(*) کۆمپرادۆر وشەیەکی پورتوگاڵییە بە واتای کڕیار لە بری کەسێکی دیکە دێت. لە مێژووی کۆلۆنیالیزمی پورتوگالدا بە مانای خزمەتکاری نمایندە بەکار دەهات و بەو کەسانەی ناوخۆ دەگوترا کە وەک خزمەتکار لای ئاغا پورتوگالییەکان کاریان دەکرد و بە ناوی ئەوانەوە بازاڕیان بۆ دەکردن و بە هەرزان شتومەک و کەرەستەی خاوی وڵاتەکەیان بۆ دەکڕین. دواتر لەسەر دەستی مارکسیستەکانی جیهان، زاراوەی بۆرژوازیی کۆمپرادۆر وەک زاراوەیەکی شیکاری داڕێژرا و زیاتر وەک بەشێک لە فەرهەنگی سووکایەتی بەکار دەهات. لەسەردەمی لێکهەڵوەشانی کۆلۆنیالیزمی سوننەتیدا دەسەڵاتدارانی نمایندەی بێگانە، ئەو زاراوەیەیان بە جنێو دەزانی و شەرمیان لێی دەکرد. بەڵام لە دوای نەوەدەکانی سەدەی رابوردووەوە، سەرەڕای ئەوەی بە هەمان مێکانیزمی جاران کار دەکەن، دونیا بە جۆرێک گۆڕاوە کە لە ئێستادا شانازی بە کۆمپرادۆر بوونەوە دەکرێت.
لە وتارێکمدا، کە رۆژی 5/17 بڵاو کراوەتەوە و، دەتوانن لێرەوە بیبینن، باسم لە لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق، بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن، کرد. تێیاندا ئەو دەربارەی دانوستانی لەگەڵدەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فێدراڵی بە نادەستووری ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێم و رەتکردنەوەی یاساییبوونی گرێبەستەکانی پشکنین و دەرهێنان و گواستنەوە و بەبازاڕکرنی نەوت و گازی هەرێم دوا و، پێشنیارەکانی وەزارەتەکەی وەک دوا ئۆفەری ئەو دانوستانە خستە روو، کە بەم شێوەیەی خوارەوە چڕ دەکرێنەوە:
یەکەم:کۆمپانیایەکی نەوت دابمەزرێنرێت کە سەر بە وەزارەتی نەوتی فێدراڵی بێت و بنکەی لە هەولێر بێت و هەموو دەسەڵاتەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کە لە گرێبەستەکاندا هاتوون، بۆ ئەو کۆمپانیایە بگوێزرێنەوە و، لە داهاتووشدا ئەو کۆمپانیایە هەموو گرێبەست و ئیجازەکان لە هەرێمدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، بەڕێوە ببات.
دووەم: داهاتەکانی فرۆشی نەوتی هەرێم لە حسابێکی بانکیی تایبەتدا دابنرێت کە موڵکی وەزارەتی دارایی فێدراڵی بێت و، بە شێوەیەک رێک بخرێت کە ببێت بە گەرەنتیی سەرفکردنی تەواو و بەردەوامی شایستە داراییەکانی پشکی هەرێم لە بودجەی فێدراڵی.
ئەم پێشنیارانەی وەزیری ناوبراو، لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی سەرسوڕمێنەری وەزارەتەکەیەوە بۆ بەهای ئابووریی گرێبەستەکانی هەرێم سەرچاوە هەڵدەگرێت کە گوایە 80% ی ئەو گرێبەستانە دروستن، بەو پێیەی کە بەهای ئابووری نەوتی هەرێم نزمە و لەبەر ئەوەش وەزارەتەکەی پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پرۆسە جیاجیاکانی کەرتی نەوت و گازی هەرێمەوە.
لەو وتارەی پێشوودا روونم کردۆتەوە کە بەکەم ناساندنی بەهای ئابووریی نەوتی هەرێم (چ جای گازی هەرێم)، لە خورافە بەولاوە چی دی نییە. هەروا روونم کردۆتەوە کە ئەگەر کاری "تەنگوچەڵەمە جیۆلۆجییەکانی" کەرتی نەوتی هەرێم وەلانێن، ئەوا بەپێی داتای بەردەست، بە تەنها شێوازی خراپی گرێبەستەکانی هەرێم لە هەموو قۆناغەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوتدا (لە ساڵێکی قیاسیی وەک 2018 دا) بەرپرسیارە لە بەهەدەردانی 36 دۆلار بۆ هەر 100 دۆلارێکی داهاتی وەرگیراوی فرۆشی نەوت.واتە گوتاری "80% ی گرێبەستەکان دروستن" کە بێشەرمانە وەزیری نەوتی عێراق دەریبڕی، تەنها پێشینەیەک بوو بۆ خاڵی دوای ئەو؛ کە گوایە وەزارەتەکەی پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە هەموو ئەوانەوە کە لە بەتاڵانبردنی نەوتی هەرێمدا ملیارەها دۆلاریان تا ئێستە دەستکەوتووە.
