ناسەقامگیری و تێکچوونی دۆخی سیاسی ناوخۆی ئەمریکا بەهۆی ڕوداوی گیانلەدەستدانی پیاوێکی ئەمریکی بەڕەچەڵەک ئەفریقی ڕەهەندی جیاواز و دەلالاتی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە. ئەوێ ڕویدا هەرزوو دەلالاتی گۆڕا لەکارێکی تاوانکاری لەلایەن پۆلیسێکەوە بۆ توندوتیژی دەسەڵاتی سیاسی دژ بە کەمینەکان، و بە مانا شاراوەکەشی، دەرخەری کێشەی لەمێژینەی ئەتنیکی نێوان دوو ڕەگەز و دوو ئەتنیکی جیاوازە لەو وڵاتە. دەرئەنجامی ئەو دەلالاتانە ڕوودانی پشێوی و کاری توندوتیژی لەڕادەبەدەری بەدوای خۆیدا هێناو، دیمەنی هەزاران گەنجی ئەفریقی و ئەوانی تر لە شەقامەکانداو پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و پەلاماردانی سێکتەرە ئابوری و بانکیەکان هەمان وێنە سەرەتاییەکانی بەهاری عه ره بی یان بەهاری ئەوروپای ڕۆژهەڵات، وەک ناسراوە بە بەهاری پراگ لە ١٩٦٨ هێنایەوە یاد. پریشکەی ئاگری گۆڕانکاریەکانی بەهاری عه ره بی ، کە هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی بە شۆڕش ناوی ئەبەن، بە ڕوداوێکی کتوپڕ دەستیپێکرد، وەک خۆسوتانی گەنجێک بە ناوی تاریق بو عه زیز لە دیسەمبەری ٢٠١٠ لە تونس ، و هێدی هێدی کڵپەی ئاگری جەستەی ئەو لاوە بوە کڵپەی پشێوی سیاسی لە زۆر وڵاتە عه ره بیەکان بە قاهیرەی پایتەختی سیاسی ئە و ڵاتانەشەوە. هەڵبەت پێشینەیەکی مێژوویی هەیە بۆ داینەمیکی بە ناو شۆڕشی عه ره بی ، ئەویش بەهاری ئەوروپای ڕۆژهەڵات یان بەشێک لە بلۆکی وارشۆی ئەوسا کە یەکێتی سۆڤیەت ڕابەرایەتی ئەکرد. ئەو نیشانە گشگیرەی کە ئەو جوڵانەوە ی نێو هەناوی بلۆکی سۆشیالیستی ئەوسا جیادەکاتەوە بوونی کاری دەستەکۆمەکی نهێنی بوو کە بلۆکی ڕۆژئاوا لە دژی هەژموون و یاڵادەستی ڕوسیای بە ناو کۆمۆنیست لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات خستیانە گەڕ، ئەویش بە بەکارهێنانی چەندین میتۆد و ئامرازی ئاڵۆز لە میدیا یان ئامرازەکانی تری جەنگی دەروونی. دەزگا سیخورە ئەوروپیەکان بەتایبەت ئەمریکی و بەریتانی هەموو توانا دارایی و لۆجەستی و تەکنۆلۆژیان خستە خزمەت ئەجیندای لەقکردنی بلۆکی ڕۆژهەڵات لەڕێی هاندان و یارمەتیدانی ئەو جوڵانەوانەی بونە ڕودانی ڕاپەڕینێک لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات کە سەرەتاکەی لە پراگەوە دەستی پێکرد و بۆ یەکەم جار چیکۆسلۆڤاکیا بۆ چەند مانگێک لەژێر دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی ڕوسیا دەربازی بوو . ئەو ڕوداوە مێژوویانە سەرەتاکەی لە وارشۆی سۆشیالیست لە ١٩٦٨ وپاشان لە بەهاری کرۆاتیاش لە١٩٧١ بەردەوامبوو. دەرهاویشتە سیاسیەکانی ئەو ڕاپەڕینانە تاڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کاریگەری مابوو. هەمان ستراتیجی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بزواندنی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەنێو ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکاو هاوپەیمانە ئەوروپیەکان ناویان لێنابوو سیستەمە ستەمکارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای زیاتر لە نیو سەدە بەگەڕخرایەوە. هەرچەندە لە زۆ ڕوەوە شێوازی هەڵگیرسان و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بەهاری عه ره بی زۆر لە بەهاری بلۆکی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپی ئەچوو، بەڵام لە شێوازی ئاراستەکردنی میدیایی و جەنگی دەروونی لە لایەن ئەوروپاو ئەمریکاوە زۆرجیاوازتر بووچونکە بۆ یەکەم جار کامێرای مۆبیالە زیرەک و زوومی پێشکەوتویی کامێرە گەیەنراو بەسەتەلایتە ڕاستەخۆکان و هەژانی لەڕادەبەدەری تۆڕە کۆمەڵایەتی فرە ڕەهەندەکان بەکارهێنران بۆدروستکردنی جیهانبینیەکی هەمانگیر لەگەڵ ئەجیندای وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ئەوەی بەهاری عه ره بی جیاکردەوە لە بەهاری پراگ بەڕادەی یەکەم جیاوازی بونیادی دوو جۆر دەستە کۆمەڵگا بوو لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە لایەک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەکی تر. جیاواز لە سیستەمی بەڕیوەبردنی بلۆکی ڕۆژهەڵات، تەنانه ت سیستەمی کارگێڕی و میلیتاریستی سۆڤیەتی ئەوساش، سیستەمی وڵاتانی عه ره بی ئتێکەڵەیەکی ئاڵۆز و سەیرە لە پاشماوەی کەڵتوری خێڵ وئاین و ئە تنیکی و لاسایکەرەویەکی بەڕوکارانەی بازاڕی ئازادی ئەوروپا و فۆرمێکی سەریرتریشە لە سیستەمە تۆتالیتاریە ناسیۆنالیستە موتربەکراوەکان بە دەمارگیری ئاینی و ئەتنیکی. هەڵبەت پێشینەی فیکری و هۆشیاری دەستەکۆمەڵی ئەوروپیەکی ڕۆژهەڵات بەراورد ناکرێ بە تاکێکی عه ره بی چەندین جار چەوساوە و سانسۆرکراو لە لایەن کایەی کەڵتوری و ئاینی و کۆمەڵایەتی دەستەمۆکراوی دەسەڵاتێکی دکتاتۆری. بەگشتی گۆڕانکاریەکان بەهۆی بەهاری عه ره بی ، بەو دەرئەنجامە نەگەیشت، کە ئەمریکی و ئەوروپیەکان چاوڕوانبوون لەوەی گۆڕانکاری ڕێشەکێش بێتە هۆت گۆڕانی ڕادیکاڵی سیستەمی سیاسی و کەڵتوری تاکی عه ره بی و لە هەموی گرنگتر گۆڕینی مێنتالیتی و کۆهۆشمەندی لەبەرامبەر پرۆسەی ئاشتی ، پارادۆکسیش نیە کە کۆی پرۆسەی شۆڕشی عه ره بی بەمەبەست گیرابوو لە پێناو بنیادنانی پڕۆژەی ستراتیژی سیاسی ڕۆژهەڵاتی مەزن. شکستی