هەموو بۆچوونەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کەوا گۆڕ یان گۆڕستانی بەکۆمەڵ ژمارەیەک تەرمی مرۆڤی تێدایە کە دەناسرێنەوە یان ناناسرێنەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان وای دیاری دەکات کە شوێنی ناشتنی سێ تەرم یان زیاترە لە قوربانییانی کۆمەڵکوژی و هەندێ بۆچوونیش بە شوێنی شاردنەوەی دوو تەرم و بۆ سەرەوە دەسنیشانی دەکات و لەنێو ئەمانەشدا یاسای ساڵی ٢٠٠٦ی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقە. هەرچەندە کۆدەنگییەکی ورد لەم بوارەدا نیە، بەڵام بەگشتی گۆڕی بەکۆمەڵ لەپاش مردن یان کوشتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک دروست دەکرێت و ئارەزوو کردن بۆ ناشتنی تەرمەکان بەپەلە لەبەر هۆکاری شاردنەوەی تاوان یان تەندروستی. لە کاتی جەنگ و بەرپاکردنی تاوانی گەورەدا پەنا دەبرێتە بەر گۆڕی بەکۆمەڵ، هەروەها دەگونجێت لە کاتی گرانی و برسێتی یان پەتا یان کارەساتێکی سروشتیشدا پەنای بۆ ببرێت و لەم حاڵەتانەدا بەکارهێنانی بۆ بەرگرتنە لە بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی. بەزۆری ئەم حاڵەتانەش هاوکاتە لەگەڵ هەرەسهێنان و داڕووخانی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، کە تێیدا ناتوانرێت تاک بە تاکی تەرمەکان دەسنیشان بکرێن و بناسرێنەوە و بە ڕێگە و شێوەی ئاسایی ئەسپەردە بکرێن.
هەندێ نموونەی مێژوو
قوربانییانی جەنگ:
گۆڕێکی بەکۆمەڵ کەوا لانی کەم ٣٠٠ هەزار ئێسک و پرووسکی ڕووسەکانی کیێڤی تێدابووە کە بەدەستی داگیرکەرە مەغۆلەکان کوژراون لە ساڵی ١٢٣٨دا، ساڵی ٢٠٠٥ لە یارۆسلاڤڵ - ڕووسیا دۆزراوەتەوە لەکاتی هەلکۆڵینی زەویدا.
جەنگی ٣٠ ساڵەی ئەوروپا لە سەدەی حەڤدەدا سامناکترین جەنگی ئاینی ڕوویداوە و لە یەکێک لە شەڕەکاندا تەرمی ٤٧ سەرباز خراونەتە یەک گۆڕی بەکۆمەڵەوە و پشکنینی شوێنەوارناسی و ئێسکناسی دەریخستووە کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ - ٥٠ ساڵ بووە.
لە ئەنجامی جەنگەکانی ناپلیۆندا ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە ئێسکوپرووسکی ژمارەیەکی زۆری سەربازان و ئەسپەکانیانی لەخۆگرتووە.
لە ئیسپانیا زیاد لە دوو هەزار گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئیسپانی و مەزەندە دەکرێت کە ٥٠٠ هەزار کوژراویان لەخۆگرتبێت لەنێوان ساڵانی ١٩٣٦ - ١٩٣٩دا. بێجگە لەوەش ١٣٥ هەزار کەسی تر لەپاش کۆتاییهاتنی جەنگ کوژراون. تا ئێستاش پسپۆڕانی جیۆفیزیک و ئارکیۆلۆجی و پزیشکیی داد (فۆرێنسیک) لەکاردان بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی ئێسکوپرووسکەکان، بە پشتبەستن بە تۆماری بۆماوەیی کەسوکاری قوربانییان.