لەوانەی سەرەوە ترسناکتر، ئەوەیە کە گوتاری "80% دروستن" ئەوە دەگەیەنێت کە وەزیری نەوتی عێراق و وەزراتەکەی کێشەیان نییە لەگەڵ جۆری گرێبەستەکانی هەرێم (ناسراو بە گرێبەستی بەشداری بەرهەمهێنان) کە لە ناوەڕۆکدا بەکەرتی تایبەتکردنی پیشەسازیی نەوت و گاز دەگەیەنێت و، ئەوەش بۆ خۆی پێچەوانەی پرانسیپە دەستوورییەکەی عێراقە کە چەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە نەوت (بە هەمان پێوەر گازیش) موڵکی هەموو گەلی عێراقە.
بەواتایەکی دیکە، وەزیری نەوتی عێراق و کادێرانی باڵای وەزارەتەکەی لە دانوستانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا، بە ئۆفەرەکەیان سەلماندیان کە ئەوان، لە بنەڕەتدا، گەر بۆیان بلوێت، لە فەلسەفەی ئیدارەدانی سامانە سروشتییە هەرەگرنگەکەی عێراقدا، هیچجیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لەگەڵکاربەدەستانی هەرێمدا و، ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادەن خوێنی هاووڵاتیانی هەرێمی لەسەر بڕژن(بەکەرتی تایبەت کردنی پیشەسازیی نەوت و گاز و گرێبەستەکانیان) لای ئەوانیش پێرۆز و پارێزراوە. بە کورتی، ئەوەی روودەدات دانوستانی دوو کۆمپرادۆرە لەسەر ئەوەی کامیان خزمەتکاریی باشتریان پێ دەکرێت.
بە پشت بەستن بەم لێکدانەوەیە، ئەوکات، سەرەڕای رووکەشی رەتکردنەوەی "هەر چوار دەسەڵاتەکە" ی هەرێم بۆ سەرتاپای پێشنیارەکان، بەندە لە وتارەکەمدا وای بۆ چووم کە ئەو دوو لایەنە، دەسەڵاتدارانی هەرێم و کاربەدەستانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە هەڵوێستیاندا زۆر لەوە نزیکترن کە لە هاژوهوژی میدیاییدا دەردەکەوێت و ئەوەی لەسەری کۆکن، گەلێک خراپە بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێم و نەوەکانی دواڕۆژمان.
زۆری نەبرد، لە 6/6 دا دەسەڵاتدارانی هەرێم دۆکۆمێنتێکیان بڵاو کردەوە بە ناونیشانی "روانگەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دۆسێی نەوت". دەتوانن لێرە بیبینن.
دۆکۆمێنتەکە دۆو دۆشاو تێکەڵدەکات و قەرەبووی ئەنفال و دۆزی ناوچە جێناکۆکییەکان و چەندین دۆسێی دیکە تێکەڵی ئەو بابەتە دەکات، بە مەبەستی ئاشکرای بەستنەوەی داکۆکی لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا نەوتییەکان و ئیمتیازاتی ناڕەوای دەوڵەتی تورکیا بە هەندێک گرێ کوێرەی پەیوەندیی هەرێم بە مەرکەزەوە، کە لە ماوەی 20 ساڵی هاوبەشییان لە هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە عێراقدا، نەک چارەسەریان نەکردوون، بەڵکو بە سیاسەتی نەوتی "فوول کوردایەتی"ەکەیان ئاڵۆزتریان کردوون.