شۆڕشی عه ره بی لەبەر هۆکاری نەخوێندنەوەی ریسالیستیانەی هەموو هۆکارە ئابوری و ڕامیاری و کەڵتوری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بوو بە بەراورد بە کۆمەڵگا جیاوازەکانی ئەوروپی ڕۆژهەڵاتی ئەوسا کە ژێر خانێکی کەڵتوری وکۆمەڵایەتی و ئاینی و چینایەتی و کۆهۆشیاری تەواو جیاوازی هەبوو لەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەموو هۆکارەکان گرنگتر نەبونی ئەجیندایەکی یەکانگیر و سەرتاسەری بوو لەلایەن ڕۆژئاواوە لەسەر فۆڕمێكی تەواو مۆڕاڵی و مرۆڤدۆستی وەک گەڕانەوەی شکۆ بە تاک و بەهاکانی ئازادی ، ئەمریکاو ئەوروپا ئەوەندەی بیریان لە دابەشکردنێکی شەترەنج ئاسای ناوچەکە بۆ پانتاییەکانی دەسەڵاتە جیاوازەکان و بڕین و داتاشینی هەناوی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە بوو بۆ پنتە زۆرەکانی بەرژەوەندی و بالانسی هێز وپاشان پڕۆسەی ئاشتی سەپێنراو بوو ئەوەندە مەبەستیان بیرۆکە ئایدیالیست و مۆراڵە مرۆڤایەتیەکان نەبوو وەک یەکسانی و مافی مرۆڤ و دادپەری ڕاستەقینەو فەراهەمکردنی ماف بە هەموو کەمینە نەتەوەیی و ئاینیە ژێردەستەکانی دەسەڵاتی دکتاتۆری وڵاتە عه ره بیەکان. دووڕوویی ئەوروپاو ئەمریکا لەوەدا دەرکەوت کە ئەو وڵاتانە هەرخۆیان لە گەرمەی جەنگی سارد و لە کاتی ڕاگرتنی بالانسی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، دکتاتۆرە کۆیلە عه ره بی و تورکی و ئێرانیان دروست کرد. دەستێوەردانی ئەمریکا بەناوی مافی مرۆڤ لە عێراق نە لەکاتی داپلۆسینە یەک لەدوای یەکەکانی ڕژێمی سەدام بووبۆ گەلەکەی، نە لە کاتی ئەنفالکردن و قڕکردن و کیمیابارانکردنی کوردان لە هەشتاکانا بوو. تەنانەت لە گەرمەی بەگەڕخستنی ماشینی میدیاییی و سیخوڕی دژ بە دکتاتۆرەکانی وەک ئەسەد و قەزافی ، دکتاتۆرەکەی تورکیا بەهۆی بوونی بە ئەندام لە ناتۆ، دەستکراوە کرا لە خوێنڕشتن و زیندانیکردن و ڕاگواستنی بەزۆرەملێی کوردانی باکوری کوردستان. هەر سەرۆکی ناتۆ بوو دەستی خستە نێو دەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەبرۆکسل لە کاتی داپڵۆسینی کوردەکان لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان لەکاتی پراکتیزەکردنی مافی چارەی خۆنوسین لە ڕیفراندۆمێکا، و هەر تانکە ئەڵمانی و میدیای بەریتانیاو وڵاتە بەناو ئەوروپیەکان بوون کە پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی تورک بوون لە سڕینەوەی شوناسی کەڵتوری و نەتەوەیی کوردەکان لە زیاتر لە پارچەیەکی کوردستانی بەشکراو. نەبوونی ئەنجیندایەکی دیارو یەکگرتوو لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەرامبەر پرۆسەی سیاسی بەهاری عه ره بی و دەرئەنجامە دوور مەوداکانی ، لە هەمووی گرنگتر نەبونی پلانێکی گشتگیر کە ڕەچاوی پرەنسیپە مرۆڤایەتی و مۆراڵەکان بکات لە دەستەبەرکردنی مافی تاک و ئازادی و دادپەروەری بۆ هاونیشتمانیەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ مامەڵە گومانیاویە سەربازی و سیاسیەکان لەگەڵ شێخ و دکتاتۆرە ناوچەییەکان، ئەو دوڕوییە سیاسیە گوماناویانەی ڕۆژئاوا بوە هۆی دروستبوونی بێهیوایی و ڕەشبینی لای گەنجە عه ره بی وکوردەکان و گەلانی تر، ئەوەش کاتێک بینیان شێخەکانی چەند وڵاتێکی کەنداو بە ملیارەها دۆلار و بە پاڵپشتی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی وڵاتانی ئێران و تورکیا شۆڕشی سوریاو لیبیا یان بەلاڕێدا برد و پاشان تێکدانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کورستان. هۆکارێکی تری شکستی شۆڕشەکانی بەهاری عه ره بی داڕمانی ئەو سیستەمی مۆڕاڵ و ئەتیکیە بوو کە ئەوروپای بازاڕی لیبڕالی ئازاد بۆ چەند سەدەیەک بانگەشەی بۆ ئەکرد. پاشەکشەی ئەوروپا لە بەجێهێنانی ئەرکی مرۆڤایەتی لە بەرپرسیارگرتنی دەوڵەتە تاوانکارەکانی وەک ئێران و تورکیا و سوریا و چەندین وڵاتی ترو کردنی مامەڵەی شاراوە و نهێنی، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیای ئەردۆگان، بوە هۆی زیاتر قڵیشبوونی متمانەی تاکی ڕۆژهەڵات بە هەر گۆڕانکاریەک ئەوروپاو ئەمریکا گفتیان ئەدا. گۆڕانکاری بونیادی لە سترەکتۆری کۆمەڵایەتی و کەڵتوری ئەوروپی و پاشەکشەی بەرچاوی بزوتنەوە چەپ و سۆشیالیست و ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەیی و جێندەری و ئەتنیکی و هەڵکشانی هەستی دەمارگیریی نەتەوەیی و ئاینی و بڵاوبونەوەی هۆشیاری میدیای هەرزان وڕۆشنبیری فەیک کۆگەلێک هۆکار بوون گۆڕانکاری لە مێنتالیتی و کۆهۆشەندی تاکی ئەوروپی کرد، کە بوە دروستکردنی چینێکی سیاسی کەنارگیر و خۆپەرست و پراگماتیکی ماکیاڤێلیانە، کە زۆر ئاساییە لای ببینێ لاشەی منداڵیکی پێنج ساڵەی ئالان کوردی کە بەهۆی هەڵهاتنی لەگەڵ خێزانەکەی لەدەست جەور و ستەمی دەوڵەتێکی ئەندام لە ناتۆ. ئەوروپایەک کەڕ و بێدەسەڵات وەستان لە هاتنە ناوەوەی تەنکەکانی تورکیا بۆ شاری عه فرین و سەری کانی، ئەو شارە کوردانەی کە کوڕ`و کچەکانی قەلخانی بەرگری یەکەم بوون لە بەرامبەر لێشاوی تیرۆری توندڕەوە کانی دا عش.
