ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
توێژینەوەکان لە کوردستاندا پێنج کێشەی سەرەکیان هەیە کە بریتین لە نەبوونی پلان، نەبوونی ئامانجی دیاریکراو بۆ پێکانی پلانەکە، نەبوونی ئیتیکی توێژینەوە، نەبوونی ڕێچکا بۆ گەشتن بە پێشکەوتنە زانستییەکان، و نەبوونی گرانت (تەرخانکردنی بودجە بۆ توێژینەوە).
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، زانستە بنچینەییەکانی وەک بایۆلۆجی و کیمیا و فیزیا لە ڕێگای توێژینەوەی زانستییەوە ئەوەندە پێشکەوتوون کە گەشتۆتە ئاستێک پێی دەوترێت قۆناغی پۆست-هیومانیزم (پاش-مرۆڤایەتی) بە جۆرێکە کە خەریکە هۆشمەندی مرۆڤ لە مێشکەوە بگوازرێتەوە لە کۆمپیوتەردا کۆبکرێتەوە. لە ڕۆژهەڵاتدا، بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، تا ئێستا توێژینەوەکان بەرەو ئەو هێڵە نەڕۆشتوون تا بگەنە شوێن پێی پێشکەوتنە زانستییەکان. ئەمە لەکاتێکدایە کە خودی زانست لە قەیرانی گەورەی ئیتیکی (ئەخلاقی زانستی) دایە کە ئەم پێشکەوتنانە دەخاتە ژێر پرسیاری وەهاوە کە ڕەنگە مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر ببات. کێشە گەورەکە لە کوردستاندا ئەوەیە کە پێشکەوتنەکە نیە و ئیتیکی توێژینەوەش نیە. بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو، پێشەنگی زانستی هەیە، تا ڕادەیەکی باشیش تا ئێستا توێژینەوەکان لە چوارچێوەی ئیتیکی توێژینەوەدان. ئیتیکی توێژینەوە بە واتای ئەوە دێت، کە هەر توێژینەوەیەک ئەنجام دەدرێت، کە پەیوەستە بە مرۆڤ و گیانلەبەران، پێویستە بە پاڵاوتەی ئیتیکی توێژینەوەدا بڕوات، بە جۆرێک ئامانجی توێژینەوە، سەرەڕای ئاست بەرزییەکەی، پێویستە لە چوارچێوەیەکی ئیتیک و ئەخلاقی زانستیدا بێت. نموونەی پێشکەوتنەکانی وەک ڤاکسین و چارەسەری دژەبەکتریا و دژەڤایرۆز و چارەسەری شێرپەنجە بە ڕێگای بەرگری لەش، دەستکاری جینەکان و دروستکردنی بۆمب و زیرەکی دەستکرد، ئەو توێژینەوانەی لەسەر مرۆڤ و گیانلەبەران ئەنجام دەدرێن، ئەگەر لە چوارچێوە و سنوری ئیتیکی توێژینەوەدا نەبێت، کارەساتی لێ دەکەوێتەوە، بە جۆرێک سروشتی مرۆڤ دەگۆڕێت و دەیکات بە مرۆڤی نیمچە دەست کرد.
لەڕاستیدا مرۆڤ پێویستە ئەوەندە لە خەمی ئەوەدا بێت کە چوارچێوەیەکی ئیتیکی بۆ توێژینەوە و زانست دابنێت، زیاتر لەوەی کە بە دوای دۆزینەوە و مەعریفەی زیاتر بگەڕێت. ئەمەش بە گرنگیدان بە ئیتیکی توێژینەوە دەبێت. ئەگینا مرۆڤایەتی زووتر لەناو دەچێت.