بۆ نموونە دۆکۆمێنتەکە باس لە بڕی قەرەبووی نزیکەی 340 ملیار دۆلار دەکات بۆ زیانە مرۆیی و ماددیەکانی تاوانکارییەکانی رژێمی سەددام لە دژی هاووڵاتیانی هەرێم و ژینگە و ماڵو موڵکیان…ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو مەقاصەیەی کە پێی وایە دەبێت بکرێت دەربارەی بڕی ئەو داهاتە فێدراڵییانەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم چەندین ساڵە رادەستی بەغدایان نەکردووە. ئەمەشبۆ خۆی مایەی پێکەنینە، چونکە بڕی ئەو پارەی قەرەبووکردنەی خەمڵێندراوە خاوەنیان هەیە و بریتین لە خودی زیانلێکەوتووان، یان، گەر نەمابن،کەسوکاریان. لەبەر ئەوە مافی دارایی گشتیی دەسەڵاتی هەرێمیان پێوە نییە تا ببنە بەندی ئەو جۆرە مەقاصەیە. جگە لەمە، ئەو جۆرە لە قەرەبووکردن لە نێوان دوو دەسەڵاتی جێبەجێکاری هەرێم و حکومەتی مەرکەزی عێراقدا ناکرێت، بەڵکو لە هۆڵی پەرلەمانی فێدراڵدا دەبوا بکرێت و، ماوەی ئەم 20 ساڵەی رابوردوویان هەبوو بۆ ئەوەی ئەو کارە ئەنجام بدەن و تا ئێستە نەیانکردووە. بە واتایەکی دیکە، ئەم بابەتانەی بە کلکی دۆسێی نەوت و گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمەوە کراون، مێکانیزمی چارەسەریان و شوێنی چارەسەریان مێزی دانوستان لەگەڵوەزارەتی نەوتی مەرکەزدا، بگرە تەنانەت لەگەڵسەرۆک وەزیرانی مەرکەزیشدا نییە!
جا بۆ ئەوەی تێبگەین "ئۆفەری بەرامبەر"ی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە کێشەی دەستووری نەبوون و یاسایی نەبوونی سیاسەتی نەوت وگاز و گرێبەستەکانیاندا بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق چییە، دەبێت چاومان رابێنین ئەو ئۆفەرە لە هەموو ئەو بابەتانەی راستەوخۆ پەیوەندییان پێیەوە نییە جیابکەینەوە…کە ئەمەمان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا، ئەوجا دەبینین کە کورتکراوەی "ئۆفەری بەرامبەر"ی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ وەزارەتی نەوت، بریتییە لەمەی خوارەوە:
یەکەم (لە بریی پێشنیاری یەکەمی وەزارەتی نەوتی عێراق):حکومەتی هەرێم دوو کۆمپانیای گشتی دابمەزرێنێت یەکێکیان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، ئەوی دیکەش بۆ بە بازاڕکردنی نەوت. ئەم دوو کۆمپانیایە سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بن و، بە گوتەی دۆکۆمێنتەکە "دەکرێت" هەماهەنگی لە نێوان ئەم دوو کۆمپایایەدا هەبێت و لەهەمان کاتیشدا "دەکرێت" هەماهەنگییان لەگەڵکۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دا هەبێت، ئەمەش هاوکات لەگەڵ پەیوەندییەکی هاوشێوە لە نێوان هەردوو وەزارەتی هەرێم و فێدراڵ، کە بی گومان ئەویش لەسەر بنەمای "دەکرێت" بێت!
جا بۆ ئەوەی ئەم "دەکرێت"ە چانسی پراکتیزە کردنی هەبێت، بە رای نووسەرانی دۆکۆمێنتەکە، پێویستە بونیادی سۆمۆ هەموار بکرێتەوە بە جۆرێک کە بیکات بە "دەزگایەکی فێدراڵی"…چۆن؟ بەوەی جێگری سەرۆکی دەزگاکە و دوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە دەستنیشان بکرێن و، دەسەڵاتدارانی هەرێم مافی ڤیتۆیان هەبێت لە هەر بڕیارێکدا کە پەیوەند بێت بە هەرێمەوە! جا لەبەر ئاستی نزمی رۆشنبیریی دەستووریی نووسەرانی ئەم دەقە، چاوەڕوان ناکرێت کە بزانن ئەوەی ئەوان داوای دەکەن بە فێدراڵی کردنی دەزگاکە نییە، بەڵکو بە کۆنفێدراڵی کردنێتی…بەڵام با نموونەیەک بێنینەوە بۆ روونکردنەوەی ئەوە چی دەگەیەنێت: گریمان لە چوارچێوەی ئیلتیزامە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لە رێکخراوێکی وەکو ئۆپێک دا بڕیار درا خستنە بازاڕ و بەرهەمی نەوتی عێراق 30% کەم بکرێتەوە، ئەوەش مانای وابوو کە هەرێم و بەشەکانی دیکەی عێراق پێکەوە هەریەک لە لای خۆیەوە ئیلتیزام بکات بە کەم کردنەوەی 30% ی بەرهەم و فرۆش. واتە بەشێک لە بڕیارەکە پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەبێت. لەو حاڵەتەدا ئەگەر دەسەڵاتی ڤیتۆ بەردەست بوو بۆ نوێنەرەکەی هەرێم و بڕیاری دا بەکاری بهێنێت، چۆن ئیلتیزامە نێودەوڵەتییەکەی عێراق لە ئۆپێک دا جێبەجێ دەکرێت؟
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم داوای مافی ڤیتۆیە، لای نووسەرانی دۆکۆمێنتەکە، بۆ چ مەبەستێکە؟ لە راستیدا هیچ هەوڵێکی شاردنەوەی مەبەستی سەرکییان نەداوە…ئەوان بە ئاشکرا دەیانەوێت "ماف"ی ئەوە بپارێزن کە هەمان کۆمپانیاکانی فرۆش (هەروەها بەرهەمهێنان) کە لە ئێستادا گرێبەستیان لەگەڵیاندا هەیە، هەر ئەوان، بمێننەوە. (بڕوانە لاپەڕە ٢ ی دۆکۆمێنتەکە). ئەوەش تەنها هۆیەکە کە لە شیکاری داوا فیدرالییە/کۆنفیدرالییەکەیاندا خستوویانەتە روو. پێشینانیشگوتوویانە:کورد بدوێنە، شەرعی خۆی دەکات.
پێش ئەوەی بچمە سەر خاڵی دووەم دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە کۆمپانیای گشتی هەرێم بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە یاساکەی ساڵی 2007 ی هەرێمدا باس کراوە و چەندین جاریشگفتی پێکهێنانی دراوە، بەڵام ئەوتا پاش تێپەڕ بوونی 15 ساڵ هەر بە گفت ماوەتەوە. بۆچی؟ چونکە کۆمپانیایەکی گشتی لەو جۆرە ناکۆکە لەگەڵ فەلسەفەی سیاسی و ئابووریی دەسەڵاتدارانی هەرێم و لە راستیدا گەر رێ لە بە تایبەتکردنی پیشەسازیی نەوت و گاز نەگیرێت، دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتی گاڵتە بە خۆ کردنە و بە کردەوەش دەبێت بە ئۆفیسی ئەرشیف و ئیمزاکردنی گرێبەستەکان و چی دی نا!
دووەم (لە بریی پێشنیاری دووەمی وەزارەتی نەوتی عێراق): داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم بگوێزرێتەوە بۆ حسابێکی بانکی کە دەسەڵەتدارانی هەرێم خۆیان هەڵیبژێرن و راستەوخۆ کۆنترۆڵی جووڵەی بڕە داراییەکانی بکەن... ئەوجا با بپرسین، حسابەکە بە ناوی هەرێمەوە بێت یان نا، ئەگەر هەمان کاری پێ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەشمێکانیزمی روون و ئاشکرای ئەوتۆ دابنرێت کە مەبەست بپێکێت، ئیتر بۆچی کێشەیە؟ لێرەشدا داڕێژەرانی دۆکۆمێنتەکە بێبەشیان نەکردووین لە دەربڕینی ئاشکرای هۆکاری ئەم پێشنیارەیان کە لە لاپەڕە 3 ی دۆکۆمێنتەکەدا نووسیویانە: "بۆ ئەوەی (حکومەتی هەرێم) شایستەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بدات" و چی دی نا! واتە، لە پشت رووکەشی داکۆکی لە سەروەری و شکۆی هەرێمی کوردستاندا، "ئۆفەری بەرامبەری" خاڵی دووەمی ئۆفەرەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، تەنها بە مەبەستی ئەوە هێنراوەتە سەر مێزی گفتوگۆ هەتا رێ لە حکومەتی فێدراڵ و وەزارەتی نەوتی فێدراڵ بگرێت لە کەمکردنەوەی "ماف" ی کۆمپانیا (زۆربە بیانییەکان)ی هەرێم، کە بەهۆی هەڕەشەی پێنەدانی بەشێک لە "شایستەکانیان" ناچار بن بە رازی بوون بە گۆڕینی گرێبەستەکانیان.
