هەموومان دەزانین جەنگ لەهەر وڵاتێکی ئەم دنیایە ڕووی
دابێت نەهامەتی و ماڵوێرانی، برسێتی و ئازاری بەرهەمهێناوە. لە دنیادا هیچ وڵاتێک،
گەلێک، نەتەوەیەک نیە، ئەگەر براوەی جەنگیش بووبێت، لە جەنگدا زیانی گەورەی بەر
نەکەوتبێت، بەتایبەتی میللەتانی ژێر دەستەی وەک کورد هەرگیز نەیانتوانیوە، ناتوانن
خۆیان لە ماڵوێرانی و تراومای ڕق و کینەو کارەساتی جەنگ ڕزگار بکەن، پەڵە ڕەشەکانی
شەڕی براکوژی لەنێوچەوانیان بسڕنەوە.
منی کورد ئێستاش تراومای ئەنفال یەخەم دەگرێ، خەون
بەهێرشی کیمیایی و سوپای کۆماری سەدامەوە دەبینم، کەچی هێشتا لەوە تێنەگەیشتووم،
ئینسان چەند ڕق و کینەی پێویستە بۆ ئەوەی دەستی بچێتە کوشتن.. چجای ئەوەی هاوزمان
و برا هاوخەباتەکانی خۆی بکوژێت..! ئەوەیە زۆربەی ڕۆشنبیرەکان لایان وایە،
بانگەوازی جەنگ پاڵەوانێتی جەنگاوەر نیە، بەڵکو شکستی سیاسی سەرکردەکانە بانگی
جەنگاوەرە نەزان و بێ عەقڵەکان دەکەن لەدژی براکانیان بجەنگن.
جەنگ لە جیهانی سێ
لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوو جیهانی سێ بەو وڵاتانە
دەگوترا کە لەشەڕی ساردی نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا (شرقی و غربی) بێلایەن
بوون بەڵام دواتر هەژاری و برسێتی بوونە پێناسەی ئەو جیهانە کە زۆربەی وڵاتەکانی
ئەمەریکای لاتین، ئەفەریقاو ئاسیا لەخۆ دەگرێت. زۆربەی وڵاتەکانی جیهانی سێ لە
دوای نەمانی سیستەمی داگیرگا، ( کۆڵۆنیالیزم ) لە داگیرکەر ڕزگاریان بوو بەڵام
بەهۆی ئەوەی حزب گەلێکی توتالیتار، یان سەرکردەی دیکتاتۆرو پادشاو بنەماڵە خێڵەکی
و ئایینیەکان حوکمیان گرتە دەست، هەرگیز نەیانتوانی بچنە سەرپێی خۆیان، بەتایبەتی
سەرکردەکان هیچ بەرنامەیەکی گەشەپێدانی ئابوری و ئاشتەوایی نیشتیمانیان پێنەبوو
هەتا وڵاتەکانیان بەئاراستەی سەقامگیری ئابوری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بخەنە سەر
ڕێگایەکی ڕاست و بەرەو پێشەوەی ببەن، بەپێچەوانەوە لەپێناو بەرژەوەندی و پاراستنی
خۆیاندا، لەلایەکەوە هەرەسیان بەسامانی وڵاتەکانیان هێناو ئاستی ژیانی
کۆمەڵگاکانیان گەیاندە خوار هێڵی هەژاریەوە، لەلایەکی دیکەوە بە زەبروزەنگ
ڕووبەڕووی هەموو کێشەکانی ئەتنیکی، ئاینی، مەزهەبی، کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتیەکانی
خەڵک بوونەوە، بەوەش قەیرانی هەمیشەیی ئابوری و برسێتی خەڵک و کارەساتی جەنگ و
شەڕی خوێناوی ناوخۆیان کردە چارەنوسی کۆمەڵگاکانیان. بڕوانە ئەفەریقیا، ئەمەریکای
لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێوان لێوون لەبرسێتی، جەنگ وێرانی کردوون.
جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست..
بەدرێژایی مێژوو جەنگ لەهەر وڵاتێک ڕووی دابێت بەهۆی
نەزانی و شکستی سەرکردەکانیەوە ڕوویان داوە، ڕوودەدەن. لە ئاکامی شکستی ئابوری و
سیاسی سەرکردە دیکتاتۆرو خێڵەکیەکانیانەوەیە وڵاتە عەرەبیەکان خوێنیان لێدەبارێ و
کاول بوون. سەرانی عەرەب بەپاساوی دووژمنایەتیکردنی ئسرائیل سەدان ساڵ میللەتەکانی
خۆیان گەڕاندە دواوە، کەچی ئسرائیل بەبێ ئەوەی بچێتە جەنگەوە، لەڕێگای
پشتیوانیکردنی ئەو کودەتایانەی لە وڵاتە عەرەبیەکاندا ڕوویاندا، یان لەڕێگای
هاوکاری ناڕاستەوخۆی گروپە چەکدارەکانەوە، هەموو دووژمنە عەرەبەکانی تێکشکاند.
