خیانەت کردن واتا فێل وتەڵەکە وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین و تێکدەرترین ڕەفتارە بێئەخلاقییەکان، کاریگەرییەکی قووڵ و بنەڕەتی لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان دادەنێت. ئەگەر خیانەت لە نەتەوەیەکدا نۆرماڵ واتا ئاسایی بکرێتەوە، نەک هەر دەبێتە هۆی داڕمانی بناغە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو دەبێتە هۆی لە ناوچوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و لاوازبوونی دەسەڵاتی نەتەوەیی. لەم دونیای مودیرنیتەدا فێلکردن تەنانەت بووەتە بژێوی ژیان، کە رۆژانە بە هەزاران کەس لە ڕێگای دیجیتاڵو ئینتێرنێتەوە قۆڵیان دەبڕێت کە کە باسەکەی ئێمە لە سەر ئەو بابەتە نییە. مێژووی کوردستانی مەخابن پڕە لە خیانەت و بەداخەو هیجکات کۆمەڵگا زۆربەی جاران بەرهەڵەستی نەکردووە. بە دەیان جاری شەڕی خۆکوژی (براکوژی) ودەستئاوێتەکردن لە گەڵ دوژمن بە ئاسانی بەخشراوە و بگرە دەستخۆشیشی لێکراوە، هەر بۆیە مرۆڤ زۆرجار خزمەت و خیانەتی لێ تێک دەچێ و تێکەڵ دەکات. ئەم بابەتە باس لە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتمەند و شێکاری لە دەرئەنجامەکانی ئاساییکردنەوەی خیانەت و کاریگەرییەکانی لەسەر میکانیزمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکات. هەوڵ دەدەم کە لە هێنانەوەی نموونەی زۆر خۆ بپارێزم کە لەوانەیە ڕێگر بێ لە گەیاندنی پەیامەکە، ودەرفەتێکی بدات لە بابەتەکە بە گشتی سوود و کەڵکی ئاکادیمی لێ وەربگێری. هەر بۆیە قامک دەخەمە سەرئاکامی ئاساییکردنەوەی خیانەت، لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیدا لە چەند خاڵێکدا.
لاوازکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و متمانەی گشتی
سەرمایەی کۆمەڵایەتی چەمکێکە کە باس لە پێوەندی کۆمەڵایەتی و متمانەی بەرانبەر و هاوکاری بەکۆمەڵ دەکات. ئەم سەرمایەیە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری و گەشەسەندنی ئابووری لە وڵاتێکدا. کاتێ خیانەت بە تایبەت بگاتە ئاستی بە ئاسایی (نۆرماڵ) سەیرکردنی، ئەودەم سەرمایەی کۆمەڵایەتی تێکدەدات. لە سەرجەم ئۆڵەکاندا خیانەت بە کارێکی ناپەسەند سەیر کراوە. لە ئایینی ئسلامدا لە خودی قورئاندا ئاماژە بەوە کراوە کە خودا خائئینەکانی خۆش ناوێ. هەندێ جار خیانەت وەک نۆرمێکی کۆمەلایەتی لێهاتووە،عوبەیدی زاكانی، شاعیر و تەنزنووسی ئێرانی سەدەی هەشتەمە، ئەو كاساێەتییەكی ئەهلی عیرفان بووە و كتێبی مشك و پشیلەكەی لە نووسینە بە ناوبانگەكانییەتی، باس دەکات کە پیرەژنێكی نەسرانی(مەسیحی)م بینی كە بە تێڵایەكەوە بە شوێنی كوڕەكەی كەوتبوو بە دەم هاوارەوە دوعای لێ دەكرد، لە كوڕەكەی دەدا و دەیگووت: بەشكەم خودا گیانت بسێنێ…! شەرابە كە دەێنۆشی، ماڵی خەڵكە كە دەیدزی،لە گەڵ ژنی هاوسێكە دەستت تێكەڵ كردووە،لە گەڵ كچی خەڵكدا هەرچی ناشایستە دەیكەی، ئنجا بۆ ناڵێی بە جارێ موسڵمان بووم، ئیدی با ئاسودە بم! ئەمە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگای مەسیحی لە موسڵمان باشترە یان خراپتر، دەتوانێ لە شوێنی تر پێجەوانەی ئەمە راست بێ، مەبەست لە نۆرم بوونی تاوانە لە نێو جەماوەردا. لەگەڵ دابەزینی متمانەی گشتی، خەڵک زیاتر دوودڵ دەبنەوە یان باشترە بڵێین لە یەکدی سڵ دەكەن لە چوونە ناوهەر چەشنە گرێبەندێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەم نەبوونی متمانەیە نەک هەر پەیوەندی نێوان کەسەکان تێکدەدات، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هاوکاری نێوان ڕێکخراوەکان و حکومەتەکان. لەم دۆخەدا کۆمەڵگا ڕووبەڕووی دابەشبوونی قووڵ دەبێتەوە و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کز دەبێتەوە.
