لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا، هەموو جیهان شایەتی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتی نرخەکان بوون، لەئەنجامی کاردانەوەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و بارودۆخی کەشوهەوا. لەهەمانکاتدا دەرئەنجامی بەرزبونەوەی نرخی پیشەسازی و ووزە وگواستنەوە بۆ بەرزترین ئاست. گەورەبوونی قەبارەی نەختینەیی لەبازاڕەکاندا بەهای دراوەکان بەرەو دابەزین چوون وهێزی شتکڕینی دراوەکان کەمبووەتەوە.
ڕێژەی هەڵاوسان لە عێراقدا، لەماوەی ساڵی ڕابردوی 2022دا بەرزبووەتەوە و لەئێستادا هەڵاوسان بە ڕێژەی 8% زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی کاردانەوەی ئەو نرخەی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بەدۆلار، کەلە ماوەی 3 ساڵی ڕابردودا سێ جار دەستکاری کراو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، دوبارە دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، جارێکی تر ناسەقامگیری لەمامەڵەبازرگانییەکاندا دروستکردووە، سەرەڕای هەوڵەکانی بانکی ناوەندی و حکومەتی ئێراقی، هێشتا جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان نرخی فەرمی لەلای بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕ کەنزیک دەبێتەوە بۆ 20-25%. ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ئاستی گشتی نرخەکان ومووچەخۆران و هاوڵاتیانی ئێراق باجی ئەم بەرزبونەوەیە دەدەن.
لەلایەکی ترەوە حکومەت وبانکی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان، پاڵپشتێکی گەورە دەکەن، لەوانە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و پاراستنی بەهای دراوی نیشتمانی و بەشەخۆراکی هاوردەکردن(کۆبونی خۆراک)
ئەم ڕێوشوێنانە هاوکارو یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە دۆخی سەقامگیری لە هەڵاوساندا، بەتایبەت ئەو مادەخۆراکیانەی لەڕێگای کۆبۆنەوە دابەشدەکرێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئێراق، بەڕێژەی 90% پشت بەهاوردەکردن دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەکانی کۆمەڵگا، ئەوا هەڵاوسانەکە بەردەوام دەبێت، چونکە چارەسەرەکان لەدەرەوەی دەستەڵاتی حکومەتدایە.
کۆمەڵگای ئێراقی، لەبارودۆخێکدا دەچنە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، کە گرانی و بەرزی نرخی سەبەتەکانی خۆراک و خواردەمەنی و میوە و گۆشتی سپی و سوور لەبەرزترین ئاستی نرخەکانیاندان، ڕاستە ئێراق خاوەنی قەبارەیەکی گەورەیە لەدۆلار و کێشەی سیولەی نەماوە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی کەمەو لەئاست خواستی 40 ملیۆن دانیشتوانەکەیدا نی یە، ناچار دەتوانین بڵێن سەرجەم پێداویستییەکان لەدەرەوە دابین دەکرێت، نرخی هاوردەکراوەکانیش بەبەرزی دێتەناو بازاڕەکانی ئێراقەوە،بێ گومان هەرێمیش وەک بەشێک لەئێراق، هەمان کێشەو ئاریشەی هەیە و بەهۆی دواکەوتنی مووچەو نەبوونی بەشەبودجەی وەبەرهێنان بارگرانییەکە گەورەترو کاریگەرتر دەبێت.
لەتایبەتمەندییەکانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کەخۆی دەبینێتەوە لەخواستی زۆرو بەکاربردنی گەورە لەسەرجەم پێداویستییەکان بەگشتی و خۆراک و خواردەمەنی بەتایبەتی. بازاڕ لەم مانگە پیرۆزەدا گەرمە و جمەی دێت، چونکە ئارەزووی بەکاربردنی هاوڵاتیان زۆرە، هەربۆیە پێویست دەکات لەسەر لایەنەپەیوەندیدارەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنەکانی قائمقامیەتەکان بەووردی و بەئاگاییەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە لەم کاتەدا بەداخەوە بەشێک لەبازرگانان و فرۆشیاران ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ ساغکردنەوەی خۆراک و خواردەمەنییەبەسەرچووەکانیان، باجی ئەم کارەش هاوڵاتیان دەیدەن، لەهەمانکاتدا چەندین دەرئەنجامی خراپی ئابوری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.
زۆر گرنگە، هەر شوێن و جێگاو فرۆشیارێک، سەرپێچی ڕێنمیاییەکان و گرانفرۆشی و خۆراک و خواردەمەنی ماوەبەسەرچوو ئەنجام دەدات، ئاشکرا بکرێت و لەهۆکارەکانی ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوبکرێتەوە، بۆئەوەی لەلای هاونیشتمانیان بناسرێنەوە و ببنە وانەیەک بۆ کەسانی تر.
زۆر گرنگە کڕیار لەم مانگەدا زیاتر چاوکراوە و هۆشیارتر بێت لەکاتی کڕینی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیدا، بەتایبەت لەڕووی ماوەی بەکاربردنی کاڵاکان و جۆرو کواڵیتی مادەخۆراکیەکان، هەروەها زیاد لەپێویست نەکرێت، چونکە لەلایەک نرخ بەرزدەکاتەوە و لەلایەک ڕێژەی بەفیڕۆدان و پاشماوە زیاتر دەکات.
بەئومێدی ئەوەی ئەم مانگە پیرۆزە، بەئارامی و بەخۆشی تێپەڕبکات و هەموولایەک سوودمەند بن لەمامەڵەو سەوداکاری بازاڕ.