سەرۆک و راوێژکارەکانی...کەس یارییان لەگەڵ ناکات!
ئالان م. نوری
2021-06-25   1261
مانگێک لەمەوبەر، رۆژی 23
ی مایس، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، پرۆژەی یاسایەکی پێشکەش بە رای گشتی
عێراق و پەرلەمانی وڵات کرد و، لەسەر تەلەفزیۆن راگەیاند کە ئامانج لەو
پرۆژەیاسایە گونجاندنی بونیادی یاسایی ناوخۆی عێراقە لەگەڵ ئیلتیزامە
نیودەوڵەتییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستکەوتنەوەی پارەو موڵک و ماڵە
دزراوەکانی عێراقە کە لە ئەنجامی گەندەڵکاریی کاربەستە حکومییەکان لە دەرەوە و
ناوەوەی وڵات کەڵەکە بوون. هەروا رایگەیاند کە بەپێی خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان،
لە سەرەتای رووخاندنی رژێمی بەعسەوە تا ئێستە، 150 ملیار دۆلار لە موڵک و ماڵی
گشتیی لە عێراقدا دزراوە. ئەمەش، بە تێکڕا ، دەکاتە ساڵی زیاد لە 8 ملیار و 333
ملیۆن دۆلار، لەوەتەی "پڕۆسەی ئازادی" لە عێراقدا دەستی پێکردووە تا
ئێستە!
پرۆژەیاسایەکی
بێ ناز!
جێی خۆی بوو ئەگەر
پڕۆژەیاسایەک کە بەڵێنی ئەوە بدات زیاد لە ئەوەندە و نیوی کۆی بودجەی ساڵانەی
حکومەتی فێدراڵ بگەڕێنێتەوە بۆ هاووڵاتیان، ببێتە مایەی دیبەیت و گفتوگۆیەکی چالاک
لە پەرلەمان و ئەکادیمیا و میدیای تەقلیدی و سۆسیال میدیادا. بەڵام وا مانگێک
بەسەر ئەو پرۆژە بێ نازەدا تێپەڕی و تەنانەت نەخرایە لیستی پرۆژەیاساکانی بەردەم
خولی دانیشتنی مانگی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش. ئەمە جگە لەوەی کە لە هیچ پلاتفۆرمێکی فەرمی، تەقلیدی ، یان کۆمەڵایەتیدا،
شتێکی ئەوتۆی لەسەر نەوترا. ئەم فەرامۆشکردنە گشتییە دەکرێت بە چەندین باردا لێک
بدرێتەوە:
یەکەم: گەندەڵکاران زاڵن
بەسەر پەرلەمان و میدیای تەقلیدی و کەم تا زۆر بەسەر ئەکادیمیاشدا، بەڵام ئەم
لێکدانەوەیە کورت دێنێت. چونکە سۆسیال میدیا و میدیای ئالتەرناتیڤ و
"ئۆپۆزیسیۆن" یش بە هەمان ساردی پڕۆژەیاساکەیان پشتگوێ خست.
دووەم: تێڕوانینی گشتی لە
عێراقدا دەربارەی رۆڵی سەرۆک کۆمار ئەوەیە
کە، لە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی وڵاتدا، رۆڵێکی پرۆتۆکۆلیی هەیە و، رێکخەری مشتومڕی
هێزە سیاسییە سەرەکییەکانیشە لە ناوخۆدا. داڕشتنی پرۆژەیاساکان ئەرکی ئەو نین، بەو
پێیەش پرۆژەکەی ئەو وەک پێشنیاری هەر هاووڵاتییەک بۆ پەرلەمان مامڵەی لەگەڵ کراوە،
بۆیە پشتگوێ خراوە.
