له‌نێوان پزیشكی و ئابوریناسیدا (ده‌رباره‌ی ریشه‌ی كێشه ئابوریه‌كان و چاره‌سه‌ر)
جیهانگیر سدیق گوڵپی
2020-10-11   696
لە زانستی پزیشكیدا چه‌ندین نه‌خۆشی هه‌ن تاكو ئێستا چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییان نیه لهئابورییشدا به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵام جیاوازیه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیه‌كانی بواری تەندروستی له جیهاندا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر نیشانه‌كان و ده‌ست نیشان كردن و چاره‌سه‌ریان وه‌ك یه‌ك بێت، ئه‌وا كێشه ئابوریه‌كان به‌و جۆره نین چونكه زۆرینه‌ی كێشه بونیادیهكانی ئابووری په‌یوه‌ستن به دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری و ڕه‌وتی مێژویی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كانه‌وه.
هه‌ر به‌و پێیه‌ی كه دنیادا زۆرینه‌ی نه‌خۆشیه‌كان شێوازی ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ریان یه‌كه, ئيدى ڕهچهتهو پرۆتۆكۆڵی چاره‌سه‌ری ووڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ چاره‌سه‌ری هه‌مان نه‌خۆشی له‌هه‌مو شوێنێك سودی لێوه‌رده‌گرێت و په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
هه‌رچه‌ند له بوارى ئابوری‌دا ئه‌م بابه‌ته تاڕاده‌یه‌كى زۆر جیاوازه, به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه كه له عیراق و هه‌رێم و زۆرێك له‌وڵاته تازهپێگهیشتوهكاندا هه‌ر بۆ كێشه ئابووریه‌كانیش هه‌ر به‌هه‌مان نه‌ریتی پزیشكی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕهچهتهو پرۆتۆكۆڵی چاره‌سه‌ره‌كان ده‌كریت , هه‌میشه داوای كۆپی كردنی ئه‌زمونی ووڵاتانی تر‌و په‌یڕه‌وكردنی ڕه‌چه‌ته‌ی ئاماده‌كراو ده‌كرێت، به‌به‌رده‌وامی داوای شوێن پێ هه‌ڵگرتنی هه‌ندێ ئه‌زمون ده‌كرێت، بره‌و به‌و ڕه‌چه‌تانه ده‌درێت كه له‌لایه‌ن بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه بۆ هه‌مو ووڵاتانی تازه پێگه‌یشتو پێشنیار ده‌كرێت.
سه‌ره‌ڕای هه‌بونی چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌تایی لێكچو به‌ڵام گرفتی ده‌ستنیشانكردنی كیشه‌ی ئابوری و چاره‌سه‌ره‌كه‌ی له‌چه‌ند ڕویه‌كه‌وه جیاوازه له بواری پزیشكی، پرسی ئابووری خۆی پرسێكی جیاوازتره له ته‌ندروستی و زیاتر تێكهه‌ڵكێشه به پرسه سیاسیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی گروپه جیاوازه‌كان، تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی كێشه‌ی ئابووریی له‌هه‌ر ووڵاتێك په‌یوه‌سته به لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسه‌كانی ئه‌و وولاته له ئێستا‌و ڕابوردوو، له‌ژێر كاریگه‌ریی سیسته‌مه سیاسی و كۆمهلایهتیهكهدایه.
ئاستی ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسیه‌كان و بڕیاردان له‌پرسی ئابووریی گشتی له ته‌واوی دنیادا و به‌تایبه‌تیش له‌م جۆره ووڵاتانه‌دا زۆر زیاتره له‌چاو بواری ته‌ندروستی و پزیشكی. زۆرینه‌ی ئابوریناسانی عیراق و هه‌رێم و هاوشێوه‌كانیان لەوڵاتانی تریش یان بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیان بارگاویه به ڕه‌هه‌ندی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دوره له پیشه‌ییی بونه‌وه، یان ده‌قیان گرتوه به‌و جۆره شیكارو هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی كه پێشینه‌كانی خۆیان كردویانه، یانیش خه‌ریكی كۆپی كردنه‌وه‌و وتنه‌وه‌ی شیكارو ڕاسپارده‌ی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانن.
