ئەو ئەندام پەرلەمانانەی واژۆیان کرد لەسەر (پڕۆژەی یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان – عێراق) بەشی زۆریان وەکو فەرمانی حیزبیی واژۆیان کرد، هەندێکیشیان لە بەر بێ خەبەریی لە تێگەیشتن لە مەترسی ئەم جۆرە پڕۆژانە. ئەمانە هەموو لە ڕوون کردنەوەکانی کێشانەوەی ئیمزاکان دیارە، ئەو بەشەی کە بە فرمانی حیزبیی دەیکەن بە دڵنیایی سوور دەبن لەسەر بردنە پێشەوەی ئەم پڕۆژەیە، مەسەلەکە " قەناعەت" نیە، مەسەلەکە "ئەرك و فەرمانە"، کە زۆربەیان بەوانەشی زۆر دەروێشانەو کەلەڕەقانە حیزبایەتی دەکەن، نازانن ڕۆژگارێك دێت خۆشیان دوور نیە ببنە قوربانی ئەو دۆخەی کە یاسای لەو بابەتە دروستی دەکات.
پەرلەمانی کوردستان، بەشی زۆری ئەندام پەرلەمانەکانی هەموو خولەکانی بەوەی ئێستاشەوە؛ هەلقوڵاوی ئەندێشەو خەمێك نین کە ناوی "ماف" یان " ئازادی" بێت. هەموو دەزانین کۆدی ئەندام پەرلەمانی بریتیە لە یەك ووشە "بەرژەوەند"، تەنانەت هەموو هاوڵاتیان و خوێنەرانیش دەزانن ئەوەی وتم شتێکی تازە نیە، ئەندام پەرلەمانەکانیش ئەوە دەزانن ولای زۆربەشیان ئاساییەو بە " زیرەکی" لە قەڵەم دەدن.
ئەوەی لەم بابەتە جێ ی مەترسیەو نوێیە: عەقڵی پشتەوەی نوسینی پڕۆژەکەیە. کە وا دەکا ئەو پەرلەمانەو کەسایتیەکانی ببنە ڕووی پێشەوەی پڕۆژەیەك کە لەوان گەورەترە، پەرچەکردارێکیش کە هاوڵاتیانی کوردستان نیشانی دەدەن دژ بەم یاسایە هەر بەسەروچاوی ئەندام پەرلەمانەکان دەتەقێتەوە، لەم کردارو پەرچەکردارەدا، ماستەرمایندی پڕۆژەکە، عەقڵی پشتەوەی پرۆژەکە کەمتر تیشکی دەچێتە سەر.
ئەو عەقڵەی لە پشتی ئەم پڕۆژەیە وەستاوە: مەرج نیە یەك حیزب و یەك کەسایەتی حیزبی یان حکومی بێت، بەڵکو بریتیە لە کۆکتێلێك لە نزیك بوونەوەی حیزب و کەسایەتیەکان لە ڕەهەندێکی نوێدا، ئەگەر لە دەیان ڕەهەندیتریش هاوڕا نەبن، بەڵام لەوەدا هاوڕان کە خشتێکی نوێ بخەنە ئەو ئەجێنداو تێڕوانینی سیستەمەکە لە سەر دۆخی بەهرەمەند بونی خەڵکی لە " ئازادی ڕادەربڕین"، بە تایبەتی کە میدیای ئەلیکترۆنی (بەو کەم کوڕیانەشی کە هەیەتی) سنورەکانی ئەم ئازادییەی بە ڕادەیەك فراوان کردوە کە بۆتە فشار لەسەر سیستەم و هەردوو حیزبی سەرەکیش هاوڕان کە بەربەستەکانی ئازادی زۆرترو زۆرتر بکەن.
ماهیەتی عەقڵی پشتەوەی ئەم پڕۆژەیە؛ ئەگەر لە دەستی بێت بەیانی ئیعلانی " ئەحکام عورفی"دەکا لە وڵات، پێویستی بەم یاسایەو ئەتەکێتی شانۆگەریەکانی پەرلەمانیشی نەدەکرد. هەمیشە بە یەك گەیشتنی مێنتاڵیتی سەربازی لە گەڵ ئایدۆلۆژیای "حوکمی ڕەها" مۆدیلێکیتر دەخاتە سەر مۆدیلە جۆراو جۆرەکانی ئەزمونەکانی تاکڕەوی! یاسای دژە تیرۆر نوێنەرایەتی دۆخی سەربازی وجەنگ دەکا، لە رووی ئایدیۆلۆژیەوە " حەرامکردن" کردنی قسەو رەخنە ڕاستەوخۆ "موقەدەس" دەگەڕێنێتەوە نێوکایەی سیاسەت کە ئەمەش خشتی سەرەکی هەڕ ڕژێمێکی شمولیە .
لەسەردەمی بەعسدا : بە تایبەتی دوای دۆڕانی شەڕی کوێت و داڕمانی هەیبەتی دەسەڵات و حیزب، بەعس یاساکانی توندتر کردەوە. ئەو دەمی بە شێوەیەکی بەربڵاوتر خەڵکیان دەگرت لەسەر نوکتە کردن یان جوێندان لەسەر سەدام .سزا هەرە باوەکە زمان بڕین بوو کە تائێستا چەندین دۆکیۆمێنتەری لەسەر دەرکراوە. ئەم پڕۆژە یاسایە هەمان دیدگای " زمان بڕینەوەکەی"سەردەمی سەدامە، کە هیچ مەکیاژێکی پەرلەمانیی ناتوانێ پەیوەندی ئەم دوو یاسایە بشارێتەوە لە رووی ئامانج و لە رووی عەقڵیەتی پۆلیسیی پشتەوەی هەردوو یاسا.
ئێمە لە دووڕیانێکی هەستیارداین، لە کاتێکدا کە ناسیۆنالیزم یۆتۆبیاکانی لە زەینی گشتیدا یەك لە دوای هەڵدەوەرێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانەکانی ئەم جۆرە لە حوکمڕانی قوڵتر دەبێتەوە، ئەو دێت و ئەم شکستە تەرجومە دەکا بۆ "سەرکوت" و دەیخاتە ئەستۆی هاوڵاتیان و ئازادیەکانیان پەڕو باڵ دەکات.ئێمەش لەم دوڕیانەدا بژاری ئەوەمان هەیە گوێڕایەڵی ئەم بەربەریەتە بین لە پرۆژە یاساو لێگەڕێین عەقڵیەتی پۆلیسی و سەربازی دوا ڕۆژمان بۆ دروست بکا، بژاری ئەوەشمان هەیە ئەو مافە کەمانەی لە دەستمان ماوە بەرگری لێبکەین.