پسپۆریو قسەکردن لەسەر کۆرۆنا
د. شێرکۆ سوبحان
2020-07-24   526
یەکەم لێدوانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لەسەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنادا، بریتیبو لەترس لەخراپ بڵاوبونەوەی زانیاری (Infodemic)، زیاتر لەبڵاوبونەوەی پەتاکە (Pandemic)و بەکارهێنانی بۆ مەبەستی خراپ.
جا لەپێناوی ئەوەی کە زانیارییەکان بەهەڵەو مەبەستی خراپ بەکارهێنان نەڕوات، بۆیە هەر بابەتێک، پەیوەندی بە پسپۆری کەسێکەوە نیە، باشترە تا بکرێت، ئەو کەسە قسەی لەسەر نەکات. خۆ ئەگەر ئەو کەسە لەدڵسۆزیدا خۆی ناگرێت و هەر قسەی لەسەر دەکات، با لێکدانەوەی دڵنیاییانە نەکات بۆ بابەتەکە، و (ڕاسپاردە و لێکدانەوە و پێشنیار) زانستی نەکات.بەڵکو (داوا) بکات لە پسپۆران ڕاسپاردە و لێکدانەوە و پێشنیار بکەن بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
لە وڵاتێکی وەکو بریتانیا، زۆر جار پرۆفیسۆرێک، لەسەر بابەتێک، ئەوەندە بە ئاگاوە قسەی تێدا دەکات، وەک ئەوە وایە کە زۆر کەمی لێ بزانێت. من پێم سەیرە کەسانێک هەن لە دەرەوەی پسپۆری خۆیان زۆر بە بڕوا-بە-خۆبوونەوە، قسە لەسەر بابەتگەلێک بکەن کە پەیوەندی بەوانەوە نییە و لە بەرپرسیارێتی ئەوانیش نیە!
ئێ باشە برا ئیتر پسپۆری چییە؟ ئیتر بۆچی ٤ بۆ ٦ ساڵ بەکالۆریۆس و دوو ساڵ ماستەر و ٥ ساڵ دکتۆرا بخوێنرێت؟ و ٥ ساڵیش مامۆستا و توێژەری؟! ئیتر پسپۆریی و شارەزایی چی واتایەکی هەیە؟!
دوورکەوتنەوە لە قسەکردن لەسەر پسپۆری خۆت و نزیکبوونەوە لە پسپۆریی ئەوانی دی، وات لێ دەکات هەڵەی زەق بکەیت کە کەسانی ئاسایی هەستی پێبکەن. زەقیی هەڵەکان دەگاتە ئەو ڕادەی کە پرتەقاڵ بکەوێتە مەلەوانی، فڕین، و خۆدانەبەرخۆر، ئەمەش وای لێ بکات وەک ماسی و باڵندە و ئاژەڵ، تەنانەت ڤیتامین (دی) دروست بکات و ٥٢٣ میلیگرام ڤیتامین (سی) بەرهەمبهێنێت! کام پرتەقاڵە حۆل و زەبەڵاحە، نە دەتوانێت زیاد لە (١٠٠) میلیگرام ڤیتامین (سی) بەرهەم بێنێت، و نەدەشتوانێت ڤیتامین (دی) دروست بکات.
لە فێربوون و مێمۆریدا، کات زۆر گرنگە، مێشک وەکو کادانێکی پڕە، بەزۆر ناتوانیت پڕی بکەیتەوە لە کا و جۆ، تازە شوێنی گرتووە، بۆیە زانیاری فێربوون لە کاتی ئامادەیی و بەکالۆریۆس زۆر گرنگە، هەر بۆیەش کراوە بە فیلتەر بۆ بەدەستهێنانی پسپۆریی، چونکە زانیارییەکانی بەکالۆریۆس لە هەڕەتی لاویدا بەدەستی دێنیت.
لەسەر پێدانی پلازما، پزیشکی پسپۆڕ ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵدەگرێت، چونکە سوێندی پزیشکی خواردووە. پێدانی پلازما بە پزیشکی پسپۆڕی سنگ، هەناوی، و خوێن دەکرێت. بە هەمەئاهەنگی لەسەر بناغەی توێژینەوەی پسپۆرانی بواری بەرگریی لەش، بڕیاری لەسەر دەدەن. پشت بەو ستانداردانە دەبەستن کە هەر بڕگەیەکی، تا ئێوارە بیخوێنیتەوە، تێی ناگەی!! چونکە پسپۆری تۆ نیە!! وە هیچ عەیبیش نیە کە من پسپۆریم لە بوارێکی وورد هەبێت و لە بوارێکی تر نەزانم. پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت لە چەند لایەنێکی تەکنیکی و زانستی بنچینەیی، ڕاوێژ بە پسپۆرانی بەرگری لەش بکات، کە ئایا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ڕێژەی دژەتەن و بارودۆخی بەرگری لەش بکرێت.
توێژینەوەی نوێ پێمان دەڵێت: زۆربەی کیتەکانی دژەتەن دەقیق نین. هەروەها مەرج نیە دژەتەن نێگەتڤ بوو، ئیتر بەرگریت نەبێت دژی کۆرۆنا. کە پۆزەتیڤ بوویت بۆ دژەتەنی کۆرۆنا، مەرج نیە بەرگریت هەبێت بۆ کۆرۆنا. واتە جارێ نە زانیاری هەڵە بڵاوبکەنەوە، نە پارە بۆ تێست خەرج بکەن. بەڵکو خودپارێزی گرنگە کە پارەی تێ ناچێت!
لە پسپۆریشدا، لە هەندێک بواردا، ئیجتیهاد هەیە. بۆ نموونە پزیشک کە دەرمانێک دەنووسێت، جیاوازە لە دەرمانی پزیشکێکی تر، ئەمە ئیجتهادە و ڕێگەپێدراوە. چونکە هەر یەکێکیان لە سەر پرۆتۆکۆڵێکی جیاواز دەچن. هەردووکیان بۆ پێکانی هەمان ئامانج هەنگاو دەنێن. زۆر گرنگە خەڵکی لەوە تێ بگەن، کە پیشەی پزیشک، (ئیجتیهاد و هەوڵدانە) بۆ (گەشتن بە ئامانج) ی ڕزگارکردنی نەخۆش لە ئازار و مەینەتی، نەک (بەدەستهێنانی ئامانج) ی ڕزگارکردنی لە مردن. چونکە مردن شتێکە کە تەنها نەخۆشی و پێدانی دەرمان هۆکارەکەی نیە. من کە لە پسپۆرییەکەی خۆمدا هەوڵ دەدەم ئامانجەکە بپێکم، بەڵام مەرج نیە بەدەستی بهێنم.
کەواتە کەسێک کە پسپۆر نیە، بۆی نیە پێشنیار و ڕاسپاردە و لێکدانەوە بکات بۆ غەیری پسپۆری خۆی. بەڵام دەتوانێت (داوا) بکات کە کەسانی پسپۆڕ لەو بابەتەی کە کێشەیە، لێکدانەوە و ڕاسپاردەی بۆ بکەن.
کورد دەڵێت: هەموو باڵندەیەک (جگە لە دەنووک لارەکان) گۆشت خۆر نین! مەرجیش نیە گشت دەنووک چەوتێکیش، گۆشتخۆرێکی باش بێت!
د.شێرکۆ نهریمان سهبحان
خۆبەخش- تاقیگەی توێژینەوەو پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا- زانکۆی گەرمیان