بایەخی ههناردهكردنو گواستنه‌وه‌ی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان
ناودار زیاد
2020-07-21   871
وزەی هایدرۆكاربۆنی له جیهاندا تا ئێستاش بێ جێگرەوەیە، هه‌رچه‌نده کۆشش هه‌یه بۆ جێگرتنه‌وه‌ی به وزەی با و ئاو و خۆره‌تاو و...تاد. به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستی جێلهقكردن به وزەی نه‌وت. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی له بواره‌كانی ته‌كنۆلۆجیای ئۆتۆمبێل و كارخانه جۆراوجۆره‌كان پێویستییه‌كی بێ سنووریان به‌م وزەیه هه‌یه.
بۆیه له دۆخێكی وادا سه‌رچاوه‌ی سامانه نەوتییه‌كان و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه و بازرگانی ئه‌م سامانە برەوی هەیە و گەرموگوڕە. ئه‌مه‌ش وڵاته پیشه‌سازی و بهربەرەکانی نەوت و گازی سروشتی به وڵاته به‌رهه‌مهێن و ههناردهكارەکانەوە گرێدەداتەوە.
له‌م ڕووه‌وه پاراستنی ئاسایشی بازاڕی نەوت و غاز و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه کاری لەپێشینەی وڵاتانی زلهێزی جیهانه. به‌تایبه‌ت ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌رچاوه‌كانی وزەی ده‌وروبه‌ری ده‌ریای قه‌زوین و كه‌نداو له ستراتیژییهتەكانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپایه. بەم پێیە ئاسایش و پێگەی هه‌ندێك وڵات پەیوەندیی به پلانی ستراتیژی وزەوە هه‌یه، لەنێویاندا (هەرێمی کوردستان) چەندین ساڵە سیاسەتی نەوت و وزەی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بانگەشەی بەرەو سەربەخۆیی سیاسەتی نەوتیی دەکرد بۆیە جێی بایەخی وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحە نەوتییەکان بوو.
بەهۆی ئەمەوەیە وڵاتە زلهێز و بەهێزەکانی جیهان له پێشبڕكێیه‌كی توند و سەختدان بۆ ئه‌وه‌ی بەسەر سه‌رچاوه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گازی سروشتی‌دا زاڵ‌بن، ده‌بینین بۆ ده‌سكه‌وتنی سه‌رچاوه و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی وزە كێشمه‌كێش و ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ڕوسیا له سوریا قەیرانێکی مه‌ترسیداری خوڵقاندووە.
چاره‌نووسی سیاسی و ئاسایشی (هەرێمی كوردستان)یش گرێدراوەتەوە به ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز لەگەڵ هاوسه‌نگی و دیبلۆماسیه‌ت له ناردن و به بازاڕكردنیدا. لێکەوتەکانی ئەو گرێبەستەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسیدا لە ساڵی (٢٠١٧) دا واژۆی کرد دەرئەنجامەکەی ئێستا دەردەکەوێت، بەو پێیەی پێچەوانە و دژ بوو لەگەڵ خواستی ئەمەریکادا، چونکە ئەمەریکا دەیان ترلیۆن دۆلاری لەپێناوی هەرێمی کوردستاندا خەرجکردووە، بۆیە پێی قووت ناچێت یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی کە ڕوسیایە بێت و خێر و بەرەکەتەکەی بۆ خۆی ببات. ئاشكرایه له ئاستی ناوخۆشدا حكومه‌تی به‌غدا هه‌وڵی جۆراوجۆریدا بۆ بێڕەواجکردنی سیاسه‌تی وزەی هەرێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كۆمپانیای ناچار كرد یان به‌غدا یاخود هه‌ولێر هه‌ڵبژێرن، كه هه‌ولێریان هه‌ڵبژارد، هەڵبەت قازانجی زیاتریان لە هەولێر دەست دەکەوت بۆیە هەولێریان هەڵبژارد.
