جەنگی ئازەربیجان و ئەرمینیا
رەنج نەوزاد
2020-09-27   1169
هەرێمی ناگۆرنۆ قەرە باخ، هەرێمێکی زۆرینە ئەرمەنە ودەکەوێتە ناو خاکی ئازەربیجان. کەمینەیەکی کورد و ئێزیدیشی تێدایە (بە پێی مێژووی دوور، بەشێکی زۆری ناوچەی ئازەربیجان وئەرمینیا کوردی بووە). لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت ئەو ناوچەیە بە ئازەربیجان وئەرمیناشەوە سەر بە سۆڤیەت بوون، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ناوچەی قەرە باخ داوای کرد بکرێتە سەر ئەرمینیا، ئازەربیجان ڕازی نەبوو، لە دوای نەمانی سۆڤیەت تا ۱۹۹٤ جەنگی ئەرمینیا وئازەربیجان بەردەوام بوو لەسەر ئەو ناوچەیە، پاشان ئاگربەست کرا بێ چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئازەربیجان وئەرمینیا دەکەونە ناوچەی قەوقاز، ئەم ناوچەیە لە ڕووی مێژووییەوە بە خاڵی بەریەککەوتنی هەرسێ ئیمراتۆریەتی ڕووسی وفارسی وتورکی دادەنرێت، باکووری قەوقاز ڕووسیایە، ئێران و تورکیاش لە باشوورەوە هاوسنوورن لەگەڵ ئەو ناوچەیە. ساڵانێکە تورکیا وئەوروپا دەیانەوێت ئەم ناوچەیە بکەنە پڕۆژەیەک بۆ شوێنگرەوەی وزەی ڕووسی، بەتایبەت گازی سرووشتی. هەر بۆیە ڕووسیا لەم جەنگەدا زۆرترین تەرکیزی لەسەرە، چونکە لە ڕووی جوگرافی ومێژووییەوە بەشێکە لەم ناوچەیە، هەر وەها لە باشووری قەوقازیشەوە هەڕەشەی لەسەرە، چونکە شوێنگرەوە بۆ گازی ڕووسی، واتە لێدان لە بزوێنەری سەرەکی ئابووری وهەژموون وسیاسەتی ڕووسی.
هەندێ لە چاودێران پێیانوایە، ڕووسیا مەبەستیەتی ئارامی ناوچە سنوورییەکانی ئازەربیجان وئەرمینیا تێکبدات. لە شەڕی پێش دوو مانگ لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە، شەڕەکە لە ناوچەی نزیک لە سنووری ئازەربیجان وجۆرجیا وئەرمینیا ڕوویدا، ئەم ناوچەیە نزیکەی ۳۰۰ کم دوورە لە هەرێمی قەرە باخ، ئەو ناوچەیە هێڵە سەرەکیەکانی وزەی پیادا تێدەپەڕێت، کە لە قزوین وئازەربیجانەوە دەچێتە جۆرجیا ولەوێوە بۆ تورکیا وئەوروپا. هێڵی باکۆ تەبیلیسی جیهان لەو ناوچەیەوە تێدەپەڕێت. دەکرێت ئەم جەنگەی ئێستاش، لە قەرەباخەوە درێژ بێتەوە بۆ نزیک سنووری جۆرجیا.
ڕووسیا چەن مەبەستێکی هەیە: دەیەوێت تورکیا هەمیشە پێویستی بە وزەی ڕووسی بێت، تورکیاش پلانی هەیە لە ڕێگەی ئازەربیجانەوە پێداویستی خۆی بۆ وزە دابین بکات، ڕووسیا دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێتە تورکیا، کە ئەگەر وزەی ڕووسی نەبێت، ئەوا سەرچاوەکانی تر مسۆگەر نین و دەکرێت لە ڕێگەی شەڕی ئەرمینیا وئازەربیجانەوە هەموو پلانەکانی تورکیا تێکبدرێت. هەر وەها ساڵی داهاتوو بۆندی فڕۆشتن وکڕینی گاز لە نێوان ڕووسیا وتورکیا تەواو دەبێت، لە ئێستادا ناکۆکی هەیە لەسەر تازەکردنەوەی ئەو بۆندە لە نێوان هەردوو دەوڵەت، ڕووسا دەیەوێت تورکیا ناچار بکات بۆندەکە مۆر بکات بە پێی بەرژەوەندی رووسیا، چونکە بەدیلی رووسیا، ئازەربیجان نییە. دەکرێت ڕووسیا ئەم سەرئێشانە بۆ تورکیا درووست بکات، تا ناچاری سازشی بکات لە لیبیا وسووریا. چونکە کردنەوەی بەرەیەکی تر لە ململانێ وشەڕ بۆ تورکیا زۆر قوورس دەبێت. لە ئێستادا تورکیا لە سووریا ولیبیا و لە دوو پارچەی کوردستان لە شەڕدایە، هەر وەها ئەوروپا وکەنداو (جگە لەقەتەر) ومیسر دژی تورکیان، لە سوریا ولیبیا ململانێیەکی شاراوەی لەگەڵ ڕووسیا هەیە، دەکرێت بە هۆی جەنگی ئەرمینیا وئازەربیجان، ڕووسیاش وەک ئەوروپا وکەنداو بکەوێتە بەرەی دژە تورکیا، هەموو ئەمانەش هاوکاتن لەگەڵ کێشە ئابووری وسیاسیەکانی ناو تورکیا.
ڕووسیا لە ڕێگەی ئەرمینیاوە، دەیەوێت پەیامێک بۆ ئەوروپاش بنێرێت، کە سەقامگیری قەزوین وقەوقاز لە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیایە وکەی بیەوێت تێکیدەدات، بۆیە پشت بەستن بە وزەی ناوچەیەکی وا، لە بەرژەوەندی ئەوروپا نابێت. کەواتە ئەوروپا بۆ وزە، بەدیلی ڕووسیایی نییە.
ڕووسا لەگەڵ ئەوەی فڕۆشیارێکی سەرەکی چەکە بە هەردوو بەرەی شەڕەکە ئازەربیجان وئەرمینیا، بەڵام پشتگیری تەواوی ئەرمینیا دەکات، تەنانەت سوپای رووسی لە ئەرمینیا بوونیان هەیە. ئەوروپا هەر چەن لەگەڵ ئارامکردنەوەی دۆخەکەیە، بەڵام لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە پشتگیری ئەرمینیا دەکات، ئێرانیش پشتگیری ئەرمینیا دەکات. تورکیا بێ گومان لەگەڵ ئازەربیجانە.