قسەیەکی کورت دەربارەی: ڕێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات
خەسرەو سایە
2020-08-18   539
ئەوەی کەتائیستا لەپەیوەند بەرێکەوتنی نێوان ئیسرائیل وئیماراتەوە ڕاگەیاندراوە، تەنها سەرەتایەکە بۆ ڕێکەوتنێکی هەمەلایەنەتر تا دەگات بەئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی نیوان هەردوولا، بەم جۆرەش ئیمارات دەبێت بە سێهەمین دەوڵەت کەلەدوای میسرو ئەردەنەوە لە ساڵەکانی ١٩٧٩ و ١٩٩٤دا، لەڕێکەوتنێکی هاوشیوەدا، پەیوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ دەولەتی ئیسرائیلدا ئاسایی کردۆتەوە ولەبازنەی کێشمەکێشێک هاتونەتە دەرەوە کەبە "کێشەی نیوان عەرەب وئیسرائیل" ناسراوە. ئەم ڕێکەوتنەی نێوان ئیمارات وئیسرائیل ئەگەرچی پێشینەی هەیە، بەلام بۆچی لەئیستادا ڕادەگەیەندرێت؟ ئامانجی هەریەک لەلایەنەکان لەم ڕیکەوتنەدا چیە؟ ئایا لەراستیدا ڕێکەوتنی نیوان ئیمارات و ئیسرائیل ئاشتی لەڕۆژهەلاتی ناوەراستدا بەرقەرادەکات، هەروەک لایەنەکانی بەشدار لەم ڕێکەوتنەدا، باسی لێوە دەکەن؟.
ئاشکرایە کە دونیای ئەمڕۆ دونیای جەنگو پێکدادان وئاڵۆزیە سیاسیەکانە، دونیای کرۆناو قەیرانی ئابوری وکۆمەلایەتیە، دونیای نەبونی ئاسۆیەکی ڕؤشن ونائارامی وکێشمەکێشە لەسەر دابەشکرانەوەی جیهان ودیاریکردنی ناوچەکانی نفوزو سیستەمە ئەمنی و بازرگانیەکانە.. بێگومان لەسایەی دۆخێکی ئاوادا ئەوە دەولەتان و حزب وبزوتنەوە سیاسیەکانن کەناچارن لەسەر مەسەلە سیاسی و ئابوریەکان، لەسەر کۆڕؤنا، ناوچەکانی نفوز، پێگەی بازرگانی، سیستەمی ئەمنی.. بکەونە کێشمەکێشەوە و هەرلایەک بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆی بکەوێتە بازنەی ڕیزبەندی تازەوە، بەتایبەتیش هەرلایەک بۆ پاراستنی پێگەو بەرژەوەندیەکانی خۆی جێگۆڕکێ بکا و دەست بەرێت بۆ ڕیکەوتنی تازە.. ڕێکەوتنی نیوان ئیمارات و ئیسرائیل بەشیوەیەکی گشتی لەم چوارچیوەیەو لەم واقعیەتانە بەدەر نیە.
ئەمریکا وەک لایەنی نێوەندگیری لەم ڕێکەوتنەدا، جگەلەوەی کەوتۆتە شوێن هەڵسانەوەی لاسەنگی هێزەکانی لەڕؤژهەلاتی ناوەراستدا، بەرامبەر بەحەریفەکانی، هاوکات دەیەوێت لەڕێگای ئەم ڕێکەوتنەوە، شەخسی ترەمپ لەگەڵ ڕای گشتی خەلكی ئەمریکادا، بەناوی "ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست"دا ئاشت بکاتەوە و بتوانێ لەهەڵبژرادنەکانی چەند مانگی داهاتوی ئەمریکادا دەنگ بهێنێتەوە. لەلایەکی ترەوە ترامپ باش دەزانێت کە پڕۆژەی"ڕێکەوتنی سەدە" کە چەند مانگ لەمەوبەر بۆ چارەسەری یەک لایەنەی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل خستیەروو، نەک هیچ ئەنجامیكی بەدوای خۆیدا نەهێناوە و نەبۆتە مایەی سەرهەڵدانەوەی کۆبونەوەکانی نیوان ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین ودەوڵەتی ئیسرائیل، بەلکو هەموو پەیوەندیە ئەمنی و دیبلۆماسیەکانی هەردولای هەلپەسارد وبگرە نەفرەتو بیزاریەکی گەورەشی ڕوبەروی ئەمریکاو شەخسی ترەمپ کردەوە. ئەم ڕێکەوتنە بۆ ترامپ تاکتیکێکە بۆ بزواندنی پڕۆژەی"ڕێکەوتنی سەدە" و کردنەوەی دەرگا لەبەردەم فەلەستینەیەکان و ڕاکێشانەوەیان بۆ نێو بازنەی مفاوەزات لەگەڵ ئیسرائیلدا، کەبەهۆی سیاسەتی ئیلحاق کردنی زەویەکانی کەناری ڕۆژئاوای فەلەستینەوە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل توشی ڕاوەستانبوە. بەتایبەتی کەڕێکەوتنەکە لەژێر ناوی ئەوەدا بەستراوە کەگوایە ئیمارات بەمەرجی ئەوە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی دەکاتەوە کە دەست هەڵبگرێ لەسیاسەتی مستەوتەنات و ئیلحاقی زەوی فەلەستینیەکان بەدەوڵەتی ئیسرائیلەوە.
