به هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو به‌بڕێك كه نابێت ڕۆژانه له 400 هه‌زار به‌رمیل كه‌متر بێت. وا باشتره ئه‌و ده‌قه به‌جۆرێكی تر دابرێژرێت كه له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تی بودجه‌دا بگونجێت، چونكه یه‌كێك له‌ئه‌ركه سه‌ره‌كیه‌كانی بودجه خه‌مڵاندنه نه‌وه‌ك حكومدان و پابه‌ندكردنی لایه‌نێك به هه‌نارده‌كردنی برێكی دیاركراو چونكه بڕی هه‌نارده په‌یوه‌سته به بڕی به‌رهه‌مهێنان وهه‌لومه‌رجی گواستنه‌وه‌و بازاڕه‌وه، هه‌ریه‌ك له‌وانه‌یش هۆكاری كارتێكه‌ری خۆیان هه‌یه‌و زۆرجاریش له‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌كان و كۆمپانیاكانیش نابێت به‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌دا زاڵ بن و به‌ته‌واوه‌تی پابه‌ندبن به بڕی به‌رهه‌م یان بڕی هه‌نارده‌وه، ئه‌مه بۆ عێراقیش وایه به‌ڵام عێراق له‌یاساكه‌دا ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌و نه‌نوسراوه نابێت كه‌متر له 3100000 سێ ملیۆن سه‌د هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه هه‌نارده بكات، ئه‌م خاڵه جگه له‌وه‌ی له‌ڕوی لۆژیكی ئابوری و هونه‌ریه‌وه ناكۆكه له‌گه‌ڵ سروشتی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردن و له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تی بودجه‌ی خهمڵێنراویش ناگونجێت، له‌هه‌مان كاتدا ئێمه ئه‌زمونمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و جۆره مامه‌ڵه كردنانه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م و هه‌نارده و بودجه لهڕبوردودا بونه‌ته گرفت و هۆكاری تێكچونی ڕێككه‌وتنه‌كان له نێوان هه‌رێم و به‌غدا، وه‌ك ئه‌و گرفته‌ی كه له چوار مانگی سه‌ره‌تای 2015 بۆ ڕیككه‌وتنی نێوان هه‌رێم به‌غدا دروست بوو.
ماده‌ی 13/ دوه‌م/ب
تێیدا هاتوه كه هه‌رێم پابه‌نده به ڕاده‌ستكردنی داهاته نانهوتیهكانی به به‌غدا به‌پێی یاسای كارگێڕیی دارایی ئیتیحادی، بۆ ئه‌وه‌یش دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی به هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم هه‌ڵده‌ستێ به وردبینیكردنی ئه‌و داهاتانه. لێره‌دا دو خاڵ شیاوی له‌سه‌ر وه‌ستانن:
ئایا داهاته ئیتیحادیه نانهوتیهكان كامانه‌ن؟ ئه‌مه لهههیچ ده‌قێكی یاساییدا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆچونی به‌غدا وایه كه هه‌مو داهاته‌كانی تری جگه له‌داهاته نه‌وتیه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌یش دروست نیه. ده‌یان و ده‌یان ساڵه له‌هیچ ده‌وڵه‌تێكدا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فیدراڵیش نه‌بێت ئه‌و چڕبونهوهییهی ده‌سه‌ڵاتی داهات باوی نه‌ماوه‌و كاری پێناكرێت نه‌ك له ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌هه‌رێمه‌كان له‌عێراق نه‌گونجاوه كه به‌پێی ئه‌و یاسایه پارێزگاكان جگه له پشكی بودجه‌ی ئیتیحادی چه‌ندین داهاتی تری خۆیان هه‌یه، شیاوه كه داهاتی گومرگه‌كان و به‌شێك له باجه‌كان به‌تایبه‌تیش باجی ده‌رامه‌ت به داهاتی ئیتیحادی هه‌ژمار بكرێن نه‌وه‌ك هه‌مو باج و ڕوسمات و پێبژاردن و كرێیه‌ك له‌هه‌مو شار‌و شارۆچكه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ك به داهاتی ئیتیحادی هه‌ژمار بكرێت، یانیش ته‌نها ئه‌و داهاتانه به‌داهاتی ئیتیحادی هه‌ژمار بكرێن كه به‌پێی یاسا ئیتیحادیه‌كان ده‌سه‌پێنرێن یان وه‌رده‌گیرێن.