وەک دەبینن، کاربەدەستانی هەرێم و کاربەدەستانی وەزارەتی نەوتی فێدراڵ، لە بنەڕەتدا هەمان پەیامیان پێیە. هەردووکیان کۆکن لەسەر پاراستنی زۆرینەی ئیمتیازاتی کۆمپانیا تایبەتەکانی کەرتی نەوت و گازی هەرێم و کۆکن تەنانەت لەسەر پاراستنی زۆربەی بەرژەوەندییە ناڕەواکانی دەوڵەتی تورکیا. هەردووکیشیان کۆکن لەسەر واڵاکردنی دەرگای کردن بە کەرتی تایبەتی پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا و ئەو پرۆسەیە بە پێویست دەزانن بۆ هەموو عێراق. کەسیشیان کێشەی نییە لەگەڵناکۆکیی ئەو بە کەرتی تایبەتکردنە لەگەڵ دەستووری وڵاتدا. تەنها جیاوازییان بریتییە لەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت خۆیان وەک پارێزەرێکی سەرسەختتری دەستکەوتەکانی کۆمپانیا تایبەتە بیانییەکان بەرنە پێشەوە و بەڵێنی پاراستنی دەق و ناوەرۆکی زۆربەی هەرە زۆری گرێبەستەکانیان دەدەن و گفتی ئەوەیان پێ دەدەن کە ئەوان لە ئەنجامدا چۆک بە وەزارەتەکەی فێرداڵدادەدەن. هەرچی وەزارەتی فێدراڵیشە دەیەوێت لەڕێی پیشاندانی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم پێگەی یاساییان لەرزۆکە، بە هەمان کۆمپانیاکان بڵێت، ئێمە بە حیلە شەرعیی یاسایی و بە خۆ گێل کردن لە دەستوور و بە هێزی ئەو واقیعەی کە ئێمە دەوڵەتین، دەتوانین زۆر چاکتر لە دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆربەی "ماف"ەکانتان بپارێزین.
لەم پێشبڕکێی "کێمان کۆمپرادۆری چاکترین" ەدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ماوەی چەند هەفتەی پێشوودا کۆمەڵێک "مانۆڕی یاسایی" دانسقەیان ئەنجام داوە کە دەربڕی تێگەیشتن و کولتووری یاسایی زۆر دواکەوتوون و لە ناوەڕۆکدا کێشە یاساییەکانیان بە هیچ شوێنێک ناگەیەنێت. ئەوەندە نەبێت کە بۆ دۆست و دوژمن دەردەخەن دەستێوەردانی حیزبی لە کاروبار و بونیادی ئیداریی دەسەڵاتی دادوەریدا چ ریسواییەک بەرهەم دێنێت.
رۆژی 4 ی ئەم مانگە "ئەنجومەنی دادوەری" هەرێم مێشکی خۆی گوشی و بڕیاری دا کە دادگای باڵای فێدراڵی مافی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی نییە! ئەوان و دەسەڵاتدارانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڕیاریان دا کە سەرڕای ئەوەی تا ئێستە لە هەموو جومگەیەکی سیاسەتی باڵای وڵاتدا، هەموو کات دانیان بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدراڵیدا ناوە وەک دادگایەکی باڵا، بەڵام لەمەودوا لە ئەنجامی ئەو مێشک گوشینە، هۆشیان بۆ گەڕاوەتەوە و بیریان کەوتۆتەوە کە یاسایەکی رێکخەر نییە بۆ ئەو دەسەڵاتە، بەو پێیەش لەمەودوا بە "بەناو دادگای باڵا" ناوی دەبەن و ئەوان بڕیارەکانی پشتگوێ دەخەن! جا سەیر لەوەدایە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمیش هەروەک لە ماڵپەڕەکەی خۆیاندا باسی لێوە دەکەن و لێرەوە دەتوانن بیبینن، بە هیچ یاسایەک دانەمەزراون و بە پێی پێناسی خۆیان بۆ ئەرکەکانیان، هیچ پەیوەندییەکیان بە کێشە دەستوورییەکانەوە لە دوور و نزیکەوە نییە. بەڵام لەو رۆژەوەی سەرۆکی پێشووی هەرێم بڕیاری دا بەکاریان بێنێت بۆ بەهانە هێنانەوە بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا، بە "کن فیکون"ێک لە دەزگای سەرپەرشتیاری ئیداریی دادگاکانەوە بوون بە "دەسەڵاتی چوارەم"!