بەڵام لەم ڕێکەوتنەدا ئەوە ئیسرائیلە کەچاوی بڕیوەتە سەرمایەی کەڵەکەبووی ئیمارات وناوچەی کەنداو وسەرەوژێر کردنەوەی بۆ نیو بازارەکانی ناوخۆی ئیسرائیل. ئەویش لەدۆخێکدا کەدەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ قەیرانیکی ئابوری و کەمی سەرمایە بەرەورووە ومەسەلەی بینا کردن وئاوەدان کردنەوەی شارۆچکە یەهودیە نشینە هاتوەکان، بۆی بۆتە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی. قسەکانی ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەبۆنەی ئەم ڕێکەوتنەوە، بەشی هەرەزۆری ئاماژە بوو بۆ بەستنی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی و کردنەوەی ئۆفیس وکۆمپانیاکانی ئیمارات لەبوارەکانی، گەشت و گوزارو هاتوچۆی ئاسمانی و ئالۆگۆرێ تەکنۆلۆژیا و وەگەرخستنی سەرمایە. لەیەک وتەدا ئیسرائیل جگەلەوەی کەلەباری سیاسیەوە دەیەوێت بەڕیکەوتنی لەگەڵ ئیماراتدا، لەدۆخی ئیستاو ناوچەکەدا، بەرەی" ئاشتی عەرەبی" لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەرین کاتەوە وهیزی زیاتر لەدژی ئیران و نەیارانی تری هەڵخڕێنێ و هەقانیەت بە سیاسەتەکانی خۆی لەئاست فەلەستیندا بدات، بەپلەی یەکەم دەیەویت دەرگای بازاڕەکانی ئیسرائیل بەڕووی سەرمایەی کەنداودا بخاتە سەرپشت ولێرەوە زەمینەکانی دەورەیەکی بوژانەوەی ئابوری ساز بکات. بۆئەمەش ئیمارات دەتوانی مەرکەزێک بێت بۆ راکێشانەی سەرمایەو کۆمپانیای ولاتانی تری کەنداو.
بەڵام ئەوەی لەم ڕێکەوتنەدا بەرجەستەیە ویستی زیاتری دەسەڵاتدارانی ئیماراتە بۆئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ دەولەتی ئیسرائیلدا. ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێگەی ئیماراتەوە هەیە لە دۆخیکی سیاسی ئیستای جیهانو ناوچەکەدا. بەدیاریکراویش دەولەتی ئیمارات لەپێناو پاراستنی پێگەی ئەمنی خۆی لەو گێژاوەدا کەرووی لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاستکردووە، ماوەیەک لەمەوبەر چوە بەرەی سعودیەو میسرەوە وکیتلەیەکیان لەدژی قەتەر پێکهێنا تا سنوریک بۆ سیاسەتی لایەنگریکردنی لە تورکیاو ئیرانو ڕۆڵی ئیخوانەکان لەئاست ناوجەکەدا، دابنێن، بەڵام بەشکستی ئەم کیتلەیەو پاشان دەستهەڵگرتنی سعودیەو میسر لەسیاسەتی گەمارۆدانی ئابوری قەتەر وگەرانەوە بۆ پەیوەندیە دیبولۆماسیەکانیان، ئیمارات تنها وتەریک مایەوە. لەحاڵیکی ئاواشدا، ڕیکەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و قایم کردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەمریکادا، بەدیلیکە بۆ ئیمارات تا پشتیوانەیەکی ئەمنی زامن بکات، وەیا لانیکەم بتوانێ بەرامبەر بەهەرەشەکانی ئیران، کەڕیشەیەکی کۆنتریان لەسەر دورگەکانی توب سوغراو کوبرا، هەیە، دیوارێکی ئەمنی سیاسی وسەربازی بۆ ماوەیەکی درێژتر دروست بکات. ئەمەش لەدۆخێکدا کەتادێت دەخالەتی ئیران وتورکیا لەناوچەکەدا فراوان دەبێ و وەک دوهیزی گەورەی سیاسیو سەربازی ڕۆڵدەگێڕن. ئەمەجگەلەوەی کە کێشمەکێشی نیوان ئیرانو ئەمریکا سێبەرێکی مەترسیدارە بەسەر ئاسمانی ناوچەی کەنداوەوە. دۆخێکی ئاواش بەدڵنیایەوە جێگاو ڕیگای ئەمنی دەولەتی ئیمارات دەخاتە مەترسیەوە. ڕێکەوتنی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕاستەوخۆ راکێشانی توانای بەرگری سەربازی و ئەمنی هەم ئیسرائیلەو هەم ئەمریکایە بۆ ناوچەکە بەقازانجی خودی ئیمارات خۆی.