بەدەر لە هەڕەشەی ڤایرۆسی کڕۆنا کە زیانەکانی کەمتر نیە لە تیرۆری وڵات و گروپی جیاواز بەرامبەر ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئێستا هەڕەشەیەکی ناوخۆیی لەو وڵاتە سەری هەڵداوە کە زۆر لە ئاژاوە ئەتنیکیەکەی ساڵی ١٩٦٧ لە شاری دیترۆیت مەترسیدارترە ، ڕوداوی کوشتنی پیاوێکی ڕەشپێست لە سەرشەقام لە لایەن پۆلیسێک لە ولایەتی میناپۆلیس، کە بوە هۆکاری بڵاوبونەوەی ئاژاوە و بێسەروبەری لە ٥٣ ولایەتی ئەمریکا ، و بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی لەڕادەبەدەر هەم لەلایەن کۆمەلگەی ئەمریکی بەڕەچەڵەک ئەفریقیەکانەوە، هەم لە لایەن پۆلیسی ولایەتەکان کە هەندێ جار کارگەیشتە بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕژێن و داری کارەبایی، تەنانەت لە هەندێ شوێن گولەی پلاستیک و زیندوو، بەدەر لە ڕەهەندە مۆڕاڵی و ئێتنیکیەکەی ، دەرخەری ڕاسیەکی تاڵە بە ڕاماڵینی وەهمی خەونی ئەمریکی و سەرەتای فشەڵبوون و کلۆربوونی بونیادی ناوەوەی ئیمپراتۆریەتێکی تری سەرزەمین دوای داڕمانی ئیمپراتۆڕیەتی ڕۆمانەکان و هەنگار و ئەڵمانەکان و عوسمانیەکان پاشانیش ئیمپراتۆریەتی بەڕیتانیەکان. وەک بڵێی مێژوو لە سەدەیەکی ترا خۆی دوبارە بکاتەوە، ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی وەک ئەوانی پێشتر، پێش ئەوەی بە هێزی دەرەکی بڕوخێ، هێزێکی دژ بەخۆ لە هەناوی خۆیدا گەشەی کردوە و دوور نیە ئەو هێزە پێشەنگی چەندین هێزی ڕادیکاڵتر و ئەجیندا ڕێکخراو تربێت ولە کۆتاییدا گەر سەری ئیمبراتۆریەکە نەخوات ئەوا دوور نیە فۆرم و سترەکتۆرێکی سیاسی و ئابوری تر لەو وڵاتە ، یاخود بە دابەشبوونێکی کۆنفیدڕاڵی لە دوور مەودای لێبکەوێتەوە.
پێشتر ئیبراهام لینکۆلن سەرۆکی دێرینی ولایەتە یەکگرتوەکان هوشداری دابوو بە ئەمریکاییەکان کە هییچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت بوونی کیانی سیاسی ئەمریکا بخاتە ژێر هەڕەشەوە بەئەندازەی گێژاوو ئاژاوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆ، وەک لینکۆلن ئاماژەی دابوو ، هەر کاتێک تاکی ئەمریکی دەستبەرداری ئازادی بوو ئەوا ڕۆچوونی وڵات بەرەو نادیار مسۆگەرە. لینکۆلن لە وتەکەیدا زیرەکانە باسی لە مەترسی لەدەستدانی ئازادی و سەربەستی تاک لە هەڵبژاردنی ستایلی ژیان یان ڕەوتی سیاسی کردبوو، ئەوەی جێی سەرنجە پایەی ئایدۆلۆجی و فەلسەفی بەند و پێوەندی کۆمەڵایەتی ئەمریکا بەندە بە بیرۆکەی ئازادی تاک و خودموختاری لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، دەربڕین و پرۆسەی هەڵبژاردنی سیاسی لە کۆهوشیاری ئەمریکیەکانا تەواو ڕەگی داکوتاوە وپرەنسیپی تاکێتی ڕەها لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیان شتێکی تەواو پیرۆزو ڕاستیەکی بێنکۆڵیکراوە. بەڵام پرۆسەی مێژوویی گۆڕانکاریەکان لە ئەمریکا، وەک گۆڕانکاریە کەڵتوری و کۆمەڵایەتی و چینایەتی و ئەتنیکی و جێندەری و ئایدۆلۆجی و تەنانەت دیمۆگرافی، ووردە ووردە گۆڕانکاری هێنا بە هەموو نۆرم و پرەنسیپ و بەهاو بیرۆکە فیکری و فەلسەفیانەی کە هەم دەستوری ئەمریکی و هەم ئایدۆلۆجی سیاسی لەسەر بنیادنرابوو. ئازادی تاک وەک پرەنسیپێکی کۆمەڵایەتی وەک ئایدیایەکی ناو کایەی سیاسیش لەگەڵ گۆڕانکاریە مەزنە جیهانیەکان وڕوداوە ناوخۆیەکان ماناکانیان گۆڕان. کۆنسێپتەکانی ئازادی تاک ویەکسانی لەگەڵ کۆمەڵێک بەهای مرۆڤایەتی تر کە باوکەپێشینەکانی ئەمریکیەکان لە دەستوری ئەو وڵاتەدا جێگیریان کرد ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو ئایدیا و باوەڕە پێشکەوتوو مرۆڤدۆستانە ی شارستانیە کۆنەکانی یۆنان و ڕۆمانەکان و پاشان ڕێنسانسی ئەوروپا بوون، جوڵانەوە ڕۆشنگەریەکانی ئەوروپا لە سەدەکانی هەڤدەو هەژدە کاریگەری کردە سەر ئەفراندنی بیرمەندە پێشکەوتو خوازە بنیادنەرەکانی ئەمریکای هاوچەرخ . پێویستە بوترێ کە ڕەوتی پرۆتێستانیزم و هەموو ئەو ڕەوتە ئاینیە ڕیفۆرمیستیانەی تر کاریگەری خۆیان هەبوو لەسەر فۆرمیۆلەکردنی بیرۆکەی ئازادی تاک و یەکسانی و دادوەری کۆمەڵایەتی، ئایدیاکانی بیرمەندە فەیلەسوفەکانی ئەوروپای هاوچەرخ ، بەتایبەتی فەلسەفەی فەرەنسی ، ڕۆڵی گرنگی بوو لە جێگیرکردنی هەموو ئەو بەهاو نۆرم و ئایدیا مرۆڤدۆستانەی لە دەستوری ئەمریکی ،بۆ نمونە بیرۆکەکانی ڤۆڵتێرو مۆنتیسکۆ دەربارەی دیمۆکراسی و ئازادی تاک بەرامبەر هەژمونی دەسەڵاتی ڕەهای پاشایەتی ،و بەتایبەتی دابەشکردنی دەسەڵات بۆ کۆڵەکە فرە جیاوازەکانی دەسەڵات کە لە خزمەت تاک و خەڵک دابێت، و ئایدیای جان ژاک ڕۆسۆش دەربارەی کۆنتراکت و بەندی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاک و کۆمەڵ، لەگەڵ ئایدیاکانی فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن لۆک دەربارەی مافی تاک لە نێو دەوڵەتی یاسا و باڵادەستی ئازادی تاک و مافپەروەری بەرامبەر توندوتیژی دەسەڵات جێگای خۆیان کرد لە هەموو ئەو تێزە فیکری و فەلسەفیانەی کە دەستوری ئەمریکی لەسەر نوسرا و هەموو ئەو ئایدیا مرۆڤدۆستیانەی دواتریش کە بوە هەوێنی جیهانبینی کەسایەتی ئەمریکی لە پراکتیزەکردنی ئازادی ڕەهای تاک و بڵاوکردنەوەشی بە جیهانی فراوانا. بەڵام دیالێکتێکی مێژووییە مەسەلەی جیاوازی نێوان ئایدیالیست و ڕێالیست، بەمانایەکی تر ئەو بیردۆز و ئایدیا فەلسەفیە مرۆڤدۆستیانەی لە دەستوری ئەمریکی و لە بانگەشەی بیرمەندە پێشینەکانی ئەمریکادا بانگەشەی بۆ ئەکرا لەگەڵ کاتدا کاڵ و کاڵترو تەنانەت کڕۆک و ماناکەی بۆ شتی زۆر جیاوازتر گۆڕا، ئایدیا مرۆڤدۆستەکان یەکانگیر نەمان لەگەڵ گۆڕانکاری ئابوری و کەڵتوری و ئەتنیکی و ئایدۆلۆجی کۆمەڵگەی ئەمریکا، بۆنمونە خەونی ئەمریکی کە کۆنسێپتێکی تا ڕادەیەک یۆتۆپیانەی ڕۆمانسیە دەربارەی هێزی لە توانا بەدەری هەموو تاکێکی ئەمریکی لەسەرکەوتن بەسەر هەموو مەحاڵ و گرفتە ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت چارەنوسیەکانداو بەدیهێنانی خۆشبەختی ڕەها. لێرەدا پێویستە بزانرێت کە کۆنسێپتی خەونی ئەمریکی لەسەرەتادا لەسەر ڕێچکەیەکی مرۆڤدۆستی گەڕان بەدوای خۆشبەختی، نەک دەستکەوتی ماتیڕیالیست تەشەنەی کرد و بوە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر لە مێنتاڵیتی و کۆهۆشمەندی کەسایەتی ئەمریکی، پارادۆکسەکە لەوەدایە ئەو کۆنسێپتە ئایدیالیستیە لەگەڵ کاتدا گۆڕا بۆ خەونی بەدەستهێنانی مادە یان پارەو پلەو پایەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵات ، تەنانەت ڕەواکردنی هەموو ڕیگایەک لە پێناوی خۆدەوڵەمەند کردن و قۆرخکردنی دەسەڵاتیشی لەگەڵدابێت لە لایەن گروپ و تاقم و لۆبیە جیاوازە سیاسی و ئابوری وئاینی و ئەتنیکیە فرە زۆرەکانی ناو ئەمریکا.
گرفتێکی تری مێژوویی کۆمەڵگەی ئەمریکا نەبوونی یەک کۆمەڵگەی هۆمۆجینیەس، یاخود هارمۆنیی ، لە جیاتی یەک گەل، ئەمریکا لەچەند گەلێکی جیاواز پێکهاتوە و هەریەک لەو گەلانە مێژووی گەشەی ئابوری و ڕامیاری و کەڵتوریان جیاوازە، خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکا لە هیندیە سورەکان هەر لە سەرەتاوە توشی چەندین پڕۆسەی ڕاوەدونان و دەرکردن لە خاکی خۆیان و بەزۆر توانەوە لە دەفری تاک کەڵتوری ئەمریکی سپیپێستی ئەوروپی. هەمیشە ئەو کۆچەرە ئەوروپیە سپی پێستانەی لە ئەوروپا گەیشتنە ئەمریکا خۆیان بە خاوەن ماڵ و باڵادەست لەبەرامبەر ئەتنیکە جیاوازەکانی تر پیشانداوە. هەر لەسەرەتای گەشەی ئابوری ئەو وڵاتەدا کۆمەڵگە جیاوازو کەمینە نەتەوەیەیی و ئەتنیکیەکان بوونە قوربانی، وەک چەوسانەوەی کۆیلە ڕەشپێستەکان کە بەزۆرەملێ لە ئەفریقاوە بە کەشتی هێنرانە ئەمریکا بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی پەموو یاخود بەکارهێنانیان وەک نۆکەر لە شوێن و سێکتەرە ئابوریەکانی تر بەتایبەت لە ولایەتەکانی خواروی ئەمریکا. کێشەی ئەتنیکی لە ئەمریکا، بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی تری دنیا زاڵترە بەسەر کێشە ئاینی و چینایەتی و ئایدۆلۆجیەکانا ، ئەمیش هەر لەسەرەتای قۆناخی گەشەی ئابوری پیشەسازی ئەمریکاوە دیارە، بە تایبەت لە سەردەمی کۆلۆنیالیکردنی ئەفریقا و هێنانی کۆیلە یان دەستی کاری هەرزان بۆ ئەو وڵاتە و هەستی ڕاسیزم هەر لە سەرەتای گەیشتنی شەپۆلە یەکەمەکانی کۆیلەکان ولەگەڵ یەکەم نیشتەجێبونی ئەمریکیە یەکەمەکان لە ساڵی ١٦٠٧ لە ڤێرجینیا . سەیر لەوەدایە بازرگانی کۆیلەو هێنانیان بۆ ئەمریکا لە دەستوردا قەدەخە نەکرابوو تاوەکو دوای سەرەتاکانی سەدەی هەژدە. بە گشتی لە ماوەی دوسەد و پەنجا ساڵ لە پڕاکتیزەکردنی هێنانی کۆیلە لە ئەفریقاوە کێشەی جیاوازی کەڵتوری و زمانەوانی و ئاینی و نۆرم و سروتی کۆمەڵایەتی هەبوە لە نێوان کۆچەرە ئەوروپیە سپیپێستە پرۆتیستانەکان و ئەوانی تر. هەوڵێکی زۆردرا بۆ توانەوەی کەڵتوری و ئاینی ئەو مرۆڤانەی بەزۆر وەک کۆیلە هێنران و تەنانەت هەر لەسەرەتاوە بیرۆکەی دوالیزمی باڵادەستی ئەمریکی ئەوروپی سپیپێست بەرامبەر کۆیلەی ئەفریقی ڕەگەز نزمتر ، یان وەک ئەمریکیە ئەوروپیەکان ناویان نابوون نیگرۆ، وەک ڕاستیەکی زەق پەیڕەو ئەکرا. بۆنمونە تۆماس جێفەرسۆن ، یەکێک لە سەرۆکە پێشینەکانی ئەمریکاو هەر خۆشی یەکێک بوو کە خاوەندارێتی کۆیلەی ئەفریقی ئەکرد، زۆر باوەڕی بە بیردۆزی نزمڕەگەزی ئەفریقیەکان هەبوو لەبەرامبەر باڵادەستی ڕەگەزی ئەمریکیە ئەوروپیە سپیپێستەکان. کێشەی جیاوازی ئەتنیکی لە ئەمریکا هەر بە جیاوازی ئەفریقی و ئەمریکی نەوەستاوە، بەڵکو هەرلەسەرەتای نیشتەجێبوونی ئەمریکاییەکان هەستێکی کەمبینی یان رەیسستی و ڕەگەزپەرستی بەرامبەر کەمە نەتەوەییە ئاینی و ئەتنیکیەکانی تریش هەبوە وەک جولەکەو ئایرلندیەکان وئیتاڵیەکان و ئیسپانیەکان و ئەوانی تر. سەیر لەوەدایە کێشە ئەتنیکیەکان لە ئەمریکا تا شەستەکانی سەدەی پێشووبەردەوام بوون، ئێستاشی لەگەڵدابێ کۆهوشیاری و مێنتالتی زۆر لە ئەمریکیەکان ڕوانینیان بۆ کەمە نەتەوەیەکان هییچی لەوانەی پێشووتر نەگۆڕاوە بەرامبەر هەم ئەفریقیە ئەمریکی و هەم ئەوانی تر، جوڵانەوە ڕاسیستەکانی وەک کو کلو کلان لە ساڵانی پەنجاو شەستەکان و بزوتنەوە سپیپێستە باڵا دەستە خوازەکان، یاخود وایت سوپەرمەسی، بەڵگەی حاسشاهەڵنەگرن بۆ مانەوەی ئەو کێشە بونیادیەی ناو فۆڕمی کەڵتوری و ئایدۆلۆجی کۆمەڵگەی ئەمریکی. هەڵبژاردنی سەرۆکێکی ڕەشپێست بەناوی ئۆباما و پاشان هاتنی ترەمپ دەتوانرێت بخوێنرێتەوە بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی دوو ڕوانگەو دوو کۆمەڵگەو دوو ئاراستەی سیاسی دژ بەیەک لە ئەمریکا لە ساتەوەختێکی مێژووییدا. هەڵبەت دەرکەوتنی هەردوو کەسایەتی ئۆباماو ترەمپ ڕوداوێکی ئاساییە نیە، بەڵکو هەردوکیان هەم بەرهەمی کێشە و ململانێێ مێژوویی و