نموونەیەکی دیکەی لەم نمونەیەی سەرەوە مایەی بەزەیی تر بریتییە لەو مانۆڕە یاساییەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە خراپ بەکارهێنانی دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی هەولێر ئەنجامیان دا. ئەوان، وەک پەرچە کردار لە دژی داوایەکی مەدەنی کە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەرامبەر هەموو کۆمپانیا بیاننییەکان کە لە پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمدا کار دەکەن، لە دادگای مەدەنی کەرخ لە بەغدا تۆماریان کردووە و دادگاش نوێنەری ئەو کۆمپانیایانەی بانگهێشت کردووە،لە بەرامبەر ئەمە، داوایەکی دادگای تاوانیان لە هەولێر لە دژی کاربەدەستێکی وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمار کردووە، کە گوایە ئیمێڵێکی هەڕەشەی ناردووە بۆ ئەو کۆمپانیایانە و تێیدا داوایان لێ دەکات، لەسەر بنەمای نادەستووری و نایاسایی بوونی گرێبەستەکانیان، دەبێت دەست لەکارەکانیان هەڵگرن، دەنا دەخرێنە لیستی رەشەوە لەلایەن حکومەتی عێراق…
حکومەتی هەرێم لە دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانی هەولێردا دەڵێت ئەو ئیمێڵە هەڕەشە ئامێز بووە و بەرپرسانی کۆمپانیا بیانییەکانی ترساندووە. بێ گومان هیچدادوەرێکی لێکۆڵینەوە کە رێز لە کارەکەی بگرێت، ئامادە نییە هەڵوێستێکی ئیداریی لەو جۆرە، بە هیچپێوەرێک بخاتە ئەگەری تاوانکارییەوە و خودی خاوەن داواکەش (دەسەڵاتدارانی هەرێم) لەوە وریاترن کە بڕوا بکەن کارێکی وەها بچێتە ئەگەرێکی دووری تاوانکارییەوە….ئەی کەواتە بۆ داواکەیان تۆمار کردووە؟ چۆنکە بنەمایەکی یاسایی هەیە کە دەڵێت دوو داوا لەسەر هەمان بابەت یەکێکیان لە دادگای تاوان و ئەوی دییان لە دادگای مەدەنی بەڕێوە بچێت دەبێت دۆسێی تاوانەکە پێش بخرێت و تا ئەویان تەواو دەبێت داوا مەدەنییەکە رابگیرێت و، بگرە ئەگەر شوێنی بینینی داواکان جیاواز بوو، چاکترە هەردووکیان لە یەک شوێن، ببینرێن.
دەسەڵاتدارانی هەرێم وەک هەر کەسایەتییەکی یاسایی مافی ئەویان هەیە هەوڵی ئەوە بدەن هەر داوایەکی یاسایی بجووڵێنن ئەگەرچی زۆر نامەعقوولیش بێت. بەڵام ئەرکی سەرشانی دادوەر ئەوەیە داوای بێ بنەما لە کەس قەبووڵ نەکات، نەهێڵێت دەزگای دادوەری بۆ مانۆڕی وەها بەکار بهێنرێت. بەڵام داخەکەم، حاڵی دادگاکانی هەرێم لای کەس شاراوە نییە. ئەم سابیقەیەشیان دەچێتە سەر باری چەندینی وەها کە دەمێکە دەزگا چاودێرە نێودەوڵەتییەکانیان نیگەران کردووە.
دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرڕای ئەوەی لەهەموو تاقیکردنەوەیەکی هوشیاریی یاسایی و سیسڤیلدا تا ئێستە شەرمەزاری دەچننەوە، بەڵام خولیای پێشوازی لێکردنیان لە کۆنگرە و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە وزە و دانیشاندنیان لە تەنیشت سەرۆکی کۆمپانیا جیهانییە گەورەکان وەک کۆمپرادۆرێکی گوێرایەڵ، وای لێکردوون لە هەموو شتێک بێباک بن، تەنها لە رەزا وستایشی کۆمپانیاکانی نەوت نەبێت.
لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا ئەم شەڕە قۆچەی کۆمپرادۆرەکانی هەرێم و کۆمپرادۆرەکانی بەغدا کۆتایی دێت، پاداشتی براوەش تەنها قەڵەمی ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی ئاغاکانیانە.
ئێمەی خەڵکی خێر نەدیوی هەرێمی کوردستان و سەرتاپای عێراق دەبێت ئەوە بزانین کە لە ململانێی ئەم دوو کارەکتەرەدا، گەر بۆ هەردووکیان بە تەنها بەجێ بهێڵرێت و فشاری بەردەوامی خەڵکیان لەسەر نەبێت، هەرکامێکیان بیباتەوە، ئێمە هەر دۆڕاوین.