سیاسەت یەکێکە لەو چەمکانەی، هەر لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە لای گریکەکان، وەکو بابەتێکی تیۆری تا بە ئەمڕۆ دەگات، چەندین پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە و، زۆر شوناسی جۆراوجۆری پێدراوە. یەکێک لە دیارترین پێناسەکانیش، گەڕانەوەیە بۆ تیۆرەکەی ئەرستۆ کە هەر خۆشی بە باوکی سیاسەت ناسراوە، ئەو پێیوایە: "سیاسەت بریتییە لە بەشداریکردن لە چاکەی گشتیدا."
ئەم تێگەیشتنەی ئەرستۆ تا بە ئەمڕۆش دەگات، بۆتە هەوێن و بزوێنەر(motive) و بنەمای کارکردنی چەندین بزاوت و جوڵانەوەی سیاسی، کە لە بەر ڕۆشنایی ئەو تێۆردا، پێیانوایە؛ سیاسەت بریتییە لە خزمەتکردنی خەڵک و، دابینکردنی خۆشگوزرانی بۆیان.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا چەندین پارت و ڕێکخراو بۆ ئەوەی بیسەلمێن، کە ئەوەی ئەوان خەریک و سەرقاڵن پێیەوە بریتییە لە سیاسەت، بەواتا ڕاستەقینەکەی؛ چەندین میکانیزم لە پێناو پەیکەڵکردنی ئەو ئامانجەدا دەگرنەبەر و، کەڵک لە بیرکردنەوە و، تێڕوانین و جیهانبینی چەندین بیریار و لێکۆڵەر و فەیلەسوفی کایە جیاوازەکان وەردەگرن و، چەندین میکانیزم و ڕێباز (method) تاقیدەکەنەوە، تا لە ڕێگەی پەیکەڵکردنی سیاسەتێکی ساغڵەم، بتوانن بڕستی کێبڕکێ دەستبخەن و، پێگەی جەماوەری پارت و ڕێکخراوەکانیان بەهێز بکەن.
لە پەیوەند بەم بابەتەشەوە دیدی "کارل پۆپەر"ی فەیلەسوفی نەمساوی_ئینگلیزی، یەکێکە لەو تێڕوانینە گرنگانە، کە لە ناوەندی فەلسەفەی سیاسیدا بە بایەخەوە لێی دەڕواندرێت، پۆپەر پێیوایە سیاسەت بریتیی نییە لە ئاشکراکردنی سەرکەوتنەکان؛ بەڵکو بریتییە لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، ئەو پێیوایە ئەوە سەرکردە نەریتی و کارەکتەرە سیاسییە داخراوەکانن، کە خەریکی ژماردنی داستان و سەرکەوتنەکانن، بە پێچەوانەشەوە ئەوە سیاسییە موحەننەک و بە بڕشت و لێزانەکانن، کە سەرقاڵی دۆزینەوەی هۆکاری پشت شکستی بڕیارەکانی خۆیانن.
بەم پێوەرە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، گوێ بیست و بینەری بووین، لەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان، وەکو پارتێکی بەشداربووی پڕۆسەی سیاسی پێی هەستا و، ڕچەشکێنی کرد لەوەدا کە بۆ یەکەمجار؛ وەکو پارتێکی سیاسی، ئەزمونی کاری سیاسی خۆی لە چەند ساڵی ڕابردودا، وەکو ئەزمونێکی خراپ و ناسەرکەوتو ناوزەدکرد و، دیاریکردنی بەشداریکردنی ئەو بزوتنەوەیەشی لە حکومەتدا، بە هەنگاوێکی چەوت و هەڵە ناساند و، بە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی ئەو بزوتنەوەیەی لە قەڵەمدا و، دواتریش داوای لێبوردنی کرد و، پۆزشی بۆ خەڵک و جەماوەرەکەی هێنایەوە، هەموو ئەمانە گەواهیدەری ئەوەن کە؛ گۆڕان ڕێچکەی مومارەسەکردن و پەیکەڵکردن و سەرەڕێخستنی سیاسەتێکی دروست و ساغڵەمی گرتووەتەبەر.
