ئایا پێویستە بایکۆتی کاڵای فەرەنسی بکەین؟
شەنکار عەبدوڵا
2020-10-26   485
فەرەنسا وەک وڵاتێکی بەهێزی ئەوروپی و خاوەن کەلتور و پیشەسازی بەردەوام شوێنی چاوتێبڕینی ئیسلامییەکان بووە؛ لەناویاندا ئیسلامی توندڕەو؛
لەسەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعشەوە؛ گروپە توندڕەوەکان تیژتر چاویان لەسەر فەرەنسا بوو؛ بەتایبەتی دوای ئەو بەشدارییە کارایەی فەرەنسا لەناو هاوپەیمانی دژ بەداعش؛ هەر بۆیە چەند رووداوێکی توندڕەوی لەو وڵاتەدا روویدا؛ وەک دووجار هێرشکردنە سەر گۆڤاری شارلی ئیبدۆ کوشتنی 12کەس و برینداربوونی چەندان کەسیتر.
فەرەنسا زیاتر لەو وڵاتانی تری چالاکی گروپە توندڕەوەکانی تیادا بووە؛ رەنگە هۆکارەکەشی بونی ئەو رێژە زۆرەی موسوڵمانانە لەو وڵاتەدا کە بەردەوامیش لە زیادبوندایە.
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن؛ کە لەئێستادا نزیکەی شەش ملیۆن موسوڵمان لەو وڵاتەدا هەیە و دووەم ئاینە لەرووی شوێنکەوتووانەوە؛ بەتایبەتی موسوڵمانانێکی زۆری وەک جەزائیری و مەغریبی و تونسی تێدایە.
هەرچەندە کەس ناتوانێ ئینکاری لەبەخششەکانی فەرەنسا بکات بۆ مرۆڤایەتی؛ هەر لە شۆڕش و ئازادییەوە هەتا داهێنانی زانستی و پیشەسازی؛ بەتایبەتیش شۆڕشی فەرەنسی(1879) کە دابڕانێکی گەورەی دروستکرد لەزەمەنی پێش خۆی؛ بەڕادەیەک مرۆڤی ئازادکرد و ستەمی کەنیسە و پیاوانی ئاینی کۆتایی پێهێنا؛ کە بەهەشتیان بە مرۆڤەکان دەفرۆشت و بەهەموو شێوەیەک چینی ناوەڕاستیان دەچەوساندەوە؛ بۆیە لەم رووەوە مرۆڤایەتی قەرزارباری فەرەنسییەکانە.
لەدوای سەربرینی مامۆستا ساموێل پاتی؛ بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر بەکاریکاتێر؛ لەلایەن گەنجێکی 18ساڵەوە جارێکی تر کۆمەڵگای فەرەنسی بێدارکردەوە؛ کەمەترسیەکانی تێرۆریزم لەهەناوی فەرەنسادا بەردەوام گەشە دەکا؛ هەربۆیە ئیمانوێڵ ماکرۆن؛ وەک پەرچەکردارێک رێگای بە نمایشکردنی وێنە کاریکاتێرییەکانی پێغەمبەری ئیسلامدا؛ هەرچەندە کاریکاتێر زیاتر هونەرێکە بەلای فەرەنسیەکانەوە وەک سوکایەتی سەیری ناکەن؛ چونکە ئەوان عیساش دەکەن بەکاریکاتێر و کەسیش توڕەنابێ و کەسی تر سەرنابڕێ.
لەنوێترین وتاریشدا
سەرۆکی فەرەنسا؛ هێرشی توندی کردەسەر ئیسلام و بەئاشکرا وتی؛ ئیسلام لە قەیراندایە؛ نەک هەر لەفەرەنسا بەڵکو لەهەموو جیهان.
وتیشی؛ ڕادیکاڵەکان بونەتە مەترسی لەسەر فەرەنسا؛ چونکە کار بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەک دەکەن لەناو کۆمەڵگای فەرەنسیدا.
ماکرۆن ئەوەشی نەشاردەوە کە رێوشوێنی توند لەوبارەیەوە دەگرنەبەر و ناهێڵێن؛ هێرشی توندڕەوی ئیسلامییەکان؛ عەلمانیەتی فەرەنسی بکاتە ئامانج.
ئەردۆگانیش؛ وەک هەمیشە ئەم دەرفەتانە لەدەستنادا و بەتایبەتیش کەخۆی بە رکابەری فەرەنسییەکان دەزانێ؛ لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش؛ لەلایەکی تریشەوە بەهۆی ئەو هاوکاریی و هاوسۆزییەی کەفەرەنسا بۆ کوردی هەیە.
