بەرپرسەکانی هەرێم، دژ بەخۆتان، چ ڕق و کینەیەکتان لە دڵی گەلدا چاند!
بەهمەن تاهیر نەریمان
2020-06-25   788
ئەو دابڕانە هەرە قووڵەی لەنێوان دەسەڵاتداران لە هەرێم و خەڵک؛ بەڕادەیەکە وێنەی زۆر دەگمەنە، ڕقێکی ئێجگار ئەستوور، ڕقێک لەناو خەڵکدا دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرئاوکەوتووە، ئیتر لەوە دەرچووە بشاردرێتەوە و بوترێت دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی ماستاوچییەکانی دەوروبەریانەوە نایبینن. کینەکە لە ئاستێکدایە ئەگەر هەر یەک لەو کاربەدەستە بەرزانەی ناو دەسەڵات بە زەلیلی بچێتەبەردەم خەڵک، لە قەززافی باشتری پێناکەن!
هەواڵێک بڵاوبۆتەوە لەسەر بەرپرسێکی پلەبەرزی هەرێم، گوایە تووشی کۆرۆنا بووە، نوسینگەی ئەم بەرپرسە وتویەتی توشی کۆرۆنا نەبووە و نەخۆشیی تری هەیە. تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە، چوار سەد و چل و هەشت کۆمێنت لەسەر ئەم هەواڵە لە سایتێک دانراوە؛ تەنها یەک کۆمێنتی تیایە بۆ پشتگیری بەرپرسەکە، هەموو ئەوانی ترخوازیارن تووشی پەتاکە بوبێت، بگرە وێنەی هەندێک کۆمێنتم داناوە، هەر هەمویان، جوێن و سوکایەتی تێدایە، هەموو بەداخن نەخۆشییەکەی کۆرۆنا نییە و گوایە نەخۆشیی ترە.
هەر بەڕاست ئەم دەسەڵاتدارانە سەیرێکی دوای خۆیان ناکەن و هەندێک لەو کۆمێنتانە ناخوێننەوە کە بۆیان دەنوسرێت؟ ئایا ئەوانە تا ئەو ئاستەش گەشتونەتە ئەو بێباکییە و هیچ گوێنادەن بە چەمکە مۆڕاڵییە-سیاسییەکانی وەک(خۆشەویستی گەل، ڕێزی ڕاستەقینەی گەل بۆ سەرکردە)، ئایا ئەوانیش، وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی، پێویستیان بەخۆشەویستیی دەوروبەریان نییە، هیچ نەبێت لەڕووی مەعنەوی و دەرونییەوە ئاتاجیان بەخۆشەویستیی نییە؟
ڕقی گەل لە دەسەڵاتداران، بەپێی پێگەکەیەتی، تا چەندە پلە و پۆستی بەرزبێت، ئەوەندە ڕقی ئەستووری گەل و جەماوەر ڕووبەڕووی ئەو دەسەڵاتدارە دەبێتەوە.
ئەم بۆشاییە قووڵەی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک ڕق و کینە پڕی کردوەتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم شەڕی کورد بەکورد دەکەن، خاک دەفرۆشن، شۆفاری و چاوساغی بۆ ڕژێمە داگیرکەرەکانی مێژوی کورد دەکەن، دەچنە بەغداد و داوا دەکەن ئێراق دژی لەشکرکێشییەکانی دوژمنەکانی گەلەکەی هەڵوێستوەرنەگرێت، بەبەرچاوی هەموانەوە، زۆر ڕوون، نەک شەوکوتی، ڕۆژکوتی دەکەن و دزیی و گەندەڵییان بەڕادەیەک قەبارەی گەورەبووە، قابیلی شاردنەوە نییە، تەنانەت ئەوەندە بێچاوو بێڕووبون، شەرم ناکەن گەلەکەی خۆیان بەهۆی شکستی حوکمدارییانەوە توشی برسییەتییەکی خەتەرناک کردوەتەوە و پارەی گیرفانیان دەرهێناون و بەردەوامیشن لە دادۆشینی نیشتمان. کار گەشتۆتە ئەوەی گەندەڵیی دەسەڵاتداران و ڕاووڕوتیان، وەک گۆشتی سەرچەپەر، بۆ خەڵک ڕوونبۆتەوە و لەوە دەرچووە هونەری دزین بتوانێت دزییەکان بشارێتەوە.
کاتێک سەیری ڤیدیۆی بانگەشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەیت، دنیایەک بەڵێنی ڕەنگاڵە دەدەن، دنیایەک خەونی گەورە دەخەنە بەرچاوی گوێگر و بینەرانیان، کەچی لە ئێستادا کاتێک ئەم خەونانە قڵپدەبنەوە و پێچەوانەی بانگەشەکان، وڵات دەبێتە کاولاش، هیچ شەرم نایان گرێت و لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بە جلوبەرگە (دبلۆماسی!) و کەشخەکانیانەوە باڵڕادەوەشێنن، ئیتر بەتەواوەتی لەوە دەگەیت، لای ئەم بەرپرسانە سیاسەت بەتەواوی لە مۆراڵ دابڕاوەو سیاسەت بریتییە لەبێشعوری و حسابنەکردن بۆ هەست و نەستی ئەو گەلە بەدبەختەی بونەتە قوربانیی سیاسەتە بێئەزمونەکانی ئەوان. سەیرتر لەوە ئەوەیە، ئەمانە لەسەر شاشەکان کە دەردەکەون، هەر خەریکی پێکەنین و حیلکەحیلکی خۆیانن!
شتێک کە مرۆڤ لێی تێناگات ئەو بێباکییە گەورەیەی ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستانە بەرانبەر خەڵکی خۆیان، بەرانبەر داهاتوو و مێژووی خۆیان، ئەم دەسەڵاتدارانە ئەوەندە بێباکن تا ئاستی دەبەنگی، هیچ ڕەحم بە مێژووی خۆیان و بنەماڵەیان ناکەن، بەشێوەیەک ڕەفتاردەکەن وەک ئەوەی دەموچاویان هەڵبەسترابێت و چەتەبن و کەس نەیان ناسێت و سبەی لەم باسکە چەتەیی دەکەن و دووسبەی لەو باسکەی تر، وا ڕەفتاردەکەن وەک ئەوەی شەقێکیان لە داهاتووی خۆیان هەڵدابێت و پەلەپڕوزەیانە لە کۆکردنەوەی گەنجینەی دزراوی ئەم وڵاتە.
من لەوە دەگەم ئەم ڕقە هەر لەناو خەڵکدا نامێنێتەوە، ئەم سەرکردانە، بەهەمان ئاست، ئەوانیش ڕق و کینەیان لە جەماوەر هەڵگرتووە، چونکە ئێجگار ئەوەندەش لە خەڵک بێئاگانین، دەزانن ئائێستا بەتەنها بچنە بازاڕێکی قەرەباڵخی ئەم وڵاتە شاربەدەردەکرێن و حەسیرمەیانیان پێدەکرێت. ئایا ئەوان گەشتونەتە ئەو دۆخەی نەتوانن پردی پەیوەندیی لەگەڵ خەڵک دورستبکەنەوە و خۆشەویستیی خەڵک بەدەستبهێننەوە، ئەگەر بە گوێیاندا بچێت من ڕێیان نیشاندەدەم، بەڵام لەبەر دزی بەگوێیاندا دەچێت؟