بناغەی توێژینەوە:
لە کوردستاندا بناغەیەک نیە بۆ ئەنجام دانی توێژینەوە، چونکە توێژینەوە خۆی دەبێت بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەنجام بدرێت. ئەم هەڕەمەکی ئەنجام دانی توێژینەوەیەی ئێستا لە کوردستاندا دەگوزەرێت، جگە لە کات و ووزە بە فێڕۆدان هیچ زیادەیەک ناخاتە سەر خەرمانی مرۆڤایەتی. بە پێچەوانەوە جێگا و بۆشایی گشتی داگیر دەکات و بووە بە سەرچاوەی پارە پەیدا کردن و ناوبانگ و ڕووکەش و بەرزکردنەوەی پلەی زانستی. کە دواجار ئەم توێژینەوانە دەبن بە شتێک پێی دەوترێت بەکارهێنانی پەڕەی کاغەز (Mill paper) بە بێ بەرهەمهێنانی داهێنان و مەعریفە.
تەرخانکردنی بودجە (گرانت) ی توێژینەوە:
خۆی لە ڕاستیدا توێژینەوە پێویستی بە بودجە هەیە کە ئەمانیش چەند جۆرێکن. بۆ نمونە تەرخانکردنی بودجەی حوکمی بۆ توێژینەوە. کەچی ئێستا لە ڕێگەی یاسا و رێنماییەکانی حکومەتەوە، توێژەران بە شێوەیەکی ناشەرعی خەریکن داهات و سایتەیشنیان زیاد دەکەن. ئەمە بە ئاشکرا دەبینین کە توێژەر بێ ئەوەی هیچ بنەما و پاشخانێکی زانستی تۆکمەی هەبێت، لە پڕێکدا توێژینەوەی نێودەوڵەتی بڵاو دەکاتەوە، بێ ئەوەی لە چوارچێوەی پلانی زانکۆدا بێت و کەس لێپرسینەوەی لێ بکات. ئەمە جێگای سەرسوڕمانە. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم توێژینەوانە هیچ پەیامێکیان تێدا نیە. خاڵین لە زانستی ڕاستەقینە و مەعریفە. وەک ئەوە وایە لە بۆشایی ئاسماندا خانووییەک دروست بکەیت. بێگومان ئەو خانووە هەر دەڕوخێت. پێویستە توێژەر لەسەر بنەمایەکی زانستی بڕوات. ئەم توێژەرانە تەنها کاغەز بە فێڕۆ دەدەن.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، بێجگە لە بودجەی حوکمەت، چەند ڕێگای تر هەن بۆ هاندانی توێژینەوە، وەک ڕێکخراوی ناحکومی، ڕێکخراوی خێرخوازی و کۆمپانیاکان. لە کوردستاندا تەرخانکردنی پارە لە لایەن ڕێکخراوی ناحکومی و خێرخوازی نیە بۆ پاڵپشتیکردنی توێژینەوەی زانستی. بۆ ئەوەی خێرخوازی ببێتە هاندەرێک بۆ ئەنجام دانی توێژینەوەی زانستی، پێویستە بکرێت بە سیستەم، ئەگینا خێرخوازیش دەکرێت خراپ بەکاربهێنرێت.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، کۆمپانیاکان دەتوانن کێشەکانیان بە ئەنجامدانی توێژینەوە چارەسەر بکەن. لە کوردستاندا هیچ کۆمپانیایەک یان دەزگایەکی پیشەسازی نیە کە پشتگیری توێژەر بکات، بۆ ئەوەی بە توێژینەوەی زانستی کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات.
هەر لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە باسکران، توێژینەوەکانی کوردستان زانیاری دووبارەی وڵاتە پێشکەوتووەکان بەرهەم دەهێنێنەوە، نەک داهێنان و مەعریفە. لە کوردستاندا ئاسانکاری و پێداویستی نیە بۆ ئەنجام دانی توێژینەوەی زانستی. هەروەها سیستەمێکی ناوخۆیی ناو تاقیگە و دامەزراوەی توێژینەوە نیە. بۆ نموونە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، سیستەمی پرۆفیسۆر و هاوکاران هەیە کە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ دانانی بەرنامەی ١٠ ساڵ بۆ توێژینەوە لەسەر یەک بابەت تا چارەسەرکردنی کێشەیەک یان دۆزینەوەی نوێ یان بیردۆزی نوێ.