تەنگەژەی سیاسی و کەڵتوری هاوچەرخی ئەمریکان. دابڕانی دوو کۆمەڵگە لەیەکتری هەر لەسەرتاوە بە هۆی جیاوازی سترەکتۆری ئابوری و کەڵتوری بوە و لەگەڵ کاتدا بوەتە دروست بوونی دیوارێکی مەزن لە نێوان دوو گەلی ئەمریکادا. ئەم دوو ئەمریکایە ئێستا زیاتر لەو هەموو کاتێک لەیەک دوور و جیاوازن لە شێوازی ژیان ، بیرکردنەوە، کەڵتوری کۆمەڵایەتی، بیری سیاسی، و تەنانەت جیهانبینی. جەمسەرگیری ئەتنیکی لە ئەمریکا لەگەڵ هاتنی ترەمپ چوە لوتکەو نیشانەکانی ڕاسیزمی کەڵتوری و ئەتنیکی لە گوتاری ترەمپ زۆر زەق و ئاشکرایە ، ئەو سەرۆکەی ئامادەیە خەڵکان و گەلانی تر بە پێوەرە جینات و رەیسەوە پۆلێن بکات و ئامادەشە دیواری مەزن لە نێوان ئەمریکاو جیهانی دەرەوە دروست بکات ، لە ناویشەوە بە شاراوەیی ، وەک ئەجیندایەکی باڵادەستی سپیپێستی، گوتاری هەڵچنینی دیواری ئەتنیکی ئەدات بە گوێی هاندەران و ئەوانەی هەست و سۆزیان بۆ دروستکردنی یەک نەتەوەی سپیپێستی ڕەگ ئەوروپی لە ئەمریکا دەستپێکردوە. هەڵبەت ئەو جیاکاریە ڕەگەزیەی سیاسەتی ترەمپ شتێکی تازە نیە و هەمیشە لە سەردەمی سەرۆکە جیاوازەکانی تریشا بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی دەرخستوە. هەمیشە ڕەشپێستەکان و ئەوانەی بە خەڵکی ڕەنگە جیاوازەکان پیشانئەدرێن، بە پێچەوانەی ئەو پڕۆپاگەندەی یەکسانی و ئازادی، لە خوار قادرمەی کۆمەڵن و چانسە ئابوری وسیاسیەکان و خوێندن، زیاتر بۆ چینی سپیپێستەکانە. ئەوەی جێی سەرنجە هەستە ڕاسیستیەکەش لەگەڵ کاتدا لە کۆهۆشمەندی تاکی ئەمریکی ئەفریقیدا جێگیربووە وبوەتە هۆی دروست بوونی کۆهۆشمەندیەکی دژە سپی پێست . ئەم هەستە ڕاسستیە ڕەشپێستیەش وەک کاردانەوەیەکی ئەتنیکی گشتگیرڕەنگی داوەتەوە لە دروستبوونی گروپ و کۆمەڵگای ڕادیکال و ڕیاکشێنەر یان بەرچەکردار ، ئیتر کەڵتوری بێت یان زمانەوانی یاخود ستایل و شێوازی ژیان. گروپی ئەنتیفا کە پلاتفۆرمێکی ئەتنیکی و کەڵتوری و تەنانەت هەندێ جار مۆرکی میلیتاریستی گرتوە لە لایەن دەستەو ڕێکخراوە ئەفریقیە ئەمریکیەکان ڕەنگدانەوەی ئەو ڕق و خۆخواردنەوەی کەمینەی ئەفریقیە ئەمریکیەکانە بەرامبەر ئەتنیکی باڵادەستی سپیپێست. هەندێ سێکتەر هەیە تەنها مۆنۆپۆل کراوە بۆ ئەمریکی سپیپێست وەک دەزگا و سێکتەرەکانی ئابوری و میلیتاری و زانستی و ئەکادیمی و ڕەشپێستەکانیش خزێنراونەتە سێکتەرە خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتییە نزمەکان. میدیای نوێی ئەمریکی لەوساڵانی پێشوو کاری زیاتر لە وێناکردنی پاڵەوانێتی کەسایەتی سپیپێستی ئەوروپی ئەمریکی کردوە لەبەرامبەر نزمگرتن و داشکانی کەسایەتی ئەوانەی جیاوازن لە ڕووی ئەتنیکی و ئاینی و نەتەوەییەوە. جیاوازی ئەتنیکی بوەتە دروستبوونی دوو جۆرە ڕەهەندی بیرکردنەوە و دو جۆر جیهانبینی لە نێوان دوو کۆمەڵگا و ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لە هەڵکشانی هەستی دەمارگیری ئەتنیکی لە نێوان دوو کۆمەڵگەی سەرەکی جیاواز لە ئەمریکاو بەرکەوتە سیاسی و ئایدۆلۆجیەکەی مەترسیدارترە، چونکە لەم چەند دەساڵانەی دوایییدا کۆمەڵە ئەتنیکی و ئاینیەکانی تریش هەمان ڕێچکەی خۆجیاوازبوون و شوناسی جیاکاری بەرامبەر ئەتنیکی باڵادەستی سپیپێستی ئەمریکی وەرئەگرن و ئێستا هەموو کۆمەلگە جیاوازەکان وەک ئیسپانی و لاتینۆ وچینی و ئاسیوەی و ڕوس و ئەوانی تر لە خۆدوورپەرێزبوون و دابڕاندان کار بۆ بنیادنانی شوناسی جیاکاری خۆیان دروست ئەکەن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کۆمەلگای گەورەی ئەمریکی بەرەو لێکترازان و لێکپچڕان و شیبوونەوە دەچێ و ئەمەش بەرکەوتەی ترسناکی لێ ئەکەوێتەوە لە دروستبوونی پشێوی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی ناجۆری دیمۆگرافی ئەتنیکی و تەنانەت نایەکسانی لە دابەشکردنی سامانی نەتەوەیی و بواری فەرهەنگی. هەمان خوێندنەوەش بۆ گۆڕانکاریە ئایدۆلۆجی و ئابوری کەڵتوری و ئەتنیکی ئەوروپای ئەم چەند ساڵەش ڕاستە . لە هەمووی مەترسیدارتر ئەو جیاکاریە ئەتنیکیە لە ئەمریکا کە بوەتە هۆی جەمسەگیری دژبەیەکی دوو ئایدۆلۆجی لە نێوان هەردوو پارتە سەرەکیەکەی ئەمریکا، دیموکرات و کۆماریەکان. پێشتر ئەمریکیەکان شانازی ڕەهایان ئەکرد بە بەهای یەکسانی و دادپەری کۆمەڵایەتی و چانسی هاوتا بۆ هەموو تاکێکی ئەمریکی بەدەر لە هەموو جیاوازیەکی ئەتنیکی و ئاینی و ئایدۆلۆجی و کەڵتوری ، بەڵام ئەمریکای ئەمرۆ بەرەو دەمارگیری ئەتنیکی و جیاکاری کەڵتوری و کێشەی ئایدۆلۆجی کۆمەڵایەتی ئەڕوات. پێشتر ئەمریکیەکان لەسەر ئەجیندای بیری یەکنیشتمان و کۆنسێپتی پاترۆتیزم دەنگ و ڕەنگی سیاسیان بەیان ئەکرد، ئەوسا دەنگدەری ئەمریکی خۆبەستبوونی بە پارتی دیمۆکراتی و کۆماریەکان لەسەر ئایدیای کام بەرنامەو پڕۆگرامی سیاسی خزمەتی تاکی ئەمریکی کردبێ لە فەراهەمکردنی خۆحشبەختی، بەڵام ئەمرۆ جیاوازی ئەتنیکی بوەتە لێکترازانێکی گەورەی ئایدۆلۆجی لە نێوان دیمۆکراتەکان کۆمارەکان. ئەوانەی ئەمرۆ خۆیان بە خاوەن ماڵی ڕاستەقینە ئەزانن لە سپیپێستە ئەمریکیە کۆنسێرڤەتیڤە کاتۆلیک و پرۆتیستانەکان توندڕەوەکان و خاوەن بەرژەوەندیە ئابوری و چینی ناوەڕاست و تەنانەت بەشێکی زۆری چینی ڕۆشنبیرو ئەکادیمست و سیاسیەکان شوناسی خۆیان لە پارتی کۆماریەکان