ئەمەش لە ململانێی دەسەڵاتی دامەزراوەیی(Institutional Turf War) دا، دەکرێت بەوە لێکدرابێتەوە کە سەرۆک
کۆمار دەیەوێت بە دروستکردنی "پێشینە: سابقة" دەسەڵاتە دامەزراوەییەکانی
فراوانتر بکات. لەبەر ئەوە وەک پەرچەکردارێکی چاوەڕوانکراو لە هەر سیستەمێکی
سیاسیدا، دامەزراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سەنگەر لە ئەم هەوڵە دەگرن
و لە حاڵەتی لاوازیی سەنگەر لێگیراویشدا
بە چەکی پشتگوێخستن و نەورووژاندنی رای گشتی بەرپەرچی دەدەنەوە. لە عێراقیشدا ئەم
ململانێی دەسەڵاتە "دامەزراوەیی"ە شێوازێکی دەرەبەگایەتیی حیزبی و
ئێثنۆ-تایەفیی لە خۆگرتووە و هەر پارچەیەک لە دەوڵەت بۆتە موڵکی ئەو بنەماڵە
سیاسییەی کە لە ئەنجامی هاوسەنگییە سیاسییەکاندا ئەو پارچەیەی دەوڵەت کەوتۆتە کۆشی
و بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتە حیزبییەکانی بەکاری دێنێت. لەبەر ئەوە بە هەڕەشەی چەک
و توند و تیژی مەڕ و ماڵاتی ئەوانی دیکە
لە بەشە "شیناییی"ەکەی خۆی دوور دەخاتەوە. ئەم هەڕەشەیەش لە عێراقدا
شێوازی "هاوسەنگیی تۆقاندن"ێکی ئەوتۆی وەرگرتووە کە بە کردەوە هەڕەشە کردنی ناوێت، بەڵکو هەر لایەنە توانا
توندوتیژییەکانی ئەوانی دیکەی لا ئاشکرایە و پێویستیان بە دەنگ دەرچوون نییە بۆ
هەڕەشە کردن لە یەکتر.
لە رووی دامەزراوەییشەوە،
لاوازیی سەرۆک کۆمار لەوەدا بۆ هەموولایەک ئاشکرا بووە کە پرۆژەیاساکەی تەنانەت لە ناو فراکسیۆنی حیزبەکەشیدا
دەنگدانەوەی نەبوو.
بەڵام پرسیاری بەردەوام
ئەوەیە کە بۆچی لای ئەوانەی، چ بە ناو و چ بە کردار، "دژە سیستەم "ن،
لای ئەوانیش هیچ دەنگدانەوەیەکی نەبوو؟
سێیەم: لە یەکێک لە
خوێندنەوە رۆژنامەوانییە دەگمەنەکانی ئەم پرۆژەیاسایەدا ئەوە خرایەروو کە، لە
رووی ئاوێتەبوونییەوە لەگەڵ یاسا هاوشێوەکانیدا، بە تایبەتی یاسای نەزاهەت و یاسای سزاکاندا، ناکۆکە و لەبری پرۆژەیاسایەکی سەربەخۆ، دەبوا خاڵە نوێکانی وەک پێشنیاری هەموارکردن بۆ چەند یاسایەک
دابڕێژرانایە، بەڵام پێدەچێت بچووککردنەوەی دەرکەوتنە میدیاییەکەی سەرۆک بۆ
پێشنیاری هەموار لە پەراوێزی یاساکان نەخواستراو بووبێتت، بۆیە هەموارە
پێشنیارکراوەکان بەو شێوە نەکڵۆکە خرانە دووتوێی یاسایەکەوە. هەر لەبەر ئەو
نەکڵۆکییەش، بەو رادەیەی کە سەرۆک دەیویست، دەنگدانەوەی پۆزەتیڤی نەبوو.
چوارەم: خودی ئەوەی
پرۆژەیاسایەک کە گفتی ئەوە دەدات 150 ملیار دۆلار بسەنێتەوە لە خەڵکانێک کە نزیکەی 20 ساڵە بەسەر کەرتی گشتیی وڵات مشەخۆرن
و بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا زاڵن، ئەگەر جیددی بوایە، پێش 4 مانگ لە هەڵبژاردنی گشتی نەدەخرایە بەردەم
پەرلەمانێک کە شەرعییەتی لە رۆژی "هەڵبژاردن"ی پێشوویەوە تا ئێستە لە ژێر گوماندایە و لەماوەی کاریدا گەورەترین
راپەڕینی پایتەخت و شارەکانی خوارووی عێراقی ئەوتۆی بەخۆیەوە دی کە هاوشێوەی لە
مێژووی ئەو 20 ساڵەی "پرۆسەی ئازادی" دا نەبوو.