لە ساڵانی ١٩٥٠کانی جەنگی نێوان هەردوو کۆریای باشوور و باکووردا لەنێوان ١٠٠ - ٢٠٠ هەزار خەڵکی سڤیلی کۆریا کوژراون و بە ژمارەی جیاواز لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون. ئەم قوربانییانە لەلایەن حکوومەتی کۆریای باشوورەوە بەوە تاوانبار کرابوون کە هاوکار و هاوسۆزی کۆریای باکوور بوون. لەو سۆنگەیەوە گیراون و دواتر بێ دادگایی کردن لە شوێنێکدا پۆل پۆل کۆمەڵکوژ کراون و هەر لەو شوێنەدا بە بێ ناسنامە و ناونیشان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون و نەیانهێشتووە کەس نزیکی ئەو جێگەیە بکەوێتەوە. دواتر کەسوکاریان دەریانهێناونەتەوە و بەبێ ناسینەوە دووبارە بە نەریت و ڕێوڕەسمی ئاینی و کۆمەڵایەتیی خۆیان ناشتوونیانەوە. وەک نموونەیەکیش، لە ساڵی ١٩٥٦دا خێزان و بنەماڵە کارەساتبار و جەرگسووتاوەکان زیاد لە سەد لاشەی بێ ناونیشان و شیبووەوەیان لەو گۆڕانە دەرهێنابوو، پاش ئەوەی دڵنیابوون لەوەی کە پەیکەرەئێسکی هەر تەرمێک وەک خۆی ماوەتەوە و هەریەکەیان لە گۆڕی بێ ناونیشانی خۆیدا دووبارە ناشتەوە لە گۆڕستانێکی دوورگەی جێجوودا. ئەوجا میلێکی یادەوەرییان لە بەردی گرانیت دروستکرد و لە ڕاسەری گۆڕەکان دایاننا و لەسەریان نووسی "ئەم گۆڕانە هی سەد باوباپیر و یەک نەوەن". هەڵبەت ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی کە بەپێچەوانەی زانستی ڕەچەڵەکناسییەوە ئەوان وەک گەل و نەتەوە خۆیان بە نەوەی ئەو قوربانییانە دەزانن. پێموایە ئەمە بۆ ئێمەی قوربانییانی کوردیش پەندێکی باش بێت لە حاڵەتی نائومێد بوون لەوەی کاربەدەستان بتوانن بە پشکنینی (دی ئێن ئەی DNA) ئێسکوپرووسکی ئازیزانمان بۆ دەسنیشان بکەن.
لە سەردەمی جەنگی ڤێتنامدا گەلێ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە. لە پایزی ١٩٦٩دا نزیکەی ٢٨٠٠ ڕوفات و تەرم لەم گۆڕە بەکۆمەڵانە دەرهێنران. ئەو قوربانییانەی کە تییاندا نێژرابوون کاربەدەستانی حکوومەت، خەڵکی سڤیلی بێتاوان و ژنان و منداڵان بوون، کە ئەشکەنجە درابوون و پاشان ئیعدام کرابوون و لە هەندێ حاڵەتیشدا بە زیندوێتی کرابوونە ژێر خاکەوە. زۆرێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان باوەڕ وایە هەر یەکیکیان سەدان سەربازی لەخۆگرتبێت.
کۆمەڵکوژییەکان:
جینۆسایدی ڕواندا لە ماوەی سەد ڕۆژی ساڵی ١٩٩٤دا مەزەندە دەکرێت کە زیاد لە هەشتسەد هەزار کوژراوی ئیتنیکی تووتسیی لێکەوتەوە لەسەر دەستی ئیتنیکی زۆرینەی هۆتۆ و دەستیان لە ژن و منداڵیش نەدەپاراست و هەر شوێنێکی و ەک کەنیسە و خوێندنگە و تاد. پەنایان بۆ دەبرد لەوێ کۆمەڵکوژیان دەکردن و شوێنەکەشیان دەکردە گۆڕی بەکۆمەڵ بۆیان. ئەوان هەموو جۆرە چەک و ئامێرێکیان بەکاردەهێنا بۆ کوشتنیان و زیاد لە پەنجا هەزاریان لە هەر یەک لە کەنیسەیەکی کاسۆلیکی لە شاری نیاماتۆ و لە خوێندنگەیەکی پیشەسازی لە شاری مۆرامبی کوشت و کەنیسەکە و مەکتەبەکەشیان بۆ کردن بە گۆڕی بەکۆمەڵ. بێجگە لەوەش هەزارانیان لێ فڕێدانە ڕووباری نیابارۆنگۆوە. لەم تاوانی جینۆسایدەدا زیاد لە ٢٥٠ هەزار ژن ئەتککران، ٢٠ هەزار منداڵی بێسەرپەرشت، ٥٠ هەزار بێوەژن، ٢٨ هەزار کەمئەندامی لێکەوتەوە. بەڵام دواتر هەموو تاوانکاران درانە دادگا و کەس لە سزای جۆراوجۆر دەربازی نەبوو. ئەمڕۆ لە کیگالیی پایتەختی ئەو وڵاتە و شارەکانی تر شەش مۆزەخانە کەللە سەری زۆرێک لە قوربانییەکانی تێدا نمایشکراوە لەگەڵ چەندین مۆنۆمێنتی یادەوەری کە ورد و درشتی تاوانەکەت بۆ باس دەکەن. هەموو ڕوفات و تەرمەکانیشیان لە گۆڕی بەکۆمەڵ دەرهینا و بەو شێوەیەی کە شایستەی شکۆی مرۆڤ بێت نێژرانەوە. هەروەها تەرمی فڕێدراوی نێو ڕووبار و دەریاچەکانیشیان دەرهێنایەوە و تەنها لە دەریاچەی ڤیکتۆریا ٤٠ هەزار تەرمیان دەرهێناوە. ئەمڕۆ لەو وڵاتە ئەفریقییە بە کۆمەڵێک ئامراز و کردار بەریان لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانە گرتووە و لەسەر دار و پەردووی داڕووخاوی پاش جینۆسایدی ئەو وڵاتە گەشەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرچاویان کردووە و بیزنێسی سەرەکیی سیاسەتمەدار و کاربەدەستانیان لەسەر پەرەپێدانی مرۆیی و ئابووریی وڵاتەکەیە.
لە جینۆسایدی ئەرمەندا کە بەشی یەکەمی لە ساڵانی ١٨٩٤ - ١٨٩٦ و دواتر لە ساڵی ١٩٠٩دا و بەشی دووەمی یان ترۆپکی لە ساڵی ١٩١٥دا بەرپاکرا لە دەوڵەتی عوسمانیدا، نزیکەی ملیۆن و نیوێک ئەرمەن بە هۆکار و شێوازی جۆراوجۆر لەناوبران، هەر لە فڕێدانە ناو دەریای ڕەش و ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانیانەوە تا سووتاندن و بە دووکەڵ خنکاندنیان لە ناو ئەشکەوتەکان و لە ناو حەرەمی کەنیسەکانیاندا، یان هەڵدانە خوارەوەیان لە لووتکەی چیاکانەوە بۆ نێو دەرە و شیوە قووڵەکان، کە بووبوون بەگۆڕی بەکۆمەڵیان، یان بەدەم ڕاگواستنیانەوە بۆ بیابانەکانی سووریا لەبرسا و بەنەخۆشی دەمردن. ئەرمەن ئەوە زیاد لە سەد ساڵە ئەم جینۆسایدەی خۆیان لەبیر نەکردووە و ئێستاش دەڵێی دوێنێیە لە مێژوویاندا بە چەندین شێوە سەرنج و سۆزی دنیای شارستانییەت بە لای ناساندنی تاوانەکەدا ڕادەکێشن و سەرباری بەرژەوەندیی نیودەوڵەتیی لەگەڵ تورکیادا ئەوان بە هەوڵ و کاری سیستماتیکی خۆیان هەنگاوی باشیان بڕیوە لەم بوارەدا و دووەم گەلن لە دوای جوو بۆ ناساندن و جێکردنەوەی خۆیان لە نێو پێچەڵپێچی ئاڵۆزی سیاسەتی نیودەوڵەتیدا.