ئیتیکی توێژینەوە:
ئیتیکی توێژینەوە لە کوردستاندا بەشێوەیەکی ڕووکەشانەیە، ڕاستە لە ناو توێژینەوەکاندا ئاماژە بە ستانداردی جیهانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕاگەیەنراوی هلسینکی دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ توێژەرێکی کوردستان نیە پەڕاوەکانی ئەو ستانداردانە بخوێنێتەوە. بۆ نموونە توێژینەوە ئەنجامدراوە لەسەر نەخۆشی مرۆڤ، کەچی پزیشکی لەگەڵ نیە، کە ئەمەش لە ڕووی ئیتیکییەوە ڕێگە پێدراو نیە. یان پزیشکەکە بە حەقیقی بەشدار نەبووە لە توێژینەوەکە.
پێشکەوتنە زانستییەکان و توێژینەوەکانی کوردستان:
مرۆڤایەتی ئێستا لە سەردەمێکدا دەژێت کە کۆمەڵێک پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆجی و ئەندازیاریی و پزیشکی بڕیوە. ئایا ئەم پێشکەوتنانە هەر بەڕاستی پێشکەوتنن؟ ئایا لە ڕووی ئیتیکەوە ڕێگەیان پێ بدرێت؟ یان لە دەرەنجامدا ئەم پێشکەوتنانە دەبن بە لەناوچوونی مرۆڤ؟ ئایا پێشکەوتن و زیرەکیی هۆکارە بۆ مانەوەی مرۆڤ؟ ئەم پێشکەوتنانە هەمووی پشت بەستووە بە توێژینەوەی زانستی؟ ئایا ئەم توێژینەوانەی لە کوردستاندا ئەنجام دەدرێن خزمەت بەو پێشکەوتنانە دەکەن؟ ئایا لە ڕووی ئیتیکی توێژینەوەوە بە توێژینەوەی زانستی حیساب دەکرێن؟ ئایا هەر بە ڕاست توێژەری ڕۆژهەڵاتی بەشدارە لە ئەنجامدانی توێژینەوەدا؟ ئەگەر وایە خۆ دەبوو ئێستا داهێنەری تێدا هەبووایە! خۆ دەبوو شتێکی نوێی کەشف بکردایە! ئایا تەنها دۆزینەوەی شتێکی نوێ لە بوارێکدا واتای ئەوەیە کە توێژەرەکە دەبێت توێژەری ڕاستەقینە؟ توێژەری ڕاستەقینە کێیە؟ ئایا توێژەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە کۆمەڵێک توێژینەوە لە ساڵێکدا کەڵەکە بکات و هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکردبێت؟ ئایا چۆن بتوانین وا لە توێژەری کوردستانی بکەین کە مرۆڤایەتی سودی لێ ببینێت و ببێتە توێژەری یونیڤێرساڵ (جیهانی)؟ لێرەدا چەند نموونەیەکی کەم لە پێشکەوتنی زانستی پزیشکی دەخەینە بەرچاو، وەک ڤاکسین و دژەبەکتریا کە مرۆڤایەتیان لە لەناوچوونی بەکۆمەڵ پاراستووە.