ئێران لەدوای هەشت ساڵ جەنگ دەستی بەسەر عێراق و لوبنان و سوریاو یەمەندا گرت،
تورکیاش هاوشێوەی ئێران، لە سوریاو عێراق و لیبیاو ئازەربایجان لە ڕێگای سەگەکانیانەوە
دژی دووژمنانی خەونی تورکیای عوزما دەجەنگێت. هەموو ئەو جەنگ و ماڵوێرانیانەی بەسەر
ناوچەکەدا هاتوون و دێن بەهۆی شکستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی سەرکردە
عەرەبەکان و نەرجسی پادشاو سەرۆک کۆمارەکانی وڵاتانی رژهەڵاتی ناوەڕاستەوە
ڕوویانداوە، ناوچەکەیان وێران کردو سەدان ساڵ گەلانی وڵاتەکانیان بردە دواوە.
کوردستانی باشور زیاتر لە 30 ساڵە ئازادە، بەڵام هەر دەرفەتێک بۆ پێشکەوتنی گەلی کورد ڕەخسابێت سەرکردەکان لە
باریان بردووە، کەچی پەند وەرناگرین و ساڵ لەدوای ساڵ، نەوە لە دوای نەوە کەسانی
نەزانترو خراپتر دەبنە میراتگری دەسەڵات، برسێتی دەکەنە موڵکی خەڵک و بانگی کورد کوشتن
و شەڕی براکوژیش دەکەن. بۆیە ئەگەر لە دیموکراسی و بیری جیهانگیری تێبگەین و دوور
لەعاتیفە هەڵسەنگاندن بکەین، هیچ لۆجیکێک بەدی ناکرێت وڵاتانی ڕۆژئاوا بێن و
هەرێمی کوردستان وەک کیانک، یان هەرێمێکی فیدراڵی ڕاستەقینە، وەک نەتەوەیەک کە
خەون و ئاراستەی سەربەخۆیی هەبێت چاو لێ بکەن، بەتایبەتی ئیدارەکەی مەسرور بارزانی
دەیان ساڵ کوردستانی گەڕاندە دواوە و بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوریانەی خوڵقاندوویەتی،
تورکیاو ئێران وەک سەگ دەڕواننە کوردو لەیەکتری بەرئەدەن. ئەمڕۆ لەدژی پەکەکە،
سبەی لەدژی ڕۆژاڤا، دواتر لە سلێمانی و هەولێریش شەڕی کورد کوشتن بەکورد دەکەن.
ڕۆڵی ئەمەریکا
دوای سوێندخواردنی بایدن زۆری نەبرد مۆسکۆ گووتارەکەی
بایدنی وەک دژایەتی ڕوسیا لێکدایەوە. ئەوە ڕاستە، چوار ساڵی دێ ململانێی نێوان
ئەمەریکاو ڕوسیا قوڵتر دەبێت، بەتایبەتی لەسوریاو گۆڕەپانی کوردان. یەکێتی ئەوروپا
بۆ ئەوەی پەناهەندە سوریەکان بنێرێتەوە هەوڵ ئەدات بەهاوکاری جۆ بایدنن کێشەی
سوریا، بەهێشتنەوە یان لادانی بشار اسد بەلایەکدا بخات، بەڵام ڕوسیاو تورکیاو
ئێران ئاستەنگن. ئەمەریکاو ناتۆ ڕێگا نادەن ئەردۆغان قاچێکی لەناتۆ، قاچەکەی دیکەی
لە ڕوسیا بێت، بۆیە پێدەچێت سەرەتا بایدن نەرم بێت و دەرفەتێک بداتە ئەردۆغان لە
ڕوسیا دوور بکەوێتەوە. ئەگەر ئەردۆغان پشت بکاتە ڕوسیا، یەکێک لەداوا بنەڕەتیەکانی
ئەوروپا دابینکردنی مافی مرۆڤە لە تورکیا، ئەوکات زۆر نابات ئەردۆغان وەک دەرخستنی
نێت پاکی سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکات، هەڕەشەکانی دژ بە ڕۆژاڤا خاو دەکاتەوە و
بەدووریش نابینرێت لەساڵانی دێ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زیندوو بکەنەوە. ئەگەر
بەرەو ڕوسیا بڕوات پێگەی ئەردۆغان لە کەفکاس نابووت دەبێت، ئەمەریکاو ئەوروپاش
گەمارۆی ئابوری دەکەنە سەر تورکیا، بەڵام سوپای تورکیا بەهاوکاری حکومەتی هەرێم،
کوردستان لەدژی پەکەکە پڕ دەکات لەجیهادی و بەهاری کوردان خوێناوی و خاکی کوردان
گڵاو دەکەن.. ئەو دەنگۆیانەش زوڵاڵن، بایدن هاوکاری ئەمەریکا بۆ کوردانی ڕۆژاڤا
زیاد دەکات، ڕێگاش بە ئەردۆغان نادات هەرچی بیەوێت بیکات، بۆیە ئەمجارەش تورکیا
شکست دەخوات.