گرانیی (برسێتیی) گەورەی ئێرلەندا:
ساڵانی ١٨٤٥ - ١٨٤٩ گرانییەکی سامناک لە ئێرلەندا ڕوویداوە کە بە گرانیی گەورە ناوی دەرکردووە و نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەبرسا مردوون. لەبەر ئەو ژمارە زۆرەی مردن و هەژارییەکی سەخت کە لەو کاتەدا بەرۆکی گرتوون زۆرێک لە خێزانەکان نەیانتوانیوە ئازیزانیان بەگوێرەی دابونەریتی باو بنێژن و لەجیاتیدا خستوونیانە گۆڕی بەکۆمەڵەوە. ساڵانێکی دوور و درێژی دواتر کنە و هەڵکۆڵینی ئارکیۆلۆجی لە شوێنەکانی بەخاکسپاردنی بەکۆمەڵی ئێرلەندادا کەوتووەتەکار و لە تەنها یەک گۆڕی بەکۆمەڵدا ڕوفاتی هەزار کەسیان دەرهێناوە. پەیکەرە ئێسکەکان لەم گۆڕانەدا لەسەر یەک کەڵەلە کرابوون لە چاڵی لاکێشەییدا کە ماوەی نێوانیان مەترێک بووە. شیاوی گوتنە کەوا لە ساڵەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە شاری سلێمانیش گرانییەکی سەخت ڕوویداوە و زۆرێک لە دانیشتووانی لەبرسا مردوون و لە ناو جادە و کۆڵانەکاندا تەرمی زۆر کەوتوون. هەندێ سەرچاوەی مێژووییش دەگێڕنەوە کەوا لە کۆی دە هەزار کەسی دانیشتووانی ئەم شارە نزیکەی دوو هەزار کەس ماونەتەوە.
پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە ساڵانی ١٩١٨ - ١٩٢٠دا گەلێ وڵاتی جیهانی گرتەوە و نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن کەس گرتی کە ئەو کاتە دەیکردە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان و نزیکەی پەنجا ملیۆنیشی کوشت و زۆربەی قوربانییەکان لە ئوسترالیا و کەنەدا ئەمریکا بوون.
بوومەلەرزەی ساڵی ٢٠١٠ وڵاتی هایتی هەزاران تەرمی لەدوای خۆی بەجێهێشت لەسەر شەقامەکان و لەبەر خۆر کە بۆگەنیان کردبوو. حکوومەتی هایتی بە ئامێری قورس و ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر تەرمەکانی لەگەڵ خۆڵ و خاشاک دەگواستەوە و لە چاڵی لاکێشەیی قووڵدا هەڵیدەڕشتن و دەیکردن بە ژێر خاکەوە. لە کولتووری خەڵکی ئەو وڵاتەدا سرووت و ڕێوڕەسمی مردوو ناشتن بایەخیکی گەورەی هەیە و نەریتە ئاهەنگسازییەکانی لە خەرج و تێچووی خانووەکانیان زیاتری تێدەچێت. باوەڕیشیان وایە کەوا مردوو بەردەوامە لە ژیان و لە ڕێگەی ئەم سرووتە ئاهەنگسازییەوە پەیوەندیی دەگرێت بە نەوەکانیەوە. بەم هۆیەوە ناشتنی تەرمەکان بەم نادیاری و بێ ناونیشانییە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا زۆر بەسەختی ئەم پەیوەندییە ڕۆحییەی شێواند لە نێوان مردووەکان و زیندوواندا.
گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کورد و عێراقییەکان
عێراقی سەردەمی ڕژیمی بەعس بوو بە سەردەمی ئەنجامدانی گەلێ تاوانی سامناک دژ بە خەڵکی وڵاتەکە بەگشتی و دژ بە کورد و شیعەش بە تایبەتی و بۆ ئەمیان بەتایبەتتر لەپاش داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی ١٩٩٠دا و ئەو شکست و سەرشۆڕییەی تووشی هات بە کشانەوە و چۆڵکردنی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان و تێکشکان و بەزینی سوپای عێراق. وەک ئەنجامیش هەڵگیرسانی ڕاپەڕینێکی پڕ توندوتیژی لە سەرەتای ساڵی ١٩٩١دا لە باشووری عێراق و دواتر بواردانی ئەمریکا بە مانەوەی ڕژیمی بەعسی عێراق و دەستواڵا کردنی بۆ لێدانی توندی شیعە، بە هەمان ئەو چاوپۆشییەی کە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠کانەوە نواندی تا سەرەتای ١٩٩٠کان کە دڵڕەقانە مامەڵە لەگەڵ کورد و جووڵانەوە چەکدارییەکەیدا بکات بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو تا ئاستی گەیاندنی بە بەرپاکردنی جینۆساید بەگوێرەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی ئەم تاوانە و بەتایبەتی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید و سزادان لەسەری، کە ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئیمزای لەسەر کراوە و ساڵی ١٩٥١ چووەتە بواری کارپێکردنەوە. بێگومان سەرجەمی پرۆسەکانی جیینۆسایدی کورد هەر لە وڵات ڕاگواستن و لەناوبردنی کوردی فەیلی و بارزانییەکان و ئەنفال و هەڵەبجەوە بیگرە تا ئەودوای پاکێجەکانی تر و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن هەموو دەچنە خانەی جینۆسایدەوە و دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق حوکمی یاسایی خۆی لەسەر دەرکردووە و پەرلەمان و حکوومەتی عێراقیش کە میراتگری ڕژێم و حکوومەتەکانی پێشتری عێراقە سەلماندوویەتی.