ڤاکسین:
بۆ نموونە یەکێک لە داهێنانەکانی مرۆڤایەتی لە بواری پزیشکی کوتان (ڤاکسین) ە. ئایا توێژەری ئێمە دەتوانێت لە کوردستاندا ڤاکسینی نوێ بەرهەم بهێنێت؟ یاخود هیچ نەبێت توێژینەوەکانی یارمەتیدەر بن بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی نوێ؟ یان توێژینەوەکانی ئێمە تەنها کاوێژکردنەوەی توێژینەوەکانی ترن کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەنجام دەدرێن؟
دژەبەکتریا:
ئایا توێژەری ئێمە دەتوانێت لە کوردستاندا توێژینەوەکانی بەرەوە ئەوە بڕوات و خەرمانێک بخاتە سەر زانست بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دەرمان سودی لێ ببینن بۆ دروست کردنی دەرمانی دژەبەکتریا (ئەنتی بایۆتیکی) ی نوێ؟
بە هەمان شێوە ئایا توێژینەوەکانی ئێمە بۆ بوارەکانی تر هاوکار دەبن؟ وەک چارەسەری بەرگری لەش دژی شێرپەنجە، چارەسەر بە دەستکاری جینەکان، گواستنەوەی زانیاری لە مێشک بۆ کۆمپیوتەر، مناڵدانی دەستکرد، چاندنی ئەندامەکانی مرۆڤ و گیانلەبەران، توێژینەوە لەسەر کۆرپەلە. زانراوە کە دەستکاری جینەکان و کۆرپەلە لە داهاتوودا مرۆڤ دەکاتە دەرەوەی مرۆڤ بوون، یان مرۆڤ دەبێت بە مرۆڤی هۆشمەندی تەکنیکی (Techno sapiens). ئایا توێژینەوەکانی کوردستان لەکوێی ئەم پێشکەوتنانەیە؟ لە کاتێکدا زانکۆکان نە پلان، نە ئامانج، نە گرانت، نە ئیتیکی توێژینەوەی ڕاستەقینە و نە توێژەری ڕاستەقینە و نە تاقیگەی ڕاستەقینەی تێدایە؟ ئەگەر توێژینەوە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە قەیرانی مرۆیی و ئیتیکی قوڵدا بێت، دەبێت لە کوردستاندا چ واتایەک هەبێت بۆ توێژینەوە؟ زانکۆیەک سەرۆکایەتی زانکۆکەی وابێت کە پرۆژەی ئیتیکی توێژینەوەی لە ناو دۆڵابەکەی دوو ساڵ هەڵگرتبێت، چی دڵێکت بە توێژینەوە خۆش بێت؟ ئەنجومەنی زانکۆیەک ئەم قسانەی لەم بابەتە باس کران بە خەون و خەیاڵ ببینێت، زانکۆ چی مانایەکی دەبێت؟
هاریکاری:
لە کوردستاندا نەک هاریکاری نیە، بەڵکو ساردبوونەوە هەیە. هەرەوەزی نێوان توێژەرانی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، جگە لە زیادکردنی ژمارەی توێژینەوە بۆ بەدەستھێنانی پارە و نازناوی زانستی و سایتەیشن (بەکارهێنانی توێژینەوەکان لە توێژینەوەی تردا) و ناوبانگ، شتێک نیە دڵخۆشکەر بێت. ڕاستە توێژەرێکی کوردستان و توێژەرێکی ئەوروپی، توێژینەوە لە هەمان گۆڤاری جیهانی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نیە کە هەردووکیان لەیەک ئاست دان. توێژینەوە کوردییەکە دورێنراوە بە گوێرەی گۆڤارەکە، بەڵام توێژینەوەیەکەی ئەوروپا بە دوای گەیشتنە بە ئامانجەکانی پلانی ستراتیجی زانکۆکە کە دۆزینەوە و داهێنان و چارەسەری کێشەی پێیە، کەچی توێژینەوەکەی کوردستان وەک بڵقی سەر ئاو دەبێت. چونکە زانکۆ لە سەرووی کارگێڕیی هەرەمەکەوە پلانی ستراتیجی نیە. حوکمەت بودجەی تایبەتی نیە بۆ هاندانی توێژینەوە. کۆمپانیا و ڕێکخراوە خێرخوازیەکانیش عەقڵی ئەوەیان نیە کە توێژەرانی کوردستان بەکاربهێنن بۆ پێشخستنی ئامانج و پلانەکانیان.
پێداگیریی:
یەکێک لە سیفاتە جوانەکانی مرۆڤی زانستی و مەعریفی بریتیە لە پێداگیریی و کۆڵنەدان، زۆرینەی زانا و سکۆلەرەکانی جیهان لە ڕابردوودا کۆڵیان نەداوە، ئەگەرچی وڵاتەکەی داگیرکراو بووە، ئەگەرچی تاقیگەکەی بە بۆمب خاپوور کراوە. بۆیە مرۆڤ دەبێت کۆڵنەدات وەک ماری کیوری و ڕۆزالاین فرانکلین و ئەلێکساندر فلێمینگ و چارڵس داروین و نیوتن و تێسلا.