به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی ده‌بێ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم به‌هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێریی ئیتیحادی وردبینی ئه‌و داهاتانه بكات، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م ڕه‌شنوسه‌دا هاتوه‌و ڕۆڵی سه‌ره‌كی به‌دیوانی چاودێری ئیتیحادی دراوه. له هه‌ر بڕگه‌و ماده‌یه‌كی تردا ئه‌و بابه‌ته به‌و جۆره هاتبێت ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادیه.
ماده‌ی 13/ دوه‌م/ ج
تێیدا هاتوه كه وه‌زاره‌تی دارایی به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه پابه‌ند ده‌بێت به پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێم به‌شێوه‌ی مانگانه به‌هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، وه‌پێویسته وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی مانگانه بنرێت بۆ فه‌رمانگه‌ی ژمێركاری له‌به‌غدا، ههروههاو بۆ هه‌ر سێ مانگ جارێك پاكتاوی ئه‌رك و پابه‌ندیه‌كانی هه‌ردولا بكرێت پاش وردبینكردنیان له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری داراییه‌وه.
ماده‌ی 13/ دوه‌م/د
تایبه‌ته بهپاكتاوكردنی ئه‌و قه‌رزانه‌ی بانكی بازرگانیی عێراق كه له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمن له‌ڕیگه داشكاندنی پشكی مانگانه له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 7 ساڵدا له مانگی كانونی دوه‌می 2023وه.
ماده‌ی 14
ئه‌م ماده‌یه له حه‌وت بڕگه پێكهاتوه، كه تایبه‌تن به دانان و جوڵه‌پێكردنی داهاتی نه‌وتی خاوی فرۆشراوی هه‌رێم و چاودێری و وردبینیكردنی، هه‌روه‌ها پێكهێنانی لیژنه‌ی پێداچونه‌وه‌ی گشتی بۆ ماوه‌كانی پێش‌و بۆ پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌نه‌وت و گاز. وه ئاماژه كردن به‌وه‌ی كه بڕگه‌كانی ئه‌م ماده‌یه كاریان پێده‌كرێت تاكو ئه‌وكاته‌ی یاسای نه‌وت و گاز ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. وه پێك هێنانی لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ هه‌ركێشه‌یه‌ك كه له‌نێوان هه‌ردولایه‌ندا سه‌رهه‌لده‌دات پێشكه‌شكردنی ڕاسپارده له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه بۆ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ بڕیار له‌سه‌ر دانی.
به‌گشتی ڕه‌شنوسی ئه‌م یاسایه سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێم و پابه‌ندیه‌كانی جیاوازیی به‌رچاوی تێدایه له‌گه‌ڵ یاساكانی بودجه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابوردوو، له‌ڕواڵه‌تدا مامه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌رێنیتره له‌گه‌ڵ هه‌رێم، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به هه‌ڵوێسته توند‌و ڕه‌تكه‌ره‌وه‌كانی به‌غدا له سێ ساڵی ڕبوردودا به‌تایبه‌تتریش پاش بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ به‌نایاسایی ناساندنی پرۆسه‌كانی نه‌وت له‌هه‌رێم.
به‌ڵام گرفتی ئه‌م ڕه‌شنوسی یاسایه‌یش ئه‌وه‌یه كه ئه‌رك و مافی هه‌ردوو لایه‌نی به‌وردی و به‌ژماره دیارینه‌كردوه و، ده‌رفه‌تی زۆر تێدا به‌جێهێڵراوه بۆ هه‌ردو لایه‌ن به‌تایبه‌تیش بۆ به‌غدا، تاكو به‌پێی ویست و هه‌ڵوێست و ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كان لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، هه‌ربۆیه چه‌ند ده‌توانرێت به‌ئه‌رێنیه‌وه سه‌یری ئه‌م ڕه‌شنوسه بكرێت به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌یش ده‌كرێ به هه‌ستیاری و ته‌نانه‌ت به نه‌رێنیش لێی بڕوانرێت.