وەک پێشتر ئاماژەمان بۆکرد لەئەنجامی سیاسەتی کوشتوبڕی ڕژێمی پێشوو عێراق پڕبوو لە گۆڕی بەکۆمەڵ و بە پێی ڕووماڵ کردنی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق (موءسسة الشهداء) تا ئێستا ٣٤٦ گۆڕی بەکۆمەڵی تێدا دۆزراوەتەوە و دەسنیشان کراوە، کەوا بە خەمڵ و مەزەندە نزیکەی ٣٠٠ هەزار قوربانی لەخۆگرتووە، بێجگە لە قوربانییانی کوردی ئێزیدی و هیتری دەستی داعش، کە لە عێراق و سووریادا تا ئێستا ٧٢ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا عێراق یاسای ژمارە (٥)ی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەرکردووە (قانون حمایة المقابر الجماعیة)، کە بەم جۆرە پێناسەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کردووە: "خاکێکە، لاشەی زیاتر لە شەهیدێکی تێدایە، بە شێوەیەك نێژراون یان شاردراونەتەوە کە ڕێوشوێنە شەرعی و بەها مرۆڤایەتییهكان ڕەچاو نەکراون، مەبەست لێی شاردنەوەی تاوانی کۆمەڵکوژییە کە لە لایەن تاکێك، یان کۆمەڵە کەسێك، یان دەستەیەك ئەنجامدراوە، هەروەها بریتییە لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ". هەڵبەت هەر لەو کاتەوە دەزگایەکیش لە عێراق دامەزراوە بە مەبەستی ڕاییکردنی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پاراستنیان وەک بەڵگەی یاسایی و تاوانکاریی سەلماندنی یەک لەم سێ حاڵەتەی تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆڤایەتی و جینۆساید یان هەرسێکیان پێکەوە. ئەم دەزگا یان بەڕێوەبەرێتییەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان سێ کۆنفرانسی بەستووە کە ساڵی ٢٠٠٦ لە لەندەن و ساڵی ٢٠٠٨ لە بەغدا و ساڵی ٢٠١١ لە هەولێر. بێگومان سەرلەبەری ئەم یاسایە و خاڵەکانی و ئەو باس و لیکۆلینەوانەش کە پێشکەش بەو کۆنفرانسانە کراون هەموو جیددی و زانستی و ڕێنمایی و نەخشەڕێگا بوون بۆ کاری ئەم دەزگایە و لە دوای بەرپاکردنی تاوانە سامناکەکەی جینۆسایدیش لەلایەن داعشەوە دژ بە کوردە ئێزیدییەکان و داگیرکردنی مووسڵ و شوێنانی تری عێراق لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەوە و زیادبوونی ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کە قوربانییانی ئێزیدی و خەڵکی تریشی لەخۆگرت، یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەموار کرایەوە و بوو بە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٥.
