بۆچی پەتایە میکرۆبیەکان لە کوردستاندا جێگەی مەترسین؟

د. شێرکۆ سوبحان
  2024-06-15     173

پرۆفیسۆری یاریدەدەر- بەرگری لەش دژی میکرۆبەکان

 

لە کوردستاندا نە سیستەمی تەندروستی و ڤێتێرنەری تۆکمە بوونیان هەیە کە بتوانن کۆنترۆڵی پەتایەکان لە داهاتوودا بکەن، نە سیستەمی خۆپارێزی و شارەوانی وا هەیە کە بتوانێت ڕێگریی لە سەرهەڵدانی پەتای نوێ بکات. سەرەڕای ئەمانەش خەڵکی گشتی هێشتا ئەوەندە ئاگاییان نیە کە هاوکاریی دەزگا تەندروستی و خۆپارێزیی و شارەوانییەکان بکەن.

نەخۆشییە میکرۆبیەکان بەردەوام کێشە بۆ سیستەمی تەندرووستی و ڤێتێرنەری دروست دەکەن، بە تایبەتی نەخۆشییە گوازراوەکان، نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان و نەخۆشییە بەکترییەکان کە بەرگەی دەرمانە دژەزیندەگییەکان (ئەنتی بایۆتیک) دەگرن. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم مەترسییەکانی ئەم سێ جۆرە نەخۆشییە تاوتوێ بکەم.

 

نەخۆشییە گوازراوەکان:

لێرەدا نموونەی سێ نەخۆشی دێنمەوە کە تووشی مرۆڤ دەبن و لە ڕێگەی هەناسە یان خوێنەوە دەگوازرێنەوە. یەکێک لە نەخۆشیە ترسناکەکان نەخۆشی سورێژەیە کە نەخۆشییەکە تووشی کۆئەندامی پێست و هەناسە و هەندێک جاریش دەمار دەبێتەوە. ئەم نەخۆشیە بەهۆی کوتان (ڤاکسین) ەوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام لە دوای پەتای کۆڤید-١٩ لە جیهاندا، خاوبوونەوەیەک لە کوتانی سورێژە کەم بۆتەوە، بۆیە ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەمریکا و ئەورووپاش سەری هەڵداوەتەوە، بەڵام لە کوردستاندا هیچ زانیاریەکی ئەوتۆ نیە، نە لە سەر دەستنیشان کردن یان خاوبوونەوەی کوتانی سورێژە لای هاوڵاتیان. لە هەر وڵاتێکدا، ئەگەر سەدا ٩٥ ی مناڵان ڤاکسینی سورێژە وەرنەگرن، ئەوا پەتای سورێژە دەتەقێتەوە و کارەسات ڕوو دەدات. چونکە زۆر بە خێرایی لەڕێگەی هەناسەوە بڵاودەبێتەوە. 

سەبارەت بەو نەخۆشییانەی کە لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازرێنەوە، ڤایرۆسی جگەر و ئایدزە. ئەم دووانە زیاتر لە ناو بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر و هەروەها لەڕێگەی سێکسیشەوە دەگوازرێنەوە. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نیە کە مەترسی نەبێت لە ڕوودانی لە کەسانی تر. سەنتەرەکانی جوانکاری بۆتۆکس و فیلەر و پلازما و کەڵەشاخ جێگەی مەترسین، ئەگەر لە ژێر سەرپەرشتی دکتۆری پسپۆری پێستدا نەبن، چونکە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی و بەرپرسیاریەتی، لای دکتۆرەکان جێگای متمانەن. کەسانێک زانستی مایکرۆبایۆلۆجی و زانستی پزیشکیی نەخوێندبێت نازانێت میکرۆبەکان چۆن دەگوازرێنەوە و چۆن کۆنترۆڵ دەکرێن. 

 

نەخۆشیە مرۆژەڵییەکان:

زۆرینەی میکرۆبەکان سەرچاوەکانیان لە گیانەوەرانی ترەوە سەرچاوەی گرتووە.نەخۆشیە مرۆژەڵیەکان ئەو نەخۆشیانەن کە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. ئەمانە زۆرن لە ژماردن نایەن. بەڵام ئەوەی ئێستا مەترسین، دەتوانین دوو نموونە بهێنیەوە کە لە کوردستاندا جێگەی مەترسین. یەکەمیان ئەنفلوەنزای باڵندە. دووەمیان تای خوێنبەربوون. یەکەمیان لەبەر سەربڕینی مریشک لە دەرەوەی سەربڕخانەی مریشک، ئەوەی دووەمیش لەبەر سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانەی ئاژەڵانەوە، مەترسی هەیە کە بگوازرێنەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ گۆشتی پەلەوەر و گۆشتی سور هەڵسوکەوت دەکەن، دواتریش بڵاوبوونەوەی بە کۆمەڵگادا. ئەنفلەوەنزای باڵنده ساڵانە لە پەلەوەرخانە (دەواجن) ەکاندا بە هەزاران مریشک لەناودەبات. مەترسی ئەنفلۆنزای باڵندە لەوەدایە کە بەردەوام لە گۆڕاندایە و جۆری نوێ دروست دەبێت، چونکە تێکەڵاوی جینەکان لەنێوان جۆرە جیاوازەکانی ئەنفلەوەنزادا ڕوودەدات، کە ڕەنگە جۆرێک بێتە کایە و ببێتە پەتای جیهانی، وەک لە ڕابردوودا لە ساڵانی ١٩١٨ و ساڵانی حەفتاکان و نەوەدەکان و دواجار ساڵی ٢٠٠٩ ڕوویدا. 

تای خوێنبەربوون لە ساڵی حەفتاکانەوە لە عێراقدا تۆمار کراوە، بەتایبەت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق. کەرکوک و موسڵ دوو لە نزیکترین پارێزگان کە لە پارێزگاکانی حوکومەتی هەرێمەوە نزیکن. ئەم نەخۆشیە سەرچاوەکەی گەنەیە کە ڤایرۆسەکە دەگوازێتەوە بۆ ئاژەڵان و لێرەشەوە بۆ مرۆڤ. هەڵسوکەوتی ڕاستەوخۆی مرۆڤ لەگەڵ گۆشتی گیانلەبەراندا، میکرۆبی تای خوێن بەربوون دەگوازێتەوە. 

لە هیچ وڵاتێکی مۆدێرندا، سەربڕینی ئاژەڵ لە سەربڕگەکان نەبێت، ڕێگە پێدرا نیە. لە کوردستاندا لە سەری هەر کۆلانێک بگریت دووکانی مریشکی لێیە و سەربڕخانەی پەلەوەر چالاک نیە، چونکە ئەوانیش مەرجی تەندروستیان تێدا نیە. بە هەمان شێوە دیاردەی سەربڕینی ئاژەڵیش زۆر ناشیرینانە لە ناو ماڵان سەردەبڕێت. بەتایبەت لە جەژنی قوربانی پیرۆزدا، بە شێوەیەکی ناشارستانی ئاژەڵ لە بەرچاوی مناڵ سەردەبڕدرێت، کە ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان، کاریگەری دەرونی لەسەر مناڵان دەبێت. دەکرێت خاوەن دوکانی مریشک و گۆشتفرۆش لە سەربڕخانەی تایبەتی مۆدێرن دابمەزرێنن، چونکە ئێستا ئەوان بژێوی ژیانیان لەسەر فرۆشتنی مریشک و گۆشتە. دەکرێت ئاژەڵی قوربانییش شێوازێکی تەندروستی بۆ بدۆزرێتەوە کە لەڕووی تەندروستییەوە کێشە بۆ تەندروستی گشتی دروست نەکات. چونکە ئایینەکان بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی هاتوون. جاران قوربانی بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤە هەژارەکان بووە لە برسێتی. ئێستا ڕەنگە ئامانجەکەی گۆڕابێت بۆ جۆرێکی تر کە ئێرە جێگای باس نیە. 

 

نەخۆشییە بەکترییەکان:

لە ئەنجامی زۆر و خراپ بەکارھێنانی دەرمانی دژە بەکتریا بە بێ ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ،  لە ئێستادا مەترسی ئەوە درووست بووە کە بەکتریاکان وایان لێ هاتووە بەرگەی دەرمانی دژە بەکتریا دەگرن، ساڵانە بەکتریای وا سەرهەڵ دەدات کە حەپی ئەنتی بایۆتیک کاریگەریی نابێت لەسەر نەخۆشەکان. ئەمە ئێستا کێشەیەکی جیهانی گەورەیە. جۆری بەکتریای ستافیلۆکۆکەس و ئی کۆلای وا سەری هەڵداوە کە بەهێزترین ئانتی بایۆتیک چارەسەری ناکات. 

 

دەرەنجام:

کوردستان ترسناک ترین ناوچەیە کە لە ئێستا و داهاتوودا ببێتە ھۆی سەرھەڵدانی پەتا ترسناکەکان کە لەڕووی مرۆیی و ئابوورییەوە ژیانی گەورە بە کوردستان و جیهانیش بگەیەنێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×