دۆزیوەتەوە، و لەبەرامبەردا پارتی دیمۆکراتەکان بوەتە لانکەی کۆمەڵگە کەڵتورە جیاوازەکان و ژینگە دۆست و ڕیفۆرمستە کۆمەڵایەتی و چەپ و سۆشیالیست و لیبراڵ و فێمێنیستەکان. لە هەمووی سەیر تر هەردوو پارتەکەش لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەجیندا و ستراتیژی سیاسی خۆیان بە گوێرەی سروشت و داواکاریە لۆکاڵ و بیرتەسکە ئەتنیکیەکان داڕشتوە، بۆ نمونە لەم ساڵانەی دواییدا هەردوو پارتەکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنە لۆکاڵەکانی شارو شارۆچکەو ولایەتەکان هەست و سۆزی لایەنگرانیان بە گوێرەی شوناسی ئەتنیکی و داواکاری و مافی ئەتنیکی لەژێر ناوی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیاسی بەیان ئەکەن. دیمۆکراتەکان لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی ئەفریقیە ئەمریکیەکان باس لە زیادکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتی و فراوانکردنی تۆڕی هاوکاری هەژاری و ڕیفۆرم لە بیمەی بێکاری و دەستەبەرکردنی خانوبەرە بۆ هەژاران و دەستەبەرکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هەموو ئەمریکیەک و مەسەلەکانی تر پەیوەند بە جێندەر و ژینگەو باج. لەبەرامبەردا کۆماریەکان بۆ ڕاکێشانی هەستی هۆگرانی ئاینی پڕۆتیستانە توندڕەوەکان و سپیپێستە خاوەن پەرژەوەندیە زۆرەکان و لۆبیە زۆرە سیاسیەکان و کۆمپانیا و سەرمایەدار و بانکە مەزنەکان و چینی ناوەڕاستی ئەتنیکی ئەوروپی، ئەجیندای سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنیان داڕشتوە لەسەر کەمکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاو خاوەن بەرژەوەندیە سەرمایەدارەکان و کەمکردنەوەی بیمەی بێکاری و نەهێشتنی تۆڕی کۆمەکی هەژاری و تەسکردنەوەی بیمەی ندروستی و ڕێگەدان بە هەڵگرتنی چەک و نەهێشتنی یاسای منداڵ لەباربردن و بەهێزکردنی هەستی پاتریۆتیزم لە ڕێگەی فراوانکردنی هەژمونی سوپا و دەزگا سەربازی و بانکیەکان لەبەرامبەر لاوازکردنی سێکتەرە خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و تەندروستیەکان. ئەو دوو پرۆگرام و ئایدۆلۆجیا دژبەیەکە زۆر بە زەقی لەهەردوو پلاتفۆڕمی هەڵبژاردەنەکانی یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی ئەمریکی باراک ئۆباماو کاندیدی توندڕەوی کۆماریەکان دۆناڵد ترەمپ دەنگی دایەوە. پارادۆکسەکە لەوەداییە میدیای ئازادی ئەو وڵاتە ئێستا بەزەقی دابەشبوە بەسەر دوو ڕەوت و ئایدۆلۆجی جیاواز بەیەک ، بۆ نمونە ئەجیندای گەورەترین میدیای بینراو لە ئەمریکا دژبەیەکیەکی تیا دەرئەکەوێ لە نێوان بیری لیبرالیزم بەرامبەر کۆنسێرڤەتیزم ، هەروەک لە دژە دوالیزمی هەردوو چەناڵی میدیایی سی ئێن ئێن و فۆکس نیوسدا دەرئەکەوێ. هەمان دژبەیەکی میدیایی لە هۆلیود و ڕۆژنامە گرنگەکانی وەک نیۆرک تایمز و واشینتۆن پۆست ونیۆرکەردا دیارە. جیاوازی ئایدۆلۆجی هەردوو پارتەکە ڕەنگی داوەتەوە لە پیادەکردنی پڕۆگرامە سیاسی و ئابوریە جیاوازەکانی هەردوو پارتەکە. بۆ نمونە یەکێک لە کارە هەنوکەیەکان کە دۆنالد ترەمپ کردی هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو پڕۆگرامە ڕیفۆرمیە کۆمەڵایەتیە بوو کە باراک ئۆبامای دیمۆکرات لەسەردەمی سەرۆکایەتی خۆیدا فەراهەمی کرد وەک بەرنامەی فروانکردنی چەتری کۆمەکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بۆ هەموو ئەمریکیەک، کە مەبەست زیاتر لێێ کۆمەکی تەندروستی و بیمە بوو بۆ زۆرینە ئەفریقی ئەمریکیەکان کە ئەوان جیاواز لە ئەوانی تر هەژارترین چینی کۆمەڵگەن. جیاوازی سیاسی لە نێوان ئەو دوپارتە کاری کردوەتە سەر داڕشتنی سیاستەی ئابوری وڵات و لەهەموی مەترسیدارتر شلۆقانێک و پشێویەک لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە ، هەربۆنمونە یەکێک لەکارەکانی دۆناڵد ترەمپ پاشگەزبونەوە بوو لەو پەیماننامەیەی باراک ئۆباما سازیکرد لەگەڵ ئێرانەیەکان دەربارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی ئێران بەرامبەر هەڵگرتنی ئابڵوقەی ئابوری لەسەر ئەو وڵاتە. کارێکی تری دۆنالد ترەمپ رەتکردنەوەی پەیماننامەی جیهانی پەیوەست بە ژینگە و گۆڕینی فۆکەس لەسەر ڕوسیا بەرەو دژایەتی کردنی چین. ئەوەی جێی سەرنجە گوتاری سیاسی دۆنالد ترەمپە کە جیاواز لەسەرۆکەکانی پێشووتر بەئاشکرا دەمارگیری ئەتنیکی ئەمریکی و هەستی ڕەگەزپەرستی بەرامبەر نا ئەمریکیەکان بەیان ئەکا. بنیادنانی دیوار لە سەر سنوور لە بۆ بەرگرتن لە هاتنی پەناپەرە مەکسیکی و لاتینیەکان سیمبۆلێکە بۆ گەشەی مێنتالێتی جیاکرەوە و نەژادپەرستیەکی شاراوە، بە مانایەکی تر دۆنالد ترەمپ وەک فیگورێک بەرجەستەو و بەرهەمی فۆرمولەبونی مێنتالیتی ڕاسیستانەیە لە کۆهۆشەنگی کەسایەتی ئەمریکی، بەتایبەتی کۆماریخواز و گروپە ڕاستڕەوەکانی وەک ئەڵت ڕایت و سوپەرماسیستەکان.