لێکەوتەکانی چاکسازی و فۆبیای دەسەڵاتداران
خالید عەلی
2020-05-10   1120
کاتێ باس لە چاکسازی دەکەین ، دەبێت لەوە تێبگەین کە داینەمۆی بەرەو پێش برد نی کۆمەڵگایە لە سەرەتایی مرۆڤایەتیەوە تا کۆتایی مرۆڤایەتی . بەردەوام کۆمەڵگابە پێی سەردەمەکەی خۆیی داواکاری ھەیە لە دەسەڵات تا ژیانیان باشتر بکات و لەگەڵ ھەنگاوەکانی پێش کەوتن و شارستانیەت ڕێبکەن .
لێرەوە چاکسازی و دەسەڵات ، دەبنە دوو جەمسەری دژەیەک ، بە دەرکەوتنی ھەر یەکێکیان ئەوی تریان خۆری ئاوا ئەبێت . ھەر ئەمەشە بۆتە ھۆی ئەوەی کە دەسەڵاتداران قسەیان باق و بریقەو کردەوەیان زفتە ، لێرەوە لە منداڵدانی درۆوە داواکاری چاکسازی ژانی لەدایک بون دەیگرێت و چینی بەش مەینەت و زۆرینە لە پێناوبە دیھێنانی دادگەری کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم پرۆسەی چاکسازیە وەگەڕ دەخەن ، بە ئاڕاستەی دەسەڵاتداری بۆرژواو ئەرستۆکراتەکان .
لەم سۆنگەیەوە ، مەبەستمانە بڵێین ؛ داواکردنی چاکسازی لە نێو کۆمەڵگایی کوریدا بە درێژایی مێژوو ھەمیشە بوونی ھەبووە ، زۆر جارانیش سەری کێشاوەتە سەر شۆڕش و یاخی بوون . بەشێوەیەکی ھاوتەریب ڕۆیشتوە لەگەڵ ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکان و دەسەڵاتەکانی حوکمڕان . کۆمەڵگایی دابەشی دوچینی ناھاوتا کردوە .
د.علی وەردی زانای کۆمەڵناسی عێراقی ، بە چینی کۆنەخوازو نوێخواز ناوی بردون ، ھەرچی چینی یەکەمە ، پێکھاتوون لە کەسانی خاوەن دەسەڵات و خەڵکانی سودمەندی ناڕەوا لە دەوڵەت . ئوانی تر بە چینی دووەم ناوزەند دەکرێن .
ھەروەھا شایانی باسە ، زانای کۆمەڵناسی ئەمریکی(فیبلین ١٨٧٥- ١٩٢٩ز) لە وەسفی چینی یەکەمدا ناویان دەبات بە چینی « بێکار و تێروتەسەل» کەھەمیشە مشەخۆرن بەسەر ڕەنج و ماندوبوونی چینی دوەمەوە.
جێگای داخە ! چینی ئەرستۆکرات وبازرگانی سیاسی کوردی ، خوازیارن فەلسفەی حوکمداری وڵات ، لەسەر ھەمان ڕیتم و ئاوازی ناسازی خێڵەکی بڕوات بەڕێوە . وە توند خۆیان شەتەک داوە بە ھەنێک چەمکی کوردایەتی موزەیفەوە ، بەشێوەیەک داواکردنی دادگەری کۆمەڵایەتی و چاکسازی وپاکسازی ، دەخەنە ھەمبانەی دژایەتی بەھا نیشتمانی و نەتەوەیەکان ! وەچینی نوێ خوازیش کە زۆرینەی کۆمەڵگەن بەلادەرو تێکدەری یەک ڕیزی نەتەوەیی و خزمەتکردن بە ئەجندای بێگانە ناو زەند دەکەن . بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش تەنھا چاو گێڕانێک بە شۆسیال میدیادا دەتگەێنێتە حەقیقەتی بۆچونەکەمان .
شایەنی وتن و سەر سوڕمانە ! کەسانێک لە چینی نوێخوازو چەوساوە ، کاتێک سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان دەبن و دەبنە دیمۆلانی کوردی و دەگەنە دەسەڵات ، ئیتر ئەمانیش دەچنە نێو سوڕی گەشەکردنی گەندەڵیەوە، کە لە ١٩٩١ وەدەستی پێکردوە، لە بازنەی ( حوکمەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم) خول دەخوات ، ھەتا سالان تێپەڕن ژمارەیان زیاد دەکات و لاشەی دەوڵەتی کوردیش وردە وردە توشی داخوران و ڕزین دەکات ، بگرە پاڵیدەنێت بۆ نزیک لێواری کارەساتە گەورەکە کە ھەرەس ھێنانە بە ھەموو واتایەک .