بەو جۆرە دەیان ساڵە شیكارو ناساندنی دوباره بۆ كیشه ئابوریه‌كان ده‌كرێت، نزیكه‌ی په‌نجا ساڵه له باره‌ی ده‌ستنیشانكردنی كیشه‌ی ئابوریه‌وه له هه‌ركه‌سێك بپرسیت یه‌كسه‌ر (تاك سه‌رچاوه‌یی داهات، لاسهنگیهكانی په‌یكه‌ری كۆبه‌رهه‌می ناوخۆیی، كورتهێنانی ته‌رازوی پێدان و پشت به‌ست به هاورده، گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی حكومه‌ت و خه‌رجیه‌كانی حكومه‌ت و كورتهێنانی بودجه، لاوازیی كه‌رتی تایبه‌ت و لاوازییی سیسته‌می بانكی و.. هتد)ت بۆ ده‌ژمێریت. بۆ چاره‌سه‌ریش یه‌كسه‌ر ڕه‌چه‌ته و دروشمی ئاماده‌كراوی ( كه‌مكردنه‌وه‌ی پشت به‌ست به‌نه‌وت و فره‌چه‌شنكردنی ئابوری، بایه‌خدان به‌كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری، بایه‌خدان به‌كه‌رتی تایبه‌ت، كه‌مكردنه‌وه‌ی پشت به‌ستن به كه‌رتی حكومی و بایه‌خ دان به‌سیسته‌می بانكی و..هتد) پێشنیار ده‌كات.
ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه سه‌ره‌تاییه تاڕاده‌یه‌ك دروسته و ئه‌و گرفتانه سه‌رچاوه‌و هۆكاری زۆرینه‌ی كێشه ئابوریهكانن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و گرفته ناسێنراوانه خودی خۆیشیان نیشانه‌و ده‌رهاویشته‌ی گرفت و نه‌خۆشی ڕیشه‌یی ترن, زاده‌و گه‌شه‌كردوی ناو ژینگهیهكن كه هێشتا به‌رقه‌راره، هه‌ربۆیه دەیان ساڵە ده‌ستنیشانی ڕیشه‌ی نه‌خۆشیه‌كه ناكرێت،سه‌ره‌نجامیش هه‌ر ئه‌و پێشنیاری چاره‌سه‌رانه پشکەش دەکرێن و دەبنە دروشم و بڕیار‌و پلان، به‌ڵام جیبهجیناكرێن و كیشهكانیش چاره‌سه‌ر نابن.
پێویسته ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگیرێت كه ئه‌و ئابوریه گه‌شه‌كردو به‌هێزه‌ی له ووڵاتانی پێشكه‌وتوی پیشه‌سازی هه‌یه، ئه‌و گۆڕان و پێشكه‌وتنه‌ی له هه‌ریه‌ك له چین و هند و مالیزیا‌و سه‌نگاپوره‌و كۆریاو ته‌نانه‌ت ئه‌و دۆخه تایبه‌تیه‌ی له‌به‌شێك له‌ووڵاتانی كه‌نداودا هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌و چاكسازیه‌ی له جۆرجیایش ڕویانداوه و..هتد، نابنه ڕه‌چه‌ته‌ی ئاماده‌و دروست و ته‌نها به‌بڕیاری سیاسی جێبه‌حێ ناكرێن، ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی سود له هه‌ندێك ته‌كنیكیان وه‌ربگرێت، به‌ڵام دواجار ئه‌بی ئه‌وه بزانرێت كه هه‌ریه‌ك له‌و ئه‌زمونانه له ناو سیاقێكی مێژوویی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی تایبه‌ت و هه‌لومه‌رجێكی ده‌ره‌كیی جیاوازدا ئه‌و ئاسته‌ی سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هیناوه.