گرنگە بزانرێت کە گەشەی بیرۆکەی جیاوازی ئەتنیکی لە ئەمریکا هەم کاریگەرەو هەم دەرئەنجامی ئەو ڕەوتە جیاکاری و ڕاسیزمە ئەتنیکیەیە کە لەم چەند ساڵانەدا لە ئەوروپا ڕەنگی داوەتەوە. پاشەکشەی لیبرالیزمی جیهانگیری بازاڕی ئازاد لە ئەوروپاو گەشەی لەڕادەبەدەری پۆپۆلیستەکان لە ئەوروپا بەهەمان شێوەی ئەمریکا دابڕان و لێکپچران و جیاکاری ئەتنیکی و ئاینی و ئایدۆلۆجی لە تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئەوروپیدا دروست کردوە. بەهەمان شێوەی ئەمریکا لە ئەوروپای ئەمرۆ سنورەکان زیاتر تۆخئەکرێنەوە لەسەر بونیادی ئایدۆلۆجی و ئەتنیکی . لە ئەوروپای ئەمرۆ دیوارەکان زیاتر بەرزئەکرێنەوە لە نێوان ئەوروپی و نائەوروپی. پەرلەمانە ئەوروپیەکان چیتر جێگەی بەیان کردنی ئەجیندا هیۆمانیست و مرۆڤدۆستەکان و لیبرالیست و ژینگەپاراستەکان نین. باسی ڕۆژەڤی میدیای ڕۆژانە و وتاری پارتی سیاسی و تەنانەت میدیاپۆپۆلیستە ئەوروپیەکان باسی ناسیۆنالیزەکردنی سامانی نەتەوە و دەستگرتنەوە و پاشەکەوتکردنی بودجەو ڕاگرتنی کۆمەکی کۆمەڵایتی بۆ چینی هەژار، بەتایبەتی پەناهەندەو گروپە ئەتنیکی و ئاینجیاوازەکانی ترە، پاشەکشەکردنی ئاشکرا ئەبینرێ لە بەها و نۆرمە مرۆڤدۆستەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپا کە لە زەمەنی ڕێنێسانس و ڕۆشنگەریەوە ڕەگی داکوتیبوو.گەڕانەوە یەکی مەترسیداریش هەیە بۆ وتاری گەڕانەوە بۆ ڕەگ و شوناسی ئەوروپی و رادیکاڵکردنی شوناسی ئاینی کریستیان و ئەوەش یەکانگیرە لەگەڵ بەرزبونەوەی ئاستی جەماوەری ڕەوتە ڕاستڕەوو ڕەگەزپەرست و فاشی و نازیە تازەکان لە ئەڵمانیاو بەریتانیا و ئیتاڵیاو فرانسا و سکاندیناڤیا. هەڵبەت دژایەتی کردنی کەمینە ئەتنیکی و ئاینیەکان بابەتێکی گرنگی پەیداکرتنی سەرمایەی سیاسیە لە لایەن پارتە پۆپۆلیستەکان بەرامبەر پارتە کلاسیکیە سۆشیالیستە دیمۆکرات و سەوز و چەپەکان. بەرزبونەوەی ئاستی جەماوەری ئەو پارتە ناسیۆنالیستە پۆپۆلیستانە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەوروپای تازە چیتر ئەو فیردەوس و ئۆیۆپیا ئایدیالیستە نیە بۆ ئازادی کەمەنەنەتەوەیی و ئەتنیکی وئاینی جیاواز و مافی یەکسان و چانسی یەکسان بۆ هەموو کەس. ئەوروپای ئەمڕۆ بەرەو سەردەمانێکی تاریک ئەڕوات لە کاڵبونەوەی هەموو ئەو بەهاو ئایدیا مرۆڤدۆستەیەی کە لە سەردەمی ڕۆشنگەری و ڕێنێسانسا گەشەی کرد. گەڕان بۆ داتاشینی شوناسی ئەوروپی سەرلەنوێ لەسەر بنەمای ئەتنیکی ئەوروپی، هەروەک هەوڵەکانی بیرمەندە ئەمریکیەکان بۆ زیندوکردنەوەی شوناسی ئەوروپی ئەمریکی لە ئەمریکا، ڕەنگی داوەتەوە لە داڕشتن و ڕێکخستنی نەخشەی سیاسی جیهان لە لایەن ناتۆوە دەربارەی دابەشکردنی هێز و هەژمونی سەربازی و ڕاگرتنی بالانسی هێز لەگەڵ ڕوسیاو چین. گرنگە بزارێت چاونوقانی ئەوروپا لە تاوانکاریەکانی تورکیا بەرامبەر کوردەکان وە زیادڕەویەکانی ڕوسیا لە بەلتیق و سیاسەتە ڕەگەزپەرستیەکانی چین بەرامبەر کەمینە نەتەوەییی و ئاینیەیەکان دەرئەنجامی ئەو پاشەکشەی ئەوروپایە لە بەجێهێنانی بەرپرسیایریە مرۆڤایەتی و مۆڕالیەکانی بەرامبەر گەلانی چەوساوە و تەنانەت مەسەلەکانی پەیوەست بە ژینگەو جێندەرو بازاڕی ئازاد و سنوری کراوە.
گەشەکردنی جیاکاری ئایدۆلۆجی لەسەربنەمای ئەتنیکی و ئاینی زۆر زەقتر و خێراترە لە ئەمریکا تاوەکو لە ئوروپا و مەترسیادارترە لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە هەر وڵاتێکی ئاسایی نیە و بچوکترین شێواندن و تێکچوون لە شیرازەی کۆمەڵایەتی و بالانسی هێز لە نێو بونیادی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەربازی ئەو وڵاتە هەرتەنها کارەسات نابێت بۆ خودی ئەو وڵاتە بەڵکو ئەبێتە کەمبونی هەژمونی میلیتاریستی و ئابوری و تەکنەلۆجی و سیاسی ئەمریکا لە جیهاندا و بالانسی هێز بە لای هێزە ڕکابەرەکانی تری وەک ڕوسیاو چین و تەنانه ت هێزە ناوچەیەکانی وەک ئێران و تورکیا و هیندستان و بەرازیل و کۆریای باکور و هێزە تازەکان وەک چانسێك بەکاری دەهێنن بۆ باڵادەستبوونی هێز و هەژمونی سەربازی و ئابوری و سیاسی خۆیان لە ناوچە جیاوازەکان. بێگومان هەر تێکچونێک لە بارودۆخی ناوخۆی ئەمریکا دەرهاویشتەی یەکسەری دەبێت لەسەر جوگرافیای سیاسی و هێزی نەرمی ئابوری ئەوروپا. پۆلۆیستەکانی ئەوروپا، بە بێ ئەوەی درک بە مەترسیە گەورەکە بکەن لەسەر شوناس و بونیادی ئابوری و سەربازی ئەوروپا، بوونە هۆی لاوازکردنی ئەوروپاو تەنانەت بچوکردنەوە شی ئەمەش لە پرۆسەی برێکست بەدەرکەوت کە بوە هۆی جیابونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپی و دەرکەوتە سیاسی و ئابوریە دوور مەوداکانی هێشتا ماویەتی دەربکەوێ. دوور نیە ئەو هێزە کۆنسێرڤەتیڤ و پۆپۆلیستە دەمارگیری و ئەتنیکیە ئەوروپی و ئاینی نەبێتە جیابونەوەی وڵاتانی تری وەک ئیتاڵیاو ئیسپانیاو تەنانەت هەڵوەشانەوەی یەکێتی ئەوروپا، باشترین نمونە بۆ باڵادەستی ئایدیای پۆپۆلیستی کە زیاتر گرنگی ئەدات بە تۆخکردنەوەی سنوری ئەتنیکی و خۆخۆیی ئابوری ناسیۆنالیست ئەو کارەساتە مرۆڤیە بوو کە ئەوروپا بەسەر خۆیدا هێنا لەبەرامبەر نەگرتنی سیاسەتێکی یەکگرتوو لەبەرامبەر هەڕەشەی پەتای کۆڕۆنا. دۆنالد ترەمپ وەک هەموو سیاسیە پۆپۆلیستەکانی تری ئەوروپا زیاتر مەبەستی باڵادەستکردنی بەرژەوەندیە ئابوریەکان بوو تا پاراستنی گیانی ئەمریکی یاخود ژینگە، هەربۆیەکیشە ئەویش وەک سەرکردە پۆپۆلیستەکانی تری ئەوروپا تا درەنگانێکیش بەمەبەست هییچ ڕێکارێکی کاریگەری نەخستە گەر لەپێناو ڕێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆس و دەرئەنجام ئەمریکا، وەک هەموەو وڵاتە ئەوروپیە