داڕمانی سیستەمی بەها و نۆرماتیڤ
هەموو کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای بەهای تایبەت و سیستەمی نۆرماتیڤ واتە نۆرم و نەریتی تایبەت بە خۆی دامەزراوە کە ئاراستە و مانای پێدەبەخشێت، کە لە ئاسایی بوونەوەی خیانەت لاواز دەبێت و لە کۆتاییدا ئەم سیستەمە دەڕووخێت. لەم پرۆسەیەدا بەها سەرەکییەکانی وەک ڕاستگۆیی، دڵسۆزی و بەرپرسیارێتی جێگەی خۆیان دەدەنەوە بە ڕەفتارە هەلپەرست و نابەرپرسانە و ئیدی لە باتی ئەوەی هێزی سیستەم فرمان بکات، کەچی پێوەندی (واستە) وچەواشەکاری و هێزی پارە و زۆرەملی (پاشاگەردانی) وەک سیستەم جێ دەکەوێ، ئەودەم ئەرەستو گووتەنی مرۆڤی بێ یاسا و نادادپەروەر گیانلەبەرێکی خەتەرناک دەبێ.لەم گۆڕانکاریانە نەک هەر نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان کاڵ دەبنەوە، بەڵکو پێکهاتە کولتووری و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگاش بەرەو ناوچوون دەچن و هەر ماوەیەک جارێک قەیرانێک ساز دەبێ. زیاد بوونی دەیان بانگخوازی ئایینی نێو شەقام و سۆشیاڵ میدیا هیچ كاریگەری ئەرینی(سوودبەخشی) نییە مادام سیستەمی پارێزەری بەهاکان ڕووخا بێت. ئەم داڕمانی بەهایە سەکۆیەک دەڕەخسێنێت کە دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ئەرکی سەرەکی خۆیان لەدەست دەدەن و دەسەڵاتی ڕێکخستن و ڕێنماییکردنی کۆمەڵگا زۆر کەم دەبێتەوە. نەمانی سیستەمی نۆرماتیڤ بۆ نموونە لە نێو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەربەستێک دەبێت لە بەردەم پێگەیاندنی کەسانی نوخبەو شایسستە و دڵسۆز.
زیادبوونی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و ناسەقامگیری سیاسی
لە کۆمەڵگایەکدا کە خیانەت ئاسایی بووەتەوە، دیاردە ئاڵۆزەکانی وەک قەیرانی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری سیاسی بە خێرایی زیاتر دەبن. بێمتمانەیی و لاوازبوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی دروستبوونی گروپە ڕکابەرەکان و زیادبوونی ململانێی نێوان گروپەکان. ئەم ململانێیانە لەگەڵ نەبوونی متمانە بە دامودەزگاکانی حوکمڕان، دەبنە هۆی ناسەقامگیری سیاسی کە ڕەنگە ببێتە هۆی یاخیبوون و ململانێی ناوخۆیی. ئه م دۆخه نه ته نیا هه ڕه شه یه بۆ سە ر ئاسایشی ناوخۆ، به ڵکو ناوبانگی نێودەوڵەتیو وەڵات ده خاتە مەترسسیەوە و بناغه بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و فشاره نێودەوڵەتییه کان دروست دەکات.
ناکارایی سیستەمی حوکمڕانی و وەڵامدانەوەی ئاستەنگە نیشتمانییەکان
نەتەوەیەک کە خیانەتی نیشتمانی تیادا بۆتە نۆرمێکی کۆمەڵایەتی، واتا ئاسایی بووەتەوە، ڕووبەڕووی ئالنگاری گەورە دەبێتەوە لە حوکمڕانیدا. خیانەت، فێڵکردن وەک ڕەفتارێکی سیستماتیکی کارایی دامەزراوەکانی حکومەت تێکدەدات. گەندەڵی و لێپرسینەوە نەکردن بەتایبەتی لە دامودەزگاکانی جێبەجێکردن و دادوەری، متمانەی گشتی بە توندی کەمدەکاتەوە و توانای حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لاواز دەکات. ئەم دۆخە بەتایبەت لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان وئالنگاری ئەمنیدا، دەتوانێ کارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە ڕاستیدا ناکارامەیی لە حوکمڕانیدا بەهۆی لاوازبوونی یەکگرتوویی نیشتمانی و لەدەستدانی گیانی هاودەنگی، دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی تەواوەتی حکومەت و کۆمەڵگا.
ئەنجام
ئاساییکردنەوەی خیانەت لە نەتەوەیەکدا دەرئەنجامی کارەساتباری هەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی. ئەم پرۆسەیە بە لاوازبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەست پێدەکات و بە داڕمانی سیستەمی بەها و نۆرماتیڤ بەردەوام دەبێت، کە دواجار قەیرانی کۆمەڵایەتی و ناکارامەیی سیاسیی لێدەکەوێتەوە. بۆ ڕێگریکردن لەم چارەنووسە، پێویستە کۆمەڵگا بە بەهێزکردنی سیستەمی بەها و زیادکردنی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە دامودەزگاکانی حکومەت و پێشخستنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە رژدی مامەڵە لەگەڵ خیانەت و ڕەفتاری بێ ئەخلاقیدا بکات. تەنیا بەم ڕێبازە مرۆڤ دەتوانێت نەتەوەیەکی سەقامگیر و سەرکەوتووی هەبێت و ئایندەیەکی گەشاوەتر دروست بکات.