کەواتە بە کورتی ئەم پرۆژەیاسایە، چونکە جیددی نییە،
نەشارەزایانە داڕێژراوە، گومانی هەوڵی فراوانکردنی لەوەڕگای سیاسیی لێ دەکرێت و لە
بنەڕەتدا بە مەبەستی جوانکاریی وێنەی سەرۆک داڕێژراوە، بۆیە لە هەموو لایەکەوە
پشتگوێ خرا.
حەلال
کردنی مووچە و ئیمتیازات!
پۆستی سەرۆک کۆمار لە
سیستەمی تەوافوقی تایەفەگەریی نەنوسراوەی عێراقدا، پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیی ئەوان و پارتی دێمۆکراتی کوردستاندا، جەلال
تاڵەبانی بوو بە سەرۆکی عێراق و مەسعود بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لە پاش
مردنی تاڵەبانی پۆستەکە درا بە فوئاد مەعسوم. کە لە سەردەمی کارابوونیدا، رووە دەرەبەگایەتییەکەی وەرگرتنی ئەو پۆستە لە
لایەن یەکێتییەوە بە ئاشکرا دەرکەوت. چالاکیی سیاسیی سەرۆک بەتانییەکی ئەستووری
بەسەردا درا و جگە لە بەشکردنی پارە و ئیمتیازە داراییەکانی پۆستەکە لەگەڵ حیزبدا،
بە سەدان (یان هەزاران؟) پۆستی پلە بەرزیش بە ناوی راوێژکاری و خزمەتگوزارییە
ئەمنییەکانەوە هەر بۆ حیزب بوو. سەرۆکیش چەند ئەندامێکی خێزانەکەی کرد بە ڕاوێژکار
و بووە مایەی خێر و خۆشی بۆیان.
لە بەختی بەرهەم ساڵح،
لەگەڵوەرگرتنی پۆستەکەی، عێراق کەوتە قەیرانێکی دارایی قورسەوە و لەبەر لاسەنگ
بوونی پەیوەندییە سیاسییەکان بە دژی حیزبە کوردییەکانی دەسەڵات، کۆتایی ساڵی
رابوردوو، پەرلەمانی عێراق بە فەرمی داوای لیستی راوێژکارەکانی سەرۆکی لە دیوانی
سەرۆکایەتیی عێراق کرد. ئەمەش فشارێک بوو بۆ سەر بەرهەم ساڵح چونکە حیزبەکەی
پێدەچێت وەچەی چەندین سەرکردەکانی بە پلەی راوێژکار لای خۆی بە فەرمانبەری تەواو
یان بە گرێبەست ناونووسکردبێت. لە دوای دانوستانەکانی بودجەوە، وا دیارە کە
گرێبەستەکان هەڵوەشێنرابنەوە و بۆ ئەمساڵ تەنها 40 دەرەجەی فەرمانبەریی باڵای (آ)
و (ب) لە بودجەدا بۆ سەرۆک تەرخان کراوە،
کە ئەوە پۆستی راوێژکارەکانین و بە تێکڕا هەر یەکەیان بە مووچە و ئیمتیازاتەوە،
زیاد لە 100 هەزار دۆلاری ساڵانە تێچوویانە.. واتە تەنها 40 راوێژکارەکەی سەرۆک،
ساڵانە، لانی کەم، 4 ملیۆن دۆلار مووچە و ئیمتیازات وەردەگرن.