پێویسته ئابوری‌ناسان و ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی كێشه ئابوریه‌كان ده‌ده‌ن بیرێك له‌هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و پێشنیارانهو چارهسهرنهبونی كیشه ئابوریه‌كان بكه‌نه‌وه، له‌مه‌یشدا ته‌نها به‌و وه‌ڵامه ساكاره ڕازی نه‌بن كه كیشه‌كه ته‌نها په‌یوه‌ندیی به‌ویستی ده‌سه‌لاتدارانه‌وه هه‌یه. ئه‌بی ئه‌وه بزانن كه ڕه‌گی ئه‌م كێشه‌یه له‌ناو ئابوریی سیاسی و ڕه‌وتی مێژویی په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدایه, ده‌بێ ئه‌وبابه‌ته زیاتر بچێته ناو كێڵگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانشتیهوه.
ئێستا عیراق و هه‌رێم له‌قۆناغێكی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی وادان كه له‌توانای هیچ ده‌سه‌ڵاتێكدا نیه بڕیاری ڕادیكاڵ بۆ چاره‌سه‌ری بنچینه‌یی كێشه و نه‌خۆشیی درێژخایه‌نی ئابووری بدات و جێبه‌جێی بكات، ئه‌و جۆره بڕیار و هه‌نگاوانه‌ی كه سه‌ره‌تای قۆناغی گه‌شه‌پێدان و چاره‌سه‌ری ده‌رده كوشنده‌كان ده‌یخوازن و، ده‌بێت كۆمه‌ڵگه چه‌ندین ساڵ قوربانی بدات بۆ جێبه‌جێكردنیان تاكو له داهاتودا به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچنێته‌وه, بڕیاری تایبه‌ت به چۆنیه‌تی خواردنی كێكه‌كه، بڕیاری تایبه‌ت به چۆنیه‌تی دابه‌شكردن و ته‌رخانكردنی سامان و داهات له نێوان خۆشگوزه‌رانی و به‌كاربردنی ئێستا‌و وه‌به‌رهێنان و سودلێوه‌رگرتنی له‌دواڕۆژدا.
مێژو و لۆژیكیش له‌م ڕوه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كۆكن كه ئه‌و جۆره هه‌نگاو و بڕیاره گه‌وره و ڕادیكاڵانه یان له‌توانای حكومه‌تێكی به‌هێزو سیسته‌مێكی تاكڕه‌وی خاوه‌ن دیدگای گهشهكاردان وه‌ك چین و مالیزیا و كۆریای باشور سه‌نگاپۆره له ده‌یه‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی رابوردوو، یان له توانى سیسته‌مێكی دیموكراتیی پێشكهوتودان، هه‌رچه‌نده گومانی زۆر هه‌یه سیسته‌می دیموكراتی ته‌ندروست له پێش قۆناغی گه‌شه‌پێدانی ئابووری بنیات بنرێت, به‌شێك له چاره‌سه‌ری پرسكانی تایبه‌ت به گه‌نده‌ڵی و چاكسازیهكانیش هه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌و باره‌وه هه‌یه.
دۆخی ڕاگوزه‌رو دیموكراتیه‌تی ناته‌واو وكۆمه‌ڵگه‌ی پێنه‌گه‌یشتو له‌ڕوی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌وه دۆخێكی بۆ عیراق و هه‌رێم خولقاندوه كه له نێوان هه‌ردوو بارهكهدایه، ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له‌به‌ربه‌سته هه‌ره گه‌وره بنه‌ڕه‌تیه‌كان.
به‌ربه‌ستێكی تر له‌به‌رده‌م بڕیاردانێكی له‌و جۆره‌و جێبه‌جێكردنی ئه‌و كرانه‌وه هه‌مه‌جۆره‌ی دنیایه به‌ڕوی یه‌كدا، ئه‌مه به‌ربه‌ستێكی سه‌ره‌كیه له‌به‌رده‌م ڕازیبونی هاووڵاتیان و گروپه جیاوازه‌كان و كۆمه‌ڵگه به له‌قاڵبدان و ئاراسته‌كردنی ڕه‌وشتی به‌كاربردن و پاشه‌كه‌وتكردن و وه‌به‌رهێنانیان و هاورده‌كردن.
به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه ئیدی ناتوانرێت كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو بگیرێنه‌به‌ر له‌بواری چاكسازیی دارایی و كه‌مكردنه‌وه‌ی لێچون و به‌هه‌ده‌ردان، بۆ باشكردنێكی دۆخه‌كه‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك و دانه‌ڕمانی زیاتری ئابوری.