ئەزموونی كازمی لەكوردستان
دهام سمكۆ
2020-09-10   450
له مێژووی سیاسی بزاڤی ڕزگاریخواری گه‌لی كوردستان لە كۆنەوە تا ئێستا، هه‌موو ئەو كه‌س و لایه‌نه سیاسیانەی خه‌باتیان كردووه، هه‌وڵیانداوه به به‌كارهێنانی چەمكی نەتەوەیی و خۆشه‌ویستی كوردستان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك، خەڵك له ده‌ورووبه‌ری ڕه‌وته سیاسیه‌كه‌یان كۆبكه‌نه‌وه، ناچینه ناو مێژوو، دەخوازم به چاویلكه‌ی ویژدانه‌وه و بە شێوەیەكی بابەتی، باسی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بكەم، كه پڕا و پڕن له كەم و كوڕی و مه‌ترسی، خەڵك ئێستا دەپرسێت، ئایا ئەو هێزانەی كوردستان بەڕێوە دەبەن، ئەگەر مەبەستیان خزمەتكردنی نیشتیمان و خەڵكەكەی بێت، چۆن دەكرێ دوای ئەو هەموو قوربانیدانە، ئەم دۆخە خراپە هەر درێژە بكێشێت، هه‌موومان له دوای وه‌ڵامی ئه‌وه‌ین: كەی بەرەو ئارامی دەچین و كەی بیر لە بنبڕكردنی كێشە دارایی و سیاسیەكان دەكرێتەوه؟.
ڕه‌نگه كه‌م جار له مێژووی وڵات و نه‌ته‌وه‌كانی جیهان ڕوویدا بێت، وه‌ك ئێستای هه‌رێمی كوردستان، كه تیایدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ده‌سه‌ڵات، ئۆپۆزسیۆن، ڕۆشنبیر، نه‌یار و دۆسته‌كانمان، هه‌موومان به یه‌كه‌وه ددان به‌وه بنێین كە هەرێمی كورستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی و ئاڵنگه‌ری دژوار دایه، كه‌وتووینه‌ته ناو تونێلێكی تاریك، دیاره دانان به هه‌ڵه و كه‌م و كوڕیه‌كان فه‌زیڵه‌ته و وا ده‌كات بیر له چاره‌سه‌ركردنیان بكه‌ینه‌وه.
دۆخی هه‌رێمی كوردستان، له ناوه‌خۆیدا له نێوان به‌رداشی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن كه‌وتۆته به‌رده‌م نیگه‌رانی خه‌ڵك، ده‌سه‌ڵات خۆی ددان به‌وه ده‌نێت كه چیتر ناتوانێ پاساو بهێنێته‌وه و به ڕوونی ئاماژه به بوونی قه‌یرانی قوڵ ده‌كات، ئه‌وه‌تا به‌شێك له پێكهێنه‌رانی سەرەكی حكومه‌ت به ئاشكرا، بێ ئاگایی خۆیان له هه‌ندێ كه‌م و كوڕی ده‌رده‌بڕن كه زه‌قترینیان (كه‌یسی نه‌وتە) كه دوای ئه‌وه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆی كوردستان ڕاگه‌یاندرا، مه‌ترسی و شومیه‌تی و برسیه‌تی داباریه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئۆپۆزسیۆنیش تا ئێستا به‌رنامه‌یه‌كی ڕوونی نیه كه وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤ ببێته جێگره‌وه، دیاره ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه ئه‌زموونی كاری ئۆپۆزسیۆن له ماوه‌ی ڕابردوودا بێ ئاكام بووه و سه‌ركرده‌كانیان ددان به‌و فاكته داده‌نێن، به هه‌موو پێوه‌ره‌كان له‌وه ده‌چێ ئه‌م دۆخه به‌رگه‌ی بێ باكیتر نەگرێت، هاوكات لەسەر ئاستی دەرەوە، ئێمە هەرچەندە وەك كەسیەتی (پاڕا دیبلۆماسی) حیسابمان بۆ دەكرێت بەڵام لەبەر ئەوەی سەربەخۆ نین، نەمانتوانیووە یاریكەری سەرەكی هاوكێشە هەرێمی و جیهانیەكان بین.
ئەنجام بەوە دەگەین كە ئەم دۆخە كەوتۆتە بنبەست، لێرەوە دەپرسین: ئایا ئەم دۆخە تا كەی درێژە دەكێشێت، كەی و چۆن چارەسەر بۆ ئەم كێشانە دەدۆزرێتەوە؟ ئایا حكومەتی ڕزگاری نیشتیمانی چارەسەرە؟ یان هەڵبژاردنی پێش وەختە؟ یان پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی لە كەسە بەهێزەكانی حیزبەكان؟ یان لە كەسانی تەكنۆكڕاتی نیشتیمانی و جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌كان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیش بێت؟.
له كه‌س شاراوە نیە، ئەمڕۆ خەڵكی عێڕاق دوای ئەوەی خۆپیشاندانیان كرد، كە بە بەراورد بە ئێمە ڕەنگە دۆخیان باشتر بوو بێت، حكومەت گۆڕدرا، كازمی هاتە سەر كار، كازمیەك كە نە كەسێكی ناسراو بوو نە خاوەن كورسی پەڕلەمانی بوو نە حیزبێكی سیاسی لە پشتی بوو، پێمان خۆش بێت یان نا كازمی لە ئەمڕۆدا تا ڕادەیەك بۆتە مایەی ئومێد بۆ خەڵكی عێڕاق، بە بوێرانە دەست بۆ هەندێ مەلەف دەبات كە ڕەنگە ئایندەی خۆی بخاتە مەترسی بەڵام هەر بەردەوامە، ئەوەندەی چاودێری ڕای گشتی هەرێمی كوردستان‌م كردووە گەیشتوونەتە باوەڕێك كە پێویستیان بە كەسایەتیەكی وەك كازمیە، لێرەوە خەڵكی كوردستان بیر لەوە دەكاتەوە كە ئایا گواستنەوەی ئەزموونی كازمی بۆ كوردستان، دەتوانێ كوردستان بەرەو كەناری ئارامی ببات، لەوەش گرینگتر ئایا كەسایەتی وەك كازمی لە كوردستان هەیە؟ ڕەنگە هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەڕلەمانی عێڕاق وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە؟.