سەیر لەوەدایە، پۆستی
سەرۆک لە دەستووری عێرقدا، پۆستێکی تەشریفاتییە و ئەم هەموو راوێژکارەی بۆ جێبەجێکردنی
کارە تەشریفاتییەکانی پێویست نییە! کەچی بەپێی یاسای بودجەی 2021 (واتە دوای دەست
گرتن بە پارەوە) لە هەریەک لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانیش زیاتر
راوێژکاری هەیە. پەرلەمان کەمترین ژمارە (23 راوێژکار) و ئەنجومەنی وەزیران بە
پلەی دووەم دێت (بە 32 راوێژکار). لە کاتێکدا ئەم دوو دامەزراوەیەی دەسەڵات
بەرپرسن لە نووسینی پرۆژەی یاسا و تێپەڕاندنی یاساکان و هەموارەکانیان و
ئەوان پێویستییان بە پسپۆڕی بوارە
جیاجیاکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگاکانی عێراق، لە سەرۆک
کۆمار، گەلێک زیادترە.
راوێژکار
لە عێراقی "پرۆسەی ئازادی"دا
پلەی راوێژکار یەکێک لە
سەرچاوە هەرە قێزەونەکانی گەندەڵکارییە لە عێراقدا و لە ساڵی 2013 ەوە هەوڵی
رێکخستنی کارەکایان بە یاسا دراوە و ئەو یاسایە دوای تەواو بوونی خوێندنەوەی یەکەم
بۆی، لە 2017 ەوە، چاوەڕێی دەنگدانە تا
ئێستە. یەکێک لە هۆکارەکانی نەخستنیە بەر دەنگدانی کۆتایی ئەوەیە کە بەپێی پرۆژە
یاساکە راوێژکاری خاوەن دکتۆرا دەبێت خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت و ماجستێر 18 ساڵ و بەکالۆریۆسیش 20 ساڵ.
بەڵام پێدەچێت بەشی هەرە زۆری خۆشەویست و جگەرگۆشەی بەرپرسانی باڵای عێراق ئەو
هەموو ساڵەی خزمەتیان نەبێت.
جا لەبەر ئەوەی راوێژکاران
چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەکرێت لە بواری سیاسەتی گشتیدا بەرهەمیان هەبێت، و
راوێژکارانی سەرۆکیش تا ئێستە هیچیان دیار نەبوو. بۆیە پێدەچێت کە بە مەبەستی حەلال کردنی مووچەکانیان، دوای
ئەوەی چاو خرایە سەریان، خرانە کار و ئیتر
ئەم پرۆژەیاسایە، بەرهەمی شەرمن و بەپەلەی نمەک گرتنیان بێت!
ئەی کە حاڵ وا بێت، بۆچی
سەری خوێنەری بەڕێز بێشێنم و سەرنجەکانم دەربارەی ئەم پرۆژەیاسا شەرمنە بخەمە روو؟
بۆ
ئەوەی نەبێت بە زۆمبی...
بەڕای بەندە، سیاسەتی
گشتی، کە یاسادانان بڕبڕەی پشتێتی، زادەی چەندەها کڵێشە و بیرو ڕای پچڕ پچڕ و
تێکئاڵۆسکاوە کە هەریەکەیان "چارەسەر"ی ئامادەو حازر بەدەستن و
چاوەڕێی هۆکارێک یان رووداوێک دەکەن تا ببن بە پڕۆژەیاسا. کە دەشبن بە پڕۆژەیاسا،
گەر پشتگوێش بخرێن، هەر لەناو ئەو تۆپەڵە چارەسەرە حازربەدەستانەدا دەمێننەوە و
کاوێژ دەکرێنەوە. بە واتایەکی دیکە ، دەقە نوسراوەکان، بە تایبەتی دەقی پرۆژە
یاساییەکان،توانای لە قاڵبدانی مشتومڕی داهاتوویان هەیە. بۆیە فەرامۆشکردنیان
دەیانکات بە زۆمبی و تا ئەم چینە "سیاسەتمەدار"ە تەمبەڵە مابێت، بە هەر
جۆرێک بێت لە دەیان دەقی یاسایی دیکەدا سەر هەڵدەدەنەوە. لەبەر ئەوە
رەخنەلێگرتنیان کات بەفیڕۆدان نییە.