بۆیە ئەردۆگان بەدەرفەتی زانی؛ هێرشی توند بکاتەسەر ماکرۆن و خۆشی بکاتە پارێزەری ئیسلام؛ بەوەش سۆزی وڵاتانی عەرەبی و خەڵکانی دڵپاکی موسوڵمان بۆخۆی ڕابکێشێ؛ دواتریش هەڵمەتێکی بایکۆتی کاڵای فەرەنسی لەناوچەکەدا بەڕێخراوە؛ هەرچەندە موسوڵمانان وەک کارێکی مەدەنی بەهاشتاگ زیاتر تەنورەکە گەرمتر دەکەن و ئەردۆگانیش ژیرانە نانەکەی پێدادەدا؛ بەڵام موسوڵمانان دەبێ لەوە تێبگەن کە بابەتەکە لەوە دەرچووە شەڕی ئیسلامی و عەلمانی بێ؛ بەڵکو شەڕەکە لەشوێنێکی ترەوەیە؛ کە هەریەکە لە فەرەنسا و تورکیا؛ بەدوای زیندوکردنەوەی نۆستالۆژیای خۆیاندان؛ کەچۆن رۆژگارێ هەژمونیان هەبوو بەسەر چەندین دەوڵەتدا.
فەرەنسا لەسەردەمی ماکرۆنەوە بەگەرم و گوڕی کار بۆ بەهێزبوونی هەژمونی خۆی دەکا؛ لە داڤۆسیش بەدەنگی بەرز وتی؛ فەرەنسا دەگەرێتەوە؛ ئێستاش لە ئەفریقا؛ بەتایبەتی لەوڵاتانی وەک جەزائیر و مەغریب و میسر و تونس و لیبیا و مالی هتد.
لەئاسیاش؛ وەک عێراق و لوبنان و سوریا؛ شەڕی بەهێزکردنی هەژمونی خۆی دەکا؛ چونکە دەزانێ دوای دەرچونی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا ناکرێ فەرەنسا هەژمونی خۆی بەهێز نەکات.
لەلایەکی تریشەوە؛ تورکیا؛ چاوی بڕیوەتە بەشێکی زۆر ئەو وڵاتانەی ئەفریقا و ئاسیا؛ کەفەرەنسا چاوی لەسەریانە؛ شەڕی هەژمونی گازی سروشتیش؛ یەکێکی ترە لەو بوارانەی کە شەڕی ئەو دوو وڵاتەی گەرمتر کردووە.
ئێستا کەسەیری نەخشەی جیهان دەکەی دەبێ ئێمەی کورد لەکوێی ئەو نەخشەیەدابین؟
بۆچی دەبێ ئێمە دژایەتی فەرەنسا و بایکۆتی کاڵای فەرەنسی بکەین و ببینە بەشێک لەگەمەی سیاسی؛ کەدواجار دەستکەوتەکەی ئەردۆگان دەیچنێتەوە؛ دووریش نیە؛ وەک ململانێکانی تری؛ دواتر بەداوای لێبوردن کۆتایی پێبهێنێ؛ وەک پێشتر لەبەرامبەر هەریەکە لە روسیا و ئیسرائیلدا کردی.
بۆیە فەرەنسا لەچەند قۆناغێکدا هاوکار و هاوسۆزی کورد بووە و ناکرێ ئەوەش نادیدە بگیرێ لەلایەن هیچ کوردێکەوە؛ هەروەک چۆن فەرەنسا رۆڵی هەبوو لەدروستکردنی هێڵی 36ی ساڵی 1991دا و پاراستنی کورد لە ستەمی بەعس؛ ئاواش رۆڵی گەورەی گێڕا لە شەڕی دژ بەداعش و دواتریش شکاندنی ئەو گەمارۆ سیاسیەی کە دوای ریفراندۆم خرایە سەر هەرێم و دواین هەوڵیش لێکنزیککردنەوەی عێراق و هەرێم بوو؛ بۆ گەیشتن بەرێککەوتن؛ بۆیە ناکرێ و نابێ؛ کوردبین و رۆڵی گرنگ و بەرچاوی فەرەنسا نادیدە بگرین؛ ئەو دۆستەش لەخۆمان بکەین؛ چونکە بایکۆتی کاڵای فەرەنسیش لەلایەن کورد شتێکی وەها لەبابەتە ناگۆڕێ.