بەلام هێچ ڕێکەوتن ودانوسانێک بێ پاساو نابێت، هەربۆیە باسی ئەوەی کەگوایە ئەم ڕێکەوتنەی نیوان ئیسرائیل و ئیمارات، بۆ ئاشتیە لەئاست ناوچەکەو بۆ ڕاگرتنی دەستی ئیسرائیلە لەبەزۆر پێوەلکاندنی خاکی فەلەستینیەکان بەدەولەتی ئیسرائیلەوە، درۆیەکی گەورەو قسەیەکی بێ ناوەڕۆکە. بەتایبەتی کەدونیا شاهیدی یەکەلەسەر سێی خەڵکی فەلەستیەنە، کەچۆن ئاوارەو دەربەدەری ولاتانە ومافی هاولاتی بونیان لەخودی ولاتانی عەرەبیدا بەرەوا بۆ ناناسڕێت، ئەمەش کارەساتێکە کەڕێک بەدوای ئاسایی کردنەوەی میسرو ئەردەندا سەری هەڵداوە. لەبارەی ئاشتی ڕۆژهەلاتی ناوەراستیشەوە، ئەوە بونی دەولەتی ئیسرائیلە وەک دەولەتێکی فاشیستی وئیسانکوژ بۆتە هۆکاری نائارامی و جەنگ وکوشتار وهێرشی ئاسمانی و داگیرکاری لەڕۆژ هەلاتی ناوەراستدا، راستیەکەی ئاشتی لەرۆژ هەلاتی ناوەراستدا، بەڕوخانی دەولەتی ئیستای ئیسرائیل و هاتنەسەر کاری حکومەتێکی مەدەنی غەیرە دینی و قەومی لە خودی ئیسرائیل خۆیدا بەندە. ئەوانەشی کەپییان وایە ئیمارات بەم ڕێکەوتنەی لەگەڵ ئیسرائیل خیانەتی کردووە، ئەو ئومێدە دەبەخشنەوە کەگوایە چارەسەری کێشەی فەلەستین لەدەستی سەرمایەداران و دەولەتانی کۆنەپەرستی عرەبی و کەنداودایە، لەکاتێکدا مێژوی چەندین دەیەی رابردوو ئەوەی سەلماندوە کەدەولەتانی عەرەبی هەر لەناسریەکانی میسرەوە تا بەعسیەکانی عێراق، کێشەی فەلەستین بۆیان شتێکی زیاتر نەبوە لەکارتێکی سیاسی بۆ مفاوەزاتو ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل و دەولەتانی ئەوروپایی، لەپێناو بەدەست هێنانی ئیمتیازاتدا. چارەسەری کێشەی فەلەستین لەدەستی خودی خەڵکی فەلەستین وچینی کرێکار وئازادیخوازان لەئیسرائیل و فەلسەتین خویدایە و بەپشتیوانی لەگەڵ ئازادی خوازنی دونیا مەیسەرە. بەکردەوە دەرهێنانی خواستی سەربەخۆیی تەواوی فەلستین وپێکهینانی دوو دەولەتی یەکسان لەمافدا بۆ ئیسرائیل و فەلستینیەکان.. ئەو ڕێگایەیە کە دەتوانی کێشەی فەلەستین چارەسەر بکا و ئاشتی لەڕۆژهەلاتی ناوەراستدا بەدی بهێنێت.