ئەم هێرشە چڕانەی داعش بۆ سەر سنوری خۆراوای هەرێم، بۆی هەیە، سەرەتای گێچەڵێکی درێژخایەن و خوێناوی تر بێت بە کوردستان.
کێن ئەوانەی بەرژەوەندیان لە ئاژاوەی کوردستان دایە؟ بۆ وەڵامی ئەمە، با تەماشای وەزعی ئێستای ناوچەکە بکەین کە، ئەم مەسەلە گەرمانەی تێدایە:
١. لە عێراق، حوکمەتی نوێ، دەبێ بەم زوانە دابمەزرێت. زۆرانبازیەکی توند، لە پشت پەردەوە، هەیە. زۆر لایەنی شیعە، بە ئەنجامەکانی دوا هەڵبژاردن، ڕازی نین. لێدانی کوردستان، لە لایەن شیعەی عێراقەوە، پەیامێکە بۆ ئەمریکا؛ «ئەگەر بەشی خۆمان لە حوکمی عێراق، پێ نەبڕێ، ناهێڵین تۆش، لە هەولێر ئاسودە دانیشی».
٢. ئێران لەگەڵ ڕۆژاوا، دەستی کردۆتەوە بە دانوسانی ئەتۆمی. ئەمە جەنگێکی دیپلۆماسیە. ئەنجامەکەی بۆ ئێران، چارەنوس سازە. ناڕەحەتکردنی ئەمریکا لە هەولێر، لەسەر مێزی گفتوگۆی (ڤیەننا)، خێری بۆ ئێران تێدایە.
٣. تورکیا، ساڵی ڕابردوو، تەکانێکی توندی بە بۆردومانی پەکەکە دا. نایەوێ گوڕەکەی خاو بێتەوە. تەنگاوکردنی هەولێر و سەرقاڵ کردنی بە کێشەی ترەوە، وا دەکات ئیشەکەی ئەم ئاسان تر بێت. بیرمان نەچێ، تورکیا پێشتر، بۆ بەرژەوەندیی خۆی، هاوکاری داعشی، کردوە.
٤. ئەمریکا، لەبەر نائەمینی، بە فەڕمی بەغدای چۆڵ کردوە و هاتۆتە هەولێر. ئێران و تورکیا دەیانەوێ نیشانی بدەن، کە هەولێریش ئەمین نیە.
٥. عەرەبی سوننەی کەنداو، دەیانەوێ پارسەنگی سونەی عێراق، کە خەریکە ناویان لە کولەکەی تەڕێشدا نەمێنێ، ڕاست بکەنەوە. دابڕینی خاکی ڕۆژاوای هەرێم، سوننەی موسڵ، تکریت و دیالە بە هێز دەکات.
٦. داعش زیاد لە ٤ ساڵە شەڕی لەسەر نەماوە. بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی، کاتی هەبوە. لەوەدەچێ، پارە و سپۆنسەری دەرەکیش -لەوانەی سەرەوە- هاتبێتە پێشەوە. جارێکی تر، داعش، شمشێرێکی لە کاڵان دەرکێشراوە.
٧. هەرچەندێک ئەمریکا هەوڵبدات، کشانەوەکەی ئەفگانستانی، پەردەپۆش بکات، هێشتا لۆژیک و زۆر لە دۆست و دوژمنەکانی، بە تێشکان دەیبینن. ئەمە دوژمنانی ئەمریکای هانداوە، گێچەڵی تری پێ بکەن. لە پێگەی تریش، ڕاوی بنێن. ئێستا ڕوسیا، لەسەر سنوری ئۆکرانیای دۆستی ئەمریکا، هێزێکی زۆری مۆڵداوە. مانگی ڕابردوو، ئێران لە کەنداو، بە ئاشکرا و بە هێز، کەشتیەکی خۆی لە ناو دەستی هێزی دەریایی ئەمریکا، دەرهێنا. چین، لە کۆنگرەی جهانیی ژینگە لە (گلاسکۆ)، کە بە ڕابەریی بەریتانیا کرا و، زیاد لە ٥٠ سەرۆکی وڵاتانی لێ بوو، بەشداری نەکرد.
بێگومان، لە ٣٠ ساڵی ڕابردوەوە، تەرازوی هێز لە دنیا، گۆڕاوە. جاران، ئەوەی دەیویست چاکەیەک لەگەڵ ئەمریکا بکات، بڕێ پارە و کۆنسۆڵیکی بۆ هەولێر دەنارد. بۆی هەیە، لەمەو دوا، هەرچی ویستی ئازارێکی ئەمریکا بدا، هەرێمی کوردستان داپڵۆسێ.
ئەمە ڕاست بێت یان نا، ئەو ڕاستیە دەمێنێ کە، هێزی دەرەکی، تا سەر، سنوری کوردستان ناپارێزێ. دەبێ کورد بە بازوی خۆی هەرێمەکەی بپارێزێ. ڕەنگە ئەو ڕۆژە گەیشتبێ. ئایا پێی دەکرێ؟
ئەگەر ئاوڕێک لە هێزی سەربازیی کوردستان بدەینەوە، وەڵامی ئەرێنی زۆر تەڵخە. ٣٠ ساڵە کوردستان، لە پێگە سەرەکیەکانی دیموکراسی، هێواش هێواش، بەڵام بە ورەوە، دوور دەکەوێتەوە. لە پێش هەمویانەوە هێزە سەربازیەکەی. ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا، ناوی (هێزی پێشمەرگەی کوردستان) بو. دوایی کرا بە هێزی ٧٠ و ٨٠ -ی دوو حیزب-. ئێستا، بوە بە هێزی کاک فڵان و شێخ فڵانی چەند کەسێک. لە هەمو شتێک دەچێ، لە (ه. پ. ک) ناچێ. ، بۆ هەڵکوتانە سەر یەکتر و مانۆر بەسەر یەکترا کردن، شێری مەیدانن. وا ئەم تەحەدا گەورەیەش هاتۆتە پێشەوە. لەو پێ دەشتانەی مەخمور، گوێڕ، قەرەچوغ، کفری و -دوو ڕۆژی تر- جەلەولا، کە پڕیەتی لە خاو و خێزانی سڤیلی بێ دیفاع، کورد پێویستیی بە شێرە. بە (ه. پ. ک)ە نەک تاقمی چەکدار. ئایا پێی دەکرێ؟
سەربەست حسین