"النص الکامل"؟؟
پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە
روونبکەمەوە کە دەقی ئەم پرۆژەیاسایە تەنها لە دەزگای راگەیاندنی (ناس نیوز)
بڵاوکرایەوە، بەو پێیەی کە خاوەنەکەی کەسێکی نزیکە لە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی
عێراق. ناس نیوزیش لە ژێر سەردێڕی "النص الکامل"ی پرۆژەیاساکە بڵاویان
کردەوە. ئەم "النص الکامل"ە، لە رستیدا لە ماددەی 24ی فەسڵی چوارەمەوە
قرتاوە، هەتا بەشێک لە ماددەی 28ی فەسڵی پێنجەم و ئەو بەشەش پێدەچێت لە سەرە قەڵەمەکانی
بەولاوە هیچی دیکە نەبێت. ئەمەش مانای وایە کە یان ناس نیوز دەقی تەواویان
نەدراوەتێ، یان راستتر ئەوەیە کە ئەو پرۆژەیاسایە لە مسوەددەیەکی سەرەتایی و شپرزە
بەولاوە چیدی نییە!
(Cut
& Paste)
بەشێوەیەکی گشتی بیروڕا
سەرەکییەکانی ئەم پرۆژەیاسایە بۆ وڵاتێک نوسراوە کە بانکەکان جێی متمانەی گشتی بن
و، وابەستەی یاسا بن و، تەنها سەرچاوە، یان هیچ نەبێت سەرچاوەی سەرەکیی، هاتوچۆی
پارە بن لە نێوان وڵات و جیهانی دەرەوەدا. بەڵام ئەمە زۆر دوورە لە واقیعی ژیانی
ئابووری عێراق.
لە لایەکەوە سیستەمی
بەڕێوەبردنی تۆڕی بانکە بازرگانییەکانی عێراق، گەر لە هەر وڵاتێکدا بوایە کە لانی کەمی
لێپرسینەوەی تێدا بێت، ئەوا زۆربەی هەرەزۆری ئیدارەی بانکەکان بە تۆمەتی بەکارهێنانی سیستەمی بانکی بۆ
خۆدەوڵەمەندکردن لە دەرەوەی ئەرکەکانیان وەک دەستەی بەڕێوەبردن، دەخرێنە
زیندانەوە. بە واتایەکی دیکە، زۆربەی قەرزە گەورەکانی بانکە بازرگانییەکان بۆ
ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنیانە، کە لە زۆربەی وڵاتاندا ئەو دوو رۆڵە تێکەڵ بە
یەکتر ناکرێن، چونکە یاسا رێی پێنادات. داواکردن لە سیستەمێکی بانکی، بەم رادەیە
گەندەڵ، کە ببێت بە بەشێکی کاریگەر لە چاودێریی هاتوچۆی پارە، لە ناوخۆ و دەرەوەی
وڵاتدا، لانی کەم، بەڵگەی بێئاگاییەکی زەقە لە واقیعی وڵات.
لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە
کە بەشی هەرە زۆری هاتووچۆی پارە لە رێگەی تۆڕی پەیوەندییە ژێراوژێرەکان بەڕێوە
دەچێت، بە تایبەتی لە رێگەی وەکیلەکانی مەراجیعی تەقلید لە سەرتاپای عێراق و لە
دەرەوەی وڵات. ئەوان پارەیەکی زۆر لە پەیڕەوکارانیان لە دەرەوەی دەزگا رەسمییە
بانکییەکانی جیهان کۆدەکەنەوە و لە عێراقیشدا بە هەمان شێوە و هیچ دەزگایەک ئەو
ملیارەها دۆلارە چاودێری ناکات. بازرگانانی نزیک لە دەزگا شیعییەکان لە رێگەی
مامڵە لەگەڵ وەکیلەکاندا پارەی بێشوومار دەنێرنە دەرەوەی وڵات. بە شێوەکی
بەرتەسکتریش چەندین تۆڕی هاوشێوە هەیە کە گەورەبازرگانانی دەرەوەی تایەفەی شیعە
بەکاری دێنن و هیچیان بە سیستەمی بانکیدا گوزەر ناکەن. ئەم لایەنە ترسناکەی
هاتوچۆی پارە، لە پرۆژەیاسای (Cut & Paste) ی
راوێژکارانی سەرۆکدا فەرامۆش کراوە.