مێژووی ئێمە
پێویستە هەموو تاکێکی کوردو کوردستان ئاگاداری مێژووی
خۆی و شارەزای ژێرخانی کۆمەڵایەتی کوردستان بێت، بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات هەڵەکانی
مێژوو دووبارە بکرێنەوە. بەشێکی زۆر لەمێژووی ئێمە شەڕی براکوژیە. بیر بکەرەوە
چەند پیسی و نەگریسی لە وشەی شەڕی براکوژی دەبارێت.. برین و ڕشتنی فرمێسک بۆ
لەدەستدانی جگەر گۆشەکان، کوشتنی براکان، هاوسەرەکان، باوکەکان، هەتیوکردنی مناڵانی
کوردستان، بەهەدەردانی هێزو توانای شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد، دروستکردنی ڕق و کینەو
دووژمنایەتی لەناو کۆمەڵگای کوردی دا، پیسکردنی دۆزی کوردو خەرجکردنی سەدان ملیۆن
دۆلار لە کوشتنی براکان و هەزاران زەلکاوی پیسی تر لەگەڵ خوێنی ڕژاوی شەڕی براکوژی
دەچۆڕێت، بۆیە ڕووداوە کارەساتبارەکانی شەڕی ناوخۆ پەڵەیەکی ڕەشن لە مێژووی ئێمە.
بیر بکەرەوە چەند ئەستەم و ناخ هەژێنە گوێ لەو پێشمەرگانە بگریت کە بەشداری شەڕی
کورد کوژیان کردووە و کارەساتی براکوژیت بۆ بگێڕنەوە. بیهێنە بەرچاوی خۆت، چەند
کارەساتێکی دڵتەزێنە هەموو ڕۆژێک بەفیتی دووژمنانی نادیارو بێدەربەستی
سەرکردەکان.. پۆلێک، دەستەیەک لەڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەم میللەتە لەپێناو هیچ و هیچدا،
بێبەزەییانە دەکوژران. بیهێنە بەرچاوی خۆت چەند تۆقێنەرە چیرۆکی ئەو دیلانەت بۆ
بگێڕنەوە کە بەدەستی براکانیان دەکوژران. چەند هەست بەشەرم دەکەیت ئەوکاتەی
ئەوروپیەک، عەرەبێک، فارسێک، تورکێک، نەیارێک یان هەر دۆستێک و میوانێکی غەیرە
کورد مێژووی کوردو شەڕی براکوژیت لێ بپرسێ، تۆش بۆی بگێڕیتەوە..! ئاخر شەڕی
براکوژی ئابڕووبەرە، ترۆپکی دواکەوتوویی و نەزانی و وەحشیەتی ئینسانی ئێمەیە..!
ئەگەر وانیە، ئەزموونەکانی دنیا سەلماندویانە لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکاندا، ئەگەر
کەسایەتی شارستانی و بەهێزمان هەبێت، دەربەستی نیشتیمان بێین و ڕێز لەبەهای ئاشتی
بگرین و ئارامیمان خوش بوێت، ئازایەتی دەنوێنین و لەدژی شەڕی براکوژی، تێدەکۆشین،
لەپێناو ئاشتی دا هەوڵ ئەدەین بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکەین. ئەگەر بەڕاستی بۆ
ئاشتی خەبات بکەین دان بەخۆماندا دەگرین، ناکۆکیەکان بەبێ جەنگ، بەبێ شەڕو خوێن
ڕشتن چارەسەر دەکرێن. ڕێگرتن لەشەڕی براکوژی سەرکەوتنە بەسەر دووژمنە نادیارەکان،
سەرکەوتنە گەورەکەیە، سەرکەوتنی موراڵی ئاشتەوایی گەلی کوردستانە. با پێکەوە لەدژی
شەڕی براکوژی مێدیاکان پڕ لەدروشم و گوتار بکەین، بکەرانی شەڕی کوردکوشتن
تاوانبارو شەرمەزار کەین.
ڕۆڵی مێدیا..
مێدیای بینراو، بۆ ئەوەی ڕێگا لەدووبارە بوونەوەی شەڕی
ناوخۆ بگرین پێویستە ئەوانەی دەتوانن قسە بکەن، بەرنامەیەکی هەفتانە ڕێکبخەن، هەر
هەفتەی لەگەڵ پۆلێک لەو پێشمەرگانەی بەشداری شەڕی براکوژیان کردووە، بە بەشداری
کەس و کاری کوژراوەکانی کارەساتی شەڕی براکوژی، چیرۆک و تراوماو لێکەوتەکانی
کارەساتەکانی شەڕی براکوژی بە خەڵک بناسێنن. بەم کارە دەتوانرێت کۆدەنگیەکی بەهێز
لەدژی شەڕی کوردکوشثن لە کوردستان دروست بکەن.
سەرچاوە: کتێبی دەوڵەتی تاڵانچی، نوسینی کلاودیۆ ڤێدوڤادۆ
https://www.swp-berlin.org/10.18449/2020C60/