گۆڕان بەم کارەی سەلماندی ڕێزی دەنگدەرەکانی دەگرێت و، بزوتنەوەیێکە توانای نوێ بوونەوەی هەیە و، وەکو حیزبە کلاسیکییەکان یەک ئاوەز و، یەک بیرکردنەوە و میکانیزم نایبات بەڕێوە. پێدەچێت گۆڕان درکی بە ڕاستیەتی ئەو گوتەزایەی نێو فەلسەفەی سیاسی کردبێت، کە دەڵێت:"مێژوو گۆڕستانی کولتورەکانە." بەو واتایەی هەر سیاسەت و کولتور و تێڕوانینێک نەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، ئەوا مێژوو بێدودڵی دەینێژێت و بەجێیدەهێڵێت. وەکو ئەوەی چەندین پارت و بزوتنەوەی سیاسی لە مێژوودا کاتێک نەیان توانیوە بە زمانی سەردەمەکەی خۆیان بدوێن، بەرەو پوکانەوە چوون و مێژوو گەڤ گەڤ پەراوێزی خستوون؛ دیارە بزوتنەوەی گۆڕان بەم هەنگاوەی دەیەوێت بمێنێتەوە، گەرەکیەتی توانای نوێبوونەوەی خۆی بسەلمێنێت و، لە ڕێگەی ئەم بەخۆدا هەڵڕوانینە بە بەژن و باڵای خۆیدا؛ گڕوتینێکی نوێ بکاتەوە بەبەر بزوتنەوەکەدا، کە گومانی تێدانییە، گەر بەردەوامبێت، دەتوانێت ئەو کارە بکات.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، گۆڕان دەبێت دوای ئەم هەنگاوە، چەند هەنگاوێکی دیکەی گرنگ لەبەرچاو بگرێت، لەوانە:
نەخشەڕێ و بەرنامەڕێژێ:
هەرچەندە ئەم هەڵوێستەی گۆڕان وەکو هەنگاوی یەکەم، کارێکی گرنگە، بەڵام ئەوەی لەم هەنگاوە گرنگترە؛ دانانی نەخشەڕێیەکە بۆ دوای ئەم هەنگاوە و، ئامادەسازی و بەرمانەڕێژییە بۆ پەیکەڵکردنی، ئەو نەخشە ڕێیەی کە لە ئایندەدا بڕیاری لەسەر دەدات. بۆ ئەوەش دەبێت گفتوگۆی چڕ و پڕ، کە خاڵی نەبێت لە ڕەهەندی مەعریفی و فەلسەفی ئەنجامبدات، لەو نێوەندەشدا دەتوانێت پرس و ڕاوێژ لەگەڵ کەسانی بە ئەزمون و خاوەن ڕشتە و ئەکادیمیدا، سەرەڕێ بخات؛ لە دەرەنجامدا بەو کارە لەلایێکەوە دەتوانێت کەڵک لە بۆچوونی کەسانی دی وەربگرێت، لەلایێکی دیکەشەوە ناڕاستەوخۆ بێتەوە نێو خەڵک و، وابکات لەلایەن توێژە دەستەبژێر و ڕۆشنبیرەکەوە، پشتیوانی مەعنەوی بەدەست بهێنێتەوە.
دروستکردنی ڕوداو:
بۆئەوەی ئەم بزوتنەوەیە لە کەمترین ماوەدا، بتوانێت جەماوەرە تۆراو و زویرەکەی ئاشت بکاتەوە و، بە گوڕو تینی جارانەوە بێتەوە نێو گۆڕەپانی ڕوداوە سیاسییەکان؛ دەبێت بەردەوام لە بیری دروستکردنی ڕوداوی نوێدا بێت، دەبێت شەونخونی و سەرکەشی بکات، بۆ ئەمەش دەبێت لەسەر ئاستی باڵا کێبڕکێی سیاسی و لەسەر ئاستی جەماوەری و کۆمەڵایێتیش کاری دەستەجەمعی و نێو خەڵکی برەو پێ بدات، کە هەریەک لەو دو خاڵە، واتە "کێبڕکێ و کاری دەستەجەمعی"، دو کۆڵەکەی گرنگی پرۆسەیێکی سیاسی تەندروستن.
پشودرێژی:
دوا سەرنجێک کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە؛ ئەم هەنگاوەی گۆڕان، هەرچەندە گرنگ بێت و، لە جێگەی خۆیدا بێت، کە گومانی تێدا نییە گرنگە و، چاوەڕێدەکرێت کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر زیادکردنەوەی دەنگەکانی گۆڕان هەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەیە گەر ئەو بزوتنەوەیە چاوەڕوان بێت، لە چەند ڕۆژێکی کەمدا، شوێنکار و لێکەوتە تەواوەکانی ئەو هەنگاوە ببینێت، بەتایبەتی لەم خولی هەڵبژاردنەدا، کە خودی هەنگاوەکەی ئەو بزوتنەوەیە چەند ڕۆژێکی کەم بەر لە هەڵبژاردنەکە دراوە.
دەبێت ئەو بزوتنەوەیە لەو ڕاستییە تێبگات؛ ئەو کەلێن و خەرەندەی چەند ساڵێکە ئەو بزوتنەوەیە خەریکی هەڵکەندنیەتی؛ ئاستەمە بە چەند ڕۆژێک بتواندرێت پڕبکرێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کاری سیاسی، بریتییە لە پشو درێژی و، چنینەوەی بەرهەمی بڕیارە دروستەکان لە دورمەودادا، ئەوە جگە لەو ڕاستییەی کە جەماوەری ئەو بزوتنەوەیە لەسەر درەنگکەوتنی بڕیارێکی لەو جۆرە لەلایەن بزوتنەوەکەیانەوە زویرن، بۆیە دڵهێنانەوەیان کاتی دەوێت، کە گۆڕان وادیارە لە ئێستادا لە هەنگاوی یەکەمی ئەو کارە دروستەدا بێت.
بۆیە دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان پشودرێژبێت