هەڵبەت ئەم دەزگایە لەم ساڵانەدا دەبوو بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی تری عێراق و هەرێمی کوردستاندا و بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستاندا بیتوانیبایە بەشێوەیەکی زانستی و پراکتیکی کاری بکردایە و سەرجەمی کەسوکاری قوربانییان لە عێراق و کوردستاندا نموونەی خۆوێنیان لێ وەربگیرایە و داتابەیس بکرایە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی زانستی لە سەر ئێسکوپرووسکی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەراورد کردنیان بە نموونەی وەرگیراو بە مەبەستی ناسینەوەی قوربانییان لە کاتی دەرهێنانی ڕوفاتەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بێگومان ئەمیش بە زانستی نەک بەو هەڕەمەکییەی دوای گۆڕینی ڕژیم لە ساڵی ٢٠٠٣دا کەوا لە گۆڕە بەکۆمەڵە گەورە و سامناکەکەی مەحاویلی پاریزگای بابل ئەنجامدارا و هەر خێزانە و ئازیزی خۆی بە جلەکانی یان سەعاتەکەی یان ئەنگوستیلەیەکی یان هەر شتێکی تر دەناسییەوە و لە دۆخ و کەشێکی پڕ خەم و گریان و فرمێسکدا دەیکردە توورەکەیەکەوە دەیبردەوە بۆ دووبارە ناشتنەوەی و دەیان و بگرە سەدانی تریش بە بێ ناسینەوە و تەنها بە مەزەندە و گۆترەکاری ڕوفاتیان دەبرا. ڕاستێکەی بەم ڕەفتارە پڕ سۆز و گۆترەکارییە بەڵگەیەکی هێجگار زۆری تاوانەکە لەدەستچوو کە دەکرا دژ بە تاوانکاران و سەرانی ڕژێم بەکاربهێنرایەن لە دادگایی کردنێکی پیشەیی ئاست بەرزدا و دەبوو نێودەوڵەتیش بوایە. بەمە و بە دەیان ڕەفتاری تری نازانستی و ناشایستە گەلێ دەرفەت لەدەست دران بۆ دادگایی کرنێکی ڕەوای تاوانباران، کە زۆرێکیان دواتر وەک بەرزەکی بانان بۆیدەرچوون و لە سزای گەل دەرباز بوون. ئەم حاڵەتە بە شێوەیەکی سەختتر و تائێستاش ئازاربەخش هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە و سەدان کەسی تۆمەتبار دەرباز بوون و بگرە پێگە و دەسەڵاتیشیان زیاتر بوو لەئەنجامی ململانێی ناڕەوای حیزبی، لە بەرانبەر داخ و پەشیمانی و نائومیدیی کەسوکاری قوربانییان. بێگومان دەزگای گۆڕە بەکۆمەڵەکان و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەتوانن ئەرکی خۆیان بەجێبێنن بەتایبەتی ئەوە چەند ساڵە و ئێستاش گەلێ لایەن و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناحکوومیی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤەوە یارمەتییان دەدەن و دەیانەوێ هاوکاریان بن چەشنی کۆمیسيۆنی نێودەوڵەتی بۆ کەسە ونبووەکان (International Commission on Missing Persons - ICMP).
سەبارەت بە بایەخدا بە گۆڕی بەکۆمەڵ وەک بەڵگەی تاوان و لە حاڵەتی هەڵدانەوەشیدا بۆدەرهێنانی ئێسکوپرووسکی قوربانییەکان و شمەک و کەرەستانەی پێی بووە لە کاتی ناشتنیدا، من نموونەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی گوندی کورێمێ دەهێنمەوە کە سەر بە پارێزگای دهۆکە و ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتیی هەردوو ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ و پزیشکانی مافی مرۆڤی لەسەرە و بێجگە لەوەش لە ڕاپۆرتە بەناوبانگەکەی هیومان ڕایتس وۆچ / میدڵ ئیست وۆچدا (جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد Genocide in Iraq .. The Anfal Campaign Against the Kurds)، کە ساڵی ١٩٩٣ بڵاوکراوەتەوە و نووسەری ئەم باسە کردوویەتی بە کوردی (کە لە ساڵی ١٩٩٩وە تا ئێستا چوار جار چاپکراوە) ، بە وردی باس لە چۆنێتیی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دەکەن کە ٢٧ قوربانیی گوندی کورێمێی تێدابووە و لە قۆناخی هەشتەمی ئەنفالدا، واتە ئەنفالی بادینان، لە نزیک گوندەکەی خۆیانەوە هەر لەجێدا گوللەباران کراون و