ئەم دەردی (Cut & Paste) ە بەبێ لێکدانەوەی واقیعی عێراق، لە بابەتی
پێناسەکانی فەسڵی یەکەمی پرۆژەیاساکەدا بەزەقی رەنگی داوەتەوە؛ پڕۆژەیاساکە، لە
جوملەی "کەسانی نزیک" لە پەیوەندیی خزمایەتیدا، تەنها تا خزمی پلە دوو
دەڕوات. ئەمە بۆ کولتوورێک کە پێوەندیی خزمایەتییەکان تێیدا دوای پلە دوو گەلێک
کاڵ دەبێتەوە کێشە نییە. بەڵام بۆ کولتوورێکی وەک کولتووری عێراقی، خزمایەتی تا
پلەی چواریش گەلێک لەو خزمایەتییە پتەوترە کە لە وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوودا
هەیە. جگە لەوە، یاسا و کولتووری زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو زاوا و بووک و باوەژن و
باوەپیارە وەک کوڕ و کچ و باوک و دایک تەماشا دەکات، بەڵام بەپێی یاسای عێراقی
ئەوە وا نییە. واتە هەر گەندەڵییەک کە لە رێگەی زاوا و بووک و خزمانی پلەی یەکی
زاوا و بووکەوە ئەنجام بدرێن ئەم یاسایە توخنیان ناکەوێت. کەچی لە واقیعی تاڵی عێراقیشدا زاواکانی چەندین کاربەدەستی
گەورە "ئەستێرەی
پرشنگدار"ی ئاسمانی گەندەڵین.
بە
بەراورد بە ئەمریکا...
سەیر لەوەدایە (Cut & Paste) لە شوێنی زۆر سەرەکیدا فەرامۆش کراوە کە بە
بەرژەوەندیی گەندەڵکاراندا بشکێتەوە. بۆ نموونە، لە وڵاتێکی وەکو ولایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، هەر حسابێکی بانکی، هی فەرمانبەری باڵای حکومەت بێت یان
هاووڵاتییەکی ئاسایی، ئەگەر بە یەکجار لە 10 هەزار دۆلار زیادتری چووە سەر، ئەوا
بەپێی یاسا، دەبێت بانک ئەو جووڵەی پارەیە بە ڕاپۆرت بگەیەنێت بە دەزگای
لێکۆڵینەوەی فێدراڵی (FBI)، کەچی ماددەی 7- سێیەم ی فەسڵی دووەمی ئەم
پرۆژەیاسایەی سەرۆک، ئەو جووڵەیە، تەنها بۆ گەورە بەرپرسان و خێزان و کەسانی
نزیکیان، کاتێک دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە کە بڕی پارەکە نیو ملیۆن دۆلار یان زیادتر
بێت!
بڕگەی یەکەمی هەمان ماددەش
ئیلزامی دەزگا داراییەکان (بانک) دەکات کە لە حسابی هەر بەرپرسێکی باڵا و خزم و
کەسانی نزیکی بکۆڵنەوە و بە وردی ناسنامەی خاوەنەکانی حسابەکە و سوودلێوەرگرتوانی
دەستنیشان بکەن...کەی؟ کاتێک ئەو حسابە لە ملیۆنێک دۆلار تێپەڕی!! جارێکی دیکە لە
وڵاتێکی وەکو ئەمریکادا، هیچ حسابێکی بانکی بە شێوەیەکی ئاسایی لە 100 هەزار دۆلار
زیادتری نابێت تێدا بێت، لەوە زیاتر، ئەو حسابە هی هەر کەسێک بێت، دەبێت بە
پرۆسەیەکی تایبەتدا تێپەڕێت بۆ رێگەپێدانی! هەروەها هەمان ماددە دوای سێ ساڵ لە
کۆتایی هاتنی وەزیفەی ئەو کەسە، ئەو وردەکارییە کەمەش هەڵدەگرێت لەسەر حسابی خۆی و
خێزان و کەسانی نزیکی. کە ئەمەش جۆرێکە لە گاڵتەجاڕی. لە ئەمریکادا، زانیاریی کەم
بەهای وەک نەدانەوەی قەرزی ئۆتۆمۆبیلێک بۆ ماوەی 10 ساڵ لە نامەی ئەعمالی ئەو
کەسەدا دەمێنێتەوە و لەنێوان هەموو خاوەن بەرژەوەندییەکاندا لەو 10 ساڵەدا
ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت.