بەرژەوندخوازە ئابوریەکان، زۆرترین قوربانیدا لە بەرامبەر تە شەنەکردنی ڤایرۆسی کڕۆنا. فەرامۆشکردنی لایەنی مرۆڤدۆستی و بەها و مۆڕالە دیمۆکراسی و دادپەروەریەکان لە بەرامبەر گرنگی دان بە دەستەکەوت و قازانجی ئابورری لە لایەن ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ڕەنگدانەوەی سیاسەتی جیاکاری و ڕەگەزیە لەو وڵاتە. پارادۆکسەکە لەوەدایە کە ئەمریکای نوێ لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی ئایدۆلۆجی و سیاسی بنیادنراوە کە خەریکە لێیی پاشەکشەئەکا. کۆڵەکەی یەکەم ئایدیای مرۆڤدۆستی ئازادی تاک و بڕیاردانی سەربەستی چارەنوس و دیمۆکراسیە، هەر ئەم بەها مرۆڤدۆستیەیە کە گوتاری سیاسی ئەمریکا و لەڕێی میدیای گشتگیری خۆی، ئیتر ستاشیۆنە هەواڵی و هەواڵگیری و میدیایی نوسراو دەزگای زەبەلاحی هۆلیۆد بێ، بانگەشەکانی ئاراستەی جیهانی دەرەوە ئەکات و هەر ئەم وتارەمرۆڤدۆستانە بوو، نەک هەژمونی میلیتاریستی، کە بوە هۆی بەهاناچوون و کۆکردنەوەی خەڵکانی گەلانی تر لە فەلسەفەی ئازادی ئەمریکی. بە پێچەوانەوە گەلانی دنیا کە ئەبینن و ئەبیستن کە سەرۆکی وڵاتێک کە تا دوێنێ باسی ئازادی تاک و مافی چارەنوسی گەلانی ئەکرد وەک کەسێکی تۆتالیتاری وەک ئەردۆگان و ئەسەد گوتاری ناسۆنالیست ئەدات و بەکردار سیاسەتی جیاکاری ئەتنیکی لەبەرامبەر نەک ئەفریقیە ئەمریکیەکان بەڵکو هەموو نائەمریکیەک و نا ئەوروپی پراکتیزە ئەکات. لای گەلانی دنیا ئیتر چیتر خەونی ئەمریکی پیرۆز نامێنێ و هەژمونی میدیایی ئەمریکا بەڕادەیەکی زۆر پاشەکشەئەکات و وتاری ئەمریکی چیتر زیهنیەت و کۆهوشیاری تاکەکانی وڵاتانی تر ناهەژێنێ. ئەمەش مەترسیە بۆ کەمبوونی هەژمونی مۆڕاڵ و ئایدۆلۆجی ئەمریکا لە جیهاندا، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کۆڵەکەی تر کە هەژمونی ئەمریکای پاراستوە هێزی ئابوریەکەیەتی ، ئەویش نەک لەبەر هەبوونی گەورەترین هێزی مییلیتاری و تەکنەلۆجی پێشکەوتوو یاخود ئاڵۆزترین ئینتەلیجینس و هەواڵگری، بەڵکو بەهۆی تۆڕێکی فراوانی بەرژەوەندی ئابوری لە هەموو جیهاندا. کۆمپانیا ئەمریکی و بانکە زۆرەکان و بەرژەوەندیە زۆر و وەبەهێنەرە سەرمایەدارەزۆرەکانی ئەمریکا لە دەرەوە، بوونەتە گەشەیەکی لە ڕادەبەدەری ئابوری ئەو وڵاتەو تەنانەت هەژمونی سەربازیش خرابوە خزمەتی باڵادەستی هەژمونی ئابوری، بەڵام لە سەردەمی ترەمپ وکۆماریە کۆنسێرڤەتیڤە تازەکانا ئەو فۆرمیۆلەیە تەواو پێچەوانە بوەتەوە بەوەی بەرژەوەندی ئابوری ئەمریکا لەدەرەوە بەرەو پوکانەوە ئەچێ و پاشەکشە ئەکا، ئەمەش لە وتاری ترەپ دیارە لە هێنانەوەی سەرمایەوە و کۆمپانیا مەزنەکان بۆ ناوەوەی ئەمریکا وەک بڵێێ سیستەمی ئابوری ئەمریکا وەک هەرسیستەمێکی وڵاتێکی جیهانی سێیەم بێ ! ترەمپ لە مەودای نزیکدا بە پاشەکشێی ئابوری و ڕاگەیاندنی جەنگی ئابوری نەک تەنها لەبەرامبەر ڕکابەری سەرەکی خۆی چین ، بەڵکو لە دژی هاوپەیمانە ئەوروپیەکان ، چەند دەستکەوتێکی کەم مەودای فەراهەم کرد و بوە هۆی گەشەیەکی کەمتەمەنی بازاڕی کاری ناوخۆی ئەمریکا ، بەڵام لە دوور مەودادا ئەبێتە هۆی کەمبونەوەی دڵنیایی بازاڕی جیهان بەرامبەر مامەڵەو بەرژەوەندیە ئابوریەکانی ئەمریکا. سیاسەتی پاشەکشەی ئابوری لە لایەن ترەمپەوە ڕەنگی داوەتەوە لە بچوکبونەوە و کەمبونەوەی هەژموونی سەربازیش. دۆناڵد ترەمپ سوپای وڵاتەکەی وەک هەر دەزگایەکی تر بە پرەنسیپی قازانجی خێراو مێنتاڵیتی بازار تەماشا ئەکات، ئەوەش لە یەکێک لە هەڵە ستراتیژیەکانی ترەمپ دەرکەوت کاتێک بە پێچەوانەی سەرکردە سەربازیەکانی تر هێزەکانی خۆی لە مامەڵەیەکی گوماناوی لەگەڵ تورکەکانداو بە بێ هەست بە بەرسپرسیاری و مۆڕاڵی بەرامبەر ئەو کوردانەی بونە هۆی سەرکەوتنی ڕۆژئاوا بەرامبەر تیرۆریستە توندڕەوەکان، هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کشانەوە و بوە هۆی ماڵوێرانی و شەهیدبوونی هەزاران کورد کە تادوێنێ پشتی ئەمریکایان پاراست. بەدەر لە دۆڕانە مۆڕالیەکەی ئەمریکا بەرامبەر جەنگاوەرە کوڕ و کچە کوردەکانی یەپەگە ، ئەمریکا بە پاشەکشێی لە سوریا بۆشاییەکی سیاسی و سەربازی لە بەرژەوەندی سوریاو ئێران وتورکیاو ڕوسیا جێهێشت. پاشەکشێی ئابوری و سەربازی ئەمریکا لە جیهاندا دەرکەوتەی پاشەکشەی مۆڕاڵی و مرۆڤدۆستی ئایدیا سەرەکیەکانی دەستوری ئەمریکیە. ئەو پاشاکشێیە هەروەها دەرئەنجامی ئەو جەمسەرگیریە ئایدۆلۆژی و ئەتنیکیەیە لە نێوان کۆمەڵگە جیاوازەکانی ئەمریکا. زیاد لە هەموو کاتێکی تر ئەمریکا ئێستا بەرەو لێکترازانی کۆمەڵایەتی و بەرەو دروستبوونی دوو کۆمەڵگەو دوو ئەمریکا دەڕوات، یان زیاتر لە چەند کۆمەڵگەیەکی نا هۆمۆجینیەس یان نا هارمۆنی. جەمسەرگیری ئەتنیکی و ئایدۆلۆجی سەرەتای کێشمەکێشی زۆری ترە لە داهاتوودا لە نێوان دوو کۆمەڵگە سەرەکیەکەو ئەوانی تر، هەربۆیەکیشە هەڵچونی کۆمەڵگەی ئەفریقیە ئەمریکیەکان دەرخەری کێشە بونیادیە ئایدۆلۆجی و ئەتنیکی و ئایدۆلۆجی و چینایەتی و ئابوری و تەنانەت شوناسییشە، گەر گرفتەکان لە ڕەگەوە چارەسەرنەکرێ، بە گەڕانەوە بۆ بنەما سەرەکیە فەلسەفیە مۆرڤدۆستیە مۆڕاڵیەکان لە دەستوری ئەمریکی، ئەوا دوور نیە بەهارێکی ئەمریکیش، هاوشێوەی بەهارەکانی تر لە جیهاندا، ڕوونەدات لە ساڵانی داهاتوودا.