ژمارەکە لە بنەڕەتدا ٣٣ کەس بووە و شەش کەسیان ڕزگاریان بووە کە یان گوللەیان بەرنەکەوتووە یان بریندار بوون و خۆیان لە پاڵ یان لە ژێر تەرمەکاندا شاردووەتەوە. تیمێکی شارەزا زۆر بە وردی و سڵەوە و بە سەرپەرشتیی پرۆفیسۆر کڵاید کۆڵن سنۆ، کە پسپۆڕی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ بووە و پێش ئەنجامدانی کارەکە لە ڕووی جوگرافی و ئارکیۆلۆجییەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە و دواتر لە پزیشکی دادی دهۆک لێکۆڵینەوەی یاسایی و تەندروستییان لەسەر کردووە و پاشان ئەنجامەکەیان لەگەڵ سەرجەمی ڕاپۆرتەکانی شاڵاوی ئەنفالدا بەراورد کردووە. هەروەها هیچ شتێکیان پشتگوێ نەخستووە کە بە قوربانییەکان بووە و وردەکارییان لە ژمارەی ئەو گوللانە و جۆرەکانیان کردووە کە لەو کاتەدا قوربانییەکانیان پێکاوە و چەند قەوانە فیشەک لە نێو گۆڕەکە و دەوروبەریدا بووە و .. تاد. کاری ئەم تیمە دواتر بووە بە ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی "وێرانکردنی کورێمێ The Destruction of Koreme". شایانی باسە کەوا لە لایەنە سەربازییەکەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا کورێمێ یەکەم شوێنی کۆمەڵکوژیی لەم چەشنەیە کە هێزەکانی سوپای عێراق هەر لەجێدا کۆمەڵکوژییان ئەنجامدابێت، دەنا لە هەر هەشت قۆناخەکەی ئەنفالدا وەک هەر کردەیەکی جینۆسایدی بەتەواوی پەیڕەوی سێ قۆناخەکەی ڕاوڵ هیڵبیرگیان کردووە کە دەڵێ لە هەر شوێنێکی دنیادا کە جینۆساید ئەنجام دەدرێت لەم سێ قۆناخە بەدەر نابێت:
١. دیاریکردنی گرووپ ٢. گرتنی گرووپی مەبەست ٣. لەناوبردنی گرووپی مەبەست، کە لێرەدا کوردی دێهاتی ناوچە ڕزگارکراوەکان بوون لە دیدی لایەنەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردەوە و ناوچە قەدەغکراوەکان "المناطق المحظورة" لە دید و تێڕوانینی ڕژێمەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە بوو کە خەڵکەکە بە فڕوفێڵ و درۆ و چاوبەستیی کۆدەکرانەوە و پاشان دەبران بۆ سەنتەرە کاتییەکانی جیاکردنەوە و پرۆسێسەکردن و پاشان دەبران بۆ کوشتن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوەڕاست و باشوور و ڕۆژئاوای عێراقدا.
تیمێکی تری هەمان جووتە ڕێکخراو ساڵی ١٩٩٢ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک گۆڕیان هەڵداوەتەوە لە سلێمانی و هەولێر و سەربازگەی سارداو لە سلێمانی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر قوربانییەکانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق و دیسان بە شێوەیەکی زانستی و لە ڕێگەی کۆمەڵێک پسپۆڕەوە ئەنجامیان داوە و دواتر کراوە بە ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتیی ئەو دوو ڕێکخراوە بە ناوی "گۆڕە نائارامەکان .. گەڕان بەدوای بێسەروشوینان لە کوردستانی عێراقدا" و بەندە ساڵی ٢٠٠٤ تەرجەمەی زمانی عەرەبیم کردووە بە ناوی (قبور غیر هادئة .. البحث عن المفقودین فی کردستان العراق)، کە لەگەڵ ئەم نووسینەدا بە پاشکۆیەک دایدەنێم.
تێبینی - بۆ ئەم باسە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد
ئامادەکردنی: هیومان ڕایتس وۆچ / میدڵ ئیست وۆچ
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
القبور الجماعیة ومآسیها فی العراق تألیف: القاضی طە بابان
قبور غیر هادئة .. البحث عن المفقودین فی کردستان العراق
هیومان رایتس ووتش و أطباء من أجل حقوق الإنسان
عن الإنجلیزیة: محمد حمەصالح توفیق
جینۆسایدی ئەرمەن و ڕۆڵی کورد تێیدا محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
سایتەکانی ئینتەرنێت لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە. http://www.massgraves.org