لیستی ناوی خێزان و کەسانی
نزیکی بەرپرسە باڵاکان، بەپێی هەمان ماددە بڕگەی دووەم، ساڵانە نوێ دەکرێتەوە.
ئەمەش لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای دەستبەجێدا، دەعوەتنامەیەکە بۆ نزیکەی ساڵێک لە
هاتوچۆی بێ چاودێریی پارە لەرێی "کەسانی نزیک" ی نوێوە، تا وادەی
نوێکردنەوەی لیستەکە دێت!
ماددەی 8 ی، بڕگەی سێیەمی
هەمان فەسڵ، هەڕەشەی مووچە بڕین و بەزۆر ئیستیقالە پێکردنی ئەو بەرپرسە باڵایانە
دەکات کە بە دەستی ئەنقەست زانیاریی موڵک و ماڵ و ناوی خێزان و کەسانی نزیکیان بە
دەسەڵاتی چاودێریی دارایی نەدەن. لە کاتێکدا ئەم کارە لە هەر سیستەمێکی یاسایی کە
لانی کەمی دادپەروەری تێدا رەچاو کرابێت، بە رێگرتن لە جێبەجێکردنی یاسا لە قەڵەم
دەدرێت و سزای بەندکردن دەیگرێتەوە.
رۆڵی
شایستەی موخابەرات؟
دوا خاڵ کە دەمەوێت باسی
بکەم، ئەوەیە کە لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکادا، کە راهێنەری سەرەکیی دەزگای
موخابەراتی عێراقە، لەوێ بە پێی یاسا موخابەرات کاری بە تاوانکاریی گەندەڵی و
بەقاچاغ دەرکردنی پارەوە نییە. کاری موخابەرات کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانیارییە
لەسەر سیاسەتی وڵاتانی دیکە بەرامبەر بە وڵاتەکەیان و هەر کاتێک لە رێی کۆکردنەوەی
ئەو جۆرە زانیارییەدا هاووڵاتییەکی ئەمریکی گومانی لێکرا، ئەوا دۆسێی ئەو
هاووڵاتییە دەدرێت بە دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵی و لە ئیختیساسی CIA دەردەچێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شێوازی کار کردنی دەزگای موخابەرات زۆر دەستکراوە
و نهێنییە و ناکرێت هاووڵاتی ئەو وڵاتە کە مافەکانی پارێزراون لە ناوخۆدا، بەر
هەمان شێوازی کاری دستکراوە و نهێنی بکەوێت، چونکە کارێکی وەها بێگومان پێشێلکاریی
ترسناکی لێدەکەوێتەوە.
راوێژکارەکانی سەرۆک،
دەبوا بەشی ئەوەندە شارەزای جیاوازیی مێتۆدی کاری موخابەرات و دەزگاکانی پاراستنی
سەروەریی یاسا بن کە هیچ رۆڵێک لەم بوارەدا بە دەزگای موخابەرتی عێراقی لەم
پرۆژەیاسایەدا نەدەن. بەڵام خۆ هەموو کەس لە راهێناندا گوێگری باش نییە.
ئەم سیستەمە سیاسییەی
عێراق و ئەم چینە کۆمەڵایەتییەی کە 20 ساڵە بە سیاسەتمەدار حساب دەکرێن، تەنانەت
ئەگەر نییەتیشیان پاک بێت، توانای بەرهەمهێنانی یاسای داپەروەرانەی بەرەنگاربوونەوەی
گەندەڵییان نییە، چونکە عەرەب واتەنی "الجود من الماجود" واتە لەمەی
هەیە هەر ئەمە دەردەچێت!