بەڵام به‌غدا به‌هۆی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ سوننه و ناکۆکی نێو ماڵی شیعەش نەدەپەرژایە سەر بیانووگرتن بە هەرێم. ئێستا دەبینین کە بەغدا بە هاوکاری ئەمەریکا لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەدایە، فشارێکی زۆریان لەسەر هەرێم دروستکردووە تاکو دەسبەرداری سیاسەتی پێشووی نەوتیی بێت و بچێتە ژێر خواستی بەغدا و ئەمەریکاوە. ئەگەر هاتوو (هەرێمی کوردستان) لەم پڕۆسەی دانوستانەدا لەگەڵ بەغدا کە کابینەکەی (مەسرور بارزانی) دەستیداوەتێ و بەغدا خوازیارە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی سەرکەوتوو بێت ئەوا تا ئاستێکی زۆر ڕۆڵ و سەنگی هەرێمی کوردستان کەمتر دەبێتەوە.
پێویستە بڵێین سەرباری فشارەکانی بەغدا بۆ ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی نەوت هاوکات ڕای گشتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ دۆسیەی ئیدارەدانی نەوتەکەیدا نەبووە بەوپێیەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت سوودمەند نەبووە و لە فرۆشتنی نەوتیشدا چونکە بە نرخێکی کەمتر لە نرخی جیهانی نەوتیی فرۆشتووە بۆیە قازانجێکی کەم بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سێ هێزی سیاسی پێکهێنەری حکومەت (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) دووانیان (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) لەگەڵ ئەوەدان نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا بکرێت و هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سیاسەتی سەربەخۆیی نەوتدا نەبوون. هه‌روه‌ها له ئاستی ناوچه‌ییشدا هەرێمی كوردستان نەیتوانی له گواستنه‌وه و هه‌نارده‌كردندا هاوسه‌نگی له‌نێوان توركیا و ئێران‌دا ڕابگرێت، وێڕای ئەوەی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشاره‌كانی توركیا و ئێران و وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كیش نەیتوان ئه‌فغانستان و عه‌ممان و ئوردن و ته‌لئه‌بیب به‌كاربهێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی گرێبەستێکی پەنجا ساڵییەوە لەگەڵ تورکیادا کە لە پەرلەمان و ڕای گشتی شاردراوەتەوە و نازانرێت ناوەڕۆکەکەی چییە بەتەواوەتی خۆی بۆ تورکیا یەکلایی کردووەتەوە .
له‌سه‌ر ئاستی جیهانیشدا هەرێم لە دەرەوەی تێگەیشتندا بووە لە خواست و مەیلی هەر یەک لە ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و ڕوسیا و چین پێکەوە و لە یەک کاتدا بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به وزەی هەرێمی كوردستان، بەوپێیەی کە ئەمەریکا بووەتە سایەی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا هەر لە دروستبوونییەوە تاکو ئێستا و بە ناوچەی نفوزی خۆی دەزانێت بۆیە دەبوایا زیاتر بەلای خواستی ئەمەریکا دایبشکاندایەتەوە. ئەم قسەیە بەنسبەت عێراقیشەوە هەر ڕاستە.
کەواتە ده‌توانرا سامانی وزە و نەوت بكرێته چه‌كێكی جیۆسیاسی كارا و له بواره‌كانی دیبلۆماسی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووریی و سیاسی پێشبخرێت چونكه به‌هۆی ئه‌م سامانه‌وه‌یه كه هەرێمی كوردستان سه‌نگ و پێگەی قورسی هەیە و كه‌وتۆته ناو تۆڕی جیۆپۆله‌تیك و جیۆئابووریی جیهانییه‌وه. ئەگەر بێتوو جڵەوی سیاسەتی نەوتی بەدەستەوە نەمێنێ ئەوا چیتر دەور و سەرنجڕاکێشی ئەم چەند ساڵەی دوایی نامێنێت کە خۆی تەسەڕوفی بە نەوت و وزەوە کردووە.